بیست ساڵ گلان لەبەغداد...نەبوون بەسوار !

د.توانا

 

خوێندکارێک چوارساڵ لەدانشگایەک دەخوێنێ پاشان دەبێت بە ئەندازیارونەخشەو پلانی دروستکردنی خانوفێردەبێت ودەچێتە ژێر بەرپرسیارێتی دروستکردنی خانویەک بۆ خێزانێک، پاش چەند ساڵێک کارکردن  لەبوارەکەی خۆیدا ئەزموون پەیدا دەکات  دەڕوات بەرەو دروستکردنی باڵەخانەیەک بۆ چەندین خێزان ،وەبەرپرسیارێتی مەزنترو سەختتر..دڵنیایی لەژیانی چەندین خیزان دەخاتە سەرشانی.
ئەندازیارەکەی هاوڕێ ی لەبەشی ڕێگاوبان دەرچووەو دروستکردنی پردێک دەگرێتە ئەستۆ کە ژیانی چەندین مرۆڤ بەسەریا بەپارێزراوی بەسەریا تێپەڕ دەبێ ..
خوێندکارێکی کە 5ساڵ کۆلیجی پزیشکی دەخوێنێ ودووساڵ پراکتیک  وچەند ساڵ لەژێر چاودێری لەخەستەخانەیەکدا کاردەکات و پاشان نەخۆش دەبینێ ونەشتەرگەری دەکات وبەرپرسیارێتی  ژیان وڕۆحی مرۆڤ دەگرێتە ئەستۆ.
ئەمانەوزۆری تر لەمرۆڤە نەخوێندەوار یان کەم خوێندەوارە دەست رەنگینەکانی ناوبازارەکان کە بێ خوێندن لەسەر کارەکەیان بەردەوام بوون و ئەزمونیان پەیداکردووەو بوون بەوەستا. ئیمە بێ دڵەڕاوکێ سەردانیان دەکەین هەرگیز دڵمان نالەرزێ لەئاست دەست ڕەنگینی وزاناییان لە کارەکانیان وێنەی وەستاکانی کارەباو ئاو وشووشەو دەرگاو پەنجەرەو کاشی ودیکۆرتادەگاتە خزمەتگوزاریەکانی خاوێنکردنەوەوماڵ گواستنەوە.. شۆفێری ئۆتۆبوسێک دەرچوی دانشگاش نیە،بەڵام هێندە ئەزموونی پەیداکردووە کەئێمە بێ دڵەڕاوکێ لەگەڵیا سەردەکەوین وژیان ڕۆحی خۆمان ومنداڵمانی پێدەسپێرین ..دەڵێن بەئەزمونە لەکارەکەیدا !
ئەمانەی باسکران نمونەی کەسانێکن کەئێمە  باوەڕ بەتواناکانیان دەکەین کە دەتوانن کێشەکانی ژیانی ڕۆژانەمان بۆ چارەسەربکەن.. 
دێینە سەر پرسیارە ملیۆنی یەکە..
ئایا سەرۆکی پارتەکانی کورد ،لەهەولێروسلێمانی ، وە بەرپرسانی باڵای کورد لەبەغداد، وئەندام پەرلەمانەکانی کورد لەبەغداد  بۆ تائەمڕۆ بێ ئەزموونن ؟ پاش بیست ساڵ لەڕۆناوی پۆستی باڵاو مانەوەو کاری سیاسی لەبەغداد بۆ هەرنەبوون بەوەستا !

 سەدان سەردان و پێشوازیکردن وکۆبوونەوەی نهێنی و ئاشکرا،دووقۆڵی و چەندقۆڵی،پاش سەدان بەیانی مژدەبەخش ودڵخۆشکردنی میللەتی کورد لەبەغداوە .. ئەمانە گشتی درۆ بوو ؟ 
بیست ساڵ کڵاو لەسەرنانی کورد بەس نیە ؟   بۆتا ئەمڕۆهێشتا هەر دەگلێن ، هەر نەبوون بەسوار؟

دەی بیست ساڵ بەس نیە بۆ ئەزموون وەرگرتن ؟
دوای بیست ساڵ ڕاکردن بۆهەر دەڕۆن بۆنایگەنێ..!
ئێوە بۆ نەتان توانی  وەک خوێندکاری دانشگاکە پێبگەن ،بۆ نەبوون بە ئەندازیاو دکتۆر لەبوارەکە خۆتان  ؟
یان وەک شاگردەنەخوێندەوارەکەی ئاووکارەبا وتەنەکە چی وکاشی دانەرەکە بۆ نەبوون بەوە ستا  لەبوارەکەی خۆتان  ؟ 
بۆ نەبوون بە جێگای باوەڕی میللەت؟ 
بۆ ئەمڕۆ کلیلی چارەسەری کێشەکانی ئەم میللەتە لای ئێوە. نیە ؟  
هەست ناکەن ئێوە گشت توانای  مێشک وبیرکردنەوەتان  بەکاری لاوەکیەوە بەفیڕۆداوە نەک بەرژەوەندی میللەتی کورد..بۆیە تا ئەمرۆ بێ ئەزموونن ..!

هەروەک ئەو قوتابیەی کتێبەکەی بەدستەوەیە ،تاواپیشانی دەوروبەر بدات کەدەخوێنێ  ،بەڵام مێشکی لای یاریکردنە لەگەڵ هاوڕێ کەی! ئەم هەموو خۆ ماندووکردنە بە خوێندنی درۆ و نمایشکردنە بەڵام بەیانی لەتاقیکردنەوەدا سفر وەردەگرێ ودەکەوێ..
پاش  بیست ساڵ ،ئەم هەموو سفر وکڵاولەسەرنان وگلانە هەست ناکەن کێشەیەک هەیە ،وەئەشێ چاوپیاخشاندنێکی بەپەلەی بۆ بکەن و کۆمەڵێ پرسیار لەخۆتان بکەن :
ئایا ئێوە بێجگە لە کەسانی چواردەورتان، ئەوانەی پارەی بێدەنگبوون وەردەگرن تازۆترلەئێوە سوودمەندبن ! بێجگە لە ڕاوێژکارەکانی دەورتان کە ڕاستگۆنین لەگەڵتان!  کەسێ  پەیدا نەبوو ئەم هەموو ڕاستیە تاڵەنەتان بۆ بگوێزیتەوە ؟
هەرگیز بیرتان لێکردۆتەوە کەوەڵامی ئەم پرسیارە بزانن ..

ئێوە چەند جێگەی متمانەی ڕاستەقینەی میللەتن ؟

ئێوە نەتان توانی تێکەڵاوی میللەت بن تائەو ڕاستیە ڕەقە بزانن کە ڕاوێژکارومشەخۆرەکانی دەورتان  لێتان دەشارنەوە ؟
دواپرسیار.. دوای سی ودوو ساڵ لەهەرێمی کوردستان لەبازنەی بەتاڵ سووڕانەوە وگەڕانەوە بۆ خاڵی سەرەتا ، تازە بەتازە دەهۆڵی خۆشکردنی ئاگری سوتێنەری پارتایەتی وناوچەگەرێتین .. کار بۆ لێکترازانی سۆران وبادینان دەکەن .. ڕق لەشارێ هەڵدەگرن وبرسی دەکەن .. شارێکتان خۆش دەوێ وکاری بۆ دەکەن..!  ئەمانە گشتی بەهەدەر دانی توانای خەبات  وهیوای میللەتێکی بەشکراوی دەستی دوژمنەکانیەتی ،کە ئێوە نەک نەتان توانی دووبەش یەکبخەنەوە ، بەڵکو دووژمنایەتیتان خستە نێوان بەشەکان و بەشێکیشتان پارچە پارچەکرد ..
سی ودوو ساڵ  بێزارکردن وتۆراندن ودەرپەڕاندن ودەربەدەرکردنی گەنجان و بەهەدەردانی ژێرخان وسەرخانی ئەم نیشتمانە..
ئێوە توانیتان سەدان ملیاردێر وهەزاران ملیونێر ی نایاسایی لەم نیشتمانە بە نایاسایی هەڵتۆقێنن بەڵام بەیاسا شەلەکەی پارتەکەتان ملیۆنان هەژارتان برسیتر کرد .. کوردایەتیتان سووک کرد ،بێهیوایی ونائومێدیتان لەناو جەرگی دایکی نیشتماندا سەوزکرد !
تائێرەو بەسە ..ئێوە ئیرپێویس ناکات بپرسن ..ا
نۆرەی ئێمەیە بپرسین .. چونکە بەڕاستی ئێمە شکمان لادروست بووە .. 

ئایا  ئێوە شیاون بۆ ئەم کارە ..؟!