ئەمریکا جیھانی نوێی راگەیاند...شوێنی کورد دەبێتەوە؟

 

تەنیا کوردی

((سیستمی نێودەوڵەتی سەدساڵە پێناسەی نەتەوە لە دوای دەوڵەت دەکات، لەم حەفتەیە ئەمریکا جیھانی نوێی راگەیاند کە ئیتر لە سیستەمی نێودەوڵەتی لەم سەدەیەدا، دەنگی نوێ و نەتەوە لەخۆ دەگرێت و، نەتەوەی بێدەوڵەتیش لەم سیستمە شوێنی دەبێتەوە))

جۆ بایدن لەم حەفتەیە، لە میانی وتاریدا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، چەند کۆدێکی نوێی لە دوای کۆرۆناو جەنگی ئۆکراین و، کۆبوونەوەی جی ٢٠، فڕێدایە نێو نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و،  سیستەمی نێودەوڵەتی جیھان، کە بایدن دەڵێ،  ئیدی لەم سەدەیەدا سیستەمی نێودەوڵەتی دەنگی نوێ و نەتەوەی نوێ، لەخۆ دەگرێت.
ئەم گوتەی جۆ بایدن وەک سەرۆکی ئەمریکا گوزارشت لە کرانەوەی دەرگای نوێی جیھانی دەکات  کە جاران نەتەوە لە دوای دەوڵەت دەخوێنرایەوە، ئێستا نەتەوە بەر لەوەی ببێ بە دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ.
ئەوەی بایدن دەیڵێ، بریتییە لە گۆڕینی سیستەمی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە دەبێ چاکسازی تێدا بکرێ، نوێبوونەوە بەشێوەیەک بێت، فراوانتر بکرێ، جێگەی دەنگی نوێ و نەتەوەی نوێی بکرێتەوە، ئەم گوتارەی بایدن وەک ئەمریکا راگەیاندنی جیھانی نوێیە لەم سەدەیەدا، کە پابەندی ئەمریکا بە دیموکراسیەت و نەتەوەی نوێ دووپات کرایەوە.
ھەرچەند بایدن داوای ئەوە دەکات کە ئیتر شەڕ نەمێنێ، بەڵام جیھانی نوێ لە ئێستادا لە ئەفریکا دەوڵەتەکان کودەتایان کردووەو قۆناغێکی نوێ ھەیە، لە ئۆکراینا جەنگ بەردەوامە، ئازاربایجان و ئەرمینیا لە جەنگدان، جەنگی ئابووری چین و ئەمریکا لە جی ٢٠ دەرگای بەسەر خەتی حەریری چینی داخست.
خەتی ئابووری ئەمریکا لە ھیندەوە بەرەو قوڵای سعودیە دێ، جیھان بەخێرای لە نوێبوونەوە دایە..
بۆ کورد ئەم قۆناغە جێگەی تێڕامانی زۆرە، کۆدەنگی کورد و گەڕانەوە بۆ یەکریزی، باشترین ھێزە کە بتوانرێ قەزیەی کوردی لەم جیھانە نوێیەی ئەمریکا رایگەیاند، بە دەستی بەتاڵ لێی دەرنەچێ..

سیستمی نێودەوڵەتی لەژێر لێکەوتەی جەنگ و ئابووری، گۆڕینی باڵانسی ھێز، شێوازی ھاوپەیمانێتی وڵاتان لە جیھان، بەرەو کرانەوەیەکی نوێ ھەنگاو دەنێ، پێویستە کورد زیاتر ھێڵە ئابوورییەکانی داھاتوو بخوێنێتەوە، ئەم خوێندنەوەیە بە کۆدەنگی سەرجەم ھێزەکان بنەمایەکی دروستی دەبێ.
خەریکبوو جوگرافیای کوردستان ببێتە گۆڕەپانی جەنگێکی تەسفیەی حسابی ئیقلیمی، گرینگە ئەم ھەڕەشانەی لە ئێستا ھەن بە کۆدەنگی ھێزە سیاسییەکان خوێندەوەی لۆژیکی بۆ بکرێ، پێشمەرگەو ھەڵبژاردن وەک دوو مەلەفی چارەنووس و ھەستیار کلیلی قبووڵی پێگەی کورد دەبن لەم سیستەمە نوێیەی جیھان، بەمەرجێ چاکسازی و یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە خێرا بکرێ، ھەڵبژاردن لە ھەرێم بکرێ، ئەمە دوو مەرجی وڵاتانی بڕیاردەرن لەم سیستمە نوێیەی جیھان کە کردوونی بە مەرجی پێشوەختە کە یەکگرتووانە کورد ئەم ھەنگاوانە خێرا جێبەجێ بکات.

 

سەرچاوە : خەندان