ئەم كورد بوونە شایستەی قوربانی نییە…!
بەشی یەکەم
تاڤگە سابیر
ئەم كورد بوونە شایستەی قوربانی نییە بەناوی ئایدیا وباوەرەوە ، ئایا ئێمە ئەمڕۆ چەند بەختەوەرتریین بەهۆی ئەوەی ئەوانی دی لەبەر خۆشبەختی و رۆشنگەریی ئێمە مردن؟
خۆشبەختی..رۆشنگەریی ؟
ئەگەر هەر کەسێك لەبەر ئەوە مرد تا من بەختەوەر بم، ئەوا من تەنانەت بەختەوەر ترم ، چونکە من نامەوێت ژیانم لەسەر گۆڕستان بینا بکەم...
ئایا شەری خوێناوی دەیان سالەی کورد و کورد لەولاشەوە کوروزانەوەی هێزە کوردییەکان لەبەردەم ئەوی دیکەدا و خیانەتە بێ شومارەکانی هێزە سیاسییەکوردییەکان لە هەمان گرێوە سەرچاوە ناگرن؟
چەند جارمان گوێ لێ بووە ، کە سەرکردەیەکی کورد ، کە هەرگیز ئامادەی یەك ریککەوتنی راستەقینە نەبووە لەگەڵ هێزیکی دیکەی کوردییدا وای پیشان دەدات بۆ یەکێتی عەرەب بۆ یەکێتی خاکی ئیران یان بۆ دەولەتی تورك دەگرێ؟
منیش وەکو هەر هاوڵاتییەکی دیکەی کورد پێم وایە شەر بەسەر کورددا سەپێنراوە و هەست دەکەم ئەمە پیویستی بە شەرح نییە ، بەڵام لە ڕاستییدا من تا رادەیەك پێم وایە شۆرشی چەکداریی لە شاخ ، ئەوەندەی هەڵهاتن بووە لە رووبەرووبوونەوە ، ئەوەندە یاخی بوون نەبووە!
ئەو سەختییەی ، کە تا ئەمڕۆ لە کۆمەڵگەی کوردییدا بەرز سەیر دەکرێ و تەقسیس دەکرێ ، وەیا سەختیەکانی شاخ ، سەختییەکی فیزیکییە و کڕینی قارەمانێتییە لە رێگایەکی ئاسانترەوە بۆ ئەوەی لە تاران یان لە بەغا یان ئەنکەرە و ئەستانبۆڵ ناو دەرکەی دەبێ ئەزێەتێکی زۆر بکێشی و لە رووی سایکۆلۆجی و رووحییەوە ئیجگار جیاواز بێت و ئیجگار وورد ژیانی رۆشنبیری و سیاسی خۆد بونیاد بنێی ، بەڵام شاخ رێگا کوری و ئاسانەکەیە هەم بۆ هەڵهاتن لەو رووبەروو بوونەوەیە هەم بۆ ناو دەرکردن وەك قارەمانی نەتەوە..!
دیارە ستەمە ئەم خوێندنەوەیە وەکو حوکمێك سەیر بکرێت بەسەر یەکە بە یەکەی ئەوانەی لە شاخ بوون یان هێشتا لە شاخن .. بەڵام بێگومان دەکرێت لە چەند دیوێکەوە سەردەمی شاخی پێ بخوێنرێتەوە !
بێگومان رۆحی پر میهری بێ وێنە لە شاخ بوو،کە بەر ئەم باسە ناکەون ..
بێگومان هەندێ لەو زاتانەی لە شاخ بوون بۆ من قارەمانن بگرە فەرامۆش کردنی ئەو زاتانە لەلایەن ناوەندە رۆشنبیری و هونەرییەکانی کوردەوە، تەنها بەڵگەیەکی دیکەی خۆ بەکەم زانینی کەسایەتی باوی کوردە، بەڵام لە سیاقی ئەو باسەدا مەبەستی من ئەناتۆمیکردنی ئەزموونی شاخە بەگشتی ، وەکو بەشیکی گرنگی ئەناتۆمیکردنی کورد بوون..!
با بەراوردێکی کورتی ئەم دوو جۆرە لە رووبەرووبوونەوەیە بکەم ، کە بێگومان هەر دووڕوانینەکە لایەنی کەم ،پەیوەندییان بە پەسەند نەکردنی واقیعێکی نایەکسان و نا ئینسانییەوە هەیە ..
روانینی یەکەم ئەو ئەکتیڤیستەی کە لە شار (بۆ نموونەی بەغا) شەری کورد بوونی دەکرد ،
ڕوانینی دووەم ئەو سیاسییە یان پێشمەرگەیەی ، کە لە شاخ شەری کورد بوونی دەکرد.
پێش هەموو شتێك گەورەترین مەسەلەکە وا دەکات کۆمەڵگەی کورد ئەفسوناویانە بڕوانێتە ئەو کەسەی کە لە شاخ بوو ئەوەیە ، کە ئەو هەمیشە رووبەرووی مردن دەبووەوە و خوودی پێشمەرگەش هەر لەبەر ئەمە تەقدیس دەکرا، بەڵام ئەکتیڤیستێك لە بەغا هەموو دەقەیەك نەك هەر رووبەرووی مرد دەبووەوە بەتەنها، بەڵکورووبەرووی ئەگەری ئەشکەنجەی بێ وێنە دەبووەوە تا مردن .
بۆ ئەکتیڤیستێك مردن نەك هەر گەورەترین قوربانی نەبوو، بەڵکو زۆر کات دیاریی و خۆشبەختیی بوو لە چاو ئەو ئەشکەنجاەدڕندانەی دەدرا ئەگەر تووش بوایە ... ئەنجا مادام هەمیشە هۆشیار بوو بەرامبەر بەو چارەنووسە ، ئیتر لە ڕاستیدا ئەو هەمیشە لە ئەشکەنجەی ئەو ئەشکەنجەیەدا دەژیا..! ئەوەی شاخ هەمیشە لە دەرەوەی رووبەرووبوونەوە بوو ، کاتێك رووبەروو بوایەتەوە بەچەکەوە رووبەروو دەبۆوە لەگەڵ چەند چەکدارێکی بەرچاوی دوژمندا ، بەڵام ئەوەی بەغا هەمیشە بەتەنها بەبێ چەك لە روبەرووبوونەوەی دەیان دەزگای پۆلیسدا بوو ، ئەوەی بەغدا ئەگەر حیزبی نەبوایە ئەوا ، کە شەهیدیش دەکرا کەس پێشی نەدەزانی ئەوەی شاخ عادەتەن حیزبی بوو و عادەتەن ، کە بریندار بوایە یان شەهید بوایە پێ دەزانرا و لانی کەم لە رووی مەعنەوییەوە کۆمەك دەکرا.
بەڵام ئەوەی زیاتر پەیوەندی بەم باسەوە هەبێت جیاوازییە رۆشنبیرییەکانی ئەم دوو جۆرە ” رووبەروو بوونەوەیە” ئەوەی لە ناووەوە ئەم شەرە دەکرد هۆشیاربووبەوەی ، کە پرۆژەی کورد بوون پرۆژەیەکی فیزیکی یان سیاسیە ، ئەو دەبێ لەبەرامبەر قەڵەمی سەدان نوسەری بەتوانای ناسێونالیستی عەرەبیدا بوەستێی، لەبەردەم شەرێکی فەرهەنگی ئاڵۆز وفکری فرە لایەنی ئەم بابەتە دەبوایە خۆی پێبگەیەنی یان راستەوخۆ بە کورد بوونتەوە لە دەرەوەی ململانێکە ملکەچ دانیشێ ..
ماویەتی..