باكوری

لە شارە خنجیلانەكەی كۆیە، لە لانەو بێشكەی هونەر و هونەرمەندان و شاعیران و ناوداران و سیاسەتمەدارانی كورد، گۆرانیبێژ)باكوری( بەسەر دەكەینەوە، ناوی تەواوی )ئەندرێۆس ئیسرائیل خەمۆیە(، باوك و باپیرانی بە ڕەچەڵەك خەڵكی كوردستانی باكوورن، لەگەڵ شەپۆلی كۆچڕەوی ئاشوریەكان لە ساڵانی بیستەكان و لە ئەنجامی هێرشی عوسمانیەكان هاتونەتە عێراق، باوكی لە موسڵ ژیانی هاوسەری پێكهێناوە و بۆتە پۆلیس و گواستراوەتەوە شارۆچكەی كۆیەو لەوێ جێگیر بوونە. لەناو قشڵەی كۆنی كۆیە كە چەند ماڵێكی تری ئاشوریشی تێدا ژیاوە، لە ڕۆژی 5/ 11 / 1928 لە دایك بووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە كۆیە تەواو كردووە، لەساڵی 1946 باوكی دەگوازرێتەوە هەولێر، ئەویش خوێندنی ئامادەیی لە هەولێر تەواو كردووە، لە ساڵی 1950 باوكی خۆی )فنش( كردووە، واتە خۆی ئیستیقالەی داوە و بۆ ماوەیەك ماڵیان چۆتە كەركوك، باكوریش چۆتە )دار المعلمین العالیة( لە بەغدا و ساڵی 1957 تەواوی كردووە م، پاشان بۆتە مامۆستای زمانی ئینگلیزی لە قوتابخانەی دواناوەندی كۆیە هەمان دواناوەندی كە خۆی لێی خوێندبوو، لەساڵی 1952 كە دەچێتە بەغداد لە ئێزگەی كوردی كار دەكات و هەفتەی ڕۆژێك بۆماوەی 20 دەقیقە گۆرانی دەڵێت و ئاشناییەكی باشیش لەگەڵ قوتابی و مامۆستایانی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی بەغدا وگۆرانیبێژ و مۆسیقاژەنەكانی عەرەب و كورد پەیدا دەكات كە دەگەڕێتەوە كۆیە، لە ساڵی 1957 لە دواناوەندی كۆیە تیپی مۆسیقای باواجی لە پۆلێك قوتابی دەنگ خۆش پێكدەهێنێت كە هەر ئەو تیپە بوو بووە بەردی بناغای تیپی باواجی كۆیە كە زیاتر لە پەنجا ساڵە هەیە و بەرهەمی زۆر بەنرخ و نایابیان پێشكەش بە گۆرانی و مۆسیقای كوردی كردووە. مامۆستا باكوری هەر لەسەرەتای ژیانی خولیای مۆسیقا و گۆرانیب بووە كە هاتونەتە هەولێر لەساڵی 1948 تا 1950 لە عەنكاوە ژیاون، بەخۆی و بە عودەكەیەوە بەژداری لەهەموو ئەو )ترایل(ە ئاینیانە كردووە كە ئەوكات لە كنێسە ووتراوە و تام و چێژێكی زۆری لێ وەرگرتووە و زیاترحەزی چۆتە مۆسیقا و گۆرانی گۆرانیبێژان )سێوە، مەلا ئەسعەد، تایەرتۆفیق ، حەمەدەمین كەبابچی، ئەحمەدی حەمە مەلا، سەیدی عەلی ئەسغەری كوردستانی( و زۆر كاریان تێكردووە، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی كوردسات مامۆستا باكوری دەڵێت: )گۆرانی ئەڵێن جوانە( لەساڵانی پەنجاكان ووتوومە و خەڵك زۆر حەزیان لێبوو ئاوازەكەی هی خۆم و شەماڵ سائیب و قادر دیلانە و لە شیعری شاعیری گەورەی كورد كەریم  شارەزایە.
باكوری لە گۆرانی ئاواز و مۆسیقای ئێستا ڕازینیە و دەمێكە وازی لێهێناوە و خەریكی نووسینی بەرهەمەكانیەتی كە تا ئێستا چەندانی لێ چاپ كردووە، لەوانە: ١-كتێبی چۆنیەتی گۆرانی ووتن كە لە ئینگلیزییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی لەگەڵ نووسەر محەمەد شێخانی 2-كتێبی لەسەر ژیان گۆرانی گۆرانیبێژە نەمرەكان وەكوو )سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی، عەلی مەردان، دایكی جەمال، مەلا كەریم، مریەم خان، كاوێس ئاغا، تایەر تۆفیق، حەسەن جەزراوی زۆرانی تر لە جیلی پێش خۆی و پاش خۆی، 3-كتێبی چیرۆكی هەندی گۆرانی ڕەسەنی كوردی وەكو لاوك و حەیران لەوانە )مەترانۆ-حەسەن جزراوی، گەنج خەلیل-كاوێس ئاغا، ئایشە گوڵ-سێوە، ئۆپەریتی گوڵی خوێناوی-ساڵح دیان، زەمبیل فرۆش-عیسا بەرواری، بێ ئومێدی-قادر مەردان، هەی زێڕینێ-باكوری، ئەی لەزاڵم-تایەر تۆفیق. 4-كتێبی بیرەوەریەكانی خۆی بەناوی )تەمەنێك گۆرانی، مۆسیقا، ئاواز، خۆشخوانی( كە بە بۆنەی نۆبێلی زێڕینی تیپی باواجی كۆیە ساڵی 2008 لە چاپی داوە، 5-كتێبی لە سەر ئێزگەی ڕادیۆی عەرەبی بەغدا كە لە ڕۆژی 9/ 7/ 1936 دامەزراوە و ڕادیۆی بەشی كوردی كە لە 19 / 11 / 1939 كراوەتەوە. مامۆستا باكوری لەماوەی 50 ساڵ خزمەتكردنی لەتەك ئاواز و مۆسیقا و گۆرانی، چەندین ساڵ وەكو مامۆستای زمانی ئینگلیزی خزمەتی كردووە، لەگەڵ بەشی زۆری گۆرانیبێژی كورد بەشداری هەموو ئەو ئاهەنگانەی كردووە، كە لە بۆنە نەتەوایەتیەكان ساز كراوە، دوو جاریش ڕێزی لێگیراوە.

 

سەرچاوە: خۆم و ئەستێرە گەشەكان- نەجمەدین عەزیز سمایل