ئەندام پەرلەمان: بونەوەرێکی نەناسراو

 

 

د. سەردار عەزیز

 

مەسعود محمد لە کتێبی گەشتی ژیانمدا دەنوسێت: من کە نایب بووم دەبوو بزانم و لێشم بسەلمێندرێت، هەوڵدان و سەرکەوتنم بۆ کردنەوەی قوتابخانەیەک لە لادێیەکی کوردستان هەزاران هەزار جار بۆ کورد سوودمەندتر و بەشەرەفترە لە ناز و فیزی شانۆگەرانەی قسەقەڵەوی پف هەڵدراوی تاوانبارکردنی پەیمانی ئەتلانتیک لە ئاست پەیمانی وارشۆدا.

ئەم دەربڕینەی مەسعود محەمەد چەند ڕەهەندێکی زۆری هەیە، کە لێرەدا ناچینە تانوپۆی هەمویانەوە.

کرۆکی دەربڕینەکە دەربارەی ئەرکی ئەندام پەرلەمانە.

ئایا ئەندام پەرلەمان پەیوەستە بە بازنەی هەڵبژاردن و خەڵکان و دانیشتوانی ناو ئەو بازنەیە و هەوڵدان بۆ خزمەتکردنیان، یان دەکرێت خاوەن ئایدەلۆژیا و دیدێکی جیهانی بێت، قسە لە سەر پەیماننامەکانی ئەتلانتیک و وارشۆ بکات، کە بە زمانێکی تر ململانێی جیهانیی نێوان سەرمایەداریی و کۆمیونیزم و جەمسەرگەرێتی ناو جەنگی ساردە.

لە ئەدەبیاتی پەرلەمانیدا، بە تایبەتی بە گەڕانەوە بۆ بیرمەند و پەرلەمانتاری بەریتانی ئیدمۆند بوێرک دوو جۆر لە شێوازی بەجێگەیاندنی کاری ئەندامێتی هەیە، یەکێکیان پێی دەوترێی ترەستیی، ئەویتریشیان پێی دەوترێت دەلیگەت.

ترەستی ئەو جۆرە ئەندامانەیە کە پەیوەستە بە کاروباری بازنەی هەڵبژاردنییەوە، بەڵام دەلیگەیت دیدی خۆی و دونیابینی خۆشی بەکاردەبات لە کاری ئەندامێتیدا، بۆیە مەرج نیە هەمیشە هاوڕا و هاودیدی دەنگدەرانی بێت.

لە هەمانکاتدا ئەو پەرەگرافە ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەندام پەرلەمان نوێنەری کێیە؟ بازنەیەک، گەلێک، ئایدیایەک، ئایدەلۆژیایەک یان حزبێک؟

هەرچەندە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی مەسعود محەمەد، ئەوا تەمەنی ئەندام پەرلەمانێتی چەند دەیەیەکە لە هەناو دونیای سیاسەتی کوردیدا، بەڵام بە کرداریی ئەندام پەرلەمانێتی لە پاش ڕاپەڕینەوە دەبێتە بەشێک لە دونیای سیاسەتی کوردیی.

ئەندام پەرلەمان کەسایەتییەکی نوێیە لە ناو دونیای سیاسەتی کوردیدا.

بە تەواوی جیاوازە لە کەسایەتیە تەقلیدییەکانی ناو دونیای سیاسەت و کۆمەڵایەتی کوردی. جودایە لە پێشمەرگە، لە بەرپرسی چەکدار، لە سەرۆک حزب و سەرۆک عەشیرەت.

ئەم جوداییە وەهای لێدەکات کە بە ئاسانی جێگای نەبێتەوە لە هەناوی سیاسەتی کوردیدا.

ئەو کەسێکە کە خەڵک دەبەستێتەوە بە سیستەمی حوکمدارییەوە.

هێنانی خەڵک یان کردنیان بە سەرچاوەی رەوایەتی دەسەڵات دیاردەیەکی نوێیە، چونکە لە هەناوی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتیدا خەڵک بە گشتی یەکەیەکی حوکمکراون، نەک حوکم بکەن.

ڕەهەندێکی تری ئەندام پەرلەمانی ڕۆڵی چاودێرییەتی.

ئەم ڕۆڵە خەسڵەتێکی تری پێدەبەخشێت کە لە هەناوی سیستەمی حوکمڕانیدا وەک دەرەکیەک ببینرێت و کاری ئەوە بێت کە وەک نوێنەرێکی ئەوانی تر چاودێری بەڕێوەچونی حوکمداریی بکات.

ئەم ڕۆڵە دەیکات بە دەرەکیەکی ناوەکی، لە هەمانکاتدا کەسێکی نەویستراو لە ناو کایەی سیاسەتێکدا کە هەتا ئاستێکی زۆر حەزی بەوەیە چاودێری نەکرێت.

بەڵام ئەندام پەرلەمان لە هەمانکاتدا خاوەن مێژویەکی تایبەتە لە هەناوی سیاسەتی کوردستاندا.

ئەم مێژوە تایبەتە دەکرێت بە چەندین شێواز بخوێندرێتەوە. ئەگەر تەماشای ئەندامە سەرەتاکان بکەین دەبینین بە تەواوی لە هەناوی کایەی حزبەوە و بە ئاستێکی زۆر لە چینی ناوەڕاستی باڵاوە دێن.

بەو مانایە کادیری حیزبن، کە خاوەن پاشخانی پەرلەمانی و نوێنەرایەتی نین. بەڵام لە سەروی هەمویەوە خاوەن خەسڵەتەکانی ئەندام پەرلەمانی نین وەک ئارگومێنت، ڕیتۆریک، بەڵام پاشخانی چەکدارییان هەیە.

چەک جۆرێکی تر لە سیاسەت بەرهەم دەهێنێت، کە تەواو پێچەوانەی پەرلەمانە.

بە دووبارەبونەوەی هەڵبژاردنەکان ئاستی کادیرێتی نزم دەبێتەوە. سەرکردایەتی حیزبەکان بە هەموو جۆرێک خۆیانی لێ بە دوور دەگرن، وەهای دەبینین کە پیاوەکانیان دەنێرن بۆ ئەوێ.

ئەمە وەهای کرد کە پەرلەمان ببێت بە دەزگایەکی ناسیاسی. بە جۆرێک لە هەناوی پەرلەماندا کاتێک ساتی بڕیاردانی ڕاستەقینە دێت دەوترێت دەبێت ڕێکەوتنی سیاسی بۆ بکرێت.

بڕیاری سیاسی بە مانای دەرەوەی پەرلەمان. ناسیاسی بوونی پەرلەمان بەمانای نەبونی توانای بڕیار و لاوازی ڕۆڵ دێت.

لە هەمانکاتدا ئەندام پەرلەمان دەکاتە کەسایەتیەکی ناسیاسیی، بەڵکو جۆرێک لە فەرمانبەر.

ئەمەش بە هەموو جۆرێک دوورە لە کرۆک و خەسڵەتی پەرلەمانەوە. لە هەمانکاتدا هاتن و چونی خێرای ئەندام پەرلەمان کە لە یەک دەورە یان دوو دەورە زیاتر نامێنێتەوە، بە مانای ئەوەیە کە هەمیشە خەڵکانی خاوەنی ئەزمون لە پەرلەماندا بونیان نیە. یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەمە، کردنی پەرلەمانە بە شوێنی دەرفەت.

بە گشتی ئەندام پەرلەمانێتی لە سیستەمی پەرلەمانیدا پیشەیەک یان کارێکی درێژخایەنە، کە ئەندام پەرلەمان دەکاتە بەشێک لە کۆمەڵگاکەی، نەک کەسایەتیەکی ڕاگوزەر، لە چەند ساڵێکی کەمدا.

دیاردەیەکی تری کوشندە سەرهەڵدانی پۆپیولیزمە. پۆپیولیزم بە مانای لاواندنەوە و ختوکەدانی سۆزی خەڵکیی، لە بڕی ئەنجامدانی کار و کردار.

 ئەم لاواندنەوەیە لە سەردەمی میدیای بێپشوودا زیاتر ئەندام پەرلەمان لە خەسڵەتە سەرەکیەکانی ئەندامێتی دادەماڵێت.

سەرچاو : هاوڵاتی