ئۆپۆزسیۆن، یاخود ناڕازی؟

 

 

 

 

 
 

 تانیا كەمال دەروێش

ئەگەر گوزەرێك بكەین بە نێو سیستمی سیاسی لە جیهانی نوێدا، بێگومان جیاوازیی گەورە بەدیدەكرێت. خاڵی جیاكەرەوەی نێوان سیستمە دیموكراتەكان لەگەڵ سیستمە تۆتالیتارییە دواكەوتووەكاندا تەنها بوونی هێزگەلێكی ئۆپۆزسیۆنی واقیعییە.
 ئۆپۆزسیۆن لە ساناترین پێناسەیدا خاوەنی فیكر و بەرنامە و پلان و دیدگایەکی تایبەت بە واقیعی ناوچەكەیەتی. ئۆپۆزسیۆنبوون، پرۆسەیە بۆ بەردەوامیدان بە گەشەسەندنی مرۆیی تاك لەناو كۆمەڵگەدا. 

هاوكێشەی ناڕازی، هاوكێشەیەكی سادە و ساكارە، هەركات رازیكرا، پشت دەکاتە جەماوەرەكەی و خۆی سەرقاڵی بەرژەوەندییە شەخسی و گروپییەکەی دەکات

داكۆكیكاری ماف و ئازادییەكانە و خاوەنی فیكر و بەرنامەی چاكسازییە لە بەرامبەر قۆرخكاریدا.
زۆرێک لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان لە هەرێمی كوردستاندا هێزی ناڕازین و هیچ پەیوەندییەكی رۆحی و فیزیكییان بە ئۆپوزسیۆنبوونەوە نییە، بەڵێ هێزی دەرەوەی دەسەڵاتن و  ئامانجیان تەنها گەیشتنە بە دەسەڵات. ئەوەش بەوە پێناسە دەكرێت كە هێزێكی بێ بەرنامەن، ناڕازین لە كەمیی خزمەتگوزارییەكان، نەبوونی پلانی ستراتیژی دوورمەودا بۆ بەرژەوەندیی گەل و نیشتمان و كۆمەڵانی خەڵك، ناڕازین لەو دەستكەوتە مێژوویی و نەتەوەیی و نیشتمانییانەی كە لەگەڵ بەرژەوەندیی تاك یان  هێزەكەیاندا تەریب نابێت، جگەلەوەش هێزێگەلێكی كاتیین، هەركات بارودۆخی خەڵك باش ببێت و ئاستی خزمەتگوزارییەكان بەرزببێتەوە، ماددەیەكیان نامێنێت بۆ بانگەشە و فریودانی خەڵک.
بوونی كەس و هێزی ناڕازی و بێ پڕۆژە، زیانی زۆرترە لە سوودەکەی و سەرچاوەیەکی سەرەکییشە بۆ بەرهەمهێنانی نائومێدبوونی میللیی، نائومێدبوونێك کە رەنگە بە نیو سەدە قەرەبوو نەكرێتەوە. 
كاتێك كۆمەڵگەش بەشداری و متمانەی سیاسی لەدەست دەدات، ئیتر پەشیمانی جێی ئەو ئومێد و متمانەیە دەگرێتەوە. 
هاوكێشەی ناڕازی، هاوكێشەیەكی سادە و ساكارە، هەركات رازیكرا، پشت دەکاتە جەماوەرەكەی و خۆی سەرقاڵی بەرژەوەندییە شەخسی و گروپییەکەی دەکات.
هیچ سیستمێكی سیاسیی دیموکرات، بەبێ ئۆپۆزیسۆنێکی راستەقینە و خاوەن دیدگای ستراتیژیی سەركەوتوو نابێت و گەشە ناكات، چونکە قۆستنەوەی دەنگی ناڕازی بەمەبەستی دروستكردنی بەرە و هێزی سیاسی، هۆكاری سەرەکی بووە بۆ نانەوەی پشێوی و درێژەپێدانی ئەو ناعەدالەتییەی كە تائێستاش لە هەرێمەكەی ئێمەدا وەک خۆی ماوەتەوە، گرفتە سەرەکییەکەش دیارینەکردنی ئەو تاڵە دەزووی جیاوازییەیە کە ناڕازی و ئۆپۆزسیۆن لە یەکتری جیادەکاتەوە.

سەرچاوە : کوردستانی نوێ