پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانی لە عێراق کە ئۆفیسی سەرەکیی لە هەولێرە، چالاکی جیا جیای کولتووری و هونەری لە باشووری کوردستان ئەنجام دەدات، لەوانە پڕۆژەی 'هێلان'، 'نوهات' و 'ژیندا' و چەندین پڕۆژەی دیکە، چوار ساڵە پاڵپشتی کارگەی کولتووری لە سلێمانی دەکات.
بانوو دڵشاد، پێشکێشکاری رووداو، سەردانی پەیمانگەی گۆتەی لە هەولێر کرد و لەگەڵ ئەنایس بوڵیکە، بەڕێوەبەری پەیمانگەی گۆتە لە عێراق گفتوگۆی کردووە، جگە لە گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆژەکانیان، باس لە هاتنی بۆ هەولێر و سەردانی بۆ نێو سرووشت و شوێنەوارەکانی کوردستان و فێربوونی زمانی کوردی کراوە.
رووداو: لە هەولێر چۆنیت، کەش و هەوای هەولێرت بەلاوە چۆنە؟
ئەنایس بوڵیکە: زۆر سوپاس، بە خێربێی بۆ پەیمانگەی گۆتە، سەرەتا بەخێربێی بۆ پەیمانگە باشەکەمان، بەڵێ لە هەولێرین و زۆر خۆشە، ئێمەش دڵخۆشین لێرە لەگەڵمانیت.
رووداو: باسێکی هەولێرم بۆ بکە، دوو ساڵە لێرە دەژیت، چۆن ئەو دوو ساڵەت بەسەربردووە، بەلاتەوە خۆشە؟
ئەنایس بوڵیکە: دوو ساڵ لەمەوپێش هاتم بۆ ئێرە، لە ناوەڕاستی پەتای کۆرنادا بوو، بۆ من زۆر خۆش بوو کە دەبینم چۆن شتەکان دەگۆڕدرێن، چۆن شتە چالاکەکان دەگەڕێنەوە، ئینجا بەڕاستی کاتەکانم لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر کولتووردا بەسەردەبەم.
رووداو: چەند ساڵە لێرەیت، فێری کوردی بوویتە؟
ئەنایس بوڵیکە: ئەمە پرسیارێکی قوڕسە، من باشترین هەوڵی خۆم دەدەم، دوو ساڵە لێرەم، دەستم کردووە بە فێربوونی کوردی و کەمێک سۆرانی فێربووم، ئینجا دەتوانم شتانێک بڵێم وەک "بەخێربێی"، "بەیانی باش"، "چۆنی باشی" و "من ناوم ئەنایسە"، ئینجا لێرە دەتوانم تۆزێک بە تەکسی هاتووچۆ بکەم، دەتوانم لای راست و چەپی بە کوردی پێبڵێم.
رووداو: سەردانی زۆر شوێنت کردووە لە کوردستان، چیت بینیووە؟
ئەنایس بوڵیکە: سوپاس بۆ کارەکەم کە دەرفەتم هەبووە کەمێک گەشت بە کوردستاندا بکەم، بۆ نموونە سەردانی هەورامانم کردووە، تەوێڵە، بیرمە لە تەوێڵە چێشتێکی زۆر خۆشمان خوارد، بەرهەمێکی تەواو تازە بوو، بەهاریش چووم بۆ دەڤەری بارزان، ئەوەم بیرە کە ژمارەیەکی زۆر گوڵی لێبوو، لە راستیدا زۆر حەز دەکەم سەردانی شوێنە شوێنەوارییەکان بکەم، بۆ نموونە سەردانی ئەشکەوتی شانەدەرم کرد، بە دڵنیاییەوە سەردانی شوێنی وەکو لالشم کردووە، چونکە لایەنی کولتووری و شوێنەواری ئەوێ سەرنجت رادەکێشێت.
رووداو: کولتوور و هونەری کوردی تا چەند بۆ ئێوە گرنگە، بەردەوام چالاکی لەبارەیەوە ئەنجام دەدەن؟
ئەنایس بوڵیکە: ئەوە بەلای منەوە هەموو شتێک دەگەیێنێت، ئەمە کارەمە و ئارەزووشمە، بۆیە وەکو پەیمانگەی گۆتە پشتیوانی کولتوور و پەروەردە دەکەین، بۆ خۆشم وەکو شتێکی کەسی زۆر زۆر گرنگە.
رووداو: حەز دەکەم لەدوای خواردنەوەی قاوەیەک، سەردانی فێرگەی فرێمینگ بکەین، چونکە زۆربەی چالاکییەکانتان لەوێ ئەنجام دەدەن.
ئەنایس بوڵیکە: ئەوە بیرۆکەیەکی باشە، زۆر جوانە، لەدوای خواردنەوەی قاوەکە دەچین بەشێک لە کارەکانی پەیمانگەی گۆتە و ژیانی هاوبەشەکانی دەبینین.
رووداو: لە فێرگەی فرێمینگ دوایین پڕۆژەی هاوبەشتان لەگەڵ فێرگەی فرێمینگ و سێڤ گەلەرییە کە پێشانگەیەکی تایبەتی هونەرمەند ماهیر ستارە؟
ئەنایس بوڵیکە: بەڵێ 'هێلان' یەکێکە لە پڕۆژەکانمان کە لەگەڵ دوو هاوبەشدایە، پێشانگەی وێنە یەکێکیانە کە ئێستا لە دەوری خۆماندا دەیبینین، شەممەی رابردوو کردمانەوە، هاوبەشێکی دیکەمان گەلەرییە کە ئەویش هەر لە هەولێرە، 'هێلان' یەکێکە لە پڕۆژەکانمان لە هەولێر، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا پڕۆژەی دیکەمان هەیە، لە هەولێر زۆر لەگەڵ هاوڕێ فەرەنسییەکانمان کاردەکەین، لەگەڵ پەیمانگەی فەرەنسیدا پێکەوە پڕۆژەمان هەیە، بۆ نموونە لە قەڵا کۆنسێرت و چالاکی دیکە دەکەین، کۆنسێرتی مانگانەمان هەیە کە پێیدەگوترێت 'ژیندا'، هەروەها لەگەڵ پەیمانگەی فەرەنسیدا پەرە بە تیپە میوزیکییە کوردییەکان دەدەین، هەموو مانگێک بەشداربووان هەلی ئەوەیان هەیە کە میوزکژەنی بەهرەمەندی کوردی تازە بدۆزنەوە.
رووداو: ئینجا باسی ئەوەت کرد لە سلێمانی کار و پڕۆژەتان هەبووە، پڕۆژەی داهاتووتان لە سلێمانی چییە؟
ئەنایس بوڵیکە: بەم دواییانە لە سلێمانی، یەکەمین کۆبوونەوەی میوزیکیمان تەواوکردووە، میوزیکژەنی گەنجی کوردستان و تەواوی عێراقمان بۆ سلێمانی برد، بۆ ئەوەی پێکەوە میوزیک بژەنن و کۆببنەوە
رووداو: مەرجی ئێوە بۆ پشتگیری گەنجی بەهرەمەند چییە و چۆن دەتوانن پەیوەندیتان پێوە بکەن؟
ئەنایس بوڵیکە: بە دڵنیاییەوە هەرکەسێک دەتوانێت بێتە بۆ لای ئێمە، کاتێک گەنجێک میوزیک دەژەنێت، هونەرێکی هەیە و شتێکی لەمجۆرە دەکات، من و تیمەکەم بەردەوام کراوەین ک ببیستن و ببینین کە خەڵک چی دەکەن.
رووداو: دڵنیام لە مۆندیال پشتگیری لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەکەیت.
ئەنایس بوڵیکە: بۆ جامی جیهانی بە دڵنیاییە پشتیوانی ئەڵمانیام، دەبێت دان بەوە دابنێم کە من کەسێکی زۆر نیشتمانپەروەرم، بەڵام بژاردەی دووەمم بە دڵنیاییەوە فەرەنسا دەبێت.
رووداو: زۆر سوپاس کە میوانی ئێمە بوویت.
ئەنایس بوڵیکە: سوپاس بۆ میوانداریکردنی پەیمانگەی گۆتە و سوپاس بۆ ئەم گفتوگۆە زۆر خۆشە، زۆر سوپاس.
سەرچاوە: rudaw- پەسار فایەق