ئایا کۆچکردن لە هەڵەبجە دیاردەیەکی سروشتی یە یان دروستکراوە؟

 

 

 

 

ئامادەکردنی: ڕەنگین سەلام و قەیسەر ڕەحمان

 

یەکێک لە گەورە دکتاتۆرەکانی جیهان هەڵەبجەی تەختی زەوی کرد و کیمیایی بەسەردا کرد، بەڵام خەڵکی هەڵەبجە شارەکەیان بنیادنایەوە و لە گەشە بەردەوام بوو، ئێستاش پێم وانییە بە پلانی چەند سەرمایەدار و سیاسیەک، بە کۆچی چەند ماڵێک شارەکە لە گەشە بوەستێنرێت.

کۆچکردن دیاردەیەکى کۆمەڵایەتى، ئابووریی و سیاسییە یان هۆکارەکەی ڕوداوێکی سروشتییە، کۆچ لە جیهاندا چەندین وڵات و شاری ڕوبەڕووی کێشەی کۆمەڵایەتى و ئابوری و کلتوری کردووەتەوە، چەندین لێکەوتەى نەرێنی بەدواى خۆیدا هێناوە، بەبێ جیاوازی بۆ ئەو شارەی کە بەجێ دەهێڵرێت یان ئەو شارەی کە کۆچی بۆ دەکرێت.

هەڵەبجە یەکێکە لەو شارانەی کە لە هەشت ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەکی بەرچاو لە خێزانەکان کۆچیان بۆ شارەکانی سلێمانی و هەولێر کردووە، بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی هەڵوێست لە ماوەی ئەو هەشت ساڵەدا (١٣٩٠) خێزان کۆچیان کردووە، کە بەگشتی هۆکارەکەی بۆ بێکاری و بابەتی کۆمەڵایەتی دەگێڕنەوە، بەڵام بە بۆچونی بەشێک لە شارەزایان و بەدواداچونمان بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە کۆچ کردن لە هەڵەبجەوە بۆ ئەو دوو شارە ناسروشتیە و هۆکاری تری هەیە، لەبەر ئەوە زۆرێک لەوانەی کە کۆچیان کردووە ژیانیان قورستر بووە، کە بەشێکیان تا ئێستاش ئیشەکەیان لە هەڵەبجەیە و هاتوچۆ دەکەن کە واتە هۆکاری ئابوری نییە، بە پێچەوانەوە گەر ئابورییەکی باشت نەبێت ناتوانیت ڕۆژانە هاتوچۆ بکەین.

هەڵەبجە خاوەنی کەیسێکی ناسراوە لە جیهاندا. خاوەنی دەشتی شارەزوورە کە سێیەم بەپیتترین زەوییە لە جیهاندا. خاوەنی ناوچەیەکی گەشتوگوزارییە و چەندان سەیرانگای جوانی هەیە کە گەشتیاری ناوخۆیی و دەرەوە بەردەوام سەردانیان دەکەن. خاوەنی پاکترین ئاوی خواردنەوەیە. خاوەنی هەوایەکی خاوێنە. لە ئێستادا دەرفەتێکی باش تێدایە بۆ وەبەرهێنان کە لە سەرجەم شارەکانی تری کوردستان و عیراق جیاوازترە. خاوەنی زەوی باش و نرخی گونجاوە بۆ وەبەرهێنەران. خاوەنی دەستی کاری کارامە و فراوانە. شارێک کە خاوەنی ئەمانەبێت جێگای گومان و پرسیارە کە بۆ جێبهێڵرێت.

مظفر جبار-کۆمەڵناس ،ماسته‌ر له‌ كۆمه‌ڵناسی :  پێم وایه‌ هۆكاره پاڵنه‌ره‌كان بۆ كۆچ چه‌ند لایه‌نێك كاریگه‌رییان ده‌بێت كه‌ سه‌رجه‌میان توانایی چاره‌سه‌ركردنیان هه‌یه‌ له‌وانه: به‌شێكی زۆر له‌ به‌رپرسانی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌وه‌ دێن و پاش ته‌واوبوونی ده‌وامیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی ژماره‌یان كه‌میش بێت، به‌ڵام كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر دانیشتوانه‌كه‌ی دروست كردووه ‌و به‌هۆكارێكی پاڵنه‌ر ده‌ستنیشان ده‌كرێت. دونیای سه‌رمایه‌داری و سه‌رمایه‌داران هۆكارێكی گرنگی ڕاكێشانی خه‌ڵكی شاره‌كانی دیكه‌ن بۆ سه‌نته‌ری شاره‌ گه‌وره‌كان، به‌ واتایه‌كی دیكه‌ گه‌وره‌تركردنی شاره‌ گه‌وره‌كان له‌سه‌ر حسابی بچوككردنه‌وه‌ی شاره‌كانی دیكه.‌ ژیانكردن له‌ شاره‌ گه‌وره‌كان بووه‌ته‌ جۆرێك له‌ چاولێگه‌ری، به ‌جۆرێك به‌بێ بوونی پلانی پێشوه‌خت به‌شێك له‌ خێزانه‌كان كۆچ ده‌كه‌ن و پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م كۆچی پێچه‌وانه‌ ده‌كه‌ن.

سەرکۆ یونس، ئابووریناس:  زۆرینەی ئەو خێزانانە کۆچ ئەکەن پاڵنەری ئابوورییان هەیە، بە خەیاڵی ئەوەی بچنە جێگایەک و ژیانی خۆیان و نەوەکانیان ئاسانتر بکەن، بەڵام کاتێک لە شارێکی گەورە ئەژین هەرچی ئەکەن تەنها بۆ دابینکردنی کرێی نیشتەجێبوونە، لە شاری گەورە تێچووی ژیانکردن قورسترە بۆیە هەرچی بکەیت ناگەیت بە ئامانجەکانت، هەڵەبجە شارێکە پێداویستی کەمترە و ئاسانترە، بۆیە ئەتوانی ژیانێکی شایستە بۆ خۆت بژیت.

(پ، ڕ) فەرمانبەر:  زۆرێک لە خەڵکی شارەکە ئەو بۆچونەیان بۆ دروست کراوە کە ئەم شارە چەپەکە و سنوری لەسەر نییە و بۆ ژیان ناشێت، لەبەر ئەوەیە خەڵکی بەجێی دێڵن، ئەگەر بەو پێوەرەبێت دەبێت زۆرێک لە شارەکانی جیهان چۆڵ ببن و تەنیا ئەو شارانە ژیانیان تێدابێت کە سنوریان لە سەرە و چەپەک نین، یان ئەگەر بەو پێوەرە بوایە دەبوو ئێستا پێنجوێن و خورماڵ گەشەیان لە شارەکانی تر زیاتر بوایە. نا برای من هیچ پەیوەندی بەوەوە نییە، لە هەموو وڵاتێک حکومەت باڵانسی لە نێوان شارەکاندا ڕاگرتووە بۆ پڕۆژە و دەرفەتەکانی کاری بە پلان و دادپەروەری ڕێکی خستووە. بە بۆچونی من کارەساتە گەورەکە ئەوەیە کە بەشێک لە سیاسیەکان بزنس دەکەن و پڕۆژەی بازرگانیان هەیە لە شارە گەورەکان وەک مۆڵ و یەکەی نیشتەجێ بون، بۆ ڕاکێشانی کڕیار پێویستە پڕۆژە و خزمەتگوزاری شار و قەزا و ناحییەکان کەم بکرێتەوە، ئاسانکاری بۆ بەرپرسان دەکەن کە ماڵیان لێرە نەبێت و هاتوچۆبکەن، ئەوەش وەک ڕیکلامێک بۆ ئەوەی خەڵکی چاو لەوان بکات و ڕوو لەو شارانە بکەن.

(ئومێد جەلال) کاسب، وتی:  لەو ساڵانەدا خەڵکێکی زۆر دەڕۆشت بۆ سلێمانی منیش بیرم لەوە کردەوە بڕۆم و گەشە بە ئیشەکەم بدەم، بەڵام سەرکەوتوو نەبووم و دوای دووساڵ گەڕامەوە، چونکە لەوێ ژیان ئاسان نیە و خەرج چەند بەرابەری ئێرەیە، تەنیا بۆ گەیشتنم بۆ سەر ئیشەکەم و گەڕانەوەم بۆ ماڵ مانگە سێ سەد هەزار دینارم پێویست بوو، بەڵام لێرە بە (١٨) خولەک بەبێ هیچ تێچویەک دەگەمە سەرکارەکەم، هەروەها لەوێ نەم دەتوانی هیچ پاشەکەوتێکم هەبێت، بۆ ئەو کەسانەی کە دەوڵەمەندن توانای کڕینی خانو و دامەزراندنی ئیشی خۆیان هەیە زۆر باشە و سەرکەوتوو دەبن.

(ئ. م) کاسب :  بڕیارمدا بەماڵەوە بگەڕێمەوە بۆ هەڵەبجە، چونکە لە سلێمانی نانەسکی ئیشم دەکرد و هیچ پارەیەکم بۆ نەدەمایەوە، هەرچەندە ماوەی ئیشەکەم دوو ئەوەندەی ئەو ئیشەبووکەلە هەڵەبجە دەمکرد، ڕۆژانە نزیکەی (٤٥) خولەکم پێویست بوو بۆ ڕۆشتن و گەڕانەوەم بۆ سەر ئیشەکەم، بەڵام لە هەڵەبجە بە (١٠) خولەک دەگەمە سەر ئیشەکەم، کاتم نەبوو لەگەڵ خێزانەکەمدا کۆببمەوە، خەرجی مانگانەمان لەسەر و دووملیۆن دینار بوو بەڵام لە هەڵەبجە پێنج سەد بۆ شەش سەد هەزار دینارە.

لە ٢٢ی شوبات ئەم ساڵدا سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیدا بۆ پاریزگای هەڵەبجە بەڵێنی (٩) پڕۆژەی بە خەڵکی هەڵەبجەدا، کە پێکدێن لە (بە قەزاکردنی ناحییەی خورماڵ، قیرتاوکردنی (٢٢٧) هەزار مەتر، گەڕاندنەوەی بەشیک لە داهاتی مەرزەکان بۆ پارێزگای هەڵەبجە، دەست کردنەوە بە کار لە (١٤) پرۆژەی وەستاوی هەڵەبجە، تەواوکردنی ماستەرپلانی پارێزگای هەڵەبجە، کردنەوەی کۆلیژی پزیشکی لە زانکۆی هەڵەبجە، ئاسانکاری تەواو بۆ وەبەرهێنان و وەبەرهێنەران لە هەڵەبجە، پردی تووەقوت، دامەزراندنی (٥٠٠) گرێبەست بۆ فەرمانگەکانی پارێزگای هەڵەبجە.

لەلایەکی ترەوە و بەپێی نوسراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی هەڵەبجە کە لە ١٩\٢\٢٠٢٤ دەرچووە (٥٠) پڕۆژەی ڕاگەیاندووە تا وەبەرهێنەران لە هەڵەبجە کاریان تێدا بکەن، کە خۆیان لە (٩) پڕۆژەی کشتوکاڵی، (١٦) پڕۆژەی پیشەسازی، (٨) گەشتیاری، (٢) فێرکاری، (٢) خزمەتگوزاری، (١) بانک و یەک پڕۆژەی نیشتەجێبوون کە (١٠٠) یەکەی نیشتەجێبوون لە خۆ دەگرێت لەگەڵ کۆمەڵگایەکی وەرزشی مۆدێرن و سپۆرت سەنتەرێک. هەروەها ئاسانکاریەکی تەواو بۆ ئەو وەبەرهێنەرانە دەکرێت کە سەرمایەگوزاری لە پارێزگای هەڵەبجە بکەن بە جیاواز لە پارێزگاکانی تری کوردستان.

بەپێی ووتەی یەکێک لە نوسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی لە هەڵەبجە، لە ساڵی (٢٠٢٤) نرخی خانوو و زەوی زیادی کردووە بە تایبەتی کۆمەڵێک گەڕەک بە تەواوی نرخەکەیان بەرزبوەتەوە.

لە ئەنجامی بە دواداچون و چاوپێکەوتنەکانمان ساڵی (٢٠٢٤)، ساڵی گەشەکردن و درەوشاوە دەبێت بۆ هەڵەبجە، کە لە لایەک چەند پڕۆژەیەکی ستراتیجی لە هەڵەبجە لە قۆناخی جێبەجێکردندان، و لە لایەکی ترەوە بەرزبونەوەی نرخی خان و زەوی لە شارەکەدا و کۆچی پێچەوانەی ژمارەیەکی بەرچاو لەوخێزانەکان بۆ هەڵەبجە ئاماژەن بۆ قۆناخێکی نوێی ژیانکردن لە هەڵەبجەدا.