ئیسلامی کوردی و ناسیۆنالیزم/ گێڕانەوە ئایینییەکانی نەتەوەی کورد لە درێژاییی کۆتایییەکانی سەدەی نۆزدە و بەرایییەکانی سەدەی بیست

دوکتۆر کەماڵ سلێمانی

دوکتۆر کەماڵ سلێمانی
لە ئینگلیزییەوە: حیسامەدین (ھیوا) خاکپوور

5ی شوبات، 2023|، 

 

لەم وتارەدا ھەندێک تیشک دەخرێتە سەر تێکەڵاویی ئیسلام و ناسیۆنالیزم لە مێژووی مۆدێرنی کورددا. بۆ ئەم مەبەستە بە شێوەی ھەڵبژاردن، ڕوانگە و چالاکییەکانی ھەندێک لە کەسایەتییە سیاسی-ئایینییە ناسراوە کوردەکانی کۆتاییی سەدەی نۆزدە و بەراییی سەدەی بیست وەبەر تیشکی لێکۆڵینەوە دەدرێت. ئەم لێکۆڵینەوە بە ھیچ شێوەیەک داگر و کۆگر نییە. لێرەدا دەمھەوێت نیشانی بدەم کە ئایینداری کوردی ھەر وەکوو دیکەی کۆمەڵگە موسوڵمانەکان، ناسیۆنالیزمەکەیان لەخۆ گرتووە و خۆیان لەگەڵ ناسیۆنالیزم گونجاندووە. بە واتایەکی دیکە کەسایەتییە ئایینییە کوردەکان، بە سەر ناسیۆنالیزمدا کراوە بوون  و لە ھەندێک لە جۆرەکانی خۆبەڕێوەبەری کورد پشتگیرییان دەکرد و چالاکییان دەنواند: ئەوان کوردیان وەکوو نەتەوەیەکی جیاواز وێنا دەکرد و ھەر بۆیە شەرعییەتی داخوازی و مافە سیاسییەکانی کوردیان ڕادەگەیاند و پشتگیریان لێ دەکرد. بە واتایەک ئەم خاڵەی دوایی نەتەوەخوازی پێناسە دەکات چونکە مافی خۆبەڕێوەبەری بە شێوەیەکی بنەڕەتی لەسەر خۆئێرجاعی[1] ڕۆنراوە. من باس لەوە دەکەم کە خاڵی پێناسەکەری ناسیۆنالیزمی ئایینی ئەوەیە کە بکەری ئایینی مۆدێرن، سنوورەکانی ”خۆی­-بەکۆمەڵ[2]“ لە نێو بابەتی نەتەوەییدا چێ دەکات و وێنای دەکات.

لەم ساڵە دوایییانەدا کۆمەڵێک توێژینەوە ھاتۆتە ئاراوە کە پێداچوونەوە بە پێوەندیی نێوان ناسیۆنالیزم و ئایین لەنێوان عەرەب و کورد و تورکدا دەکات( Datla 2013, Devji 2013, Hostoun,2003). ئەم توێژینەوانە، ئەو ڕوانگە ئورتۆدۆکسییە زاڵەی کە بۆ ماوەیەکی زۆر قایل بە پەیوەندیی زاتی ناسیۆنالیزم و سکۆلاریزم بوو، دەبردە ژێر پرسیار و ھەروەھا بە شێوەیەک لەسەر دێروەدەرکەوتنی[3] ناسیۆنالیزمی تورکی و کوردی پێداگری دەکرد. ئێستاکە بە تایبەت ئەو ئایدیایەی کە عەرەبە بووژانەوەخوازە ئیسلامییەکان بە ناسیۆناڵیست دەزانێت یان ئەوەی کە کاریگەرییان لە ناسیۆنالیزم وەرگرتووە، ئیعتبارێکی یەکجار زۆری بەدەست ھێناوە. من لە جێگەیەکدا باسم لەوە کردووە کە ژیان و ئەندێشەی بکەری ئایینی لەنێو پاڕادایمی ناسیۆنالیزمدا دەجووڵێتەوە، ھاوکات لەگەڵ ئەوەی ناتوانن ھیچ سیستەمێکی سیاسی لە دەرەوەی دەوڵەت-نەتەوە وێنا بکەن و ئەمە ئەوان دەکات بە بکەرێکی ناسیۆناڵیست( solaimany2016a. 2017a). دەوڵەتی مۆدێڕن لە جەوھەردا ناسیۆنالیستییە. ھەر بۆیە تێگەیشتنی بکەری ئایینی مۆدێڕن لە دەوڵەت-نەتەوە وەکوو ھەبوویەکی بەدیھی، دەبێتە ھۆکارێکی بەسەندە بۆ ئەوەی بکەری ئایینی مۆدێڕن وەکوو مرۆڤی ناسیۆنالیستی سەیر بکرێت: ئەوان ناسیۆنالیستن چونکاتێ بە شێوەی ھاوسۆزانە و ھەرڕۆژەیی و بەردەوام، پشتگیری لە فۆڕمەکانی ناسیۆنالیزمی سەردەست یان ژێردەست دەکەن( Balibar and Wallerstain, 1991: 93; Wodak et al, 1999). لە نموونە کوردییەکەیشدا، بکەرە ئایینییە کوردییەکانیش، چ بە شێوەی ھۆشیارانە و چ ناھۆشیارانە، پشتگیرییان لە ناسیۆنالیزم کردووە و یان خود ناسیۆنالیزمی کوردی یان ناسیۆنالیزمی ئەوانیدی خۆیانیان سەلماندووە. ئەمە تەنانەت بۆ ئەو کەسایەتییە ئایینییانەی کە باوەڕیان بە ئۆمەی ئیسلامییە یان ھیوایان بە بووژاندنەوەی خەلافەتی ئیسلامییە، ڕاست دەردەچێت.

ھەر بەو شێوەیە، چەمگەلی ئایینیی جیھانداگر و گەردوونی، میناک: ئۆممە و خەلافەت، دەلالەتە یەکانگیرە مێژوویییەکانی خۆیانیان لە دەست داوە. ئەو چەمکانە لە شوێن-کاتە جۆراوجۆرەکاندا بە شێوەی جیاواز، لێی تێگەیشتوون و بەکردەیی کراوە. بەم پێیە لە سەردەمی مۆدێڕندا، لەگەڵ سەرھەڵدانی بزاڤی دژە ئیستعماری، ھەم چالاکانی ئیسلامی و ھەم دەوڵەتی عوسمانی، ھەوڵی خۆیان خستە گەڕ کە ئەو چەمکانە سەرلەنوێ بسازێننەوە و بەھی خۆیانی بکەنەوە تا خزمەت بە بەرنامەی دژەئیستعماری ئەوان بکات، بەڵام سەرنجیان نەدەدا بەوەی کە ئەو بەرنامە ناتوانێت بە تەواوەتی لە کاریگەریی ناسیۆنالیزمی مۆدێڕن بێوەری بێت. بەھەرحاڵ، لە ڕێگەی ئەو جۆرە لە بەھیخۆکردنی دووبارە، موسوڵمانانی مۆدێڕن ھەوڵیان داوە دەستەواژەگەلێ وەکوو ئۆممە سەرلەنوێ وەکوو کیانێکی سیاسی یەکپارچە پێناسە بکەنەوە، بە شێوەیەک کە لە چەمکی مۆدێڕنی نەتەوە دەچێت لە بەرانبەر ڕۆژئاوای مەسیحیدا.

لەم باسەدا من بە گشتی جەخت دەکەمە سەر بیرۆکەکان و ئەندێشەکانی شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری و شێخ سەعیدی نوورسی و بە شێوەی گوزەرا ئاماژە بە شێخ سەعیدی پیران دەکەم. بە جێگەی سەرنجدان بە کرۆنۆلۆژی ڕووداوەکان، زیاتر دەمھەوێت جەخت بکەمە سەر لایەنە گوتارییەکانی کاریگەریی ئەم کەسایەتییانە و ھەروەھا سروشت و ناوەرۆکی گوتە ناسیۆنالیستییە ئایینییەکانیان.

ناسیۆنالیزمی کوردی و ئیسلام

ناسیۆنالیزمی کوردی، وەکوو ناسیۆنالیزمی کۆمەڵگەیەکی ژێردەست، ناسیۆنالیزمێکە کە توێژینەوەی لەسەر نەکراوە. جگە لەوەش، پریشکە سەرەتایییەکانی لە ناوەندە چاوەڕواننەکراوەکانی وەک ئاڵقەی سۆفییەکان و قوتابخانە تەقلیدییەکانی کورد (حوجرەکان) و لە ژێر دەستی سەرکردە نائاسایییەکانی وەک شێخ و مەلاکان ( پیاوانی ئایینی)دا سەر ھەڵدەدەن، ئەمەش وای کردووە کە فۆڕمێکی دیار و جیاوازی ناسیۆنالیزم وەدەر کەوێت. بۆیە دەکرێت بۆچوونەکان سەبارەت بە قۆناغە سەرەتایییەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی زۆر ناتەبا بن. تا ڕادەیەک باسوخواسێکی بەرفراوان هەیە لەسەر ئەوەی کە ناسیۆنالیزمی کوردی کەی دەستی پێ کردووە(Vali, 2003). بەمشێوە به­شێک لەو ئه­ورووپاییانه­ی که له کۆتایییەکانی سەدەی نۆزده­دا سەردانی کوردستانیان کردووه، شاهیدی لەسەر بوونی ناسیۆنالیزمی کوردی ده­ده­ن. یەکێک لەو گەریدە ئەوروپییانە، فرێدریک میلینگەن[4] بوو کە لە کۆتایییەکانی ساڵی ١٨٦٠دا سەردانی کوردستانی کرد و لەوێ کاری دەکرد. میلینگەن دەڵێت: «کە دەتوانێت بەبێ ترس لە زیادەڕۆیی، بیسەلمێنێت کە هەستی نەتەوایەتی و خۆشەویستیی سەربەخۆیی، وەک دیکەی نەتەوەکانی دیکە، ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە دڵی کۆردەکاندا هەیە»(Millingen, 1870: 213).

ئەم کورتە باسە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ڕەنگە میلینگەن خۆی نەک هەر ڕووبەڕووی مشتومڕێک بووبێت کە ناسیۆنالیزمی کوردی تەنیا وەکوو ئەگەرییەک دەبینێت بەڵکوو وای بۆ دەردەکەوێت کە دەکرێت ناسیۆنالیزمی کوردی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە بەراوەرد بکرێت. وێدەچێت میلینگەن خۆی، بە چڕی و بەربڵاوی ھەستی ناسیۆناڵیستی کوردی، قەناعەتی ھێنابێت تا ئەو ڕادەی کە وەکوو نەتەوەکانی دیکە ئەو ھەستە بوونی ھەبوو وھیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەو نەتەوانەی دیکە نەبوو. هەوڵ دەدات بە کەڵک وەرگرتن لە جۆرێک لە گێڕانەوەی ئەتنۆگرافی ئیدیعاکەی پشتڕاست بکاتەوە. بەم پێیە، ئەو داکۆکی دەکات کە دەرئەنجامەکەی لەسەر بنەمای «ئەزموونی خۆکەسی خۆی بووە، کە لەگەڵ زۆرێک لە سەرۆکەکانی بزووتنەوە نەتەوەیییەکانی کورددا دیداریکردووە»(داکۆکی زیاد کراوەMillingen, 1870: 213,). میلینگەن هیچ ”بزووتنەوەیەکی نەتەوەییی کورد“ دەستنیشان و پێناسە ناکات. بەھەرحاڵ، درووستە ئەو ھەندێک چالاکی سیاسیی کوردی لەگەڵ یەک بزاڤ تێکەڵ دەکات بەڵام ئەو جۆر چالاکییانە، بە دوور لە دەلالەتی نەبوونی ناسیۆنالیزمی کوردی، ئەوە پیشان دەدات کە قۆناغەکانی سەرەتاییی مێژووی سیاسیی کورد، لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکراوە.

تەنانەت ئەگەر کەمیی بەڵگەش ڕێگریمان لێ بکات کە باسێکی ورد لەسەر بوونی ناسیۆنالیزمی کورد لە ساڵانی 1870دا پێشکەش بکەین، ئەوا لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی دۆخێکی جیاواز دەبینەوە. کۆتاییی حەفتاکان شایەتحاڵی سەرهەڵدانی شێخ عوبەیدوڵڵا بوو کە ناسیۆنالیزم بوونەکەی جێگەی پرسیار و گومان نییە((Soleimani, 2016a, 2016b. بەڵام چالاکییەکانی شێخ عوبەیدوڵڵا تەنیا هەندێک هەوڵی یەکێک لە سەرکردە کاریزماتیکەکانی کورد نەبوون، بەڵکوو بێگومان ڕاپەڕینەکەی – کە لە خوارەوە باس دەکرێت – ڕەنگدانەوەی پلەیەکی دیاریکراو بوو لە پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی کوردی. گەورەترین شایەتحاڵی وەها پەرەسەندنی هەستی ناسیۆنالیستییەک، زنجیرە بابەتێکە کە لەلایەن بەشێک لە ڕۆشنبیرانی کورد لەو سەردەمەدا نووسراون و لە ڕۆژنامەی ”ترجمان­الحقیقة[5]“دا بڵاو کراونەتەوە(Soleimani, 2016c). لە ساڵی ١٨٨٠دا، ڕەنگە بۆ یەکەمجار هەندێک بابەت بۆلایەنگریی کورد لە ڕۆژنامەکانی عوسمانیدا دەرکەوتن. ئەمەش بەهۆی ئەو بارودۆخە مەترسیدارەوە ڕوویدا کە عوسمانییە دەسەڵاتدارەکان خۆیان تێدا بینیەوە. ھەندێک لە بازنەی عوسمانییەکان لە ڕووی سەربەخۆییی ئەرمەنستان و ھەڵوەشاندنەوەی زیاتری ئیمپراتووری وەکوو لێکەوتەیەکی مومکینی پەیمانی بەرلین، ترسیان لێھاتبوو و وەخۆ کەوتبوون، ڕێگەیان دا دەنگی کورد کە ھێشتا بە ‌”دڕندە[6]“ و وەحشی و ”کوردی کلک[7]“ ناویان دەبرا ببیسترێت.

ڕۆشنبیرانی کورد بە ڕوونی تووڕەیی و ھەڵچوونی خۆیان لە بەرانبەر وێناکردنی کورد وەک ڕێگر و دڕندە لەلایەن نوخبەی عوسمانییەوە دەربڕی. لەگەڵ زیاتروزیاتر جێبەجێکردنی مادەی ٦١ی پەیمانی بەرلین، وتارەکانیان لە چاپەمەنی عوسمانیدا سەریان ھەڵدا. ھەروەھا کە لە پەرچەکرداری ئیلیتی کوردی بە ناسیۆنالیزمی ئەرمەنی پیشان دراوە، ئەم وتارانە لەخۆتێگەیینی بەکۆمەڵ[8] نیشان دەدات. بەمشێوە وتارەکان ڕەخنەیان لە وێناکردنی کورد لە چاپەمەنی عوسمانی و ئەرمەنی و ئەورووپیدا گرتووە(Turcuman-lhakikat, no,589). لەم وتارانەدا بەکارهێنانی دەستەواژەکانی ”نیشتمانپەروەری[9]“ (حەمیەتی میللی) و”عەسەبییەتی قەومی[10]“ کەم نییە چونکە ئامانجی نووسەران، دووبارە نووسینەوەی مێژووی نەتەوەی خۆیانە، لە هەمان کاتدا وێناکردنی ئەوانی دیکەیان، وەک ئەرمەنییەکان، بە شێوەیەکی ڕیسوا و تەحقیرکراو. لێرەوە یەکێک لە نووسەرەکان ئیدیعای ئەوە دەکات کە بەدەر لە ئەوانەی لە ئەستەنبووڵ نیشتەجێبوون، ئەرمەنییەکان چەندین قاتلە کورد دواکەوتووترن(Tercuman-l Hakikat, no. 589). یەکێک لەو نووسەرانەی کە وەک مرۆڤێکی بەرجەستە و دیاری کورد دەناسێنرێت، وتارەکەی بە داکۆکی لەسەر پێگەی بێبەشانەی کورد و دەستنەگەیشتنیان بە هیچ ڕۆژنامەیەک، بە ڕۆژنامە تورکییەکانیشەوە، دەست پێ دەکات. بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات کە بۆچی پێشتر دەستیان بە ڕۆژنامەکانی تورکیا نەگەیشتووە، نووسەر داکۆکی دەکات کە «ئێستا ئێمە بەهۆی دەستڕاگەیشتن بە ڕۆژنامەگەری، تەنانەت بە ڕۆژنامەکانی تورکیا، زیاتر ئاگاداری دۆخی نالەباری خۆمان بووین» Tercuman-l Hakikat, no. 586).

لە زۆر ڕووەوە ئەم نووسینانە ڕەنگدانەوەی ڕادەیەکی بەرچاو لە خۆئاگایی و شکۆمەندی نەتەوەیییە تا ئەو جێگەی کە لە یەک وتاردا، کە بە واژۆی ”ئا-تی“ نووسراوە، باس لەوە دەکات کە تەنانەت کوردە کۆچەرییەکانیش گرنگییەکی زۆر بە پەروەردە و هونەر دەدەن و لەڕادەبەدەر ڕەوانبێژ و ڕوونبێژ و شاعیرانەن. «دەتوانین بڵێین هیچ نەتەوەیەکی تر نەگەیشتووەتە قۆناغێکی وەها شەرەفمەندانە».(Terciuman-l Hakikat, no. 586داکۆکی زیاد کراوە). لەم ڕووەوە ئەم نووسەرانە هەوڵیان دا بە داخوازییە سیاسییەکانی کورد لە ڕێگەی گێڕانەوەی نەتەوەی جیاوازی کوردەوە شەرعییەت بدەن. نووسراوەکەی ”ئا تی“ پیشانی دەدات کە چۆن ئیلیتی ناسیۆناڵیستی کوردیش، ئەوانی ترەکانی خۆی وەکوو ”مرۆڤی ناتەواو[11]“ وێنا دەکرد..(Tercuman-l Hakikat, no. 586) ھەر بەو شێوەی کە وۆداک و ھاوکارانی، لە یەک بەستێنی گشتی تردا، بە درووستی ئاماژەی پێ دەکەن کە ئەم جۆرە تەمایولە سۆزدارە ھاوبەشانە، پەیوەندییان بە بیروبۆچونگەلێکەوە ھەیە کە ئەندامانی یەک گرووپی تایبەت بە نیسبەتی دیکەی ئەندامانی ئەو گرووپە و ھەروەھا بە نیسبەتی ئەندامانی دەرەوەی ئەو گرووپە ھەیانە(داکۆکی زیاد کراوەWodak et al, 1999: 4). هەروەها نووسینەکانی ئا-تی و ئەوانی دیکە بۆچوونە ڕەگەزپەرستییەکانی ئەو سەردەمە پیشان دەدەن، کە پەیوەندیی نێوان ڕەگەز، زمان و پێشکەوتن بە شێوەیەکی سادەسازانە و لێکچنراو، بەیەکەوە دەبەستنەوە. بۆیە ئەمانە بە پێداگری و سەرسەختییەوە زمانی کوردی وەک یەکێک لە زمانە پێشکەوتووەکان و تەقریبەن وەک زمانی ناوازەی زانایانی ئیسلامی سەدەکانی پێشووی ناوچە کۆسمۆپۆلیتییەکانی وەک عێراق و شامی عەرەبی وێنا دەکەن(Terciuman-l Hakikat, no 592). ئەم ڕۆشنبیرە کوردانە ڕێزیان لە زانستی ئایینی نەریتی دەگرت و لەگەڵ بەشکۆمەندکردنی نەتەوەیی خۆیان تێکەڵیان دەکرد. نووسینەکانیان ڕێز دەگرن لە بەشدارییەکانی کورد لە دەستکەوتە زانستییەکانی ڕابردووی ئیسلامی. جگە لەوەش زانایانی ئایینی کورد بەرزەجێتر لە هاوشێوەکانی ”ڤۆڵتێر“وێنا دەکرێن و ئیدیعای ئەوە دەکەن کە ئەگەر ڤۆڵتێر لە گۆڕەکەی زیندوو بکرایەتەوە و ڕووبەڕووی زانایانی کورد ببوایەتەوە، بێ‌ئیرادە کڕنۆشی بۆ دەبردن. ئەم جۆرە لە ”کۆنینەکردن[12]“(Chatterjee, 1995)  لەلایەن ڕۆشنبیرانی کورد لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەهەمدا، کورت ناکرێتەوە بەو ڕۆڵەی کە ڕەنگە کورد لە شارستانییەتی ئیسلامیدا هەیبێ؛ ئەوان کاریگەریی ئیسلام لەسەر شارستانییەتی ئەورووپاش کوردیزە دەکەن. لە هەوڵەکانیاندا بۆ کۆنینەکردن، پاڵەوانێکی ئایینی وەک سەلاحەدین دووبارە بەھیخۆ دەکرێتەوە. بەم شێوەیە یەکێک لە بەرچاوترین بەریەککەوتنەکانی موسوڵمانان لەگەڵ مەسیحییەکان لە سەدەکانی ناڤیندا، وەک سەرکەوتنی نەتەوەی کورد لە مێژوودا نیشان دەدرێت. هەروەها بەشداری خەڵکانی ناکورد لەم ئەزموونە تایبەتەدا بەتوندی تەمومژاوی کراوە. وەک وۆداک و هاوکارەکانی، لە چوارچێوەیەکی کەمێک جیاوازدا، دەڵێن: ئەم جۆرە گێڕانەوەی ڕابردوو مانا و ئەمنییەت بە بوونی یەکپارچە دەبەخشن و ژیانی ڕۆژانە دەبەستێتەوە بە ”چارەنووسی نەتەوەیییەوە“Wodak et al, 1999: 24)).

جگە لەوەش، ھەروەک چاوەڕوان دەکرا، ئەم نووسەرانە یەکێتیی جوگرافیای کوردستان وەک بابەتێکی ئەبەدی ئەزەلی دەخەنە ڕوو. لە هەمان کاتدا ئەندامێتی هاوچەرخی کوردستان لە ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیدا بە تەواوی وەک بابەتێکی ”فەرامۆشکراو“ دەسڕنەوە[13]. هەر لەبەر ئەم هۆکارە نابێت ئیدیعاکانیان وەک پەرچەکردارێکی سادە سەیر بکرێن، یان تەنیا لە کێبەرکێی و ڕکەبەڕی کۆمەڵایەتی ئەرمەنی-کوردیدا سنووردار بکرێن. سەرەڕای کەمییەکەی، ئەم ئەدەبیاتە دۆخێک ئاشکرا دەکات کە زیاترە لە تەنها پەرچەکرداری موسوڵمانان بەرامبەر بە ناسیۆنالیزمی ئەرمەنی. بۆ نموونە، لە پارچەیەکدا لەسەر جوگرافیای کوردستان، جگە لە گێڕانەوەی چیرۆکی گشتی حزووری مێژوویی ”بەکەسایەتیکراو[14]“ ”پێناسەکراوی تاقانە“ی نەتەوەیی، کە دەگەڕێتەوە بۆ ”سەردەمی ئەفسانەیی“ئەو باوەڕەیش ھەیە کە مەرزە جوگرافیاییەکانی نەتەوەی کورد ھەمیشە لێکدابڕوان.

لەم نووسینانەدا، کورد بە گشتی بە نەتەوەیەک بە تایبەتمەندیی ئەزەلی ئەبەدی جیاوازەوە وێنا کراوە و لە هەموو موسوڵمانانی دیکە، بە تورکە عوسمانییەکانیشەوە، جیا کراونەتەوە. کۆنینەکردنی کورد تەنیا بە پشتگوێخستنی ئەزموونی موسوڵمانانی کورد کە لەگەڵ دەسەڵاتی عوسمانی هاوبەشی و نێوەندیان هەیە، سنوورمەند ناکرێت. نەک هەر کورد وەک پێکهاتەیەکی جیاواز لە ڕووی نەتەوەیییەوە وێنا دەکرێت، بەڵکوو کوردستانیش بۆ هەزاران ساڵ وەک شوێنێکی جوگرافی بە تەواوی جیاواز لە دەوروبەرەکەیەوە وێنا دەکرێت. لە ژێر ڕۆشنایی ئەو جۆرە جیاوازییە، لەڕووی هەم نەتەوە و هەم خاکەکەی، ئەم نووسەرانە  باڵھاوێشتنی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانییان لە سەدەی شازدەھەمەوە بۆ ناو کوردستان دووبارە ڕاڤە کردەوە (Tercuman-1 Hakikat, no. 595). بەم پێیە ئەوان ئەم ڕووداوە مێژوویییە بە ڕووداوێک دەزانن کە کورد تێیدا خۆخوازانە دەسەڵاتی عوسمانییان قبووڵ کردووە کە لە ڕێگەیەوە ئەم ڕۆشنبیرانە هیوادارن لەدایکبوونی دەوڵەتێکی وێناکراوی کوردی بخەنە ناو ڕابردووی دوورەوە. لێرەدا ”جڤاکی وێناکراو[15]“ی ئەوان، نەک تەنها یەک ناوچە لە نێوان ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئیمپڕاتۆریدا نییە، بەڵکوو کۆبوونەوەکەیان ئەوانی بە شێوەیەکی وێناکراو، کردووە بە هاوبەشێک بۆ یەکێتی لە ڕابردوودا و ئەوانی ئاوێتەی بکەرێکی مێژووییی تاقانە کردووە کە بوونێکی سەربەخۆ لە ئیمپڕاتۆریەتەکەی هەیە.

ئەو زمانەی کە ئەم ڕۆشنبیرە کوردانەی سەدەی نۆزدەهەم بۆ خۆجیاکردنەوە یان خۆئیڕجاعی بە کاریان دەھێنا تا ڕادەیەکی دیاریکراو، پاشخانی کۆمەڵایەتیی مێژووییی ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵای ساڵی ١٨٨٠ ڕوون دەکاتەوە. نووسەران سەبارەت بە ئەجێندای سیاسی خۆیان زۆر ڕاشکاو بوون. یەکێکیان ڕایدەگەیەنێت کە «ئێمەیش پلانەکانمان بۆ داهاتوو ڕادەگەیەنین و دەیسەلمێنین کە پلانمان هەیە».(Terciiman-1 Hakikat, no. 591). پڕڕوونە کە گێڕانەوەی ڕابردوویان بە ئامانجی شەرعییەتدان بە ئیدیعا و داواکارییە سیاسییە هاوچەرخەکانیان بووە. بۆیە ئەوان پێشوازی لە هەوڵە سیاسییەکانی شێخ عوبەیدوڵڵا دەکەن. هەوڵەکانی شێخ پێش هەموو شتێک نیشانەی زیندووییی مرۆڤی کورد بوو. بۆیە سەرکردایەتییەکەی ئومێدێکی گەورەی پێشکەش کردوون، و وەک هوشدارێ بوو بۆ هەرکەسێک کە وای زانیبێت کە «خاکی کوردستان هیچ هێز و نەشە و زیندوویییەکی نییە، و وەک [هەمووتان] دەزانن، مەسەلەی شێخ عوبەیدوڵڵا ئەفەندی هێشتا ھەر بەردەوامە»(Terciiman-1 Hakikat, no. 591). دوا تێبینی نەک هەر ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو ڕۆشنبیرانە بە ڕاپەڕینەکەی شێخ ھیوادار بوون بەڵکوو پشتیوانییان لە پلانڕێژیی ستراتیژی ئەو، بۆ خۆبەڕێوەبەریی کورد کردووە.

ئیسلامی سنووری شێخ عوبەیدوڵڵا

زۆرێک لە توێژەرانی بواری کوردناسی ئیدیعایان کردووە کە «ناکرێت ڕاپەڕینەکەی شێخ  بە پاڵنەری ھەستی ناسیۆنالیستی شرۆڤە بکرێت» (Henning, 2018: 4). قسەی من ئەوەیە کە بەڵگەنامە مێژوویییە جۆراوجۆرەکان هیچ بوارێک بۆ نکۆڵی لەو ڕاستییە ناهێڵنەوە کە شێخ عوبەیدوڵڵا ناسیۆناڵیستێکی ئایینی بووە. لە شوێنێکی تردا نیشانم داوە کە ئیدیعای بە پێچەوانەوەی ئەمە، قایلکەر نییە.(Soleimani, 2016a)بەرچاوترین بەڵگە لە بەرهەمە شیعرییەکەی خودی شێخدا دەدۆزرێتەوە، کە تا ئەم دوایییانە لە بەردەستی توێژەراندا نەبووە، بابەتێک کە لە خوارەوە زیاتر دەیکەمەوە و باسی لێ دەکەم.(Soleimani, 2016a)

عوبەیدۆڵڵا بەرەی سێھەمی شێخی کوردی نەقشبەندی بوو کە لە گوندی نەھری لەسەر سنووری عوسمانی قاجاری نیشتەجێ بوو. (Gaborieau Popovic and Zarcone, 1990; Legall, 2004; Mardin, 1989Castor Thompson, 2014;). عوبەیدۆڵڵا لە تەمەنی چل ساڵیدا کەسایەتییەکی زۆر چالاک بوو و پێشتر  بە کاریگەری لە ڕادەبەدەری لەسەر ناوچەکە ناسراوە و کۆمەڵێک شوێنکەوتووی بەرفراوانی هەبوو. میسیۆنەری ئەمریکی ھێنری ئۆتیس دوایت[16] دوای چاوپێکەوتنێکی ساڵی ١٨٨٢ لەگەڵ شێخ، بەم شێوەیە وەسفی کرد: «سەرۆکێکی ئایینی [کە] جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆر لە پاشاکانی ئەم شارە [واتە ئەستەنبۆڵ] وەکوو شاگردی ئەو وابوون، نوێنەرایەتی نزیکەی دوو ملوێن لایەنگری دڵسۆز لە کوردستان دەکات»([17]ABCFM).. بە گوێرەی ڕۆبەرت سپێر[18]، ژیاننامەنووسی دوکتۆر کۆچران، میسیۆنێرێکی ئەمریکی، «شێخ لە دوای خەلیفەی عوسمانی و شەریفی مەککە، سێھەم کەسی جێگەی ڕێز بووە لە جیهانی سوننەدا».(Speer, 1911: 74) کاغەزەکانی پەرلەمانتاری بەریتانیا وردەکارییەک لە پەیوەندییەکانی شێخ لەگەڵ خەڵک دەدەن بە دەستەوە و باس لەوە دەکەن کە ئەو «ڕۆژانە لە دەروازەکانیدا میوانداری لە پانسەد بۆ ھەزار کەس لە هەموو چینەکان دەکات. کەسایەتیی ئەو تەواو پێچەوانەیە لەگەڵ ئەو کەسایەتییانەی کە لە بەرپرسانی فارس و هەروەها لە تورکەکاندا دەبینرێت» (Parliamentary Papers, 1881). سەبارەت بە کەسایەتیی شێخ، دەگوترێت کە ئەو سادە بووە و خۆی یان کوڕەکەی بە شێوەیەکی شەخسی «هەموو ئەوانەی بە مەبەستی کار دێنە لایان، گرینگ نەبوو کە کێ بێت و چی بێت وەردەگرت … لە بەیانیی زووەوە تا درەنگانی شەو، خۆی تەرخان دەکرد بۆ بەرژەوەندیی … گەلەکەی» ((Parliamentary Papers, 1881.

تۆمارکراوە مێژوویییە جۆراوجۆرەکان ئاماژە بە بێقەراری شێخ دەکەن، بە تایبەت لە چەند ساڵی پێش ڕاپەڕینی ساڵی ١٨٨٠دا. بەڵگەنامە فەرمی و میسیۆنێرییەکان، نامە شەخسییەکان و شیعرەکانی، حەز و ئارەزووی گەورەی شێخ بۆ بابەتە سیاسییەکان و چارەنووسی گەلی کورد ئاشکرا دەکەن. بە تایبەتی ئەم دووھەمییە بوو کە لە درێژایی و پاش شەڕی ڕووسیا و عوسمانی ( ١٨٧٧-١٨٧٨) مێشکی ئەوی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردبوو. سەبری ئاتێش بە درووستی داکۆکی لەوە دەکاتەوە کە «شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری نوێنەرایەتیی ڕۆحی زەمانەی دەکرد و بزووتنەوەکەی تەقاندنەوەیەک بوو لە ڕەوتە کولتووری و سیاسییەکانی ئەم قۆناغە زەمەنییە و پێویستە بەو شێوەیە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت»(Ates, 2014: 740).. بەشداریکردنی لە شەڕەکەدا دەرفەتی بە شێخ بەخشی کە بە بەرچاوڕۆشنییەکی نوێوە سەیری پەیوەندییەکانی کورد وعوسمانی بکات. هەروەها شێخی گەیاندە ئەو ئەنجامەی کە ئەو ڕۆڵەی ئیسلام لە ژیانی ئەو جڤاکانەدا گێڕاویە، یەکسان و ھەمچوونیەک نەبووە. لە کاتی شەڕدا شێخ دەستی کرد بە بیرکردنەوە لە لاوازی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی لە شەڕی دژی ڕووسیا و هەروەها ھەڵسوکەوتیان لەگەڵ کوردەکان وەک نیشانەی گەرایشی ”نائیسلامی“ تورکەکانی عوسمانی سەیر دەکرد. شێخ دڵنیا بوو لەوەی ئەو بەڵایانەی بەسەر دەوڵەتی عوسمانیدا هاتووە، دەرئەنجامی وازهێنانیان لە یاسا و نەریتە ئیسلامییەکان و بڵاوبوونەوەی بەربەرینی سستیی ئەخلاقی بووە. لای ئەو دەوڵەتی عوسمانی زۆر گەندەڵ بوو کە تەنانەت لەلایەن فەرمانڕەوایەکی بەهێز و نیازپاکیشەوە چاکسازی ھەڵندەگرت(Nehri, 2000: 108). بە باوەڕی شێخی نەھری، کورد نەتەوەیەکی موسوڵمانی ڕاستەقینە و بەئیخلاس بوون کە پێویست بوو ڕێگای خۆیان لە ڕێبازی  فارس و تورکی عوسمانی جیا بکەنەوە. شێخ چ لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ دوایت و چ لە شیعرەکانیدا، ئەم گەلانە بە نەبوونی ”ئایندارییەکی ڕاستەقینە و خالسانە“  تۆمەتبار دەکات. شێخ لە کتێبی ”مەسنەوی“ خۆیدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە تورکە عوسمانییەکان بە پێچەوانەی کوردەوە تەنیا ناوی ئایینیان پێوەبوو و بێبەش بوون لە ھەر جۆرە هەستێکی ئایینیNehri, 2000: 111)). شێخ لە گفتوگۆکەیدا لەگەڵ دوایت، جەختی لەسەر پرسی تەقوا و خلووسی کورد کردەوە و ئەوەی دەگەیاند کە میسیۆنێرەکان لەبارەی ئایینداری کوردییەوە بێئاگان: «ئێوە ئێمەی کوردبە ئینسانێکی خراپ دەزانن، چونکە ئیسلامی تورک دەبینن». ئەوە بە ھیچ شێوەیەک پەیوەندی بە دینی موحەمەدییەوە نییە، لەنێو کوردە [خواپەرستەکان]دا، ئینسانی چەواشەکار و ھەرزە، ناپاکی  و درۆکردن بوونی نییە» (ABCFM). ئەو ھەوڵ دەدات کە قەناعەت بە دوایت بێنێت کە ئیسلامی کوردی جیاوازە لە ئیسلامی ئەوانی دیکە. گوایە کوردەکان بە ”ئیسلامێکی ڕەسەنەوە“ دەژیان کە لە ”ژیانی بەفەزیلەت“ و ”ئەخلاقی بەرز“یاندا خۆی پیشان دەدا. شێخ ”ئیسلامی ڕاستەقینەی کوردە خواپەرستەکانی“ لەگەڵ ”مەسیحیەتی ڕاستەقینە“ بەراورد دەکرد کە پێی‌ وابوو میسیۆنێرەکان دەینوێننەوە. بەم شێوەیە «بەردەوام بوو و ڕووخساری بە زەردەخەنەوە ڕووناک بووەوە، ئێمە بەدوای ئەوەیدا دەگەڕێین کە تۆ بەدوایدا دەگەڕێیت»(ABCFM). شێخ بەهۆی ئەوەی لە ژێر کاریگەریی شاعیر و عاریفی بەناوبانگی فارسی سەدەی سێزدەهەم، جەلالەدین مەولەویدا بوو، زۆر خەمی لایەنی ڕێوڕەسمی[19] ئیسلامی نەبوو، چونکە پێی وابوو ئایینە یەکتاپەرستەکان، ھەموویان یەک شتن و تەنیا دەرکەوتنی جیاوازی، یەک ڕاستین. گێڕانەوەی دوایت لایەنەکانی بۆچوونە ئایینییەکانی عوبەیدوڵڵا و بێتەفاوەتی تەواوەتی ئەو بەرانبەر بە فۆرماڵیزمی ئایینی و لێکەوتە تیۆلۆژییە جۆراوجۆرەکانی پیشان دەدات. وێدەچێت ئەمە لەگەڵ ئەو بۆچوونانەدا بگونجێت کە لە بەرهەمە شیعرییەکەی شێخدا دەبینرێنNehri, 2000: 129)). شێخ زۆر حەزی لە دەرئەنجامی پڕاکتیکی عیبادەتی بکەری ئایینی و ئەو ڕێگایانە بوو کە بیروباوەڕی قەلبی لە کردارەکانی مرۆڤدا ڕەنگ دەداتەوە نەک لە قسەکانیدا(Soleimani, 2018). بۆیە بە دوایت دەڵێت، کە لە بنەڕەتدا، ئێمە بەدوای ئەو شتەدا دەگەڕێین کە ئێوە بەدوایدا دەگەڕێن.

شێخ ھەڵسوکەوتی خراپی سوپای عوسمانی لەگەڵ شەڕڤانانی کورد لە کاتی شەڕی ڕووسیا-عوسمانیدا وەک بەڵگەیەک بۆ بێدینی عوسمانییەکان و تەقوا و خلووس و بێخەوشیی کوردەکان سەیر دەکرد. بۆیە ئەو گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە کورد پێویستی بە دەوڵەتێکی تایبەت بە خۆی هەیە، دەوڵەتێک کە لەژێر ئەو دەوڵەتەدا کورد بتوانێت ”ژیانێکی خواپەرستانەی“خۆی بە دوور لە ستەم و سەرکوتی تورکی عوسمانی و فارس بەرەوپێش ببات. جەختکردنەوەکانی شێخ سەبارەت بە ئەزموونی شەڕی کورد لەگەڵ عوسمانییەکان، نائومێدی گەورەی ئەو لە هەموو دامودەزگای دەوڵەتی عوسمانی نیشان دەدات. ھەروەھا یارمەتیدەرە کە بەھیخۆکردنی ئیسلام لەلایەن ناوەند و پەڕاوێزەوە ببیندرێت و ئەمەیش بە نۆبەی خۆی پیشاندەری جیاوەزییە ئەتنیکی و کۆمەڵایەتییەکانە. بەتایبەت عوبەیدوڵڵا لە مەسنەوییەکەیدا، بە شێوەیەکی تاڵ و ناخۆش لە ژیانی کورد لە ژێر چەپۆکی فارس و تورکدا قسە دەکات کە بە تەواوی لەگەڵ چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ دوایتدا دەگونجێت (ABCFM). ماتەمینی شێخ بە تایبەتی کاتێک گرنگە کە دۆخی هاوچەرخی کورد، لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەهەم، لەگەڵ سەردەمی زێڕینی سەید تەها بەراورد دەکات.

سەید تەها، باپیرەی عوبەیدوڵڵا، لە دەیەکانی سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا کاریگەرییەکی زۆری هەبوو. «لە ساڵانی ١٨٤٠دا، کاتێک میر بەدرخان فەرمانڕەوای میرنشینی بۆتانی دەکرد، شێخ تەهای نەهری… کاریگەرییەکی بەرچاوی بەسەر ئەمیرەکەوە هەبوو».(Henning, 2018: 138) شێخ پێی وابوو، بەهۆی لەناوچوونی میرنشینە کوردییەکان لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا، کوردستانی ئەم سەردەمە زیندووییی خۆی لەدەست داوە. ئەو دەڵێت:«ئەم دۆخە وای لە خەڵک کردووە کە لە دۆڵەکانی نەزانیدا بسووڕنەوە»(Nehri, 2000: 129). بە باوەڕی شێخ، لە دەیەکانی پێشوودا، کوردستان چرای ڕێگەی زانست بوو. لە ڕووی ڕۆحییەوە هەموو ئەمانە، بە بێیاسایی و نەزانی جێگەیان گرتبووەوە. هەروەها ئاماژە بەوە دەدا کە تورک و فارس لە جەهل و بێیاساییی کورد بە قازانجی خۆیان کەڵک وەردەگرن. شێخ ئەوان بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە بارودۆخی هەنووکەیی بۆ درێژەدان و شەرعیەتدان بە ئامادەییی ستەمکارانەیان کەڵک وەردەگرن. هەر بۆیە عوبەیدوڵڵا سەرەڕای شکستەکەی لە ساڵی ١٨٨٠دا، دەستبەرداری ڕاپەڕینێکی دیکەی دژ بە دەوڵەتان نەبووبوو. شێخ لەو بۆچوونەدا بوو کە دەوڵەتی کوردی تەنیا و تاکە چارەسەرە بۆ دۆخی تاقەتپڕووکێنی کورد. کۆمەڵگەکەیان بە پێچەوانەی کۆمەڵگەی فارس و تورکە عوسمانییەکان، ”باوەڕی ئایینی ڕاستەقینە“یان پاراست.(Nehri, 2000:109,129) بە باوەڕی ئەو کورد لە « شارەزایی لە فەزڵ و ھونەردا ناوازە بوو: کەس نەیدەتوانی وەک کورد بەهرەمەند بێت ئەگەر بە باشی پەروەردە بکرایەت»(Nehri, 2000: 121). بەڵام بۆ پەروەردەی دروستیان، دەوڵەتێک پێویست بوو. بە دڵنیایییەوە پەروەردەی کوردی، ئەولەویەتی یەکەمی شێخ بوو لە بەدواداچوونی سەربەخۆییی کورددا. دوایت دەگێڕێتەوە کە کاتێک پرسیاری ئەوەی لێ کرا کە گەلەکەی زۆرترین پێویستی بە چییە، شێخ ئاماژەی بە بارودۆخی خراپی پەروەردەی کوردی و ئامادەنەبوونی حکوومەتی عوسمانی بۆ پشتگیریکردنیان کرد. ئەو پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە دەبێت شتێک «بۆ ڕۆشنگەریی گەلە گرفتاری تاریکی جەھلەکەی بکرێت»(داکۆکی زیاد کراوە، ABCFM). شێخ بە دوایت دەڵێت کە خوێندن و کتێب و قوتابخانە پێداویستییە سەرەکییەکانی کورد بووە. بە بڕوای دوایت، عوبەیدوڵڵا لە ڕووی بەهاکانیانەوە جیاوازی لەنێوان پەروەردەی ئایینی و عەلمانیدا نەکردووە. ئەو کوردەکانی بە شێوەیەک بە دوایت ناساند کە نەتەوەیەکن ”خوازیاری زانست“.

 شێخ خۆئیرجاعی بەکۆمەڵی خۆی، لەگەڵ ئەتنیکی خۆیدا گونجاند. لە هەمان کاتدا هەوڵی دا بابەتی سیاسی لەگەڵ بابەتی ئایینی نەتەوەییدا یەک بخات. شێخ عوبەیدوڵڵا لەسەر ”پاکژی وخلوسی“ ئیسلامی کورد، کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە تایبەتمەندیی نەتەوەی کوردەوە ھەیە سوور بوو، بە شێوەیەک کە ئەو پاکی و خلووسە ئایینییە، تەنیا لەنێو ھەڵگرانی سەرەتاییی پەیامی ئیسلامدا پەیدا دەکرا. بۆیە، ئەو ئیدیعای ئەوە دەکات:

کورد سەمبۆلی بەخشندەییە

‘دال’ لە کورددا کورتکراوەی دین (دینداری)یە

کاف، کورتکراوەی کەمال و کامڵبوون

ڕا، رۆشدە و پێگەیشتنی ڕۆحی

تەنها لە کورددا دەتوانی بیدۆزیتەوە

هەموو ئەم فەزیلەتانە بە یەکەوە(Nehri, 2000: 120-1).

ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە دەوڵەتی وێناکراوی ئەو، بە چاوپۆشین لە ڕادەی پابەندبوونی بە یاسا ئیسلامییەکانەوە، دەوڵەتێکی کوردی بووە. شێخ بەم شێوەیە هەوڵی دا کە بابەتی نەتەوەیی و بابەتی سیاسی هاوئاهەنگ بکات و لە پرۆسەکەدا ئیسلامەکەی، کردە ئیسلامێکی تارێنەرانەی تایبەت: ئیسلامێک کە ناوچەیی و مۆنۆپۆلکراو بە سیمایەکی تایبەتی نەتەوەیی بوو، کە بە ئاشکرا، دانیشتووە غەیرە موسڵمانەکانی کوردستانی لەخۆ گرتبوو.

نموونەکانی ناسیۆنالیزمی ئایینیی کورد لە سەدەی بیستەمدا

کاریگەریی شێخ عوبەیدوڵڵا لەسەر نەوەکانی دواتری کەسایەتییە سیاسییەکانی کورد، لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکراوە. ئەمەش ڕەنگە بەهۆی بارودۆخی نائاساییی ناوچەکە و نەخوێندەواری بەربڵاو لەنێو نەوەکانی پێشووتری کورد و قەدەغەکردنی مێژوونووسی کوردیدا بووبێت. بەڵام بەڵگەی گرنگ هەیە کە ئاماژەیە بۆ کاریگەریی بەربڵاوی ڕاپەڕینی ساڵی ١٨٨٠ی شێخ. بۆ نموونە تۆمارەکانی دەوڵەتی عوسمانی بە ڕوونی نیشانی دەدەن کە ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵا کاریگەرییەکی ماناداری لەسەر تێڕوانینی دوولایەنەی دەوڵەت و کورد هەبووە. بەم پێیە نزیکەی دە ساڵ دوای ڕاپەڕین، قەڵیشتێکی گەورە لەنێوان دەوڵەت و کورددا وجوودی ھەبوو. قەڵیشتێکی لەو شێوەیە کە دەوڵەتی عوسمانی ناچار کرد ستراتیژیەکی نوێ بۆ پڕکردنەوەی کەنداوی ئێستا دابڕێژێت و هەربۆیە پەنای بردە بەر بەکارهێنانی زمانی غەیرە تورکی بۆ قسەکردن لەگەڵ گەلی کورد[20]. ئەو حەقێقەتە کە زمانی تورکی وەک زمانێک تماشا دەکرا کە کورد لێی تێنەدەگەیشت، ئاماژەیە بۆ مەودای نێوانکۆمەڵگەی تورکی و کۆمەڵگەی کوردی. بەپێچەوانەوە، زمانی عەرەبی هاوشانی زمانی کوردی و فارسی یەکێک بوو لەو زمانانەی کە لە مەدرەسە کوردییەکاندا باو بووە و دەوتراوە. بۆیە دەوڵەت دوای ئەو ھەڵسوکەوتەی لەگەڵ شێخ عوبەیدوڵڵا ھەیبوو، بە هیوای بانگەشەی سیاسەتی نوێ و دامەزراندنی پەیوەندیی تازە لەگەڵ کوردان، زمانی عەرەبی بەکار هێنا. هەر لەبەر ئەم پاشخانە بوو کە ڕژێمی عەبدولحەمید زنجیرەیەک ستراتیژی نوێی سیاسی بە ئامانجی تێکەڵبوونی زیاتری کورد لەگەڵ دەوڵەتدا گرتەبەر. عەبدولحەمیدی دووھەم خۆی ڕایگەیاندبوو کە «ئێستا دەتوانین لەناو سنوورەکانماندا ئەو کەسانە تەحەمول بکەین کە هاوبەشی ئایینیمان لەگەڵیاندا ھەیە و [بۆیە] یەکێکن لە ئێمە، پێویستە توخمە تورکییەکە لە ئەنادۆڵ بەهێز بکەین و ئەولەویەت بدەین بەوەی کە کورد بکەینە بەشێک لە خۆمان».(داکۆکی زیاد کراوەHeper, 2007: 47). وەک بەشێک لە ”بەهێزکردنی توخمە تورکییەکە لە ئەنادۆڵ“ لە ژێر پەردەی ئاییندا، دەوڵەت قوتابخانەی عەشیرەتی و هەروەها سوارە نیزامی حەمیدییەی دروست کرد، کە ئامانجی ئاسیمیلەکردنی کوردستان لە دوای ڕاپەڕینی شێخ بوو(Akpmar and Rogan 1997; Klein, 2016).

بەھەرحاڵ، سیاسەتی دژە ناوەندیی کوردی سوننە بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوام بوو. تۆمارە عوسمانییەکان پەردە لە نیگەرانییەکی زۆری دەوڵەت لە هەندێک کەسایەتی و بنەماڵەی ئایینی سەربەدەرەوەی کورد ھەڵدەدەنەوە. ئەم بابەتە بە تایبەت سەبارەت بە شێخەکانی بارزانی و بەرزەنجی دێتە ئاراوە کە چالاکییەکانیان زۆر جار لە بەڵگەنامەکانی دەوڵەتدا بە ئیفساد (بڵاوکردنەوەی خراپەکاری و گەندەڵی) و تەبلیغ دژی سیستەمی عوسمانی  ناو دەبرا. بۆ نموونە تۆمارە عوسمانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرپرسانی دەوڵەت لە دەیەی کۆتاییی سەدەی نۆزدەهەمدا شێخەکانی بەرزنجییان بە چالاکی دژی دەوڵەت تۆمەتبار کردووە[21]. لە ساڵی ١٩٠٨ شێخ عەبدوسەلام بارزانی هەندێک داواکاری سیاسیی تایبەتی خستە ڕوو، کە جارێکی تر بەردەوامیی ناسیۆنالیزمی ئایینی لەنێو کورددا پیشان دا. بارزانی پێداگری لەسەر پێویستی جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی ئایینی-سیاسی کرد و داکۆکی لەسەر تایبەتمەندیی شافیعیزم (ئەو قوتابخانەی یاساییی ئیسلامییە کە کوردانی سوننە پەیڕەوییان لێ دەکرد) و تایبەتمەندیئەتنیکی زۆرینەی دانیشتووانی کوردستان کردووە. ئۆتۆنۆمی داھاتوو و خوازراوی بارزانی، دەبوو زمانی کوردی بکاتە زمانێکی فەرمی. وای دەویست ئەو ماڵیاتانەی لە کوردستان وەردەگیرێن بۆ کورد خەرج بکرێن و کاروباری کورد لەلایەن خودی کوردەوە بە پێی مەکتەبی فیقهی شافیعی بەڕێوە بچێت[22].Barzani, 1997: 25-7; Olson, 1991:16-17)). ناڕەزایەتیی شێخی بارزانی لە سیاسەتەکانی عوسمانی کۆتایی نەدەھات تا ئەو کاتەی کە لە ساڵی ١٩١٤دالەلایەن جەماعەتی ئیتیحاد و تەرەقی (CUP) حکوومەتەوە لە سێدارە درا( Barzani, 1997: 1, 27).

پۆرترێتی شێخ عوبەیدوڵلای نەهری (١٨٣٠-١٨٨٣)

ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵا یەکێک بوو لە زنجیرە چالاکییەکانی بەرخۆدان کە کاریگەرییەکی بەرفراوان و بەردەوامی لەسەر کەسایەتییە ئایینییە کوردەکان لە قۆناغی دوای ١٨٨٠دا هەبووە. جێگای سەرنجە، بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە قۆناغەکانی دواتری سیاسەتی کوردیدا ڕۆڵێکی یەکجار گرینگیان هەبووە و ئامرازی بەردەوامبوونی بیروباوەڕکەی بوون. کوڕە بچووکەکەی عوبەیدوڵڵا، واتە شێخ عەبدولقادر، کە لە سەردەمی پاش حەمیدییەکاندا بوو بە سەرۆکی مەجلیسی سەنای عوسمانی، وەک کەسایەتییەکی گرینگ لە سیاسەتی کوردیدا دەرکەوت و تا ئەو کاتەی لە ساڵی ١٩٢٥دا لەسەر دەستی کەماڵیستەکان لە سێدارە درا، چالاکی ھەبوو[23]. هەمان شێخ عەبدولقادر[24] دوای ئەوەی لە ساڵی ١٨٨٢دا دەربەدەر کرا، سەرکردایەتی گروپێکی بەدەستەوە گرت کە لە مەککەوە دژی خەلافەتی حەمیدی پڕۆپاگاندای بڵاو دەکردەوە. ئەم تاقمە کوردە بەڵێنیان بۆ خەبات دژی دەوڵەتی عوسمانی وەک ئامرازێک بۆ پاڵپشتیکردنی خواستی خۆیان بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ نوێ کردەوە[25]. هەروەها نەوەى عوبەیدوڵڵا، سەید تەها، وەک کاریگەرترین ڕاوێژکاری ئیسماعیل ئاغای سمکۆ کاری کردووە، کە لە ساڵی ١٩١٨ تا ١٩٢٨ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان (لە ئێران) سەرکردایەتی بزووتنەوەیەکی کوردی کردووە. بزووتنەوەی سمکۆ بە ڕوونی سیاسەتی کوردی-سوننەی عوبەیدوڵڵا پیشان دەدات.

دەسەڵاتی ناوچەیی سمکۆ، قەڵیشتی ئەتنیکی و ئایینی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کرد. هەرچەندە سمکۆ کەسایەتییەکی ئایینی نەبوو، بەڵام بزووتنەوەکەی ئامرازی تێکەڵبوونی ئەتنیکی کورد لەگەڵ سوننەگەریدا بوو، کە تا ئێستا لە نووسینەکان لەسەر ئەم بابەتە، هیچ بایەخێکی ئەوتۆی پێ نەدراوە. لە ناوچەی گۆلی ورمێ و لە سەردەمی سمکۆدا ئەوانەی پێیان دەگوترا ”عەجەم“، بە گشتی بە شیعەی غەیرە کورد تێدەگەیشرا. زۆرینەی زۆری کوردانی ناوچەکە سوننە بوون. سوننییایەتی و کوردایەتی تەقریبەن هاوواتا بوون. دووانەی کوردی سوننە لە ھەمبەر ئێرانی شیعەی غەیرە کورد، ئەو دوانە دژبەرە بوون کە هەم کورد و هەم غەیرە کورد بەکاریان دەهێنا. بەم جۆرە ناوبەناو بۆ هەردوولا کوردایەتی واتای نائێرانی بوون دەگەیەنێت و قەڵیشتە گرینگەکەی سوننە و شیعەبوون وەدەر دەخات(Soleimani, 2017b).

بگەڕینەوە بۆ باسی بنەماڵەی عوبەیدوڵڵا، شێخ عەبدولقادر، لە سەردەمی دوای حەمیدییەکاندا، بەردەوام ڕۆڵێکی چالاکی لە سیاسەت و سەرکردایەتی گروپێکی ناسراوی کورد ھەبووە. جێگای سەرنجە، بە لەبەرچاوگرتنی ناجێگیری دۆخی کورد لە ژینگەیەکی دوای جەنگی جیھانیی یەکەمدا، عەبدولقادر داواکارییە سیاسییەکانی کوردی لە شێوەی خواستی ئۆتۆنۆمی نەک سەربەخۆیی، لە بەردەم ڕای گشتیدا، جومگەبەندی کرد. بەڵام لە نھێنیدا خۆی و سەید تەهای برازای بە هەوڵە بێوچانەکانیان بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی بەریتانیا بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی ناسرابوون.(Zelyut, 2010: 59) بەڵگەنامەکانی بەریتانیا ئاشکرای دەکەن کە لە قوستەنتەنییە عەبدولقادری شەمدینان ئامادە بووە… پۆستی فەرزی فەرمانڕەوای کوردستانێکی یەکگرتوو وەربگرێت[26]. ڕەنگە عەبدولقادر هیوادار بووبێت کە ئەگەر کورد بتوانێت دۆسیەی خۆی بخاتە ڕوو، ڕەنگە کۆمەڵەی نەتەوەکان دان بە مافی دەوڵەتی سەربەخۆی کورددا بنێت(Teqi and Teqi, 198813-15). کەواتە، وێدەچێت عەبدولقادر لە دیدارە نهێنییەکانی لەگەڵ نوێنەرانی ڕۆژئاوادا، لەگەڵ بەدیعوزەمان سەعید نوورسی و ئەوانی دیکە، لە دەربڕینی خواستی ڕاستەقینەی کورد ئاسوودەتر بووبێت .(Cemil Pasa, 1991: 7)

ناسیۆنالیزمی ئایینی شێخ سەعیدی نوورسی و شێخ سەعیدی پیران

بنەماڵەی عوبەیدوڵڵا لەلایەن خەڵکەوە لە سەرانسەری کوردستاندا ڕێزیان لێدەگیرا و دەناسران و دەستوپەیوەنددار بوون. ناسراوترین لە نێوانیاندا بەدیعوزەمان سەعید نوورسی (١٨٧٦-١٩٦٠) و شێخ سەعیدی پیران(d. 1926) بوو.نوورسی، هاوشانی شێخ عەبدولقادر، یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی جەمعییەتی تەعالی کوردستان(Mardin, 1989: 90). بەهۆی کاریگەری لەسەر بیری ئیسلامی مۆدێڕن لە تورکیا، ئەندێشە و ئاسەواری نوورسی بوونەتە بابەتی ڕاڤەی جۆراوجۆر. بۆ ئیسلامییە تورکەکان هەر باسێک لەسەر ناسیۆنالیزمی نوورسی شتێکی بێمانایە.

نوورسی بە ڕەچەڵەک خەڵکی شاری کوردنشینی ڤان بووە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٠٧دا سەردانی ئەستەنبۆڵی کردووە، لەو سەردانەدا داوای لە سوڵتان کردووە ڕێگە بە پەروەردە بە زمانی کوردی بدات. سوڵتان وەڵامی نوورسی بە ناردنی بۆ نەخۆشخانەی دەروونی دایەوە. ئاسەواری مێژوونووسە ناسیۆنالیستەکانی تورک[27]هەوڵ دەدەن، چالاکییەکانی نوورسی بۆ هێنانە ناوەوەی زمانی کوردی لە سیستەمی پەروەردەدا کەمڕەنگ بکەنەوە. هەروەها هەوڵ دەدەن داواکارییە نەتەوەتەوەرەکانی ئەو تەمومژاوی بکەن. بەم شێوەیە، م.هاکان یاوز، نووسەری ناسیۆنالیستی تورک، پێمان دەڵێت کە « نوورسی لە ساڵی ١٩٠٧ لە هەوڵێکدا بۆ گونجاندنی زانستە سروشتییەکان لەگەڵ زانستە ئیسلامییەکان، سەردانی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووھەمی کرد بۆ ئەوەی داوای پشتگیریی لێ بکات بۆ کردنەوەی زانکۆیەک لە ڤان. بەڵام سوڵتان پێشنیارەکەی بۆ گونجادن و سازاندنی عەقڵی زانستی لەگەڵ ئیسلام ڕەت کردەوە»( داکۆکی زیاد کراوە، Yavuz, 2003: 152-3). لە ڕاستیدا عەبدولحەمیدی دووھەم دژی زانستە مۆدێڕنەکان یان پەروەردەی مۆدێڕن نەبوو؛ بە پێچەوانەوە ڕژێمەکەی ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە پەرەسەندنی پەروەردەی مۆدێڕن لە ئیمپڕاتۆریەتەکەداFortna,2002)). سەرەڕای ئەوەش، پەروەردە و فێرکاری کوردی بۆ سەعید نوورسی وەک بابەتێکی ھەتاھەتاییی درێژاییی ژیانی مایەوە. نوورسی زۆر هیوادار بوو کە بە لەناوچوونی ڕژێمی حەمیدی سەردەمێک دەست پێ بکات کە قوتابخانەی نوێ چارەنووسی ئەو کوردانەی کە ئەو ناوی ھاوڕەگەز و ھاوجۆری خۆی لێنابوون، بگۆڕدرێت(Nursi, 2009). ئەو پێی وابوو شۆڕشی دەستووری ساڵی ١٩٠٨ شتی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت و لە هەمووی باشتر پەروەردەی کوردی دەبێت. بەم شێوەیە ڕایگەیاند کە «لە ماوەیەکی کورتدا قوتابخانە لەو شوێنانەدا دروست دەکرێت کە هەرگیز نەبووە و قوتابخانە مۆدێڕنەکان جێگەی قوتابخانە کۆنەکان لە [هەموو ناوچەیەکی کوردستان] دەگرنەوە(Nursi, 2009: 30). نوورسی پێی وابوو کە نەبوونی خوێندەواری لە نێو کورددا بووەتە هۆی چەوساندنەوەیان لەلایەن ئەو کەسانەی کە ”ڕۆژگارێک لەوان خوارتر و کەمتر بوون[28]“. بۆیە زۆر سەرسام بوو بەو کەسانەی کە ژیانی خۆیان بۆ زمانی کوردی و باشترکردنی تەرخان کرد. نوورسی ئیدیعای ئەوەی دەکرد کە «خۆتەرخانکردن بۆ گەشەدان بە زمانی دایکی، ئاوێنەی باڵانوێنیی گەشەونەشەدان و بڵاوکردنەوەی ھەستی نەتەوەیییە»(Nursi, 2009: 191). بە باوەڕی ئەو، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان بەربڵاویی هەستیی نەتەوەیی و ڕێزگرتن لە زمانی دایکیدا هەبوو. ھەر بۆیە گرنگییەکی زۆری بە بیرۆکەی ”خۆی بەکۆمەڵ[29]“ و ڕۆڵی زمانی دایکی لە پێکهاتنی تەندروستانەی وەها ”خۆیەک“ داوە. نوورسی لە هەوڵێکدا بۆ وەسفکردنی بەهای زمانی کوردی، تا ئەو جێگە پڕکێشی کرد کە پلەی بەهای خودی مرۆڤ، یەکسان بکات لەگەڵ  پەرۆشی و خۆتەرخانکردن بۆ زمانی دایکی. نوورسی لە بەرهەمەکانی پێش ساڵی ١٩٢٥دا بەهۆی کەمتەرخەمییان بۆ ”زمانی دایکی“ سەرزەنشتی کورد دەکات و هوشداری ئەوە دەدات:

ئەوەی پێی دەوترێت زمانی دایکی ئاوێنەی بڵاوبوونەوە و گەشەونەشەی ھەستی نەتەوەیییە، ئاوی حەیاتە و ئەو دارەیە کە لە تێکۆشانی ئەدەبییەوە پەروەردە کراوە، پێوەری زانست و پێودانگی [لە ئاستی بەکۆمەڵدا] بتمانەبەخۆیی و کەماڵە… من ماتەمینی خۆم دەردەبڕم لەوەی کە ڕێگەمان داوە، زمانمان کە نیشانەی شارستانییەتە وشک و کەموکووڕ و ناکارامە بێت (داکۆکی زیاد کراوە، (Nursi, 2009: 191,. هەروەها نوورسی نیگەرانی و ناڕەحەتی خۆی لە نووسین بە زمانە غەیرە کوردییەکان دەردەبڕی. ڕەنگە هەستی بەوە کردبێت کە زمانی نووسینەکەی واتە عەرەبی و تورکی بۆ خەیاڵ و وێناکردنەکەی نامۆن و بە شێوەیەکی دڕندانە قسەکردنەکەی تێک دەدەن. بۆیە، دەڵێت «من بە کوردی بیر دەکەمەوە، بەڵام دەبێت بە زمانی عەرەبی و تورکی بنووسم کە لە ڕێگەیەوە شێوازی نووسینی خەیاڵ و وێناکردنم، ناتوانێت بیرکردنەوەکەم بگەیەنێت(Nursi, 2009: 439). نوورسی وەکوو کوردێک ھەستی بە لەخۆنامۆیی لە ئەندێشەی خۆیدا دەکرد، کاتێک ئەندێشەکانی بە زمانی بێگانە دەردەبڕی.

نوورسی ستایشی ئەو کەسانەی دەکرد کە بەرھەمەکانیان بۆ زمانی کوردی تەرخان کردووە. نموونەیەک کە ئاماژەی پێ دەکات و سەرسامی و پەسنی لەڕادەبەدەری خۆیی بۆ دەردەبڕێت، خەلیل خەیاڵییە، یەکێک لە بەناوبانگترین ئەدیبانی کوردی باکوور[30]. نوورسی خەیاڵی بە ”سەرچەشنی نیشتمانپەروەری[31]“ ناو دەبات. نوورسی لە یەکێک لە باسەکانیدا بە ئامادەبووانی دەڵێت، «رێگەم بدەن بە سەرچەشنێکی نیشتمانپەروەری ئاشناتان بکەم، خەلیل خەیاڵی ئەفەندی، کە لە چالاکییە زمانەوانییەکانیدا، وەک هەموو بوارەکانی دیکەی نیشتمانپەروەری، ڕۆڵێکی پێشەنگانەی بینیوە»((Nursi, 2009: 191. کاریگەریی نوورسی تەنیا کورت نەدەکرایەوە بۆ ناسیۆنالیزمی زمانی. وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، ناسیۆناڵیستە تورکەکان، چ ئایینی بن یان ئەوانی دیکە، ناسیۆنالیزمی کوردیی نوورسییان کردووە بە خاڵێکی گەورەی ململانێ و پێکدادان. بەهۆی کاریگەرییە گەورەکانی نوورسی لەسەر ئیسلامیزمی تورکیا، تورکە ئیسلامییەکان بە توندی ڕەتی دەکەنەوە کە ئەو جۆرە ئیعتبارە بە ئەو نیسبەت بدەن. ھەر بۆیە ئیدیعای ئەوە دەکەن کە نوورسی «هەمیشە لە بڵاوکراوە و وتارەکانیدا ناسیۆنالیزمی ئیدانە کردووە»(Uzer, 2011: 112). لایەنگرانی ئەو کە بە تورکە نوورسییەکان ناسراون و زۆربەیان شوێنکەوتووی فەتحوڵڵا گۆلەن، پیاوی ئایینی بەناوبانگی تورکن، لەوەش زیاتر پەل دەکێشن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە «نوورسی بە درێژاییی ژیانی، دژی هەر جۆرە چالاکیەکی کوردی وەستاوە»(Colak, 2009: 134). ھەڵبەت ئیدیعاکانی ناسیۆنالیستە تورکەکان لە دەوروبەری نووسینەکانی پاش-تاراوگەی نوورسیدا دەسووڕێنەوە بەڵام من لە شیکارییەکەمدا بە وردی سەرنج دەخەمە سەر نووسینەکانی پێش 1925، چونکە لە کاتی تاراوگەدا بە تەواوی لە پەیوەندی لەگەڵ کورد بێبەش بوو. بۆیە ئەوە ئیدیعای منە کە نووسینە گشتییەکانی نوورسی سەبارەت بە ئیسلام، نکۆڵی لە هەست و تێڕوانینە ناسیۆنالیستییەکانی ئەو ناکەن. گومان لەوەدا نییە کە نوورسی تا ڕادەیەک بۆچوون و تێڕوانینی ئاڵۆزی لەمەڕ دەوڵەتی مۆدێرن و ناسیۆنالیزمەوە ھەبووە. بە تایبەتی لە کردوکرداری جەماعەتی ئیتحاد و تەرەقی ترسابوو، کە ئەوانەی بە شێویەکی سەیروسەمەرە، بەجەستەکراوی دەوڵەتداری مۆدێڕن دەزانی. بەھەرحاڵ، نوورسی دواتر لە سەردەمی دوای جەنگی جیھانیی یەکەمدا، ئەم بۆچوونانەی پەرەپێدا، چونکە نەیتوانی دەوڵەتسازی مۆدێڕن لە شارستانییەتی ڕۆژئاوا و ئەنجامە کارەساتبارەکانی جەنگی یەکەم جیا بکاتەوە ( بڕوانە،Nursi, 2009: 250-4). بێ گومان ئەم جۆرە بۆچوونانە وای لێ کرد کە لەڕادەبەدەر لە بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ لە کردەوەی سیاسیدا دوودڵ بێت.بەڵام دوورکەوتنەوەى نوورسى لە ئەکتی سیاسی، کە لە ساڵى ١٩٢٦دا لە ڕاپەڕینى شێخ سەعیدی پیراندا خۆی پیشاندا، نکۆڵی لە هۆگرى ئەو بۆ چارەنووسى سیاسی کورد ناکات. سەرەڕای گومان و دڕدۆنگییەکانی، نوورسی دانی بەوەدانا کە دەوڵەتی مۆدێڕن دەتوانێت دەورێکی گرنگ لە دابینکردنی پەروەردەی گشتی و تەندروستی و ئەمنییەت بگێڕێت. بەم پێیە لەگەڵ ئەوەشدا ھەستی بەوە دەکرد کە دەوڵەت لە زاتی خۆیدا دامەزراوەیەکی توندوتیژە، بەڵام بە پێچەوانەی ئیسلامییەکانی ئەمڕۆ، پێی وا نەبووە کە بە تەنیا ئایینداریی فەرمانڕەواکان، دەوڵەتی مۆدێڕن لە بەکارهێنانی دەسەڵاتی وێرانکەر ڕابگرێت[32].

سەعید نوورسی (١٩٧٨-١٩٦٠)

نوورسی تووشی دووڕێیانێکی گەورە بوو: لە لایەک بانگەشەی بۆ ئەوە دەکرد کە ناوی نابوو ناسیۆنالیزمی ئەرێنی[33]، فۆڕمێکی مامناوەندی ناسیۆنالیزم[34] کە لە مافی بەکۆمەڵی خەڵک بۆ بە دەوڵەتبوون بەرگری دەکرد، لە هەمان کاتدا خۆی لە نکۆڵیکردن لە بوون و مافەکانی نەتەوەکانی دیکە بەدوور دەگرت(Nursi, 2009: 243). لە لایەکی دیکەوە و لەگەڵ ئەوەشدا بە باوەری نوورسی، ئەمە بە واتای باوەڕ بە شەرعییەتی هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتی عوسمانی بوو، کە دوا پەناگەی موسوڵمانەکان لە دژی ئەورووپا لە ئەژمار دەدرا. ئەم جۆرە لە دووفاقەیی و وەفاداری دوانەیی[35]، ڕەنگدانەوەی نیگەرانییەکانی بوو سەبارەت بە چارەنووسی ھاونیشتمانە کوردەکانی لە بەرانبەر گەشەسەندنی ناسیۆنالیزمی تورکیدا. بۆیە لە ساڵی ١٩٢١ نوورسی فۆڕمێکی جێگرەوەی بۆ خەلافەت پێشنیار کرد، فۆڕمێک کە تەنیا ڕۆڵی ڕاوێژکاری لەناو تورکیادا بگێڕێت و هێمای یەکگرتوویی گشت جیهانی ئیسلام بێت. بەم پێیە، نوورسی داکۆکی لەسەر سیستەمێک دەکرد کە تێیدا پاشا، سەرپەرشتی (نزارەت) سی ملوێن کەس دەکات [لە ناو تورکیا]، و وەک خەلیفەیەک هێمای پەیوەندییە پیرۆزەکەی نێوان سێ سەد ملوێن [موسڵمان لە سەرانسەری جیهاندایە](Nursi, 2009: 258). نوورسی دژی زیادبوونی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم و دەوڵەتە موسوڵمانەکان نەبوو. بە پێچەوانەوە، ئەمەی وەکوو «گەیشتن بە سەروەری ڕەوای خۆیان سەیر دەکرد»(Nursi, 2009: 179). ڕەنگە ئەو بیری لە سەرهەڵدانی دەوڵەتە نەتەوەیییە موسوڵمانەکان وەک زەمینەیەکی لەبار بۆ بەدیهێنانی مافەکانی تاک کردبێتەوە. بۆیە جەختی لەوە کردەوە کە «هەموو تاکێکی موسوڵمان پشکی مافی خۆی لە سیستەمی نوێی حوکمڕانیدا بەدەست دەهێنێت لەبەر ئەوەی بیرۆکەی سەروەری نەتەوەییhakimiyet-I milliye) ) لە ئاسیادا لە حاڵی برەودایە»(Nursi, 2009: 179).بە سەرنجدان بەو ڕاستییەی کە نوورسی لە ناسیۆنالیزم وەک مافێک تێیگەیشتبوو، بەزەحمەت دەیتوانی لە دژایەتی ناسیۆنالیزمی کوردیدا بوەستێت؛ تەنها ئەم بڕگەیەی خوارەوە بۆ پاساوی ئەو باسە بەسە:

«ئەوەی پێی دەوترێت نەتەوایەتی «ملییەت» [ڕەگ و ڕیشەی لە] قووڵاییی ڕابردوودا هەیە، بەسەر سەحرا بەرفراوانەکانی ئێستا و داهاتوودا… [ڕەگ و ڕیشەی لە] [دەنگی] سەرسوڕهێنەری کوردەکان وەک دەنگی کوڕەکانی زاڵ داکوتاوە، ڕۆستەم و سەلاحەدین ئەیووبی، وەک یەک خێزان لە چادرێکدا لەسەر لووتکەی شاخێک کۆ بوونەوە… فەرمان بە هەمووتان دەدەم کە ببنە یەک ڕۆح کە یەکگرتووییی میللەت لە پێناو پاراستن و بەختەوەرییەکەیدا بەرجەستە بکات… [ئەوەیە] بە سەرھەڵدان و تەقینەوەی ڕۆح و حەمییەتی ناسیۆنالیستی [مرۆڤ] لە فەزیلەتە ئەخلاقییەکان سەرکەوتوو دەبێت و کارەکتەری خۆی پاڵاوتە دەکات(Nursi, 2009: 189). ھەروەھا باسوخواسی ئەو لەسەر ستەمکاری و سەرەڕۆییی ئەوەمان بۆ دەردەخات کە نوورسی بە قووڵی لە خەمی چارەنووسی ھاونیشتمانییە کوردەکانیدا بووە. ئەو پێی وابوو، جگە لە ستەمکاریی سیاسی، فۆڕمەکانی ستەمکاریی سکۆلاستیکی و کۆمەڵایەتیش هەن کە سیستەمێکی دەستووریخوازی[36] (مەشروتییەت) چارەسەری ئەوانە دەکات(Nursi, 2009; 189). لە لای نوورسی دەستووریخوازی تەنیا سیستەمێکی سیاسی نەبوو. بەڵکوو فۆڕمێک بوو لەو کولتوورە سیاسییەی کە تێیدا بیرۆکەکان لەسەر بنەمای بەها و شایستەییی سروشتی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. ئەو پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە بەبێ ناشتنی ”سەرەڕۆیی کۆمەڵایەتی“ و وەرگرتنی کولتووری دەستووریخوازی، کوردەکان ناتوانن ڕکابەری لەگەڵ ئەوانی دیکەیان بکەن. نوورسی پێی‌وابوو پەیوەندییەکی چڕی سیستەماتیک لەنێوان بڵاوبوونەوە و گەشەی سەرەڕۆییی کۆمەڵایەتی یان ”ڕکابەریی خێڵەکی[37]“ و کەموکووڕی هەستی ناسیۆناڵیستیدا ھەیە. ئەو ئیدیعای ئەوەی دەکرد کە «هەموو نەتەوەیەک حەوزێکی ڕۆحی هەیە کە بوێری و شەرەف و دەسەڵاتی نەتەوەییی خۆی پێک دەهێنێت و دەیپارێزێت کە بە گشتی بناغەکانی هۆشیاری نەتەوەیی دادەمەزرێنێت(123-124:Nursi, 2009). ئەم سیفەتانە «وەک ڕشتەیەک لە کۆپەڵە [تاردارەکان] کاردەکەن …. کاتێک بیرۆکەی نەتەوەیی لە یەک دەپسێت … نەتەوە، واقیعی خۆی لەدەست دەدات»(داکۆکی زیاد کراوە،123-124:Nursi, 2009). نوورسی هۆشداری دا، کورد دەبێت بزانێت، کە هەندێک سەرکردەی ئایینی و کۆمەڵایەتیی کورد، نمانا و سەمبۆلی سەرەڕۆیی و ستەمکاری بوون. لە ڕاستیدا ستەمی ئەوان لە ڕادەبەدەر وێرانکەر بوو و بەربەستی گەورەی بەردەم نەتەوایەتی کورد بە حسێب دەھات(Nursi, 2009: 123-4). نوورسی لە وتاری ساڵی ١٩١١دا بە ناونیشانی ”مونازەرات“ (دیبەیتەکان) بانگەشەی ئەوە دەکات کە کورد سەرەڕای ئازایەتی و حەماسەتی بانئاسایی[38] و کەسایەتیی ڕیزپەڕی[39]، لەدوای گەلانی دراوسێی خۆیدایە کە دەوترێت ژمارەی حەشیمەت و دەسەڵاتیان هاوڕادەی کورد نییە(Nursi, 2009: 123). بە باوەری نوورسی ھۆکاری دۆخی نالەباری ھاوچەرخی کورد، سەرەڕۆیی کۆمەڵایەتی بوو کە بە نۆبەی خۆی ھۆکاری سەرەکیی کەموکووڕییە بنەڕەتییەکانە لە سیاسەتی کوردیدا (Nursi, 2009: 123).

هەر کاتێک باس لە ناسیۆنالیزمی کوردی نوورسی دەکرێت پرسیارێکی جیددی دێتە ئاراوە: بۆچی نوورسی نەچووە پاڵ ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٢٥ی شێخ سەعیدی پیران، سۆفی سوننەی ھاونیشتمانی خۆی، لە دژی دەوڵەتی کەماڵیستی؟ ناسیۆناڵیستە ئایینیەکانی تورکیا بە تایبەتی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نوورسی بە توندی دژی ڕاپەڕینێکی ناسیۆنالیستی وەک ڕاپەڕینەکەی شێخ سەعید وەستایەوە. جگە لەوەش پێمان دەڵێن کە نوورسی هۆشداری داوە بە کورد کە لە دژی سوپای موسوڵمانانی تورکیا شەڕ نەکەن (ئیدیعای هاوشێوە لە لایەن شوکران[40] و ئەبوڕەبیع[41] دووپاته دەکرێنەوە 2005: 109). یان ئەوەی کە نوورسی پێی وابووبێت کە «ڕەنگە سەد هەزار قیدیس لە سوپای عوسمانیدا هەبن»(Sikran and Abu-Rabi‘, 2005: 109). ئاکادمیسیەنەکانی تورک، جەماڵەدین کانلی[42] و یووسف کەنعان بەیسیلەن[43] پێشتر نیشانیان داوە کە ئەم جۆرە باسانە ناتەبا و دژیەک و نایەکانگیر و لە ڕاستیدا ھەڵەن(Canli and Beystlen, 2010: 298-310). ئەم مێژوونووسە تورکانە بە چڕی لەو چیرۆکانەیان کۆڵیوەتەوە و تیشکیان خستۆتە سەر ناتەبایی و دژیەکبێژییە زەقەکانیان. بەھەرحاڵ لەگەڵ ھەمووی ئەمانە، کاتێک باس لە وڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی سەرەوە دەکرێت، کۆمەڵێک پرس هەن کە پێویستە لەبەرچاو بگیردرێن. یەکەم: شێخ سەعید لە ڕاپەڕینی پیران، کە لە شوێنێکی دیکەدا باسی لێوە کراوە ((Soleimani, 2016a, نوێنەرایەتی سەرهەڵدانێکی دیکەی ناسیۆنالیزمی کوردی دەکرد، کە لە ڕووی ئایینی و سیاسییەوە لەگەڵ بۆچوونەکانی نوورسی سەبارەت بە هەردوو ئیسلام و ناسیۆنالیزم یەک دەگرێتەوە. دووھەم: نوورسی پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ کاریگەرترین سەرکردەکانی ڕاپەڕین هەبووە و براکەی خۆی ڕۆڵی سەرکردایەتی تێدا بینیوە. سێھەم: بەڵگەنامە هەیە کە تەنانەت دوای دە ساڵ، نوورسی نەیتوانی هاوسۆزی خۆی بۆ باڵاترین سەرکردەی ڕاپەڕین بشارێتەوە و تەنانەت لە یەک حاڵەتدا تۆڵەسەندنەوەی شێخ سەعیدی ڕاگەیاند(Cevik, 1996: 8-15). ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی نوورسی ڕۆڵی کارای لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٢٥ی کورددا نەگێڕا؟. من دەڵێم دەکرێت دوو هۆکار هەبێت بۆ ئەمە: یەکێکیان دەروونناسانە و ئەوی دیکەیان ئایینی.

موناقەشەی من ئەوەیە کە سەرەڕای ناسیۆنالیزمی کوردی، نوورسی ئەوەندەی پەل نەدەکێشا کە لە دژی جڤاکێکی تری موسوڵمان شەڕ بکات. ھەر بۆیە ڕەنگە فۆڕمێکی ناتوندوتیژیی بەرگری لە کوردی پێ باشتر بووبێت، سەرەڕای ئەوەی پێی وابوو ناسیۆنالیزمی قەومی دەتوانێت کۆمەڵگەی کوردی بەرەو پێشەوە ببات و تایبەتمەندییە نەتەوەییەکەی پاڵاوتە بکات.تەنانەت جارێک پێشنیاری کرد کە کورد لە ئەرمەنییەکانەوە هاوکاری وەربگرێت و فێری ناسیۆنالیزم بێت(Nursi, 2009: 160). هەموو ئاماژەکان ئەوە پیشان دەدەن کە نوورسی وای وێنا دەکرد کە توندوتیژیی کۆمەڵگەیەکی موسوڵمان لەنێوان خۆیاندا، لە ژێر گوتەزای ناسیۆنالیزمی نەرێنیدا[44] دەگونجێت: واتەسەپاندنی مەترسی لەسەر بوونی نەتەوەیەکی دیکە. سەرەڕای ئەوەش، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی نالەبار و ناجێگیری کورد، ڕەنگە نوورسی ڕاپەڕینی کوردی بە هەڵەیەکی ستراتیژی زانیبێت. زۆرێک لە کوردەکان پێیان وابوو لە ئەگەری پێکدادان لەگەڵ دەوڵەتدا، کورد لە ئامۆزا ئەرمەنییەکانیان باشتر دەرناچێت. نووسینەکانی پاش شەڕی جیھانیی یەکەمی نوورسی، دەریدەخەن کە لە سستی و لاوازی دەوڵەتی مۆدێڕن و ئەو ھەلومەرجە ئاسانکارییەی کە توندوتیژیی ئازاد کردووە، ترس و دڵەڕاوکێی بووە.

هەروەها دۆخی دەروونناسانەی نوورسی و گەرایشە زاهیدانە ڕوولەھەڵکشانەکانی، دەبێ خواستی ئەوی بۆ دوورکەوتنەوە لە بەشداریکردن لە هەر چالاکییەک کە خوێنڕشتنی موسوڵمانانی پێوە بێ، توندتر کردبێت. نوورسی وەکوو دیلکراوێکی پێشوو لە کەمپی ڕووسیادا، بە ھەڵاکردن لە کەمپی زیندان و گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، کارەساتێکی گەورەی بەسەردا ھاتبوو. بیرەوەرییەکانی لە شەڕ، ھێشتا تازە بوون. نوورسی شایەتحاڵی دڕندەییەکانی بەرەی پێشەوەی شەڕ بوو. سەرەڕای ئەوەش، ھیوابڕاو و بێدەمار بوو بەهۆی ئەو توندوتیژییە سیاسییەی کە لەلایەن جەماعەتی ئیتحاد و تەرەقیەوە ئەنجام درا، کە ڕۆژێک پێی وابوو تەنها دەبێتە نیعمەتێک بۆ گەلانی موسوڵمان. بۆ دیلێکی پێشووی دەستلەکارکێشاوە و بێهیوا و ماندوو لە شەڕ، بەشداریکردن لە ڕاپەڕینێک کە وێدەچوو کۆمەڵگەی موسوڵمانی کورد بگەیەنێتە لێواری ئەوەی کە بە دەستی موسوڵمانەکانی دیکە جینوساید و بنبڕ بکرێت، ڕێبازێکی زۆر ڕاکێشەر نەبوو. گەڕانەوەی نوورسی بۆ ڤان و دەستپێکردنەوەی وانەوتنەوەکەی کە تا تاراندن و دەربەدەرییەکەی لە ساڵی ١٩٢٥ بەردەوام بوو، خۆی نیشانەی بێ‌هیوایی بوو لە سیاسەت. سەرەڕای ئەوەش و لەگەڵ دووفاقی و دوودڵییەکەی، نوورسی هەمیشە زۆر بە خەمەوە بوو بۆ چارەنووسی کورد وەک نەتەوەیەکی جیاواز[45].

وتەی کۆتایی: ئایا ناسیۆنالیزمی ئایینی مومکینە؟

دوای ئەوەی باسمان لە کاریگەریی جیاوازییە ئەتنیکییەکان لەسەر تێڕوانینی شێخ عوبەیدوڵڵا و شێخ سەعید نوورسی لە بۆچوونەکانیان سەبارەت بە ”ئەوی دیکە“ و ھەروەھا بۆچوونە ئایینییەکانیان کرد، ئێستا دەپەرژینە سەر لایەنی ڕاگەیاندنی[46] لێدوانە سیاسییەکانیان. ئەگەر دەربڕینی[47] جودیت باتلەر بە قەرز وەربگرین، ئەوان لە چ جۆرە سیاسەتێکی کرداریدا بەشدار بوون؟(Butler, 1997). بۆ نموونە شێخ بە لێدوانەکانی چی ڕاگەیاند؟ ئەو وشانەی بەکاری هێناوە چی کردووە؟ ئایا دەتوانرێت هیچ مانایەک بە قسەکانی بدرێت؟ ئایا لایەنی ڕاگەیاندنی ڕاپەڕینەکەی بە بەراورد لەگەڵ ڕاپەڕینەکانی پێشووی کورد هیچ تازەگەرییەکی نیشان داوە؟ چی دەبێت ئەگەر لێدوانەکانی بۆ بۆچوونە باوەکان سەبارەت بە چوارچێوەی کۆمەڵایەتی-فەرهەنگیی ڕاپەڕینەکەی نائاسایی دەربکەون؟ ئایا دەتوانرێت لێدوان و دەربڕینەکانی بۆ پێداچوونەوەی ڕاپەڕینەکە کەڵکی لێوەربگیردرێت، یان ئایا دەتوانرێت پشتگوێ بخرێت؟.

بە شیکاری ورد و مووقڵەشێن و بە سەرنج بەوەی کە ئەو کەسایەتییانەی سەرەوە چییان لەبارەی کورد و تورک و فارسەوە هەبووە و بەتایبەتی بە سەیرکردنی ئەوەی کە کام تایبەتمەندییان بە شێوەیەکی ئەرێنی و نەرێنیتر نیشان داوە بۆ ئەوەی بزانین ویستویەتی کام لایەنی لە بوژانەوەی ئەواندا لەخۆ بگرێت، بیگۆڕێت یان وەلای نێت، دەتوانین هێڵکارییەکی جیاواز لە شێوەی ڕوانینی کورد لە بەرامبەر ئەوانی دیکەدا شوێنپێی بگرین. ئەم شیکارییە دەتوانێت ببێتە هۆی دۆزینەوەی ڕاکێشەر سەبارەت بەو شتانەی کە بینیویانە، چۆن لێکدانەوە و ڕاڤەیان بۆ کردووە و مومکینە چ پاڵنەرێکی کولتووری و ئایینی-سیاسی ھاندەریان بووبێت بۆ دەربڕینی بۆچوونە تایبەتەکانیان لەو کاتە تایبەتانە و لەو چوارچێوە و کۆدەقە تایبەتەدا. بەم شێوەیە دەتوانین وێنەیەک لە هۆکارە ئەگەرییەکان بەدەست بهێنین کە بۆچی ئەوان بەو شێوەیە بیریان کردۆتەوە. باشترین ڕێگە بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە مەبەستی ئەو کەسایەتییانە لە ”گەلی کورد“ چی بووە، دەبێت بڕوانینە جۆری کەڵکوەرگرتن لەو دەستەواژە، لە کۆدەق و بەستێنە جۆراوجۆرەکاندا:

نەتەوەی کورد کە زیاتر لە پانسەد هەزار بنەماڵەیە، گەلێکە لە خەڵکانی جیاواز پێکھاتووە. ئایینەکەیان جیاوازە (لەگەڵ ئایینەکەی ئەوانی تر)، نەریت و داب و میراتیان جیاوازە. کوردستان لە نێو گەلاندا بە خەراپەکاری و گەندەڵی وێنا کراوە و ناسراوە… کوردستان ناوبانگێکی خراپی وەرگرتووە و ڕیسوا بووە… سەرۆک و فەرمانڕەواکانی کوردستان بریتی بێت لەوانەی لە ژێر دەستی تورکن یان فارس و یان دانیشتووانی کوردستان، ھەموویان یەکگرتوو و یەک قسەن و لەسەر ئەوە کۆکن کە بابەتەکان بەم شێوەیە لەگەڵ ئەو دوو حکوومەتەدا بەڕێوە ناچن و بە پێویستی دەزانن کارێک بکرێت، بۆ ئەوەی حکوومەتەکانی ئەوروپا کە لەو بابەتە تێگەیشتوون، لێکۆڵینەوە لە ھەلومەرجی ئێمە بکەن[48].

بەو پێیەی کە ئەم کەسایەتییانەی سەرەوە مێژوونووس و کۆمەڵناس و قەومناس نەبوون، ئەوا ڕەنگە ئەو پرسیارە دروست بێت کە ئامانجی ئەوان لە جیاکردنەوەی کورد لە نەتەوەکانی دیکە چی بووە؟ بەم قسانە هەوڵی چییان دەدا؟ ئەوەی ئێمە لێرەدا دەپەرژینە سەری، هەوڵ دەدەین ڕوونی بکەینەوە (١) مەبەستیان چی بووە و (٢) قسەکانیان چ وێنەیەک لە سیاسەتەکەیان دەردەخەن. بەم پێیە، وتادارکردنی کردەیەک، بە مانای کۆدکردنەوەی «مانای کردارێک [کە]  لە حاڵەتی کردەی زمانەوانیدا، ڕەنگە ھاوتا بێت لەگەڵ تێگەیشتن لە سروشتی ئەو کردارە بێدەنگانەی کە لەلایەن ئاخێوەرەوە ئەنجام دەدرێت»(Skinner, 2002: 113). بۆ نموونە شێخ عوبەیدوڵڵا نامەکانی ئاراستەی بەردەنگانێکی فەرمی کردووە و ناوەرۆک و چوارچێوەی نامەکانی بە ئاشکرا سیاسییە. بەم شێوەیە نامەکان دەربڕین و بەڵگاندنی سیاسین کە مەبەست لە نووسینیان گەیشتن بە ھەندێک ئامانجی سیاسی دیاریکراوە. ئەم لایەنە سیاسییەی نامەکانی، سروشتی بەڵگاندن و شێوازی وەسف کردن و ” گێڕانەوە“ی لە کوردەکان، بۆ تێگەیشتن لە مەبەستەکانی ئەو یەکجار گرینگە. جگە لەوەش دەمانەوێت وڵامێک بۆ ئەو پرسیارانە بدۆزینەوە کە بۆچی لەو کاتە تایبەتەدا دەربڕینی سیاسیی وای ھەبووە و بۆچی قسەی بۆ ئەو کەسایەتییە سیاسییە تایبەتانە کردووە؟. ئەم پرسیارانە لەو کاتەوە سەرهەڵدەدەن کە وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، هەندێک لە توێژەران گومانیان لەسەر ڕەسەنایەتیی بۆچوونەکانی شێخ عوبەیدوڵڵا دروست کردووە و زمانەکەی بە دژەمیناک[49] و یان نائاسایی و دژەپێوەڕ[50] لە خێڵگەرایی/ ئایینداری کوردیدا دەزانن. ئەوانەی بۆچوونەکانی بە ناڕاستەقینە دەزانن پێیان وایە شێخ بەو پێیەی کەسێکی ئایینی بووە و لە چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتی-فەرهەنگیی خێڵەکیدا ژیاوە کە هیچ بوارێکی بۆ سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم نەهێشتووەتەوە، نەیدەتوانی خاوەنی بۆچوونی ناسیۆناڵیستی بێت.

ھەروەک لە سەرەوە ئاماژەی پێ کراوە بۆ نموونە شێخ هەندێک نامەی بۆ مەبەستێکی سیاسی نووسیوە. ئێستا پرسیاری ڕەخنەیی بەم شێوەیە: ئایا دەتوانین لە ڕێگەی خوێندنەوەی وردی ئەم نامانەوە ”کردەوەی مەبەستدار“ی شێخ واتادار بکەین؟ ئەم نووسینانە تا چەند دەتوانن ڕۆشنایی بخەنە سەر کۆدەقی مێژووییی خۆیان؟ شێخ لە نامەکانیدا هەوڵی وەسفکردنی کورد دەدات.هەوڵ دەدات قەناعەت بە بەردەنگانی بێنێت کە کورد نەتەوە و گەلێکی جیاوازە، نە فارسن و نە عوسمانی. بە زمانێکی زیادەبێژییانە ئەو کارە دەکات. شێخ ئەوەندە دەڕوات کە دەڵێت کورد باوەڕی بە ئایینێکی جیاواز هەبووە. بۆچی عوبەیدوڵڵا ویستی قەناعەت بە بەریتانییەکان و ئەوانی دیکە بھێنێت کە چۆنایەتیی ئایینی کوردی لە ئایینی هاوئایینەکانیان جیاوازە؟ لۆژیکی بنەڕەتی ئەو چی بوو؟ ئایا ئەمە تاکە ڕێگا بوو بۆ ئەوەی زلهێزەکان قەناعەت بەوە بێنن کە کورد هیچ وەفادارییەکی ئایینی بۆ عوسمانییەکان نییە؟

پرسی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە هەرچەندە پێش ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵا ناوچەی کوردستان بە ڕاپەڕینە دژە ناوەندگەراییەکانیەوە ناسرابوو، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەو کاتە جەختیان لەسەر ناسنامەی جیاوازی خۆیان نەکردبووەوە[51]. ئەوە شێخ عوبەیدوڵڵایە کە جەختی لەسەر ئەتنیک و ئایین و زمانی جیاوازی کورد کردووە و ئەمانەشی کردە بنەمایەک بۆ شەرعییەتی ئیدیعا سیاسییەکانی. تەنانەت پێش کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمیش سەرچەشنێک لە ڕاپەڕینەکانی کورد هەبووە. بەڵام پێش ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵا، ناڕازییەکان لە دەوڵەت، کوردایەتییان وەک هۆکاری ڕاپەڕینەکانیان نەهێنابووە ئاراوە. دەکرا جیاوازییە ئەتنیکییەکان و مومکینە سیاسەتە ھەڵاواردنەکان، ڕۆڵێکیان لە ڕاپەڕینە پێشووەکاندا ھەبووایە، بەڵام نیشانەگەلێ لە لەخۆڕامانی کوردییان تێدا بەدی نەدەکرا و بەشداربووان داواکارییەکانیان لەسەر بنەمای جیاوازی ئەتنیکی نەبوو. ئەوەی ڕاپەڕینی عوبەیدوڵڵا لە ڕاپەڕینەکانی پێشووی کوردستان جیا دەکاتەوە، لە بەستنەوەی شەرعیەتی ئیدیعا سیاسییەکانی خۆیەتی بە تەوسیفی لە کۆمەڵگەی کوردییەوە. ئەمەش ڕێک ئەوەیە کە لە دڵی ئیدیعای ناسیۆناڵیستی مۆدێڕندایە کە تێیدا میللەت بەدیھی و خۆئاشکرا[52] گریمانە دەکرێت. ئەمە بە باشترین شێوە لەلایەن بیلیگەوە جومگەبەندی دەکرێت، کاتێک ئاماژە بەوە دەکات کە ناسیۆنالیزم، وەک ڕێگەیەک بۆ وێناکردنی کۆمەڵگە فۆڕمێکی مێژووییی هۆشیاریی تایبەتە.(داکۆکی زیاد کراوە، Billig, 1995: 19 )

ئەوەی پێویستە جەختی لەسەر بکرێتەوە ئەوەیە کە ئەو کەسایەتییانەی لە سەرەوە باسمان کرد پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان لەنێوان وەسفکردنی کورد و دەستەبەرکردنی مافەکانیدا دەبینی. ئەوان بەو باوەڕەی کە هەندێک ڕاستی هەندێک ماف بەرهەم دەهێنن، وەک بریکاری سیاسیی ڕاستییەکانیان وەسف کرد  و نواندیانەوە. ئەمەیە کە دێریدا لە باسەکەی لەبارەی جاڕنامەی سەربەخۆییی ئەمریکادا، بە «تەوسیف، ڕاستی و ماف ناوی دەبات».(Derrida, 2002: 51) ئەم جۆرە ڕستانە تایبەتە بە سەردەمی ناسیۆنالیزم. ئەوە ڕێکەوتن‌نامەی ئەم سەردەمەیە کە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵێکی مرۆڤی دیاریکراو وەک ”ڕاستی“ دەنوێننەوە بۆ ئەوەی ئەم ”ڕاستییە بەدیھییانە“ وەک بنەمایەک بۆ داوای هەندێک مافی سیاسی و کولتووری ”نکۆڵیھەڵنەگر[53]“ بەکار بھێنن. وەک بینیمان لەم حاڵەتانەدا سەرکردەکانی کورد وەسفی کورد دەکەن و ڕایدەگەیەنن کە یەک قەوارەی سیاسی پێک دەهێنن، کە لە پێکهاتە موسوڵمانەکانی دیکە جودان. ئەم جۆرە دەربڕینانەی ”ڕاستییەکان “و چێکردنی ئەوانە، ھاوکات و بە یەکجار ڕوو دەدات. وەک دێریدا (2002: 49)دەڵێت، «ئەم لێڵایی و ئاڵۆزییە، ئەم بڕیارنەدانە لەنێوان، با بڵێین، پێکهاتەیەکی کرداری و پێکهاتەیەکی ڕاگەیەندانی، پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی کاریگەرییخوازراو». بۆ نموونە ڕاگەیاندنی عوبەیدوڵڵا بە پێچەوانەی ڕاگەیاندنی ئەمریکییەکان، لە سازدانی دەوڵەتدا سەرکەوتوو نەبوو. بەڵام بانگهێشتی کرد بۆ ئەوەی بیرۆکەیەکی نوێ بێت بۆ کورد وەک کیانێکی تاقانە. بە سوودوەرگرتن لە تێگەیشتنی ئۆستین، دەتوانین بڵێین کە بە ڕاگەیاندنی جیاوازبوونی کورد، عوبەیدوڵڵا بەڕاستی ئەو نەتەوەیەی دروست کرد کە ئارەزووی دروستکردنی دەکرد، سەرەڕای ئەوەی سەرکەوتنی نەبوو لە دروستکردنی دەوڵەتدا(Austin, 1962)..ھەروەھا کە سکینێر ئاماژەی پێ دەکات:(2002: 104) «لە باس کردن لەسەر ھێزی گوتەدا، داکۆکی لەسەر ئەوە دەکرێت کە زۆرتر لەوانەیە کردەوە گوتنییەکە لە کرداردا خۆی پیشان دەدات، کەوایە دوای ئەم گوتانە، کوردایەتی[54] لە خێڵگەراییی کوردی جیا کرایەوە و بوو بە پرسێک بۆ دڵەڕاوکێی دەوڵەتی ناوەندی. گرنگ نییە ئەم بانگەوازکردنە بۆ کوردایەتی لە کام دیوی سنووردا ڕوویدا، خودی بانگەوازی کوردایەتی هاوتا دەبێت لەگەڵ ئیدیعای سەروەری[55] [سیاسی]. عوبەیدوڵڵا، وەک ئەوەی دواتر مێژووی کورد دانی پێدانا، باسی مافی کوردەکانی ئەودیوی سنووری کرد بە شتێکی، سروشتی. ئازار و ڕەنجەبە کۆمەڵەکانی وەک پاساوێک بۆ ئەم کردەوە ڕاگەیاندنە بەکار هێنا. هەوڵی دا ”واژۆ“ی دەوڵەتانی دیکە بسڕێتەوە و بە قەرز وەرگرتن لەو ڕستەی دێریدا ئامانجی ”سڕینەوەی پەیوەندییەکانی[56]“ ”باوکایەتی یان دایکایەتی“[57] ئەوانی بوو. بەبێ ئەوەی مرۆڤ لەگەڵ ئەگەری تێکەڵبوونی ئایین و ناسیۆنالیزمدا ڕێک‌ بکەوێت، ناتوانێت ڕوونی بکاتەوە کە چۆن کارگێڕێکی ئایینی کە ڕۆڵ و ئەرکی سەرەکیی ڕێبەری کۆمەڵگەکەی بووە لە کاروباری ئایینیدا[58]، ئەم زمانە بەکار دەهێنێت و تێکەڵ بە ”سیاسەتێکی کرداری[59]“ دەبێت. هەڵوێستی ئیلاهییاتی چاوەڕوانکراو[60]، کە لە کەسایەتییەکی ئایینی موسوڵمان یان شێخێکەوە- هەر شێخێک –چاوەڕوان دەکرێت، ئەوەیە پەیوەندییەکانی ئوممە وەک پەیوەندییەکی پیرۆز بپارێزێت. بەڵام ئەوەی دەبینرێت ئەوەیە کە ئەم پەیوەندییانە لە ئەندێشە سیاسییەکانی کارگێڕی ئایینیدا کاتێک کە سەرقاڵی ئەم کارە ناسیۆنالیستییە دەبێت، یان دەسڕێنەوە یان دەبنە شتێکی لاوەکی. ئەمەش وایە لەبەر ئەوەی کارگێڕەکە ئامادەیە دژی هاوئایینەکانی بوەستێت بۆ ئەوەی دۆزی ناسیۆنالیستی نەتەوەیی خۆی بەرەوپێش ببات. بە تەواوی بیر لەم پەیوەندییانە لەگەڵ ئەوی تری نەتەوەیی ئێستای خۆی دەکاتەوە. لانیکەم لەسەر دروستکردنی سنوورێکی نوێ لەنێوان خۆی و هاوئایینەکانیدا لەسەر هێڵە ئەتنیکییەکان دەڕوات. ئەم گۆڕانکارییانە لە بۆچوونەکانی کارگێڕی ئایینیدا لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی تێڕوانینی ئەو بۆ ”ئێمە“ و ”ئەوان“ڕوو دەدەن. بەپێچەوانەوە ئەم هەڵوێستە سیاسییانە، عادەتەن لەڕووی ئایینییەوە پاساو ھەڵدەگرن. ئەمەش دزەکردنی ئەو شتە دەردەخات کە بە هۆشیاریی نەتەوەیی ناسراوە، چونکە ھەروەک سەعید نوورسی دەڵێت: «هەر کەسێک ئاوێنەیەکی نەتەوەی خۆیەتی»(.(Nursi, 2009: 189 بەم شێوەیە مرۆڤ لە لێکۆڵینەوە لە پەیوەندیی نێوان ئایین (ئیسلام بە تایبەتی) و ناسیۆنالیزم، دەبێت لەوە بڕوانێت کە چۆن دەوڵەت-نەتەوە دەبێتە چەشنێک لە جۆری ئایدیالی وێبەری[61] بۆ حوکمڕانی.

ناسیۆنالیزم، جا چجۆرێکی ئایدیال بێت یان ”پاڕادایم“، وەک بیلیگ ناوی دەبات، ڕێکەوتنێکی مۆدێڕنە، واتە نەریتێکی حوکمڕانی کە بە شێوەیەکی گەردوونی پەسەند کراوە. هەروەها چوارچێوەیەکە کە بە شێوەیەکی موتەعارف وا گریمان دەکرێت کەسەرەڕای مێژووە خوێناوییەکەی، چارەسەرێکە بۆ ململانێ کۆمەڵایەتییەکان(Mann, 2005). وەک ئەندەرسۆن دەڵێت، ‘”نەتەوە“ داهێنانێکی وەھای سەلماند کە مەحاڵ بوو مافی تۆمارکردنی تایبەتی[62]لەسەر دەستەبەر بکرێت[63]. ئامادەی ئەوە بوو کە لەلایەن دەستی جیاواز و هەندێک‌جاریش چاوەڕوان‌نەکراوەوە بدزرێت(Anderson, 1991: 67). بەم شێوەیە ئەگەر تێڕوانینی بیلیگ بۆ ناسیۆنالیزم وەک پاڕادایمێک قبووڵ بکرێت، ئەوا کاتێک مرۆڤ لەناو ئەو پاڕادایمەدا بێت، بیرکردنەوە و ڕەفتارێکی ناسیۆناڵیستییانە لە خۆی نیشان دەدات. پاشان ناسیۆنالیزم، شێوەیەکی باو بۆ ڕوودانی کردەی ئاخافتنی ناسیۆنالیستی مسۆگەر دەکات. بە باوەڕی بیلیگ ناسیۆنالیزم پاڕادایمێکە چونکە چوارچێوەی بیرکردنەوەمان دابین دەکات، دواتر بۆ ئێمە نەبینراو دەبێت. دەتوانین هەموومان ناسیۆنالیست بین بەبێ ئەوەی تەنانەت ئاگاداری ناسیۆنالیزمیش بین، هەر بۆیەش  شتێکی ”بەدیھی وخۆئاشکرا[64]“ یان ”ھەرڕۆژە و لەبەردەستە[65]“. ”هێزی نەبینراو“[66]ی ناسیۆنالیزم بۆ ئێمە بە نەبینراوی دەمێنێتەوە. دەبێت هەر ئەم نەبینراوبوون و لە هەموو شوێنێک حازر[67]ییەی بێت کە ھەم دەیکات بە بابەتی خۆجێیی و هەم گەردوونی و جیھانداگر[68](Billig, 1995: 9-30). کەوایە، ھەر وەکوو گێلنێر باوەڕی وایە، لەبری ئەوەی لە ناسیۆنالیزم تەنها لە ڕووی پەیوەندییەکەیەوە بە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنی پیشەسازییەوە بیر بکرێتەوە، ڕەنگە بیرکردنەوە لە ناسیۆنالیزم وەک پاڕادایمێک بەسوودتر بێت(Billig, 1995: 9-30).

با بگەڕینەوە بۆ کردەی ئاخافتنی ئەو کەسایەتییانەی باسمان دەکردن، تەنیا لە چوارچێوەی پاڕادایمی ناسیۆناڵیستیدا دەتوانرێت لێی تێبگەین. هەر لە چوارچێوەی ئەم پاڕادایمەدایە کە گروپێکی نەتەوەییی جیاواز، کە لەسەر بنەمای ئیدیعای خۆئیڕجاعی سەبارەت بە خودی خۆیان دامەزراوە، داوای هەندێک مافی سیاسی دەکات. هەر لە چوارچێوەی ئەم پاڕادایمەدایە کە ئیدیعای نەتەوەبوون وەک ماف سەیر دەکرێت و ئیدیعای لەو شێوەیە دەبێتە شتێکی موتەعارف و ئاسایی. لە سەردەمەکانی پێشوودا ڕێک‌کەوتنێکی لەو شێوەیە بوونی نەبووە(Billig, 1995). سەرەڕای بوونی نەتەوە لە سەردەمی پێش ناسیۆنالیزمدا، ئیدیعای سەروەری نەتەوەیی و خۆبەڕێوەبەری لەسەر بنەمای تایبەتمەندیی ئەتنیکی و دەستەجەمعییە جیاوازەکان نەدەکرا. دیسانەوە لە چوارچێوەی ئەم پاڕادایمە ناسیۆنالیستییەدایە کە ئەم جۆرە ئیدیعایانە بوونەتە شتێکی موتەعارف و ئاسایی.

ئەگەر ناسیۆنالیزم وەک ڕێکەوتنێکی باڵادەست و زاڵی مۆدێڕن تێبگەین، دەتوانین دیاری بکەین کە ئایا گوتەیەک ناسیۆنالیستییە یان نا؟ لێرەوە، تێبینییەکەی ئۆستین کە ئاماژەی بەوە کردووە کە «دەبێت شێوازێکی موتەعارف و ئاسایی وەرگیراو هەبێت کە کاریگەرییەکی موتەعارف و ئاسایی دیاریکراوی هەبێت، ئەو شێوازە بۆ ئەوەیە وتنی هەندێک وشە لەلایەن هەندێک کەسەوە لە هەندێک بارودۆخدا لەخۆ بگرێت، دەتوانرێت بەرفراوانتر بکرێت و بۆ گوتە ناسیۆنالیستییەکانیش بەکار بهێنرێت»(Austin, 1962: 14). ئەم ڕێبازە دەتوانێت یارمەتیدەرمان بێت بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا کردەی ئاخافتنی کەسایەتییە مێژوویییەکانی سەرەوە لە چوارچێوەی ئەم پاڕادایمەدا ڕوویان داوە یان نا؟ یان ئایا بانگەوازی ئەم ڕێک‌کەوتنەیان کردووە یان نا؟ دیسانەوە ئەگەر مەرجەکانی ئۆستین سەبارەت بە کردەی ئاخافتن بۆ ئیدیعای ناسیۆنالیستییەکانیش شیاوی بەکارھێنان بن، کاریگەرییە ئاسایییەکانیان دەبێتە واقیع، کاتێک: «لەلایەن هەندێک کەسەوە لە هەندێک بارودۆخدا»(Austin, 1962: 14) بگوترێت. ئەگەر لێرەدا ”کەسەکان“ بە ”کۆمەڵگە“ بگۆڕدرێن، ئەوا ئەم کۆمەڵگەیە دەبێت ”خەیاڵ“ بکات و جیاوازبوونی خۆی ئیدیعا بکات. ئەم تێگەیشتنە لە جیاوازیی ناو گروپەکان، فۆڕمێکی ناوازەی ”خەیاڵکردنە“، کە تەنیا لە چوارچێوەی پاڕادایمی ئێستادا دەتوانێت ئیدیعای ڕەوا و موعتەبەر بەرهەم بهێنێت. هەلومەرجێکی دروست پێک‌ دەهێنێت کە بەدواداچوون بۆ نەتەوەبوون یان ڕاگەیاندنی نەتەوەبوون، واتادار دەکات. بە هەموو ئەگەرێک، ئەگەر تەنانەت لە سەردەمی پێش ناسیۆنالیزمدا ئیدیعای هاوشێوەش کرابێت، ئەوا نە هیچ کاریگەرییەک و نە هیچ مانایەکیان نەبووە. هەروەها ئەگەر ئەو کەسانە یان ئەو گرووپانەی کە بە ناوی ”کۆمەڵگەیەکی وێناکراو[69]“ەوە قسە نەکەن و ڕێکارێکی دروست پەیڕەو نەکەن، ئەواڕاگەیاندنەکەیشیان لە نەتەوە زیاتر لەوە نابێت کە ئۆستین بە گوزارشی ”کردەیەکی بێھوودە“ ناوی دەبات «وەک ئەوەی بڵێت کە پشیلە لەسەر حەسیرە».(Austin, 1962: 95) کارایییەکەیشی لە نووسینی مێژوونووسێک لەسەر مێژووی هەر گەلێک تێناپەڕێت.

بۆ نموونە عوبەیدوڵڵا ڕاگەیاندنەکەی بە ڕاپەڕین پشت قایم دەکات. ئەو بەتەوسیفکردنی خۆی لە ”نەتەوە“ وەک ڕەوتێکی شەرعیەت‌بەخشیی کە تەنها خەڵکی سەردەمی ناسیۆنالیزم دەیزانن، شەرعیەتی ڕاپەڕینەکەی پشتڕاست کردەوە. سەرەتا باسی نەتەوەی کرد کە هاوتای ڕاگەیاندنی بوونیی نەتەوە بوو، پاشان ئەم ”ڕاستییە خوازراو“انەی وەک بنەمایەک بۆ ڕاگەیاندنی مافی بەدەوڵەت‌بوونی کورد بەکار هێنا. بەم شێوەیە نووسیویەتی:

« ئێمەش نەتەوەیەکی جیاوازین. ئێمە دەمانەوێت کاروبارەکانمان لە دەستی خۆماندا بێت بۆ ئەوەی لە سزای تاوانبارانی خۆماندا بەهێز و سەربەخۆ بین و وەک نەتەوەکانی‌تر ئیمتیازمان هەبێت و بە ڕێزگرتن لە تاوانبارانمان، ئامادەین لە ئەستۆی خۆمانی بگرین کە هیچ زەرەر و زیانێک نابێت بۆ هیچ نەتەوەیەک ڕوو بدات. ئەمە ئامانجی ئێمەیە و هۆکارەکانی چوونی کوڕەکەم بۆ لای مەھاباد، بۆ ئەوەیە لێکۆڵینەوەیەک لە دەوڵەتی کوردستان بەدەست بهێنێت»[70].

سەرنجدان بە هەندێک لە ”ئاماژەگەلی دیاریکراو“ی ئەم کەسایەتییانە ئامرازێکی بەکەڵکە بۆ ئەوەی بزانین ئەم ئاماژانە چۆن دەلالەت لەسەرکۆدەقی ناسیۆناڵیستی نووسینەکانیان دەکەن.(Austin, 1962: 94) ئەم ”ئاماژە دیاریکراوانە“ پێش ئەوەی چوارچێوەی چەمکی مۆدێڕنیان بێتە ئاراوە، نەیاندەتوانی بوونیان هەبێت، هەروەها نەدەکرا پێش سەردەمی مۆدێڕن -پێش چوونە ناو پاڕادایمی ناسیۆنالیستی- لەبەردەستی خەڵکدا بن. بەڵگاندنەکەی عوبەیدوڵڵا تەنیا لە چوارچێوەی ئەم پاڕادایمەدا دەتوانرا ڕوو بدات. هەرچەندە لە سەردەمەکانی پێشوودا ڕەنگە حاڵەتێک هەبووبێت کە کورد بانگەوازی بۆ ئەتنیکی کورد کردبێت، بەڵام نەیاندەویست یان نەیاندەتوانی داوای ئەوە بکەن کە ”بابەتی نەتەوەیی و بابەتی سیاسی“ پێکەوە ھاوگیر و هاوئاهەنگ بن. لەلای ئەم کەسایەتییانە، ئەم نەتەوایەتییە خۆئیڕجاع و خۆپێناسەکەرەی[71] کورد، زەمینەی ئەخلاقی بۆ ئیدیعای دەوڵەتی تایبەتیی خۆی و ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی عوسمانی و قاجاڕی پێک‌هێنا. وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، ئەم ئارگیۆمێنتە بۆ پێویستیی دەوڵەتی کوردی لە جەوهەردا مۆدێڕن بوو. نەدەکرا لە دەرەوەی ڕەھەندی ناسیۆنالیستی مۆدێڕن بۆ دەوڵەتداری ڕوو بدات. نووسینەکانیان ھەڵگری هێزێکی دیاریکراوی وێژمانی و هەندێک وشەسازی تایبەتە کە تەنیا سەر بە ”بنیاتێکی دیاریکراو“ن، ئەویش پاڕادایمی ناسیۆنالیستییە. بە کورتی، بەکارهێنانی زمانێکی دیاریکراو بە سەرچاوەگەلێکی دیاریکراوەوە لەلایەن ئەم کەسایەتییە ئایینییانە لە ”بۆنەیەکی تایبەت“ یان سەردەمێکدا ڕوویدا. داکۆکی لەسەر بۆنەکە و پەیوەندییەکەی بە بەکارهێنانی زمانێکی دیاریکراوەوە لە خوێندنەوە و تێگەیشتن لە لێدوان و نووسینە سیاسییەکانیاندا زۆر گرنگە. سکینەر لە شرۆڤەکردنی کارەکانی ئۆستیندا، ئاماژە بەوە دەکات کە ئۆستین «داکۆکیی سەرەکیی خۆی لەسەر ئەو ڕاستییە کردووە کە ئێمە پێویستمان بە تێگەیشتن لەو هێزە تایبەتە هەیە کە ڕەنگە هەر گوتەیەکی دیاریکراو (بە مانایەکی دیاریکراوەوە) لە بۆنەیەکی دیاریکراودا، بەهۆی ئەوەوە دەرچووبێت»( داکۆکی زیاد کراوە،Skinner, 2002: 104,) . لێرەدا دەستەواژە سەرەکییەکان بریتین لە ”هێزی تایبەتی“ گوتنەکە لەگەڵ ”بۆنە تایبەتەکە“ کە ماناکە دابین دەکات و ڕۆشنایی دەخاتە سەر کۆدەقی گوتنەکە. لە باسەکەی ئێمەدا، لەبری ئەوەی زاتێک بۆ پابەندبوونی ئایینی و زەمینەی کۆمەڵایەتی-فەرهەنگی کرد و کارەکەی قایل بین کە لە ئەنجامدا قسەکانی شێخ لەکار بخرێت، پێویستە بزانین کە گوتنەکانی چۆن ڕۆشنایی دەخەنە سەر سیاسەتەکەی. بەم پێیە ئەو نووسینە پڕشوبڵاوانەی کە لەلایەن ئەو کەسایەتییانەی بەرباسەوە دێنە ئاراوە، پێویستە لە چەند ئاستێکی جیاوازدا بخوێنرێنەوە. یەکەم: نەتەوەیەک وەسف دەکەن یان دەیگێڕنەوە و هەر بە گێڕانەوەی خۆیان هەوڵ دەدەن ئیدیعای کورد بۆ دەوڵەتداری پاساو بدەنەوە. دووھەم: بە ھاوتەرازکردنی کورد لەگەڵ ئەوانی دیکەدا، شەرعیەتسڕینەوە[72]یان لێ بکەن، یان ھەوڵ بدەن شەرعییەتی دەسەڵاتی غەیری کوردی لە کوردستان، بسڕنەوە. سێھەم: ”ئیدیعاکردنی نەتەوە“ لەلایەن ئەوانەوە، دۆخی تایبەتی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم دەردەخات کە کاریگەری لەسەر ئەم سەرکردانە بووە و بەهۆیەوە لە سەردەمی زاڵێتیی ناسیۆنالیزمدا کاروەرگرییان لێ کردووە، هەر بۆیە بە سروشتی و بە پێویستیان زانیوە، کورد وەک نەتەوەیەک جیا بکرێتەوە و مافی دەوڵەتێکی جیاوازی ھەبێت. لە کۆتاییدا، نەک هەر باوەڕی ئیسلامی ئەوان هیچ بەربەستێک نەبووە لەبەردەم ناسیۆنالیزمەکەیاندا، بەڵکوو بۆچوونە ناسیۆنالیستییەکانیانی لەخۆ دەگرت و خزمەتی پێ دەکرد و ئاسانکاری بۆ ئەوە کردووەکە کوردەکان خۆیان وەکوو کۆمەڵگەیەکی جیاواز وێنا بکەن. وەکوو ئاکامی ئەم باسە، کاریگەریی پاشخانی ئەتنیکی و کۆدەقی کولتووری لە تێگەیشتنی ئەم کەسایەتییە پێشەنگانە لە ئیسلامدا پڕ ڕوونە. لە زۆر ڕووەوە وەک ئەندەرسۆن دەڵێت سنووری ڕاڤە ئیسلامییەکانیان هاوتەریبە لەگەڵ سنوورە نەتەوەیی و ”وێناکراوەکانیان“. ئەوان سنوورە ئایینیەکانیان بەپێی سنووری کۆمەڵگەی ئەتنیکی نەتەوەی کوردی، دووبارە کێشایەوە. ئەم ڕێبەرانە لە کەسایەتییە ئاییندارەکانی کوردستان بوون. بەم پێیە ڕوانگەی ئایینییان تارێنەرانە و تایبەتی خۆیان بوو. بە پێچەوانەی زۆربەی ژیانەوەخوازە موسوڵمانە دژە کۆلۆنیالیستەکان، ئوممەی ئیسلامی لە خەیاڵی سیاسیی ئەواندا جێگەیەکی بەرچاویان داگیر نەکردبوو. دەوڵەتی وێناکراوی ئەوان دەوڵەتێکی ئایینی بوو، کەچی زیاتر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخە سەخت و ڕۆحپڕووکێنەکانی کورد دروست دەبوو.

سەرچاوە: چاپکراو لە کتێبی ”ئەنسێکڵۆپیدیای کەمبریج بۆ کوردەکان“ لە ژێرناوی:

“ Religious Narrations of the KurdishNation during the LateNineteenthand Early Twentieth Centuries”

کتێبناسی

سەرچاوە ئارشیڤییەکان

ABCFM, Western Turkey Mission, ABC 16.9.3, v. 12., 1880-1890. v. 4. C-E, No. 300

BOA: Basbakanhk Osmanli Arsivi

House of Commons Parliamentary Papers online, ‘Mesopotamia (Review of the Civil

Administration). Review of the Civil Administration of Mesopotamia’, ((Cmd. 1061]

1920), 70

Jin (no. 7, 1918)

Parliamentary Papers. Turkey. No. 5 (1881. Inclosure 4 in no. 8)

Sark ve Kiirdistan Gazetesi (no. 1, 2 Dec. 1908)

Terciiman- Hakikat.

سەرچاوە دەستەیەکەم و دووھەمەکان

Akpmar, A. and Rogan, E. L. (1997). Akpinar, Asiret,Mektep, Devlet: Osmanht Devletinde AsiretMektebi.Istanbul: Selcuk Kitabevi, Gégebe Yayinlan.

Anderson, B. (1991). Imagined Communities: Reflections on the Origin and Spread of

Nationalism. London and New York: Verso.

Ates, S. (2014). In the name of the caliph and the nation: The Sheikh Ubeydullah Rebellion

of 1880-81. Iranian Studies, 47 (5), 735-98.

Austin, J. L. (1962). How To Do Things with Words. William James Lectures. Oxford: Oxford

University Press.

Balibar, E. and Wallerstein, I. (1991). Race, Nation, Class: Ambiguous Identities. London

New York: Verso.

Barzani, M. (1997). Al-Barzani wa-l-Haka al-Taharruriyya al-Kurdiyya/Barzani and the

Kurdish Liberation Movement. Vol. 1. Beirut: Kawa li-l-Thagafa al-Kurdiyya.

Billig, M. (1995). Banal Nationalism. London and Thousand Oaks, CA: Sage.

Butler, J. (1997). Excitable Speech: A Politics of the Performative. New York: Routledge.

Canh, C. and Beysiilen, Y. K. (2010). Zaman Iginde Bediiizzaman. Istanbul: Letisim.

Castor-Thompson, J. (2014). The Rose Garden: Autobiography of a Modern-Day Nagshbandi

Sufi. Xlibris US.

Cemil Pasa, K. (1991). Doza Kurdistan (Kirdistan Davas): Kiirt Milletinin 60 Yilik Esaretten

Kurtulus Savas: Hatralan. Ankara: Ozge yayinlan.

Cevik, S. (1996). Sex Seid Ew Wezife Ku Daye Sere Xwe bi Ferdi U Cemaeti Aniye Cih.

Niibihar, 45 (6), 8-15.

Chatterjee, P. (1993). Nationalist Thought and the Colonial World: A Derivative Discourse.

Minneapolis, MN: University of Minnesota Press.

Chatterjee, P. (1995). The Nation and Its Fragments: Colonial and Postcolonial Histories. Delhi

and New York: Oxford University Press.

163

KAMAL SOLEIMANI

Colak, I. (2009). Kiirt Meselesi’nin Acilimt: Said Nursi’den Teshis Ve Céziiumler Kurdish

Question. Istanbul: Nesil.

Datla, K. (2013). The Language of Secular Islam: Urdu Nationalism and Colonial India.

Honolulu, HI: University of Hawaii Press.

Derrida, J. (2002). Negotiations: Interventions and Interviews, 1971-2001, trans. E. Rottenberg.

Cultural Memory in the Present. Stanford, CA: Stanford University Press.

Devji, F. (2013). Muslim Zion: Pakistan as a Political Idea. Cambridge, MA: Harvard

University Press.

Fortna, B. C. (2002). Imperial Classroom: Islam, the State, and Education in the Late Ottoman

Empire. Oxford: Oxford University Press.

Gaborieau, M., Popovic, A. and Zarcone, T. (1990). Naqshbandis: Cheminements et situation

actuelle d’un ordre mystique musulman: actes de la Table ronde de Sevres. France: Editions

Isis.

Henning, B. (2018). Narrative of the History of the Ottoman Kurdish Bederihani Family in

Imperial and Post-imperial Context. Bamberg: University of Bamberg Press.

Heper, M. (2007). The State and Kurds in Turkey: The Question of Assimilation. New York:

Palgrave Macmillan.

Houston, C. (2003). Islam, Kurds and the Turkish Nation State. Oxford: Berg Publishers.

Klein, J. (2016). The Margins of Empire: Kurdish Militias in the Ottoman Tribal Zone. Stanford,

CA: Stanford University Press.

Legall, D. (2004). A Culture of Sufism: Nagshbandis in the Ottoman World, 1450-1700. Albany,

NY: State University of New York Press.

Malm isanij (1991). Said-i Nursi Ve Kiirt Sorunu. Uppsala: Jina Nii.

Mann, M. (2005). The Dark Side of Democracy: Explaining Ethnic Cleansing. Cambridge and

New York: Cambridge University Press.

Mardin, S. (1989). Religion and Social Change in Modern Turkey: The Case of Bediuzzaman Said

Nursi. Albany, NY: State University of New York Press.

Millingen, F. (1870). Wild Life among the Koords. London: Hurst and Blackett.

Nehri, S. U. (2000). Tuhfetul Ehbab: Mesnewi, ed. Seyid Isalm Duaga. Urmia: Husseini.

Nursi, S. (2009). igtima-s Dersler. Istanbul: Zehra Yincilik.

Olson, R. (1991). The Emergence of Kurdish Nationalism and the Sheikh Said Rebellion, 1880-1925.

Texas: University of Texas Press.

Rahman, F. (2002). Islam. Chicago, IL: University of Chicago Press.

Renan, E. (1990). What is nation? In K. B. Homi (ed.), Nation and Narration (pp. 8-23).

London and New York: Routledge.

Skinner, Q. (2002). Visions of Politics: Regarding Method. Cambridge and New York:

Cambridge University Press.

Soleimani, K. (2016a). Islam and Competing Nationalisms in the Middle East, 1876-1926.

New York: Palgrave Macmillan.

Soleimani, K. (2016b). Sheikh Ubeydullah and Islamic revivalism. The Kurdish Studies

Journal, 4 (1), 5-24.

Soleimani, K. (2016c). The Kurds and ‘crafting of the national selves’. in M. Gunter (ed.),

Kurdish Issues: Bibliotheca Iranica (pp. 236-57). Costa Mesa, CA: Mazda Publishers.

Soleimani, K. (2017a). Modern Islamic political thought, ‘Islamism’ and nationalism.

Journal of Humanities and Cultural Studies R&D, 2 (1), 1-16.

164

Religious Narrations of the Kurdish Nation

Soleimani, K. (20r7b). Kurdish image in the statist historiography: The case of Simko.

Journal of Middle Eastern Studies, 53 (6), 949-65.

Soleimani, K. (2018). A Kurdish Sufi master and his Christian neighbors. Zanj: The Journal of

Critical Global South Studies, 2 (1), 6-25.

Speer, R. E. (1911). The Hakim Sahib, The Foreign Doctor: A Biography of Joseph Plumb Cochran.

New York: Revell.

Stikran, V. and Abu-Rabi’‘, I. (2005). Islam in Modern Turkey: An Intellectual Biography of

Bediuzzaman Said Nursi. Albany, NY: State University of New York Press.

Teqi, E. and Teqi, C. (1988). Xebati Geli Kurd Le Yadastekani Ehmedi Teqi Da. Stockholm:

Sara Bokforlag.

Uzer, U. (2011). The genealogy of Turkish nationalism. In A. Kadioglu and F. Keyman

(eds), Symbiotic Antagonisms: Competing Nationalisms in Turkey (pp. 103-32). Salt Lake

City, UT: The University of Utah Press.

Vali, A. (2003). Essay on the Origin of Kurdish Nationalism. Costa Mesa, CA: Mazda

Publishers.

Wodak, R., de Cillia, R., Reisigl, M. and Liebhart, K. (1999). The Discursive Construction of

National Identity. Critical Discourse Analysis Series. Edinburgh: Edinburgh University

Press.

Yavuz, M. H. (2003). Islamic Political Identity in Turkey. Oxford and New York: Oxford

University Press. Zelyut, R. (2010). Dersim Isyanlan Ve Seit Riza Gergegi. Ankara: Kripto Kitap


[1].Selfreferentiality

[2].collective self

[3].latency

[4].Frederick Millingen.

[5].Tercuman-lHakikat.

[6]. beast

[7].tailed.

[8]. collectiveself-perception.

[9].patriotism

[10].ethnic zeal

[11].SUBHUMAN

[12].classicization

[13]. بۆ خوێندنەوەی زیاتر لەسەر ئەو فەرامۆشکردنە ناسیۆنالیستییە، بڕوانە، ڕێنان 1990.

[14].personified

[15].imagined community

[16]. Henry Otis Dwight

[17]. ABCFM کورتکراوەی ( American Board of Commissioners for Foreign Missions) واتە: دەستەی کۆمیساریای ئەمریکی بۆ نوێنەرایەتییەکانی دەرەوە.

[18].Robert Speer

[19].ritualist aspect

[20].BOA: Dosya No: 1428; Gémlek No: 43; Fon Kodu: DH.MKT. Tarih: 09/L/1304 (Hicri)[01.07.1887]; BOA: Dosya No:1432; Gémlek No: 109; Fon Kodu: DH.MKT. Tarih: 25/L/1304 (Hicri) [17.07.1887]. See also BOA: Dosya No: 1453; G6mlek No: 73; Fon Kodu: DH.MKT. Tarih: 20/M/1305 (Hicri) [08.10.1887].

[21].Cf. BOA: Dosya No: 426; Gémlek No: 65; Fon Kodu: DH.MKT. Tarih: 22/Ra/1313(Hicri) [12.09.1895].

[22]. زۆرینەی زۆری کوردە سوننەکان پەیڕەوی مەکتەبی فیقھی ئیسلامی شافیعین و زۆرینەی تورکە سوننەکان پەیڕەوی مەکتەبی حەنەفین.

[23]. عەبدولقادر لە هەموو ناوچەکانی کوردستاندا ناسراو و ڕێزدار بوو. ئەم شیعرەی خوارەوەی شاعیرێکی خەڵکی ساوجبلاغ (ئێستا مەهاباد) ئەم واقیعە دەخاتە ڕوو کە شاعیر، شێخ عەبدولقادر وەک کەسێک وەسف دەکات کە « لە [کوردە] ناودار و خانەدانەکانە و لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەندە بۆ خۆشبژێوی کوردی بێدەرەتان خەم دەخوات. ئەو دەریای عیرفان و نمانای فیداکارییە(no. 7, 1918).

[24]. دوای جەنگی یەکەم،عەبدولقادر، نۆڕسی و چەند کەسایەتییەکی هاوبیری دیکە پێکەوە ڕێکخراوێکی سیاسیی کوردیان دامەزراند.

[25].Cf. BOA: Dosya No: 14; Gémlek No: 50; Fon Kodu: Y.PRK.ASK. Tarih: 17/Za/1299(Hicri) [30.09.1882]; BOA:Dosya No: 1946; Gémlek No: 91; Fon Kodu: DH.MKT. Tarih:13/1,/1309 (Hicri) [10.05.1892]. See also BOA:Dosya No: 1971; Gdmlek No: 47; Fon Kodu:DH.MRT. Tarih: 18/Z/1309 (Hicri) [13.07.1892].

[26].کاغەزە پەرلەمانییەکان بەشێوەی ئۆنلاین (Cmd. 1061] 1920)، 70].

[27]. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە هەندێک لە نووسەرانی کوردیش هەوڵیانداوە لایەنی ناسیۆناڵیستی بیری نوورسی تەمومژاوی بکەن. بۆ نموونە کارەکانی مەلمیسانیج لەسەر نوورسی نموونەی هەوڵێکی لەو جۆرەیە. مەلمیسانیج ئایین لە ھەناوی خۆیدا و زاتەن دژ بە مەیلی ناسیۆناڵیستی کورد دەزانێت.( بڕوانە،  Malmisanij, 1991: 12-14.)

[28].Sark ve Kiirdistan Gazetesi (no. 1; 2 Dec. 1908). See also Nursi (2009: 507).

[29].collective self.

[30]. خەیاڵی، پێش ئەوەی زیا گۆگاڵپ ببێت بە باوکی ناسیۆناڵیزمی تورکی لە زیا نزیک بوو و تەنانەت پێکەوە فەرھەنگێکی کوردیشیان نووسی. (Cemil Pasa, 1991: 30).

[31].exemplary patriot

[32].“Bediiizzaman Kiirdinin Fihristi —-Makasidi Ve Efkarinin Progmidir/the Programme ofBeditizzam Kurdi,” 2-3.

[33].positivenationalism

[34].وەکپێشترئاماژەمانپێدا،نووسینەکانینوورسیخۆیشایەدیبۆ ئەوەدەدەنکەئەوپشتگیریلەوشتەکردووەکەبەناسیۆناڵیزمیئەرێنیدەزانێت؛واتەئەوجۆرەناسیۆناڵیزمەیکەئینکاریمافوبوونیئەوانیدیکەناکات.

[35].double loyalties.

[36].constitutionalism.

[37].tribal rivalry.

[38].extraordinary bravery,zeal.

[39].exceptional personalities.

[40].Siikran.

[41]. Abu-Rabi.

[42].Cemalettin Canli.

[43].Yusuf Kenan Beysiilen.

[44].negative nationalism

[45]. ھەروەھا کە لەسەرەوە پیشان دراوە، لە نووسینەکانی نوورسیدا نموونەگەلێک ھەن، کە ئیلھامبەخشن بۆ ئەوەی ببنە بەجەستەکراوای یەکیەتیی نەتەوەی کورد.( بڕوانە ، nursi, 2009: 189)

[46].declarative aspect

[47].phraseology

[48]. Sheikh Ubeidullah to Dr Cochran. Correspondence. Turkey. No. 5/61. Incl. 3 (1881).

[49].counterexample.

[50].anomaly.

[51]. ئاماژە بەوەش کراوە، میلنگەن لە کتێبەکەی کە لە ساڵی ١٨٧٠دا بڵاو کراوەتەوە، پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە بە شێوەیەکی شەخسی خۆی شاهیدی هەستی ناسیۆنالیستی بەهێز و خواستی سەربەخۆیی لەنێو کورددا بووە (بڕوانە: Millingen, 1870: 210-15).)

[52]. self-evident.

[53].inalienable

[54].Kurdishness

[55].sovereignty

[56].dissolving the links

[57].paternity or maternity

[58]. وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، سپێردەڵێت کە «لە تەنیشت سوڵتان و شەریفی مەککە، شێخ پیرۆزترین کەس بووە لەنێو ئیسلامی محەمەدی سوننەکاندا. هەزاران کەس ئامادەبوون وەک جێگری خودا شوێنی بکەون».

[59].politics of the performative

[60]. سنووری کۆمەڵگەیئیماندارانبابەتی ناکۆکی و ململانێی ئیلاهییاتی لەنێوان دوو قوتابخانەی ئیعتزال و ئەشعەری لە ئیلاهییاتی ئیسلامیدا بوو.( بڕوانە: Rahman, 2002)

[61].Weberian ideal type

[62].patent

[63]. لێرەدا داکۆکی لەسەر ئەو ڕاستییەیە کە هەوڵەکانب ۆ «ھاوگیری و یەککەوتنی بابەتی سیاسی و نەتەوەیی، لانیکەم لەڕووی تیۆرییەوە، بە شێوەیەکی موتەعارف وەرگیراون. ئەگەرنا، هەندێک لایەنی ئەم ڕێبازە کە ناسیۆناڵیزم وەک ”تەرح“ێکی گەردوونی و جیھانداگر دەبینێت، لەلایەن کاتێرجی لە بەرهەمە جیاوازەکانیدا ڕەخنەیان لێ گیراوە».( بڕوانە: Chatterjee,1993,1995)

[64]. taken forgranted

[65].banal

[66].invisible force

[67].omnipresence

[68]. local and universal

[69].imagined community.

[70]. نامەگۆڕینەوەی شێخ عوبەیدوڵڵا و دکتۆر کۆچران، تورکیا. ژمارە 5/61. Incl. 3 (1881)(داکۆکی زیادکراوە).

[71].self-referential and self-defined nationhood.

[72].delegitimize

سەرچاوە : بەسوپاسەوە لە ماڵپەری ژنەفتن وەرگیراوە