بە دورینی جلوبەرگی كوردی، مەخمور دەڕازێنێتەوە

عەزیز كۆچەر بە دورینی جلوبەرگی فۆلكلۆری كوردی لە كامپی پەنابەرانی مەخمور كلتووری كوردەواری بە زیندویی ڕادەگرێت و دەڵێت: جل و بەرگی فۆلكلۆری كوردی دەبێت ببێتە پۆشاكی ڕۆژانە و شێواز و ستایلی ژیان، با هەموو كوردێك جل و بەرگی كوردی بپۆشێت و بگەڕێتەوە بۆ كلتووری خۆی.
لەناو كلتووری كوردەواری دا جلوبەرگی كوردی ڕۆڵێكی گەورە دەگێڕێت، جل و بەرگی فۆلكلۆری كوردی ڕەنگ و ڕازاندنەوەی كلتووری كوردەوارییە، هاوكات زۆر دەوڵەمەندە و هەر شوێنێك و ناوچەیەك ستایلی جلوبەرگی كوردی خۆی هەیە.

هەر وەك چۆن زمانی هەر گەلێك پێناسەی بوونی ئەو گەلەیە، جل و بەرگی فۆلكلۆریش یەكێكی ترە لە هێماكانی شوناس و بوونی گەلێك، ئەم كلتوورە، كە هەزاران ساڵە پارێزراوە، تا ئێستاش پارێزگاری لێدەكرێت.

كلتووری جلوبەرگی كوردی لە كۆمەڵگەی كامپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی (مەخموور) بە زیندوویی هێڵدراوەتەوە و عەزیز كۆچەر یەكێكە لەو كەسانەی لە كامپەكە كاری دوورینی جلوبەرگی ڕەسەنی كوردی ئەنجام دەدات، ئەو لەگەڵ هاوسەرەكەی كە لە ساڵی ٢٠١٣ لە دوكانێكی بچووكدا دەستیان بە كارێكی تایبەت بە خۆیان كردوە و پێكەوە جلوبەرگی كوردی و جلوبەرگی تر بۆ هاوڵاتیان ئامادە دەكەن، وەك خۆی دەڵێت: بە پێی توانا و دەرفەت لەو ڕێگەیەوە هەم كلتووری جلوبەرگی كوردی دەپارێزن، هەمیش بژێوی ژیانیان دابین دەكەن.

“دوژمن دەیەوێت كۆمەڵگا لە بوونی خۆی دوور بخاتەوە

عەزیز كۆچەر سەبارەت بە گرنگی جلوبەرگی كوردی بۆ ڕۆژنیوز وتی : لەبەركردنی جلوبەرگی كوردی كەلتوورێكە، كە مێژووەكەی بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە، بێ گومان ئەم جلوبەرگە كلتووریانە لە ناو كورددا پێگەیەكی زۆر گرنگیان هەیە.

وتیشی: دوژمن كاتێك دەست دەكات بە لەناوبردنی گەلێك، سەرەتا زمان و مێژووی ئەو گەلە لەناو دەبات و دواتر ڕوو لە كلتووری ئەو كۆمەڵگایە دەكات و كۆمەڵگا لە بوونی خۆی دوور دەخاتەوە، گوشاری دوژمن بۆ سەر گەلی كورد لە ڕابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە و قەدەغەكردنی زمان هەمان قەدەغەكردنی جلوبەرگی فۆلكلۆرە، وەك چۆن دەوڵەتی تورك یەك ئاڵا، یەك نەتەوە، یەك وڵات بەسەر كوردانی باكووردا دەسەپێنێت، “ئەوەی قسە پێنەكرێت و ئەوەی نەبینرێت لەدەست دەچێت و ون دەبێت”.

لە درێژەی قسەكانیدا كۆچەر وتی: جلوبەرگی فۆلكلۆری كوردی مێژووی كوردە و دەبێت ئاگاداری بین، پێویستە ئەم كلتوورە بەردەوام بێت، زمان و جلوبەرگی كوردی نابێت بە جیا مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، چونكە تەواوكەری یەكترن و هەردووكیان كۆڵەكە سەرەكییەكانی كلتووری كوردەوارین.

“بەپێی ناوچەكان جیاوازن، بەڵام بەیەكەوە بەستراوەتەوە

عەزیز كۆچەر لەبارەی جیاوازی جلوبەرگی كوردەواری بە پێی ناوچە و بەشەكانی كوردستان دەڵێت: هەرچەندە جل و بەرگی كوردی بە پێی ناوچە و بەشەكانی كوردستان دیزاین و ستایلەكانی لەیەكتر جیاوازن، بەڵام بە گشتی لە یەك دەچن و بەیەكەوە بەستراونەتەوە و لە ئاهەنگ، فێستیڤاڵ، بۆنەكان و هتد ژنان و پیاوان جلی فۆلكلۆری كوردی ڕەنگاوڕەنگ لەبەر دەكەن.

عەزیز كۆچەر لە كۆتاییدا وتی: بەهۆی بارودۆخی كامپەكە، دەستكەوتنی قوماش و پێداویستیەكانی تر بۆ جلوبەرگی فۆلكلۆری كوردی ئەستەمە، بەڵام تا دەتوانین هەوڵ دەدەین جلوبەرگ بۆ هاوڵاتیان ئامادە بكەین و ئەم كلتوورە لەبیر نەكەین، هەروەها داواش لە خەڵكی كوردستان دەكات، كە جلوبەرگی ڕەسەنی كوردی بكەنە پۆشاكی ڕۆژانە و شێواز و ستایلی ژیانیان و دەشڵێت: با هەموو كوردێك جل و بەرگی كوردی خۆی لەبەر بكات و بگەڕێتەوە بۆ كلتووری خۆی.

 

سەرچاوە: rojnews