سەباحی غالب
مەبەستم لە (ئێمە) دەستەیەک شارەزا، خوێندەوار یا نەخوێندەوار، سیاسەتمەدار یا بێ باک لە سیاسەت و هى لەو شێوەى ئێمەیە نییە، لێرەدا (ئێمە) ماناى کۆى خەڵکى کوردە، هەڵبەت زۆر چاک ئەوە دەزانم من نوێنەرى دەسەڵاتى کەس نیم و کەسیش منى نەکردووە بە نوێنەرى دەسەڵاتى خۆى، بەڵام وەک کوردێک لە ڕوانگەى هەست و نەستى سروشتى، بیرى نەتەوەیى و نیشتمانى، سەرفرازى و بە پێوەبوون و مانەوە، چارەنووس و دەوڵەتى کوردستان، با کەسیش دەنگى بۆ نەدابم، ئەوە من و هەموو بە پەرۆش و خاوەن تێڕوانینێکى مرۆیى، نەتەوەیى و نیشتمانیى تاکێکى کوردە کە دەتوانین نوێنەرایەتى مەعنەوى (ئێمە) بکەین.
بە درێژایى مێژوو، لە کۆن و تازەدا، جارێک لە جاران، کورد دەوڵەتێکى نیشتمانى کە بە هەموو کوردستان ڕابگا نەبووە، واتا یا تەواو ژێردەست و چەوساوە بووە یا نیوە داگیرکراو و دابەش بووە، لە ڕوانگەى سیاسییەوە ماناى وایە کە کورد خاوەنى سەربەخۆیەتى فەرمانڕەوایەتى، جوگرافى، کارگێڕى، پەرەوەردەیى و ئابوورى خۆى نەبووە، ئەوە دەگرێتەوە گشت ئەو هەل و مەرجانەى سەرەوەیان لێ زەوت کردووین و لێیان بێ بەرى کردووین، لەو مێژووە تاڵ و نابەرامبەرییەدا، زمانى کوردى لە هەموو لایەنەکانى دیکە هێرشى دڕندانە و بەگژداچوونەوەى لەسەر بووە، بەڵام لە هەموو ئامرازەکانى زیندوێتى کورد، ئەوە زمانى کوردى بووە کە لە هەمووان زیاتر و لە تەواوى پانتایى خاک و ئەم سەرو و ئەو سەرى ڕۆژگار، لە مەیدانى شەرافەت و مانەوەدا ماوەتەوە و بەرگرى کردووە. سیاسەتمەداران و کاربەدەستانى بەرپرسیارى نەتەوە و دەوڵەتانى ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواى جیهان، زۆر چاک حەقیقەتى شکۆى زمانى خۆیان دەزانن، بۆیە نەخشەى بەردەوامى هەموو حکومەتێک کە دێتە سەر کار، خاڵى سەرەکى لە بەرنامەى حکومەتەکەیان گرنگیدان و خزمەتکردنى زمانەکەیانە. کاتێک کۆمپیوتەر دروستکرا، بەرنامەى ڕێنووس و دەنگ و پیتەکانى هەرچى وشەیان هەیە، بە زانستانە تێدا جێکراوەتەوە، بۆ نموونە هەر کەسێک لە نووسینى وشەیەکى ئینگلیزیدا هەڵەیەک بکا، ئەوا وەک ئاگادارى و هاوارکردن، خەتێکى سوورى بۆ بەژێر وشەکەدا دێنێ، کەسێکیش لە هەر بوارێکدا چەندە زانا بێ، لە کارى نووسین و کتێبدا، دەبێ یەکێکى زمانزان بۆى پێدا بچێتەوە.
بمانەوێ یا نا، مێژوومان بە تایبەت مێژووى سیاسەتى کورد پڕە لە حەقیقەتى تفت و تاڵ، یەکێک لەوانە ئەوەیە کە بە داخەوە سیاسەتمەدارى بەرپرسیارى کورد لە بەرامبەر هاندان و گەشەکردن و پێشەوتنى زمانى کوردى هەتا بڵێى کۆڵەوار و بێ ئاگان، کار گەیشتۆتە ئەو ئەندازەى بە هەموو مێژووى کورد، هێندەى ئێستا کە سەردەمى حکومەتى هەرێمى کوردستانە، زمانى کوردى بێ ناز و بێ خزمەت نییە، لەوش زیاتر، هەتا بڵێى بەر شاڵاوى لە جوانیکردن و سەقەتکردن نەبۆتەوە. جوانکارى لە نووسین و هونەر بەکارهێنانى وشەى زمانەکەمان، مایەى داهێنانى ماناى بەرز و بیرکردنەوەى قووڵ و ڕاگرتنى چێژى دەرەوون و ناخى کوردە چ لە ناوخۆ و چ بۆ بێگانە.
لە بەهارى 1992دا، بۆ یەکەمین جار لە باشوورى کوردستان، هەڵبژاردنێکى فراوان بۆ دامەزرانى پەرلەمان کرا، دواتر حکومەتى هەرێمى کوردستان پێکهات، پێش ئەو کاتە (ئێمە) خەونمان بە ڕەسمى ناساندنى زمانى کوردییەوە دەبینى، لە کاتى دامەزرانى حکومەتى هەرێمدا، خۆشى کەوتە دڵ و گەشى کەوتە چاوەکانمان، ئاوات کەوتە گیان و بیرمانەوە، کە ئیدى کاتى ئەوە هاتووە زمانى کوردى لە سەردەمى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا ببێتە زمانى ڕەسمى لە هەرێمدا، واتا زمانى خوێندن و نووسین، زمانى بەکارهێنان لەفەرمانگەکان و لە میدیادا بە هەموو جۆرەکانییەوە. بەڵام مخابن، نە پەرلەمانى ئەو کات و نە پەرلەمانى تا ئێستا، بە هۆى نەبوونى سیاسەتى تایبەت بە زمان لاى حیزب لە کوردستان و لە دەسەڵاتدا، نەیانوێراوە و ناوێرن بەلاى ئەو بابەتەدا هەرە بایەخدارەدا بچن، نازانم ئاخۆ دەزانن یا نا، خۆ ئەوە ئاشکرا و ڕوونە کە بێ زمانى ڕەسمى، نە نەتەوە کامڵ دەبێ نە دەوڵەتیش دادەمەزرێ. زمانى ڕەسمى لە هێزى چەکدار مەزنترە، لە ئابوورى بەفەڕترە، لە دوژمن بەهێزترە، لە ئاڵا بەرزترە، لە قانوون شەرعیترە، لە سیاسەت بە تواناترە، واتا بێ زمانى ڕەسمى هیچ شتێک بە چاکى نا ڕەخسێ و بەردەوام نابێ، مانەوەى زمان ماناى مانەوە، بەردەوامى پێناسەى نەتەوە، بە مانایەکى دیکە، نەمانى، زمان نەمانى نەتەوەیە، دابەشکردنى زمانى ڕەسمى، زوو یا درەنگ، نەتەوەیەک دەکا بە دوو نەتەوە، (ئەمە بابەتێکى یەکجار گرنگە، گەلێک لێکۆڵینەوەى زانستى هەڵدەگرێ، نە من لە ئێستادا ئەوەم لە دەست دێ، نە حکومەتیش مەیدان دەڕەخسێنێ!).
سیاسەتى تایبەت بە زمان:
داڕشتنى پێویستى یەکێتى نیشتمانى و گونجانى و یەک ڕیزى کۆمەڵایەتییە، لەو بارەیەوە، حکومەت لەسەر یەک زمان کە زمانى ڕەسمییە پێدادەگرێ، زمانى زگماک و زاراوە جیاوازەکان لە ناو خێزان و لە قسەو باسى ڕۆژانەى کۆمەڵایەتیدا بەکاردێن، بە واتایەکى دیکە، خوێندن بە شێوە جیاوازەکانى زارەوە یا (دیالێکت)ى هەر زمانێک بوون و بایەخى زمانى ڕەسمى ناهێڵێ، لەو ڕوانگەیەوە، حکومەت لە هەر وڵاتێکى جیهان، لە بەرامبەر زمانانى دیکە، گرنگییەکى گەورە بە زمانى ڕەسمى خۆى دەدا و لە دوژمنى ڕووناکبیریى کە خراپترین شێوەى دوژمنە، دەیپارێزێ، هەرگیز ڕێگانادا بە هەر بیانوویەک بێ، زمانى ڕەسمى نەتەوەکە بکاتە قوربانى زمانانى دیکە. بەڵام لە سایەى دەسەڵاتى هەرێمدا، زمانى کوردى نەک نەکراوەتە زمانى ڕەسمى، تا ئێستا لەگەلێک دامەزراوەى هەرێمدا زمانى عەرەبى یا تاکە زمانە یا سەرکییە، جگە لەوە زۆربوونى قوتابخانە و زانکۆى تایبەتى لە شارەکانى هەرێمدا، خەریکە ماڵى زمانى کوردى کاول بکا، زمانى تورکى و زمانى ئینگلیزى جێیان بە زمانى کوردى لێژ کردووە، ڕاستە فێربوونى هەر زمانێک، دەروازەیەکى دیکە بۆ جیهانبینى و زانست و زانیارى دەکاتەوە، بەڵام ناکرێ و نابێ لەسەر حسابى زمانى ڕسمى نەتەوە بێ.
لە ڕوانگەى مێژووییەوە، گرنگیدان بە زمان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى سەرەتایى مرۆڤایەتى، یۆنانى کۆن، وا بیریان دەکردەوە کە ئەوەى بە یۆنانى قسەى نەکردایە، بە دڕندە و گێل تەماشایان دەکردن،(1) هەرچى جوانى و تێگەیشتن هەبوو دەیانخستە پاڵ زمانى یۆنانى، زمانەکانى دیکەشیان مایە پووچ دەکرد. لەناو عەرەبدا، بۆ زاڵ بوون و بن دەستکردنى نەتەوە موسڵمانەکان، زمانى عەرەبیان وەک چەک بەکاردەهێنا، تا ئەندازەى ئەوانەى بە عەرەبى قسەى بکردایە، بەهەشتى بوون، ئەوانەى دیکە دۆزەخى. یەکێک لە هەرە زۆرانبازییە سەختەکانى ئەوروپا لەسەر زمان بووە، لە پێشدا، فڕەنساییەکان پێیانوابوو کە فڕەنسایى زمانى دادگا و قانوونە، لاتینى زمانى زانست و ئایینە، ئینگلیزیش زمانى زگماکى ئینگلیز و خەڵکى گشتییە، بۆ ئەوە نابێ واتا ئینگلیزى پێى بنووسرێ و کتێبى پێدابنرێ،(2) دواى ئەوەى نۆرماندى بووە بەشێک لە فرەنسا، لە سەردەمى مەلیک ئێدواردى سێیەمدا (1312 ـ 1377)، فەرمانێکى دەرکرد و پەرلەمانیش پەسەندى کرد، زمانى ئینگلیزى مەیدانى بۆ کرایەوە و بووە زمانى دادگا و بەڵگەنامەى قانوونى، لە چەرخى هەژدەهەمیشدا بە تەواوەتى بووە زمانى دادگا، بەو جۆرە زمانى فرەنسایى بە تایبەت لە بوارى قانووندا کاریگەرییەکى گەورەى لەسەر زمانى ئینگلیزى هەیە. لەو زەمینەوە، زمانى فرەنسایى و ئینگلیزى تا ئێستا لە ناکۆکیدان، هەریەکەیان دەیەوێ زیاتر خزمەت بکرێ، ئەوە تا ئەمڕۆ ماوە، فرانکۆفۆنى (ڕێکخراوى پەیوەندار بە زمانى فڕەنسایى) و کۆمۆنولس (ڕێکخراوى پەیوەندار بە زمانى ئینگلیزى) دوو دەزگاى زەبەلاحى دەوڵەتانى زمانى فرەنسایى و ئینگلیزین، دوو هێزى گەورە و بە خەرجین بۆ برەودان بە فڕەنسایى و بە ئینگلیزى.
ئەوە وەک پێشەکییەکى پێویست سەبارەت بە گرنگى زمان. مەبەستى ئەم وتارە قسەکردنێکى کورتە لەسەر، فەرمانێک و داواکارییەکى سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان کە دوێنێ، 21ى شوباتى 2023، سەبارەت بە زمانى کوردى بۆ وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەریکردن و بڵاویکردنەوە. لە فەرمانەکەدا هاتووە کە "لە پێناو گرنگیدان بە زمانى کوردى وەک زمانى دایک، بڕیارماندا بە: ڕاسپاردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەزارەتى پەروەردە بە هەماهەنگى لەگەڵ ئەکادیمیاى کوردى و شارەزا و پسپۆڕانى ئەم بوارە، بە ئامادەکردنى پڕۆگرامێکى گونجاوى فێربوونى زمانى کوردى بۆ ئەو هاوڵاتییە بیانییانەى بە مەبەستى کارکردن لە هەرێمى کوردستان نیشتەجێ دەبن."
لە داخوازییەکەى سەرۆک وەزیراندا هاتووە: "پشبەست بە یاساى زمانە فەرمییەکان لە هەرێمى کوردستان ـ عێراق ژمارە(6) 2014، لە پێناو پاراستنى زمانى کوردى وەک زمانى سەرەکى لە هەرێمى کوردستان، کارى پێویست ئەنجام بدەن بۆ نووسینى تابلۆ بە زمانى کوردى لەسەرجەم دامەزراوە و فەرمانگە حکومى و ناحکومییەکان و نووسینگە و نوێنەرایەتى و کونسوڵگەرى وڵاتان و ڕێکخراوە بیانییەکان و گشت کۆمپانیا و دامەزراوەکانى کەرتى تایبەت. بە پێى حوکمەکانى یاساى ئاماژەپێدراوى سەرەوە.
هەروەها لە هۆتێل، شوێنە گەشتیارى و ڕێستۆرانتەکان دەبێت گرنگى بە زمانى کوردى بدرێت و لیستى خواردن و ڕێبەر و ڕێنماییەکان بە زمانى کوردیش هەبێت."
ئەو فەرمان و داواکارییە، گرنگى خۆیان هەیە، بەڵام زۆر درەنگ و زۆریش کەمە، هەروەها گەلێک پرسیار و سەرنج هەڵدەگرن، هەر بۆ نموونە:
1. پرسیارى یەکەم، بۆ لە سەرەتاى دامەزرانى پەرلەمان و حکومەتى هەرێمەوە، قانوونێکى تایبەت بە زمانى ڕەسمى دەرنەکرا؟
2. وەک لە داخوازییەکەى سەرۆک وەزیراندا هێماى بۆ کراوە، یاساى زمانە فەرمییەکان لە هەرێمى کوردستان لە ساڵى 20914ەوە دەرچووە، لێرەدا ئەو پرسیارە خۆى دەسەپێنێ، بۆ دواى 9 ساڵ ئەو فەرمانە دەردەچێ و کێ بەرپرسیارە لە دواکەوتنى؟
3. ئەوەى دروست و سروشتییە کورد دەڵێ زمانى زگماک، نەبیستراوە بوترێ زمانى دایک، ڕەنگە زمانى دایک لە کوردستاندا بە سەدان هەبن، لەوانە: سریانى، کلدانى، عەرەبى، بەنگلادیشى، ئوردو، ئینگلیزى، فارسى، ئەڵمانى، چیکى، کۆرى، ئیتالى، تورکى، چینى، ئیسپانى و تا دوایى، هەر خێزانى نەتەوەیەکى جیاواز لە کوردستاندا هەبێ بە زمانى زگماکى خۆیان قسە دەکەن کە مەرج نییە زمانى ڕەسمى وڵاتانى خۆیان بن.
4. ئەگەرچى داواکارییەکە بۆ دەزگا پەیوەندیدارە حکومى و ناحکومییەکانە و بە پێى قانوونى زمانە ڕەسمییەکانى هەرێم دەرچووە، بەڵام فەرمان نییە، داخوازییەکى لاوازە، تەنانەت هێزى ڕێنماییشى تێدا نابینرێ.
5. سەرۆک وەزیران وەک ئەوەى یەکێک لەگەورەترین دەسەڵاتە لە هەرێم، دەبێ و مەرجە کە زمانى نووسراوەکانى بە زمانێکى بێ هەڵە و پەتى و کوردانە بنووسرێن. بەڵام لەو نووسراوانەدا چەندان هەڵەى داڕشتن، ڕێزمانى و وشەییان تێدایە، وەک: دوا ڕستەى فەرمانەکە بەم جۆرە جوانتر و دروستترە، (کە بەرنامەیەکى فێربوونى زمانى کوردى بۆ ئەو هاوڵاتییە بیانییانەى بە مەبەستى کارکردن لە هەرێمى کوردستان نیشتەجێن.) دوا وشە لە بڕیارەکەدا نیشتەجى دەبن، هەڵەیە، لە ڕووى مانا و کاتەوە دروست نییە، وەک لە سەرەوە ڕاستم کردۆتەوە دەبێ بکرێ بە (نیشتەجێن). ئەگەر (نیشتەجێ دەبن) بێ وەک لە فەرمانەکەدا هاتووە، واتا ئەو بیانییانە ناگرێتەوە کە ئێستا لە هەرێمى کوردستان نیشتەجێن، بۆ ئەوانەیە کە لە داهاتوودا لە هەرێم نیشتەجێ دەبن، بەڵام لە (نیشتەجێن) هەر سێ تافەکە، ڕابووردوو، ئێستا و داهاتوو پێکەوە دەبەستێتەوە.
6. بەکارهێنانى وشەى (ڕێستۆرانتەکان)، زۆر ناجوان و نادروستە، کورد دەڵێ چێشتخانە یا (خواردنگە ـ ئەمە کەمتر بەکار دەبرێ)، لە کاتێکدا کە وشەى کوردى هەبێ، خۆپارێزى لە وشەى بێگانە، پێویستییەکى زمانەوانى و فەرهەنگییە. هەروەها (ڕێنماییەکان بە زمانى کوردیش هەبێت) کە لە کۆتایى دووەم نووسراودا هاتووە، دوو هەڵەى تێدایە، یەکەمیان زمانى کوردیش، ئەو (یش)ە ماناى پێشخستنى هەموو زمانەکانە بەسەر زمانى کوردیدا، دەبوایە بنووسرایە گرنگى بە زمانى کوردى بدرێت و لیستى خواردن و ڕێبەر و ڕێنماییەکان بە زمانى کوردى و زمانانى دیکەش .. ." دوا وشە کە نووسراوە (هەبێت)، دیسان هەڵەیە، دەبێ بکرێ بە (هەبن)، جونکە دەگەڕێتەوە بۆ کۆى (لیستى خواردن و ڕێبەر و ڕێنماییەکان). هەر لە فەرمانەکەدا وشەى (هەماهەنگى) بەکارهاتووە کە وشەیەکى فارسییە، کورد وشەى هاوکارى یا یارمەتى هەیە، دەبوایە یەکێک لەو دوو وشەیە لە جیاتى وشە فارسییەکە بەکاربێ.
7. هەموومان دەزانین زمانى خوێندن لە (ناوچەى کوردستانى حوکمى زاتیدا ـ زەمانى ڕژێمى عێراق) زمانى ڕەسمى کوردى بوو، لێرەدا ئەو پرسیارەش دەکەم، بۆ لەسەردەمى حکومەتى هەرێمدا، خوێندن کرایە دوو شێوە زمان؟
هیوادارم ئەو سەرنجانە بکەونە بەر سەرنجى سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران و وەڵامى زانستانە نەک سۆز و ناوچەگەرێتییان هەبێ، لەسەر حکومەتى هەرێم پێویستە زیاتر و بە جددیتر بیر لە سیاسەتى زمانى ڕەسمى کوردى بکەنەوە.
لە کۆتاییدا دەڵێم و پێویستە هەموو حیزب و گشت پسپۆڕان و کوردێکى دڵسۆز ئەوە بزانن کە:
هیچ گومانێک نییە کە زمان بناغەى هەرە سەرەکى پێناسەیە، پاراستنى، پاراستنى نەتەوەیە، بۆیە فەرزە خزمەت بکرێ و پێش بخرێ. هیچ زمانێک نییە چاکترین زمان بێ، هیچ زمانێکیش نییە زمانى نیشتمانێک یا دەوڵەتێک بێ. ئێمەى کورد، پێویستمان بە (منى مێژوویى و شارستانییەت هەیە)، ئەگەر هەست بە بوونى خۆمان نەکەین لە مێژوودا، ئەگەر گیانى هاوبەشى شارستانییەتمان لەناو ناخ و هەستى ناوخۆماندا نەبێ، ئەوا زمانەکەمان، نەتەوەکەمان، نیشتمانەکەمان، ئابورى و مۆسیقاکەمان لە بەیندەچن.
بەداخەوە تا ئێستا، بە شێوە فراوانییەکە، وەک چۆن مێژووى کورد قوربانیى سیاسەتى کوردە، بەهەمان شێوە زمانى کوردیش هەر وایە. ئەوە حکومەتى هەرێمى کوردستانە کە نەیتوانیوە زمانى ڕەسمى بناسێنێ، نەبوونى زمانى ڕەسمى یەکێکە لە ئامرازە مەترسییەکانى ترازانى سیاسەتى کورد و بەردەوامى ئاژاوە لەناو ماڵى عەقڵ و هزرى کورددا، بێ ناساندنى زمانى ڕەسمى، هەرگیز ناتوانرێ کارگێڕییەکى گشتیى چاک پەیڕەو بکرێ و لە بەرژەوەندى نەتەوەدا بەڕێوەببرێ.
لەندەن 22ى شوباتى 2023
پەراوێزەکان:
1. Ager، Dennis (2001). Motivation in language planning and language policy، Multilingual Matters Ltd، pp. 177-178.
2. Waedhaaugh، Ronald (1987). Languages in competition، Dominance، Diversity and Decline، Basil Blackwell، p. 68.
سەرچاوە: ماڵپەڕی خەندان