ئەدۆنیس: لە كولتووری عەرەبی خود بوونى نييە

نوچه‌نێت

ئەدۆنیس شاعیری بەناوبانگی عەرەب كە ئێستا تەمەنی 93 ساڵە لەدوایین دیمانەی لەگەڵ رۆژنامەی ئەهرامی میسڕی دەڵێ‌، "كولتووری عەرەبی كار بۆ سڕینەوەی خود دەكات، هەموو تەمەنم بە دوای خود دەگەڕێم هەندێك جاریش شكستم هێناوە" لەبارەی ئەوەی چەندان جار بۆ خەڵاتی نۆبڵ كاندید كراوە و كەچی خەڵاتەكەی پێنەدراوە، ئەدۆنیس دەڵێ‌، "ئەمە هەرگیز كێشەی من نییە كێشەی خۆیانە".

عەرەب بوونێكی زاتی نییە و كولتوورەكەی لەسەر سڕینەوەی خود وەستاوە 

عەلی ئەحمەد سەعید كە بە “ئەدۆنیس ناسراوە” لە ساڵی 1930 لە سووریا لە دایكبووە، ئەو ئێستا تەمەنی 93 ساڵە و دواجار رۆژنامەی ئەهرامی میسری هەفتەی رابردوو لە پاریس دیمانەیەكی درێژی لەگەڵ كردووە، ئەوەی جێی سەرنج بێت، ئەدۆنیس لەو دیمانەیەدا باس لەوە دەكات كولتووری عەرەب بایەخ بە "خود" نادات و پێیوایە بوونی عەرەب خودی "زاتی" نییە، بەڵكو بوونێكی ئاینی و سیاسییە.

هەموو تەمەنم بە دوای خود دەگەڕێم 

ئەدۆنیس ئەو بیرۆكەیە وەها روون دەكاتەوە و دەڵێ‌، "من حەز ناكەم بە شێوازی عەرەب قسە لەسەر خود بكەم، یان قسە لەسەر ئەوە بكەم كە ئەنجامم داوە. من كەسێكم فێر دەبم، هەرچەندە لە زانین بەرەو پێش بچم، هەست دەكەم من هیچ نازانم. من حەزناكەم قسە لەسەر ئەوە بكەم كە دامهێناوە، چونكە ئەگەر بەوەی مەزنەكان دایانهێناوە بەراوردی بكەم ئەوەی من زۆر سادەیە. دواتر تۆ لە جیهانی عەرەبی و لە كولتووری باوی عەرەبیت، لەوێ خودێتی بۆ مرۆڤ نییە، بەڵكو تەنیا كۆمەڵێك رێنوێنی هەیە، وەك ئەوەی ئەمە بكە و ئەمە مەكە. مرۆڤی عەرەب زاتیەتی نییە، ئەوەی كردوومە و ئەو پرۆژانەی لەگەڵ هاوڕێیان ئەنجامم داوە، بۆ ئەوەیە بڵێم، نەخێر بۆ ئەم كولتوورە. چونكە ئەمە پەیوەیستە بە كولتووری باوی عەرەبی، بنەما لەوێ‌ كۆمەڵە و نەتەوەیە، زاتیەت بوونی نییە، وەك ئەو وتەیەی فارابی دەڵێ‌، هەر بوونێك بۆ خودی خۆی بێت، ئەوا خودی بۆ ئەوە، هەر بوونێك لە ئامرازێك بێت ئەوا خودەكەی بۆ ئەویترە، ئێمەی عەرەب لەرووی خودەوە بوونمان نییە، بەڵكو لە ئامرازی ئاینی یان سیاسی بوونمان هەیە، نەوەك بۆ خودی خۆمان، یان بۆ ئامرازی ئاینی و دینی بەیەكەوە، من هێشتا بەدوای خود دەگەڕێم، جارێك سەركەوتووم هەندێك جاریش شكستم هێناوە. بەڵام هەرگیز سەركەوتن لەسەر بیرۆكەیەك بەدینایەت كە جەوهەرەكەی سڕینەوەی خود بێت، كولتووری ئێمە لەسەر سڕینەوەی خود وەستاوە، لەسەر كۆمەڵە و نەتەوە وەستاوە، تۆ وەك تا لە نەتەوە بۆچوونت نییە".

من دوژمنی رۆشنبیر و ژیرم خۆشدەوێت

ئەدۆنیس زیاتر لە 60 ساڵە دەنوسێ‌، ئەو لەو ماوە درێژەدا رووبەڕووی چەندان رەخنە بووەتەوە و لەسەر رەخنەكان دەڵێ‌، "من دان بەوە دەنێنم هیچ رەخنەیەكم نەخوێندۆتەوە، تەنیا بۆ ئەوە نەبێت بیركردنەوەی كەسەكە بزانم، ئەگەر رەخنەم لێنەگیرێت ئەوا گلەیی لەخۆم دەكەم، دەبێت كەسێك هەبێت رەخنەم لێبگرێت. بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە نەیارەكەت لە ئاستی تۆ بێت. هەرگیز نەیارێتی زیانم پێناگەینێ‌، ئەگەر كەسانێك نەبن ناكۆك بن لەگەڵ بۆچوونی من، ئەمە مانای ئەوەیە ژیان سەختە و ئەمە ئاماژەیەكی خراپە، دەبێت كەسانێك هەبن لەگەڵ بۆچوونی تۆ نەبن، تا بۆچوونەكان جۆراوجۆر و فرە بن، بەڵام كێشەكە لەوەدایە كەسێك لەگەڵ بۆچوونی تۆ نەبێت و لە ئاستی تۆیش نەبێت، ئەمە مەسەلەیەكی ئاكارییە، ئەو ناخوێنێتەوە و شتەكان لە جێبەندی خۆیان دووردەخاتەوە، گرنگ ئەوەیە ئەوەی رەخنە دەگرێت خودان ئاستێكی ئاكاری بێت، من دوژمنی رۆشنبیر و ژیرم خۆشدەوێت و پێم باشترە لە برادەرێكی نەزان، تەنانەت ئەگەر منیشی خۆش بوێ‌".

لەدوایین پرسیاردا سەبارەت بەوەی چەندان جار بۆ نۆبڵ كاندید كراوە، ئەدۆنیس بە كورتی لە وەڵامەكەی دەڵێ‌، "ئەوە كێشەی ئەوانە، هەرگیز كێشەی من نییە".

 

سەرچاوە ؛ نوچە نێت