بەخێربێن بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پۆست ئەمریکا!

د.عادل باخەوان

 

زیاتر لە 10 ساڵە، سێ سەرۆکی ئەمریکا: باراک ئۆباما، دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن، چەندین ئاماژەی گەورەیان بە ئاڕاستەی کاڵبوونەوەی پابەندبوونیان بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ناردووە، بەڵام بەداخەوە تائێستاش ئێمە چەندین ئەکتەری دەوڵەتی و نادەوڵەتیمان هەیە، کە ئەم ئاماژانە وەک خۆیان ناخوێننەوە و تائێستاش لە ساتەوەختی ساڵی 1991ـدا چەقیون و پێیانوایە ئەمریکای 2023 هەمان ئەمریکای 1991ـە و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی 2023ـش، هەمان رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی 1991ـی سەدەی رابردووە!

با، ئێمە کەمێک بەوردی و بە ئارامی بگەڕێینەوە سەر راستییەکان؛ لە سەرەتای نەوەتەکان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرکردایەتیی هێزە هاوپەیمانەکان دەکات و کوەیت لە ژێر دەستی عێراقی سەدام حوسێندا دەردەهێنێت و رزگاری دەکات. هەر لەسەرەتای نەوەتەکاندا، یەکێتیی سۆڤیێت، دووژمنە سەرسەختە مێژووییەکەی ئەمریکا هەڵدەوەشێتەوە و چیدی شتێک بەناوی بلۆکی رۆژهەڵات لەبەرامبەر بلۆکی رۆژئاوا نامێنێت. 

لێرەوە، ئەمریکای براوەی جەنگی کەنداو و، براوەی ململانێ لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیێت، سیستمێکی نوێیی جیهانی رادەگەینێت و لەنێو ئەم سیستمەشدا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەک چەقێکی بەهێزی بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن دەقدەگرێت، بەڕادەیەک کە پرسە هەرە ئاڵۆزەکەی رۆژهەڵاتیش کە کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینە، لەژێر چەتری ئەمریکادا ئاسۆی چارەسەری بۆ دەکرێتەوە و پرۆسێسی دانووستاندن بەرەو ئاشتییەکی هەمیشەیی دەستپێدەکات، تەنانەت لە رووبەری کوردیشدا حکومەتی هەرێمی کوردستانێکش، کە دوو ساڵ پێشتر لە خەونیشدا نەدەبینرا، لەدایکبوو. لەسەرەتای 2000ـەکانیشدا و لەنێو هەمان جیهانبینیدا، ئەمریکا دێت و ئەفغانستان و عێراق داگیردەکات. 

تراژیدیای ئەمریکی لە رۆژهەڵاتدا لێرەوە دەستپێدەکات. شکستی پرۆژەی ئەمریکی لە ئەفغانستان و عێراق، وایکرد واشنتۆن بە قووڵی و فراوانی بیر لە هەڵاتن لە رۆژهەڵات و گرفتەکانی بکاتەوە، هەر ئەمەش وایکرد لە 10 ساڵی رابردوودا، ئەمریکا نەتوانێت هیچ دەستپێشخەریەکی کارا و کاریگەری بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەیەک لە کێشەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەبێت.

یەمەن، سووریا، لوبنان، عێراق و ئێران، گرفتەکانی لەگەڵ محەممەد بن سەلمان (شازادەی جێنشینی سعودیە): شکستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەموو ئەم رووبەرانەدا واقیعێکی کۆنکرێتییە بۆ هەر کەسێک، کە بیەوێت بابەتییانە رووداوەکان ببینێت و هەستی پێدەکات.

ئەمریکییەکان هەڵەن کاتێک پێیان وایە هەڵاتن لە بەرپرسیاریێتی لەبەرامبەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەیانپارێزێت لەو چەندین دۆزەخەی لە چەندین وڵاتی ناوچەکەدا تاویان گرتووە، ئیتر هەر لە تیرۆریزمی رادیکاڵەوە تاوەکو دەگاتە پرسی گۆڕانی کەشوهەوا و هەژاری و کۆچ و هەڵوەشانەوەی دەوڵەت و کۆمەڵگە و سنوورەکان. هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت پارێزگاری لە پێگەی خۆی وەک زلهێزێکی جیهانیی هەژموونداردا بکات، لە دەرەوە ئیدارەکردنی قەیرانە بنەڕەتییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لەم چوارچێوەیەدا، ئەگەر جارێ زووبێت بۆ گوماندروستکردن لەسەر مانەوەی درێژخایەنی ئەمریکا وەک یەکەم زلهێزی هەژموونداری جیهان، بەدڵنیاییەوە هیچ زوو نییە بۆ رووناکی خستنەسەر رۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی پۆست ئەمریکا، کە زیاتر لە چەند ساڵێکە من کاری لەسەر دەکەم و چەندین تایبەتمەندی دیکەیش، لە چەندین شوێندا باسیان کردووە.

ئەوەی جێگای تێبینیی یەکجار گرنگە، پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمریکییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا! کێ ئەم بۆشاییە پڕدەکاتەوە؟ 

لە 10ـی مارسی 2023، کۆماری ئیسلامی ئێران و عەرەبستانی سعودیە، رێککەوتنێکی مێژوویی گەورەیان لە پەکین واژۆکرد. ئەم رێککەوتنە، بەرهەمی خواستێکی پۆڵایینی چینە بۆ ئامادەبوونێکی فراون و بەهێز لە رۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستدا کە سەدان مایکرۆ پرۆژەی ئابووریی تێدا بڵاوکردووەتەوە. سعودیە و ئێران، دوو زلهێزە گەورەکەی سیستمی هەرێمایەتی، دووژمنی یەکتر، پاش حەوت ساڵ لە دابڕان و بەریەککەوتن لە چەندین رووبەردا، بە دەسپێشخەریی دیپلۆماسییەتی چینی و لە چین بەیەکدەگەن و هەر لە چینیش رێککەوتن واژۆدەکەن و لەماوەی دوو مانگدا تەواوی پەیوەندییەکانیان بە سەرپەرشتیی چین ئاسایی دەکەنەوە.

رێکەوتنی نێوان ریاز و تاران لە پەکین، بزمارێکی تیژی چینییە لەو تابووتەی بۆ جەستەی شەکەت و ماندووی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئامادەکراوە.

ئەمریکا، چیدیکە نەک هەر ناتوانێ ئەم رۆڵە مێژووییە لە رۆژهەڵاتدا بگێڕێ و لەپێناو ئاسایش، سەقامگیری و گەشەی ئابووریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سعودی و ئێرانییەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆبکاتەوە، بەڵکو ناشتوانێ ئیسرایلی و فەلەستینی، یەمەنی، سووری، لوبنانی و عێراقی و تەنانەت پارتی و یەکێتیش کۆبکاتەوە و دەستپێشخەری بۆ چارەسەرکردنی تراژیدییەکانیان هەبێت.

لەکاتێکدا و بەپێی هەموو ئاماژەکان، لەڕێگەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ریازەوە، هەلومەرجێکی بابەتی دێتە ئاراوە بۆ ئەوەی چین دەستپێشخەری بکات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوخۆ لە یەمەن، ئاساییکردنەوەی دۆخی سووریا، قەناعەتکردن بە لوبنانییەکان بۆ رێککەوتن لەسەر سەرۆک و حکومەتێکی نوێ و رزگارکردنی ئابوورییەکان لە مایەپووچبوون. 

هەڵەن ئەوانەی پێیانوایە بۆ چینییەکان تەنها و تەنها ئابووری گرنگە و رەهەندەکانی دیکە بێ بایەخن. چینییەکان باش تێگەیشتوون لەوەی پابەندبوونی ئابووری بەبێ پابەندبوونی سیاسی، هەرگیز پارێزراو نییە و نابێت. هەروەها تێگەیشتوون لەوەش پابەندبوونی سیاسی پێویستی بە جۆرێک لە جۆرەکان لە پابەندبوونی سەربازیش هەیە. بێهودە نییە کە تەنیا چەند رۆژێک پاش رێککەوتنی نێوان ریاز و تاران، پەکین بە فەرمی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە لەسەر ئەوەی؛ لە کەنداوی عوماندا چەند مانۆڕێکی سەربازیی بە هاوبەشی ئێران و رووسیا ئەنجامداوە!

کاتێک باسی ئەم بابەتەم لەگەڵ دیپلۆماتێکی کەنداودا کرد، بە پێکەنینێکی نەرمەوە پێی گوتم: بەخێربێن بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پۆست ئەمریکا.

 

سەرچاوە ؛ سایتی ڕوداو