بە بیانوى ڕۆژى زمانى دایکەوە

سوارە نەجمەدین 
 

زمانى کوردى وێڕایی بێکەسی و پاشاگەردانى، گۆشەنیگاى زۆر نازادارى تیادایە، بە نمونە: وشەى (دووگیان) کە بە خانمى سکپڕ دەوترێت، ئەم وشەیە ئەوەندە نازادار و جوانە، پڕ بە پێستى ئەو قۆناغەى خانمانە، کە ماوەى نۆ مانگ تەنگ و چەڵەمە دەبینێت، گیانێک لە گیانى خۆیدا هەڵدەگرێت و دواتر جیا دەبنەوە و کۆرپەیەک لەدایک دەبێت. 

سەرنج بدە وشەى دووگیان، لە دوو زیندووترین زمانى دنیادا چین: 

لە زمانى عەرەبیدا: (حاملة)، ڕەسەنى وشەکە لە (حامل) هاتووە، واتە هەڵگر، هەر لەزمانى عەرەبیدا، وشەى (حامل) بۆ بارهەڵگر بەکاردێت، وەک (لۆرى و گەڵابە و هاوشێوەکانى) ئەو (ة) کۆتایی دەگەڕێتەوە بۆ ڕەگەزى مێینە لە زمانى عەرەبیدا، واتە گەر پیاوان دووگیان بوونایە، ئەوا لە زمانى عەربیدا هەر وشەى (حامل)ى بۆ بەکار دەهات، ئەو کات پیاو و گەڵابەى هەڵگرتنى چەو و لم و ئاسن جیاوازیان نەدەبوو. 

زمانى ئینگلیزى (pregnant) ڕەسەنى وشەکە لە دوو بەش پێکدێت (pre) و (Gene)، (pre)بە ماناى پێش، (Gene) بە ماناى نەوە، یان ڕەگەز، یان لەدایکبوون دێت، واتە پێش نەوە، یان پێش لەدایکبوون، ئەمەش دەبێتە ناوى قۆناغێک. 

بەڵام هیچ کام لەو دوو وشەیە و هیچ وشەیەکى ترم پێ شک نایات، هێندەى وشەى (دووگیان) جوان و پڕمانا و پڕ بە پێست بێت. کاتێک دەڵێت (خانمى دووگیان) ئەوەندە دەستەواژەیەکى نازدارە، کوتومت هەڵگرى ئەو دۆخەیە کە خانمەکەى تیادایە، لە لایەکى ترەوە، ئەوەندە بایەخدارى تیاییە، هەر لەسەرەتاى مانگى یەکەمەوە ئەو منداڵەى ناو سکى دایکەکە وەک گیانێکى تەواو ئەژمارى بۆ دەکرێت. 

بوونى نمونەى وشەى (دووگیان) و چەندین وشەى نازادارى دیکە، دیوە ئەرێنیەکەى زمانى کوردیمان نیشان دەدات، بەڵام ئەمە ئەو دۆخە گشتگیرییەى زمانەکەمان بیرناباتەوە، کە زۆرجار دەرۆزە و خێرى پێدەشێت، هێنانى ئەو هەموو وشە بیانییە، بە بێ ئەوەى بە کوردى بکرێت، زمانەکەمانى کردووە، بە بەربەڕەڵا. 

چەند خاڵێکى نیگەرانى لە زمانى کوردیدا: 

- ئێستا نەوەیەک پێگەیشتووە، لە ژێر کاریگەرى زمانى ئینگلیزیدایە، هەم لە ڕووى کەلتوورەوە هەم لە رووى زمانەوە، بەکارهێنانى وشەى بیانى بووە بە ڕۆشنبیرى، ئەم نەوەیە زیاتر نەوەى سوشیاڵ میدیان، کە دەچنە ناو خێزانەوە و ئەو جۆرە زمانە شێواوە پەیڕەو دەکەن، بەجۆرێک ناوى کاڵاکان دەگۆڕن، کوردى ڕەسەن دەبێت دابمێنێت تا تێبگات. 
- کەناڵەکانى ڕاگەیاندن و دەزگاکانى چاپ، هەر یەکەیان بە شێوازى خۆى زمانى کوردى دادەتاشێت، هێنانى چەمکى نوێ و داتاشینى وشە لەسەر زەینى چەند بێژەر و ڕۆژنامەنووسێک، زیاتر لەوەى خزمەت بێت، کارەساتە. 

- نەبوونى دەزگایەکى هاوشێوەى (کۆڕى زانیارى کورد) لە حەفتاکانى سەدەى ڕابردوودا، ئەوەندەى دیکە زمانى کوردى هەژار کردووە، ئەوکات مەسعود محەمەد و شوکور مستەفا و چەند زمانزانێکى تر فریادڕەسبوون بۆ قۆناغێکى زۆر سەختتر لە ئێستا، ئێستا هەموو شتێک کوردییە، خۆمان بەرگى بێگانەى بەبەردا دەکەین. 

- لە دواى فەرهەنگى هەنبانەبۆرینە و فەرهەنگى خاڵ و چەند هەوڵێکى نیوەناچڵى دیکە و چەند هەوڵێکى نوێ لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە، هەوڵى گەورە نەدراوە بۆ کۆکردنەوەى فەرهەنگى کوردى. 

- ڕۆژانە لە دنیادا، کاڵاى نوێ بەرهەم دێت، کە ئێمە تەنها بەکاربەرین، تواناى ئەوەشمان نییە، ناوى کوردى بۆ دروست بکەین، چۆن کاتى خۆى (سلاجە)مان کرد بە (بەفرگر) بەڵام سەدان و هەزاران ناوى دیکە وەکو خۆى بەکاردەهێنین. 

- بوونى ئەلف و بێ  و پیتى لاتینى لە یەک کاتدا، گەورەترین پوازى زمانى کوردییە.

ئەمانە و چەند نیگەرانییەکى دیکە، زمانى کوردیان بە ئاقاڕێکدا بردووە، کە گەشبین نەبین پێى، باشترین هەوڵێک لە کوردستانى باشوورەوە بدرێت، دروستکردنى دامەزراوەیەکى زمانەوانییە لە وەزارەتى ڕۆشنبیرى، بە بڕواى بەندە بوونى ئەو دامەزراوەیە لە هەرچى وەزارەتەکانى دیکەى هەمانە پێویست ترە.

سەرچاوە : ماڵپەڕی خەندان