ئەکتەرو شانۆکاران نیگەرانن لە پاشەکشەى هونەری شانۆو سینەما لە کوردستاندا

هونەرمەندان و سینەماكارانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن، كوردستان خاوەنی سەدان چیرۆكی كۆمەڵكوژی و كێشەی نەتەوەییە دەتوانرێت سەدان فیلمی سینەمایی گەورەی لێبەرهەم بهێنرێت، بەڵام بەهۆی هاوكاری نەكردنی حكومەت هونەری سینەما و فیلم لەئاستێكی زۆر خراپدایە.
هونەری سینەما یەكێكە لەو كارانەی دەتوانرێت لەڕێگەیەوە، ئازارو كێشەی میللەت و كۆمەڵگا بگەیەنرێت بەدونیای دەرەوە، بەڵام لەهەرێمی كوردستان سەرەڕایی بوونی چەندان ئەكتەری باش نەتوانراوە ئەو كایە هونەرییە گەورە بەرەو پێشەوە بڕوات، هونەرمەندانیش نیگەرانن لەوەى کە هونەر بەگشتى و هونەری شانۆو سینەماو فیلم بەرەو دواوە دەچێت و حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ هاوکارییەکى ئەو بوارە ناکەن.

شوان سۆسەكانی سینەماكار بۆ ڕۆژنیوز وتی، سینەما كەلتورو فەرهەنگە پێویستە تێكەڵی خەڵك بكرێت، بۆ ئەوەی تاك دەسەڵات لەئەهمیەت و بایەخی سینەما بزانێت، سینەما كەلتورو فەرهەنگی میللەت بەدونیای دەرەوە دەناسێنێت.

شوان سۆسەكانی

شوان سۆسەكانی

ئەو هونەرمەندە سینەماكارە وتیشی: لەكوردستاندا سینەما زۆر لاوازە، ناتوانین بڵێین لەكوردستان شتێك بونی هەبێت بەناو سینەماوە، هەرچەندە هەوڵ دەدرێت بۆ بەرهەمهێنانی فیلم لەلایەن هونەرمەندانەوە، بەڵام هەوڵەكانی هەنگاوی سەرەتاین پێویستە چیرۆكی فیلمەكان بگۆڕێت، هەندێك چیرۆكمان هەیە فیلمەكان دەكەنە فیلمی جیهانی نەك لۆكاڵی.
باسی لەوەشكرد، كەشوهەوا هەیە بۆ سینەما لەكوردستان ، بەڵام لەئێستادا سینەما بوە بەبازرگانی دەبێت كەسانی خاوەن سەرمایە بێنە پێشەوە یارمەتی بدەن، تەنها بەحكومەت بەڕێوەنابرێت.

دەشڵێت: سینەما لاوازە لەكوردستاندا ئەویش ئەوەیە بەرهەمهێنی گەورەی سینەمای بونی نیە، نەكەسانی خاوەن سەرمایەو نەمیدیایەكی گەورەش هەیە هاوكاری بكات، بۆ نمونەش لەوڵاتانی دەرەوە میدیا هاوكارییەكی زۆریان هەیە بۆ بەرهەمهێنانی فیلم، بەڵام میدیای كوردی ئەگەر فیلمێك بەرهەم بێنن، بەرهەمهێنانی فیلمەكە زۆر لاوازە.

ئەو هونەرمەندە سینەماكارە ئاماژەی بەوشەكرد، پێویستمان بەسینەمایەكی زۆر باش هەیە وەك باشوری كوردستان، دەبێت بەهەموومانەوە هەوڵبدەین بۆ ئەوەی سینەمای كوردی زیاتر بەرەو پێشەوە بەرین، دەبێت سینەما بێتە كەلتورو فەرهەنگی میللەتەكە، تاوەكوو بتوانرێت فیلمی باش بەرهەم بێین، كوردستانی باشور ئەوەندە جینۆسایدو كۆمەڵكوژی و كێشەی نەتەوەی و هەیە، دەتوانین چەندەها فیلمی گەورەیی جیهانی لێی بەرهەم بێنین، بەڵام بەداخەوە نەتوانراوە ئەوە بكرێت.

وەرزێر مەنسور ئەكتەر بۆ ڕۆژنیوز وتی، سینەما لەدونیادا بایەخی گەورەی هەیە، بوە بەسەرمایەكی گەورە لەتەواوی دونیادا، ئەو هەوڵانەیی لەكوردستان لەبواری سینەمادا هەیە، هەوڵێكن لەئاستی تاكدایە، دامەزراوەی سینەما پێویستی بەهەماهەنگی نێودەوڵەتی، لایەنی دارایی زۆرباش هەیە.

وتیشی: لەكوردستاندا سینەما لەئاستی پێویستدا نیە، هاوكاری ناكرێن چی وەك وەزارەتی ڕۆشنبیریی یان حكومەتی هەرێم، بەبایەخەوە ناڕواننە ئیشەكە هونەرمەندان بەماددییەكی كەمو هاوكاری دۆستی خۆیان دەتوانن كارەكانیان ڕاپەڕێنن.
باسی لەوەشكرد، هەوڵی جدیی هەیە بۆ بەرههێنانی كاری باش كاری باشیشكراوە، بەڵام لەئاستی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دەرەوە لەئاستێكی زۆر لاوازداین ژمارەیەكی زۆر كەم لەهونەرمەندان خەریكی بەرهەمهێنانی فیلمن، هیچ هونەرمەندێك یان ئەو ستافەی فیلمەكە بەرهەمدێنن تاوانبار نین، بەڵكو لایەنی پەیوندیدار كەدەسەڵات و حكومەتە تاوانبارە بەرامبەر بەسینەما، چونكە كارەكە بەپاڵپشتی دەوڵەت یان حكومەت دەتوانرێت بكرێت، نەك لایەن و تاك.

 

 

سەرچاوە: rojnews