ئەحمەد شەرع هەمان رێچكە و عەقڵیەتی حزبی بەعسی گرتووە.

 

 

سەرتیپ جەوهەر

 

پێدەچێت ئەحمەد شەرع حاكمی نوێی دیمەشق بێ‌ بەشداری هیچ پێكهاتەیەكی ئیتنی و سیاسی سوریا، هەنگاوەكانی خۆ قایمكردن و پێكهێنانی دەسەڵاتدارێتیەكی نوێ‌ بنێت، هەروەك چۆن حافز ئەسەد ساڵی 1970 بێ‌ بەشداری هیچ پێكهاتەیەكی سیاسی و نەتەوەیی و ئاینیی لیژنەیەكی لە ئەندامانی حزبی بەعس دروستكرد بۆ نوسینەوەی دەستور.

بەپێی ئەو زانیارییە سەرەتاییانەی دزەییان كردووە، ڕەشنوسی ئەو دەستورەی ئەحمەد شەرع خەریكی گەڵاڵەكردنییەتی، جگە لەوەی دەوڵەتی سوریا بە ئاراستەی حوكمی ئیسلامیی توندڕەو دەبات، هاوكات هیچ مافێكی سیاسی و فەرهەنگیی بۆ كورد و پێكهاتەكانی دیكە دابین نەكردووە. بۆنمونە دەڵێت سوریا دەوڵەتێكی عەرەبییە، ئاینی سەرۆكی كۆمار ئیسلامە و زمانی عەرەبی تاكە زمانی رەسمییە و سەرچاوەی یاسادانان تەنها فیقهی ئیسلامییە..!

هەڵسوكەوتی ئەحمەد شەرع بەئاراستەی كۆكردنەوەی پێكهاتەكانی سوریا نییە، بەڵكو بە ئاراستەی گێڕانەوەی رەوڕەوەی مێژووە بۆ دواوە، بێئەوەی رەچاوی گۆڕانكارییەكانی ناوخۆی سوریا و واقعی ناوچەكە بكات، بۆیە ئەو هەڵسوكەوتەی شەرع و گروپەكەی، لەبری رێگەخۆشكردن بۆ قۆناغێكی نوێ‌ بە بەشداری هەموو پێكهاتەكان لە حوكمڕانی دیمەشقدا، پێدەچێت ببێتە هۆی پارچەپارچەبوونی ئەو وڵاتە! چونكە ئەوەی شەرع دەیكات، بەشدارینەكردن و داننەنانی گروپە سیاسی و نەتەوەیی و تایفیەكانی سوریایە بەوهەنگاوانەدا، هاوكات كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بەتایبەتیش ئەمریكا و ئەوروپا دژی ئەو هەنگاوانەن، بگرە مەرجی پشتیوانی كردنیان لەو دەسەڵاتدارێتیە نوێیە گرێداوە بە بنیاتنانەوەی دیموكراتیانەی حوكمڕانیی لە سوریا بە بەشداریی هەموو گروپە سیاسی و ئیتنیە جیاوازەكان.

سەبارەت بە كورد، تا ئێستا گروپەكەی ئەحمەد شەرع هیچ پرۆژەیەك یان تێگەیشتنێكیان نییە، جگە لەوەی باس لەیەكپارچەیی خاكی سوریا دەكەن، تائێستا هیچ كۆبونەوەیەكی رەسمیی لەنێوان كورد و دیمەشقدا نەبووە تا تێگەیشتنی دیمەشق لەبارەی كورد یاخود پرۆژەی كورد لە ئایندەی سوریادا ئاشكرا ببێت. ئەوەی هەیە كۆبونەوەیەكە لە نێوان مەزلوم عەبدی‌ فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات و ئەحمەد شەرعی حاكمی نوێی دیمەشقدا لە فرۆكەخانەی زومێر، کە ئەویش تەنها بۆ پرسی ئەمنی بووە نەك باسی سیاسی.

لە سوریا دەستوەردانێكی گەورەی ئیقلیمیی و نێودەڵەتی هەیە. وڵاتانی دەوروبەر بەتایبەت توركیا و ئیسرائیل هاوكات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی بەتایبەت ئەمریكا و چەند وڵاتێكی ئەوروپا رۆڵێكی گەورەیان هەیە لە گۆڕانكارییەكانی ئەو وڵاتە.

توركەكان هەوڵدەدەن پرسی كورد لە سوریا لە مافی فەرهەنگییدا كورتبكەنەوە، دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەو پرۆژەیەوە کە بەناوی ئاشتی لەگەڵ (عەبدوڵلا ئۆجالان)ی رێبەری پەكەكە رایانگەیاندووە، لە سوریا فشار لە پەیەدە بكەن، هاوكات بیر لەوە دەكەنەوە لە ڕێگەی جیاوازەوە ناوچە عەرەبییەكانی ژێر دەسەڵات و هەژموونی قەسەدە رادەستی رژێمی نوێی سوریا بكرێتەوە.

لەبەرامبەر ئەو فشارە زۆرەی سەر رۆژئاوای كوردستان، پەیەدە هەوڵدەدات پرسی مافی گەلی كورد لەگەڵ پرسی هێزەكانی سوریای دیموكرات، بەجیا گفتوگۆی لەسەر بكرێت، واتە مافی گەلی كورد وەك نەتەوە لە دەستوری سوریا بچەسپێنرێت، هاوكات رۆڵ و جوگرافیای هەژموون و كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریا بەجیا گفتوگۆی لەسەربكرێت.

بۆ كورد هیچ ئومێدێك لە دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق رەچاو ناكرێت، هاوكات وڵاتانی خاوەن هەژموون بەتایبەت ئەمریكا جێگای متمانە نییە، بەتایبەت ئیدارەی ترەمپ كە پێشتر لە 2019 لەناوچە كوردستانییەكانی سنور بێ‌ هیچ بیانویەك كشایەوە و رادەستی توركیای كردن. بۆیە باشترین چارەسەر گەڕانەوەیە بۆ ناوماڵی خۆمان و بۆ یەكڕیزیی و یەكهەڵوێستی ناوخۆ.

وادیارە گەڕێكی دیكەی دانیشتن و گفتوگۆی نێوان پەیەدە و ئەنەكەسە لە چەند رۆژی داهاتوودا یان بەمنزیكانە دەستپێدەکاتەوە. ئەم دانیشتنە، درێژەی گفتوگۆی نێوان هەردوولایە سەبارەت بە بەشداریی سیاسی ئەنەكەسە لە رۆژئاوای كوردستان و هاوكات یەكخستن و یەكهەڵوێستی كورد سەبارەت بەخواست و ئایندەی كورد لە سوریا. ئەگەرێكی زۆر هەیە ئەم كۆبونەوەیە ئەنجامێكی هەبێت. بەدوور نازانرێت هەردولا لەسەر پێكهێنانی وەفدێكی هاوبەش بۆ دیمەشق رێكبكەون، یاخود لەسەر لیژنەیەكی هاوبەش بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق بگەنە ئەنجامی هاوبەش.

ئەگەر ئەم رێككەوتنە سەربگرێت، گلەیی و گازندەی ئەمریكا و ئەوروپییەكان لەرێڤەبەری خۆسەر، یاخود كورد لە رۆژئاوای كوردستان كەمتر دەبێتەوە، چونكە ئەوان پێشتریش پشتیوانیان لە یەكهەڵوێستیی و یەكدەنگی كورد كردووە بەرامبەر بە دیمەشق.

سەرچاوە هاوڵاتی