ئێمە مەعارەزەمان نیە.. ئەوەی ھەمانە؛ (کوڕی چاک)ە!

ن/سەعد محەمەد ئەبوبەکر

 

ئێمە مەعارەزەمان نیە.. ئەوەی ھەمانە؛ (کوڕی چاک)ە!

کوڕی چاک؛ ھەرگیز مەبەستی نیە ببێتە بەدیلی دەسەڵات، تەنھا لەو نێوەندەدا یاری ئەکا لە پێناو بەرژەوەندی خۆیا.

مەسەلەن ناڵێ (دەسەڵاتی گەندەڵ، ئێوە مەحکومن بە ڕوخان.. ئەبێ بڕۆن و ئەم وڵاتە سەدان ھەزار کەسی تری تیایە کە لە ئێوە کوردترو مەردترو داناترن بۆ حوکمڕانی).. کوڕی چاک ھەرگیزاو ھەرگیز شەکری وا ناشکێنێ !

(کوڕی چاک)ئەڵێ؛ دەسەڵات تکایە تۆزێ  ھێواشتر  سواری خەڵک ببن، تکایە تەکانەکانتان خاو بکەنەوەو تکایە  ٢ ھەزار شەق لە قنیان ھەڵمەیەن و بیکەن بە ١٥٠٠ شەق.. جا ئەگەر تۆ دەسەڵات بیت؛ ئەمانە جگە لە کۆمەڵێ کوڕی چاک و کوڕە خاسە.. چیترن و چ زەرەرێکت لێئەیەن؟ ھیچ. ئەسڵەن بە عەکسەوە؛ تۆ بەمانەوە ماویت و ئەم کوڕە چاکانە پردی پەیوەندی نێوان تۆو خەڵکن، حەقە جاروباریش لە گرێبەستێک و شتێکا چاوێکت لێیانەوە بێت و پاداشتی ئەم کوڕە چاکانە بکەیت.

کوڕی چاک؛ پەمپ لە خەڵک ئەیاو، پڕ پڕیان ئەکا لە توڕەیی، کە خەڵکەکەش چوە سەر شەقام، ئەڵێ؛(تکایە توندوتیژی مەکەن و ئێمە لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکان لەسەر خەتین بۆ ئازادکردنی گیراوەکان)! لەسەر خەت!! خەتی پەتپەتێن و خەتخەتێن مەبەستیانە.

کوڕی چاک؛ ھەرکاتێ کە دوژمنێکی دەرەکی لە دوژمنە ناوخۆییەکەی گیر کرد؛ ئەکەوێتە لۆبی کردن و قوزکەشی بۆ ئەو دەسەڵاتدارانەی کە ساڵەھای ساڵە ئەم بە گەندەڵ و ئەنواع وشەی ناشرین وەسفیان ئەکا!

جا من نازانم ئەمانە لە چ کەلەچیخانەو تیاترۆخانەیەکا فێری سیاسەت بون؟

ئەگەر پەروەدەیەکی چەپگەراتان ھەیە، ئەوا مارکس ناڵێ ؛ سەرمایەداران تکایە ئاگاتان لە چینی پڕۆلیتار بێت و ئەو چینە زۆر گوناحن و بۆنی عەرەقیان سەگ ئەطۆپێنێ.. نا.. مارکس ئەڵێ (ئێوە مەحکومن بە ڕوخان و ڕۆژێ یەت ئەم پرۆلیتارانە یەکئەگرن و وەکو سەگ پەت ئەکەنە ملتان).

ئەگەر مارکس نین و خەڵکێکی خواپەرست و ئیسلامن، ئێ خۆ پێغەمەر نەیوتوە با (اللە و لات و عوزاو مەنات) ھەرسێکیان خوا بن و تکایە خەڵکینە لات و عوززاو مەنات مەشکێنن و ئەوانە لەلای کۆمەڵێ خەڵک پیرۆزن!! ..نا.. ئیسلام ئەڵێ (ھەمو خواکانی ئێوە بۆ ژێر قۆننەرەو تەنھا یەک خوا ھەیە کە (اللە)یە!

ئێستا تێمگەیەنن؛ ئەمانەی ئێمە لە چ تیاترۆخانەو گەوڕو کەلەچیخانەیەکا فێری سیاسەت بون؟؟

کاکە یان دەسەڵات بن، یان ئۆپۆزسیۆن بن.. چونکە لە ھەر شوێنێکا درۆ بکەن؛ ڕێک لەو شوێنەیا بە خەڵکتان ئەناسێنین و ئەکێشین بەناوی دەمتانا.

 

سەرچاوە : دەسەڵاتی چوارەم