ئەو فیلمانەی کە گرنگە ڕۆژنامەنوسان سەیریان بکەن

 

قەیسەر ڕەحمان ئەحمەد

 

دەسەڵاتی چوارەم بریتیە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە گشت جۆرەکانیەوە (بینراو، بیستراو، نوسراو). گرنگی ئەم دەسەڵاتە لەوەدایە کە توانای چاودێری دەسەڵاتەکانی تری حکومەت هەیە. ڕاگەیاندنەکان ڕۆڵی گرنگیان هەیە لە چاودێری کردن و بەدواداچوون بۆ کارەکانی حکومەت، و هەواڵ و زانیاری بۆ جەماوەر دەگوازنەوە و لەهەمان کاتدا گوزارشت لە بیروڕاکانی جەماوەر دەکەن، هەروەها ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە دروست کردنی ڕای گشتی، ئەم دەسەڵاتە توانیویەتی شۆڕشەکان دروست بکات و زۆر کات کاری خراپ وەک باش و کاری باش وەک خراپ نیشانبدات.

لەبەر ئەوەیە کە دەرهێنەرە ناوازەکانی هۆڵیود لەسەر گرنگی ڕۆڵی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنوس، و لێکۆڵینەوە و بەدواداچونەکانیان چەندین فیلمیان بەرهەم هێناوە، کە بەشێک لەو فیلمانە خەڵاتی ئۆسکار و چەند خەڵاتێکی بەناوبانگیان بردوەتەوە.

بە پێویستم زانی کە لەم بابەتەدا ئاماژەیەکی کورت بە باشترین ئەو فیلمانە بکەم کە چیرۆکەکانیان گۆڕانکاریان لە حکومەت و کۆمەڵگاکانیان دروست کردووە. ئەو فیلمانەی کە هێزی ڕۆژنامەگەری نیشاندەدەن بۆ چاکەی گشتی و یارمەتیدانی کۆمەڵگا بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان و دەرخستنی گەندەڵ و بەکارهێنانی پۆستە حکومیەکان بۆ بەرژەوەندی کەسی، یان نیشاندانی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە دژی مەترسییەکان جەنگاون.

پیموایە ئەم فیلمانە ئیلهام بەخشن بۆ ڕؤژنامەنوسان و هیچیان لە خوێندنەوەی پەرتوکێکی بواری ڕۆژنامەگەری و ڕاهێنانێک کەمترنیین، لە بەهێزکردنی توانای ڕۆژنامەنوسان و زیاتر و باشترکردنی ئەدای کارکردنیان، و فراوانکردنی تروانینیان بۆ کاری میدیا.

فیلمەکان:

- فیلمی (Spotlight) لە دەرهێنانی تۆم مەکارتی ساڵی ٢٠١٥. سپۆتلایت لە چیرۆکێکی ڕاستی وەرگیراوە، باس لە ڕپۆرتێکی بنکۆڵکاری ڕۆژنامەی بۆستن گڵۆپ دەکات سەبارەت بە دەستدرێژی سێکسی سیستماتیکی بۆ سەر منداڵان لەلایەن قەشە کاسۆلیکەکانەوە.

- فیلمی (All The President's Men) لە دەرهێنانی ئالان جەی. پاکولا، ساڵی ١٩٧٦. هەموو پیاوانی سەرۆک درامایەکی سیاسی ژیاننامەیی ئەمریکییە و باس لە سکانداڵەکەی واتەرگەیت دەکات کە سەرۆکایەتی ڕیچارد نیکسۆنی هێنایە خوارەوە. لەسەر بنەمای کتێبی ناخەیاڵی بە هەمان ناو لە ساڵی ١٩٧٤ لەلایەن کارل بێرنشتاین و بۆب وودوارد، ئەو دوو ڕۆژنامەنووسەی کە لێکۆڵینەوە لە فەزیحەی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست دەکەن.

- فیلمی (Zodiac) لە دەرهێنانی دەیڤید فینچەر، ساڵی ٢٠٠٧. زۆدیاک فیلمێکی ئەمریکییە لەسەر بنەمای ڕوداوی راستی لە کتێبی زۆدیاک (١٩٨٦) و زۆدیاک بێ دەمامک (٢٠٠٢) ی ڕۆبەرت گرایسمیت وەرگیراوە، کە باس لە بکوژێکی زنجیرەیی لە کۆتاییەکانی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە سانفرانسیسکۆ، کە بکوژ بەنامە و جل و بەرگی خوێناوی و پۆست بۆ ڕۆژنامەکان دەکات و گاڵتە بە پۆلیس دەکات.

- فیلمی (The Post) لە دەرهێنانی ستیڤن سپیلبێرگ، ساڵی ٢٠١٧. لە فیلمی زە پۆستدا ڕۆژنامەی پۆست چیرۆکی لێکۆڵینەوەیەکی ژیانی ڕاستەقینە دەگێڕێتەوە کە کارەکتەری مێریڵ ستریپ پیلانێکی کوشندە ئاشکرا دەکات کە چوار سەرۆکی ئەمریکای گرتۆتەوە و هەڕەشەی ئاشکراکردنی تاریکترین گۆشەکانی حکومەتی ئەمریکا دەکات. زۆرێک ئەم فیلمە وەک باشترین فیلمی سەدەی بیست یەک ناودەبەن، کە پیاین وایە هەر کەسێک بچووکترین ئارەزووی ڕۆژنامەگەری هەبێت، پێویستە دەستبەجێ سەیری بکات.

- فیلمی (Good Night And Good Luck) لە دەرهێنانی جۆرج کلۆنی، ساڵی ٢٠٠٥. فیلمی شەو باش، و بەختێکی باش لەسەر بنەمای ڕووداوە ڕاستەقینەکان دروستکراوە، ململانێی نێوان ڕۆژنامەنووسی دێرین ئێدوارد ئاڕ مۆرۆ و سیناتۆری ئەمریکی جۆزێف مەکارتی کە بە توندی دژە کۆمۆنیست بووە، ئەو پیاوەی لە پشت پارانۆیای 'ترساندنی سوور'. شەڕ و پێکدادانەکەیان لەسەر هەوڵی مەکارتییە بۆ ڕەگداکوتانی توخمە کۆمۆنیستەکان لە کۆمەڵگەی ئەمریکیدا. هەروەها ئەم فیلمە دەست دەخاتە سەر ئەوەی کە ڕوودەدات کاتێک میدیای ئەمریکی لەگەڵ سیاسەتی حکومەت ناکۆکە.

- فیلمی (Nightcrawler) لە دەرهێنانی دان گیلرۆی، ساڵی ٢٠١٤. نایتکراولەر هەرچەندە فیلمێکی خەیاڵییە، بەڵام لەسەر بنەمای ئەو پراکتیزانە کە لە ژیانی ڕاستەقینەدا ڕوودەدەن بەرهەمهینراوە، چەمکی ڕۆژنامەگەری لێکۆڵینەوە دەباتە ئەوپەڕی چیرۆکی خەیاڵی، باس لە پەیامنێرێکی بەڵگەدار دەکات کە هەموو شتێک دەکات بۆ بەدەستهێنانی چیرۆکێکی باش. فیلمەکە وەک بیرخستنەوەیەکی بەهێزە بۆ مەترسییە زۆرەکانی ڕۆژنامەگەری، بەتایبەتی کاتێک پەیامنێران دەست دەکەن بە سەیرکردنی خەڵک لەسەر بنەمای بەهای هەواڵەکانیان.

- فیلمی (Parallax View) لە دەرهێنانی ئالان جەی پاکولا، ساڵی ١٩٧٤. فیلمی ڕوانگەی پارالاکس چیرۆکێکی خەیاڵییە، و لەسەر بنەمای ڕۆمانی لۆرن سینگەرە کە ساڵی ١٩٧٠ بڵاوکراوەتەوە، جۆ فرادی پەیامنێری لێکۆڵینەوە بەدوای بیتیدا دەگەڕێت کە هێواش هێواش کۆمپانیای نهێنی پارالاکس هەڵدەداتەوە کە لە پشت زنجیرەیەک تیرۆری سیاسییەوەیە. لە بەشێکدا ئاماژە بە تیرۆرکردنی جەی ئێف کەی دەکات و لە بەشێکی دیکەشدا باس لە بەرژەوەندییە سیاسیە تایبەتەکان دەکات.

- فیلمی (She Said) لە دەرهێنانی ماریا شرادەر، ساڵی ٢٠٢٢. فیلمی ئەو ئافرەتە ووتی، نەک هەر یەکێکە لە باشترین فیلمە ڕۆژنامەوانییەکانی لێکۆڵینەوە، بەڵکو یەکێکە لە گرنگترین ناونیشانەکانیش کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا بڵاوکراونەتەوە. لە کتێبی ئەو (ئافرەتە ووتی) وەرگیراوە کە لە نوسینی ڕۆژنامەنووسان (جۆدی کانتۆر و مێگان توهی)ە، ساڵی ٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە. باس لە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکانیان دەکات بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز کە لە کۆتاییدا گەورە سینەماکار و تاوانباری سێکسی هارڤی واینشتاین ئاشکرا دەکات.

- فیلمی (The Paper) لە دەرهێنانی ڕۆن هاوارد، ساڵی ١٩٩٤. چیرۆکی فیلمی کاغەزەکە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ڕودەدات، کە باس لە سەرنووسەری ڕۆژنامەی نیویۆرک سەن دەکات، ڕۆژنامەنوسێک کە پیشەکەی خۆشدەوێت سەرەڕای قورسی و جەنجاڵی لە کارەکەیدا ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگارییەکی جددی ژیانی کەسی دەبێتەوە، کە دەبێت بڕیارێکی سەخت بدات. ئەم فیلمە بە باشی تیشک دەخاتە سەر پیشەی ڕۆژنامەگەری.

- فیلمی (Memories Of Murder) لە دەرهێنانی بۆنگ جۆن هو، ساڵی ٢٠٠٣. فیلمی یادەوەرییەکانی کوشتن باس لە سێ لێکۆلەر دەکات کە لێکۆلینەوە لە کەیسی چەن ژنێک دەکەن کە لەلایەن تاوانبارێکی نادیارەوە دەستدرێژیان کراوەتەسەر و کوژراون. ئەم درامایە یەکێک لە باشترین فیلمە "بکوژە زنجیرەییەکان"، هۆکاری باشیەکەی بۆ لێکۆڵینەوە ناوازە و ئاشکراکردنی ڕاستییەکان دەگەرێتەوە.

- فیلمی (The China Syndrome) لە دەرهێنانی جەیمس بریجس، ساڵی ١٩٧٩. فیلمی سیندرۆمەکەی چین چیرۆکی ڕۆژنامەنووسێکی گەنج دەگێڕێتەوە کە شایەتحاڵی ڕووداوێکە لە وێستگەیەکی ئەتۆمی و لە هەوڵەکانیدا بۆ بانگەشەکردنی ڕووداوەکە تووشی کێشەی بێشومار دەبێت، ئەو پەیامنێرێکی تەلەفزیۆنییە لەگەڵ کامێرامانەکەی پەردەپۆشکردنی سەلامەتی لە وێستگەیەکی ئەتۆمیدا دەدۆزنەوە. " سیندرۆمەکەی چین" زاراوەیەکی خەیاڵییە کە باس لە ئەنجامێکی خەیاڵی توانەوەی ئەتۆمی دەکات.

- فیلمی (State Of Play) لە دەرهێنانی کیڤن ماکدۆناڵد، ساڵی ٢٠٠٩. دۆخی یاری فیلمێکی سیاسییە، باس لە لێکۆڵینەوەی ڕۆژنامەنووسێک (ڕاسێل کرۆ) دەکات لە مردنی گوماناوی یاریدەدەر و خاتوونێکی کۆنگرێسمان (بێن ئەفلێک)، تەژیە لە پیلانگێڕی، فریودان و نهێنی، کاتێک ڕۆژنامەنووسێک خۆی لە لێکۆڵینەوەیەکی تیرۆری سیاسیدا دەبینێتەوە. چیرۆکێکی سەرنجڕکێش و جیاوازە کە لێکۆڵینەوە لە ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا و تا ڕادەیەک سەربەخۆیی ڕۆژنامەگەری دەکات، هەروەها پەیوەندی نێوان سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەگەری.