سۆزان ئەنوەر
هەڵبەتە نامەوێ زۆر بگەڕێمەوە بۆ رابردوو تا قسە لەسەر مێژووی كەركوك و پێكەوەژیان لەو شارەدا بكەم، بەڵام ئەوەی دەمەوێت باسی بكەم لەدوای راپەڕینە مەزنەكەی گەلەكەمانەوەیە كە چۆن كەركوكی قودسی كوردستان رزگاركرا و خوێنێكی زۆرمان لەپێناویدا رشت.
ئەگەر هەر لایەنێك بدوێنیت دەڵێ ئێمە كەركوكمان لە بەعس پاككردەوە و رزگارمان كرد! كەواتە ئێستاش پێكەوە ئەم شارە لە پیلان و مەترسییەكانی پاكبكەنەوە و رق و كینە و ململانێكان وەلابنێن، خۆ ئەگەر هەر لایەنێك هێندەی ئەوەی پشكی بەردەكەوێت خزمەتی بكات، ئەوا كەركوك جوانتر و خۆشگوزەران تر دەبێت، ناڵێین ململانێ نەبێت و ناشڵێین بەرژەوەندیی حزبیتان نەبێت، بەڵام با دواجار هەمووی لە خزمەتی شاری كەركوكدا بێت، ئەوكات سیمای كورد بوون تیایدا درەوشاوە تر دەبێت و پیلانی دوژمنانی كورد پوچەڵ دەبێتەوە.
ئەو هەڵایەی كە ئێستا دروستبووە بەهۆی پارێزگارێكی كوردی سەربە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، گەر بەرامبەر كەساییەتییەكی پێکهاتەیەکی تر بكرایە، ئەوا زۆر ئاسایی دەبوو، چونكە یەكڕیزیی نێو ماڵی كوردی پیشان دەدا!
لەوەتەی هەیە كەركوك شارێكی كوردستانی بووە و جارێكی تر كوردستانیبوونی لەلایەن قوربانیدان و هەوڵەكانی یەكیتیی نیشتمانیی كوردستان و خودی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانییەوە سەلمێنرایەوە، كەركوكی قودس و دڵی كوردستان كە یەكێتی قودسیبوونی كەركوكی پاراستووە لەمەترسی و پیلانەكانی دوژمنانی، ئەی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستانش دڵی ئەو شارەی كە هەمیشە جەخت لەوە دەكەنەوە كە دڵی كوردستانە دەردەهێنێت و هەزاران جار دڵی كەركوكییەكان دەشكێنێت؟!
ئەو پۆستی پارێزگارەی كە مافی كوردە و لەناو كوردیشدا بۆ یەكێتییە، بەهۆی سەرکەوتنیەوە لە هەڵبژاردندا و دواتر بە رێكەوتن و بەرنامەی هەموو لایەنەكان بەر یەكێتی كەوتووە، كەواتە ئەم دژایەتی و پیلانگێڕییەی بەرامبەر یەكێتی دەكرێت لەپای چی ؟
تەنها لەبەر ئەوەیە كە یەكێتی حزبێكی نیشتمانی و کوردپەروەرە؟
لە هەر شوێنێك مەترسی بۆ سەر كورد و دۆزە رەواكەی هەبووبێت یەكێتی بێ دوو دڵی لەوێ دەبێت و قوربانی بۆ دەدات، خۆ لەخۆیەوە نییە کە ی.ن.ک لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش حزبی ژمارە یەكە و سیاسەت بەبێ یەكێتی نابێت.
گەر بەقەد ئەو دژایەتییەی ئێستا دروستكراوە بە پیلانی ناحەزانی كورد، هێندەی ئەوە خزمەتی كەركوك و كەركوكییەكان بكرایە، ئێستا سیمایەكی جوانتر و كورد بوونێکی زیاتر بەو شارە بێنازەوە دیار دەبوو.
هەموو ئەم دۆخەی ئێستا بۆ كورد هاتۆتە ئاراوە باجی ئەو كاتەی هەڵبژاردنی پارێزگاكان دەدەین كە كورد بە یەك لیست دانەبەزی لەبەر دژایەتی و تاكڕەویی لایەنێك.
كورد وتەنی زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە قازانجە و كاتیش بەدەستەوە ماوە كە كورد یەكگرتوو بێت لە كەركوك و خزمەتی زیاتر بكات، چونكە مەترسی لەسەر هەرێمەكەمان و پرسی كورد لە ناوچەكەدا هەیە، با پێكەوە پیلانەكان تێكبشكێنین و كەركوك جوانتر بكەن.
سەرچاوە : کوردستانی نوێ