كەركوك ناو
ئەڤین عەتا، پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی زووم، چاوەڕوانی ئەنجامی سكاڵاكەی دەكات كە لە دژی هێزەكانی ئاسایشی هەڵەبجە تۆماریكردووە، دوای ئەوەی رێگرییان لێكرد روماڵ بكات، كامێراكەیان لێسەند و بەهۆی ئەشكەنجەوە شانی دەرچوو. بەپێی یاسا بەركارەكان كەسی هێرشبەر لەحاڵەتی دادگاییكردنیدا بە زیندانی یان غەرامە، یان هەردوكیان حوكمدەدرێت.
ئەڤین كە لە پارێزگای هەڵەبجە كاری رۆژنامەوانیی دەكات، لە 18ی ئابی ئەمساڵ، چووە مەرزی سیپەی سەر بە قەزای خورماڵ - مەرزێكی ناڕەسمییە- بۆ روماڵكردنی كارێكی رۆژنامەوانی.
ئەڤین دەیویست روماڵی روداوی تەقەكردن لە كۆڵبەرێكی كورد و كوشتنی بكات لەلایەن هێزەكانی پاسەوانی سنور، "دەمویست روماڵی بەخاكسپاردنی ئەو گەنجە كۆڵبەرە بكەم"، زیاتر وتی "كاتێك گەیشتمە ئەوێ بینیم هەموو گەنجانی گوندی سەرگەت بەرەو مەرزەكە دەڕۆیشتن، وەكو كاردانەوەیەك لە دژی ئەو گەنجە دەیانویست بارەگای پاسەوانی سنور بیسوتێنن".
گەنجەكە خەڵكی گوندی سەرگەتە لە قەزای خورماڵ، ئەو گوندە نزیكە لە مەرزەكەوە.
ئەڤین پێشتر لێپرسراوی بەشی پەیامنێرانی كەناڵەكەی لە چونی بۆ مەرزەكە ئاگاداركردبۆوە و پێیان وتبوو ئاگاداری خۆت بە.
"كاتێك من گەیشتمە ئەوێ، هێزەكانی ئاسایش هاتن، وتیان وەرنە ناو مەرزەكەوە، نزیكەی 40 خولەك رایانگرتین، نەیاندەهێشت روماڵ بكەین، دوایی یەكێكیان وتی بڕۆن، بەڵام ژمارەیەك ئاسایشی تر وتیان نابێت بڕۆن تا كامێراكەمان پێنەدەن"، ئەڤین ئەوكات دەڵێت "كامێراتان پێنادەم تا خۆشم نەبەن، لەڕاستیدا ترسام بیشكێنن".
نزیكەی 40 خولەك رایانگرتین، نەیاندەهێشت روماڵ بكەین
لەوكاتەدا یەكێك لە ئاسایشەكان، لە ئەڤین دەچێتەپێشەوە، ئەڤین وتی "پێی وتم بە قسەی خۆش نەیدەیت، بەزۆر لێت دەستێنم، منیش وتم بەزۆر نابێت"، لەو گفتوگۆیەدا، ئاسایشەكە پەلاماری كامێراكەی دەدات و لێی وەردەگرێت.
ئاسایشەكە بەشێوەیەك پەلاماری ئەڤین دەدات و هەوڵی لێسەندنی كامێراكەی دەدات كە ئازار بەر شانی دەكەوێت، بەپێی راپۆرتی پزیشكی، "لە سێ جێگاوە قۆڵی دەرچووە، ئاوسانی زۆر و گرژیی دەماری ملی بۆ دروستبووە".
ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی هەردوو یاسای مافەكانی رۆژنامەنوسان لە عیراق و یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان، رۆژنامەنوسان ئازادن لە كاركردن، مافی ئامادەبونیان هەیە لە هەموو كۆنگرە و كۆبونەوەیەكی گشتیدا بۆ كاری پیشەیی و روماڵكردنی روداوەكان.
"من هیچ شتێكم بە ئاسایشەكە نەوت، وتم نەوەك بیانوییەك بەدەستەوە بدەم، تەنیا تەلەفونم بۆ كەناڵەكەم كردو وتم راگیراوین و كامێرایان لێوەرگرتوین".
لە تەواوی عیراق، بە هەرێمی كوردستانیشەوە، تەنیا لە ماوەی (3ـی ئایاری 2023 تا 2ـی ئایاری 2024) واتە ساڵێك، 333 پێشێلكاریی دژ بە رۆژنامەنوسان تۆماركراون، لە نێویاندا دەستگیركردن، برینداركردن، هێرشی چەكداری، رێگری، لێدان و تۆماركردنی سكاڵا لەسەر رۆژنامەنوسان، بەپێی ئاماری كۆمەڵەی داكۆكیكردن لە ئازادیی رۆژنامەوانی لە عیراق.
لەو پێشێلكارییانەدا، بەغدا بە پلەی یەكەم دێت، بەدوای ئەودا هەولێر و ئینجا بەسرە، هەروەها كەركوك لەو ئامارەدا 27 پێشێلكاری بەردەكەوێت، نەینەوا 32، دیالە دوو و لە سەڵاحەدینیش ئەو كۆمەڵەیە یەك پێشێلكاری تۆماركردووە.
لە سێ جێگاوە قۆڵی دەرچووە، ئاوسانی زۆر و گرژیی دەماری ملی بۆ دروستبووە
ئەڤین دوای ئەو پێشێلكارییەی بەرامبەری كرا، لە پۆلیس سكاڵای لە دژی ئەو هێزە ئاسایش تۆماركرد، "لەنێو زیاد لە 100 كەس لەو شوێنە، تەنیا من لە رەگەزی مێ بوم، ئاسایش بەو شێوەیە ئازاری دام و نەدەبوو وا مامەڵەم لەگەڵدا بكەن، لەكاتێكدا هیچ تەشهیرێكم نەكردبوو".
بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی حەوتەم لە یاسای رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان، كە لە ساڵی 2007دا دەركراوە، رۆژنامەنوس سەربەخۆیە لە بەجێهێنانی ئەركە پیشەییەكەیدا و هیچ دەسەڵاتێكی بەسەرەوە نییە جگە لە دەسەڵاتی یاسا. لە بڕگەی چوارەمی هەمان ماددەدا هاتووە "رۆژنامەنوس مافی ئامادەبونی لە كۆنگرە و چالاكییە گشتییەكاندا هەیە".
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت، رۆژی دوای روداوەكە بە كەناڵی ئاسمانی زووم-ی وت "ئێمە لێكۆڵینەوەمان لەو كەیسە كردووە، لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاسایش قسەم كرد و وتم ئەگەر ئەو رۆژنامەنوسە پێشێلكارییەكی نەكردووە، نابێت دەستگیربكرێت و ئیجرائاتی بەرامبەر بكرێت". زیاتر وتی "هەركەسێك كەمتەرخەم بوبێت و زیادەڕۆیی دەسەڵاتی كردبێت روبەڕوی ئیجرائایاتی دەكەینەوە".
هەركەسێك كەمتەرخەم بوبێت و زیادەڕۆیی دەسەڵاتی كردبێت روبەڕوی ئیجرائایاتی دەكەینەوە
لە ماددەی 413 لە یاسای سزادانی عیراقی، كە تایبەتە بە ئەشكەنجەدان، هاتووە هەر کەسێک بە ئەنقەست هێرشبکاتە سەر کەسێکی دیکە بە لێدان و توندوتیژیی، یان هەر کارێکی تری نایاسایی و برینداری بکات یان نەخۆشی بخات، ئەوا بە زیندانی لە ساڵێک زیاتر نەبێت یان غەرامە یاخود هەردوکیان سزادەدرێت. بەڵام ئەگەر هێرشەکە ببێتەهۆی شکانی ئێسک یان کەسی قوربانی بۆ ماوەی زیاتر لە بیست رۆژ نەیتوانی بچێتەوە سەر کارەکەی، ئەوا هێرشبەرەکە بە زیندانی سێ ساڵ و غەرامە یاخود یەکێکیان سزادەدرێت.
بەپێی ئاماری سەندیکای رۆژنامەنوسانی كوردستان لە ساڵی 2023دا 62 حاڵەتی پێشێلكاریی دژ بە رۆژنامەنوسانی هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە، بەڵام بەپێی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنوسان، لە هەمان ساڵدا 249 حاڵەتی پێشێلكاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان هەبووە.
ئەوە دوو ئامارە لەكاتێكدایە بەپێی راپۆرتی ساڵی رابردوی رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان كە ئۆفیسەكەی لە شاری هەولێرە، 164 حاڵەتی پێشێلكاریی بەرامبەر بە 328 رۆژنامەنوس و دەزگای راگەیاندن بووە و زۆرینەیان لە پارێزگای هەولێر بووە بە 78 حاڵەت.
ئەڤین وتی "تاوەكو ئەو ئاسایشە بە سزای خۆی نەگات كۆڵنادەم... هەرگیز لێیان خۆشنابم"، جەختیكردەوە لەوەی ئەو چاوەڕێی یەكلایبونەوەی سكاڵاكەیەتی.
سەرچاوە : کەرکوک ناو