ئایا دەکرێت زەین دەستەمۆ بکرێت؟

ئازاد ئەیامی

 

 لە رێگەی زەینەوە چارەسەری نەخۆشیە قورسەکانیش دەکرێت

 

ئەمڕۆ 5\8\2023 لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی، لە تۆڕی ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر، سیمینارێک بەناونیشانی (ئایا دەکرێت زەین دەستەمۆ بکرێت؟) بۆ نوسەر و توێژەر ئازاد ئەیامی بەڕێوەچوو.
ناوبراو لە سەرەتای سیمینارەکەدا، ئاماژەی بەوەکرد: ژیان پڕە لە سەختی و نەهامەتی و بەرەیەکی خۆش و بەرەیەکی ناخۆش و ئەم دوانە تەواوکەری یەکترین و بەبێ یەکێکیان ژیان مانای نابێت، بۆیە ئەگەر بناغەیەکی ڕۆحی بۆ ژیان دانەنێین ناتوانین قۆناغەکانی ژیان بە باشی ببڕین..
ئازاد ئەیامی، باسی لەوەکرد زەینی مرۆڤ، کلیلی ئەو دەرگایەیە کە دەبێت ژیانی پێ بکەینەوە، چونکە جەستە بەبێ زەین هیچ مانایەکی نیە،  زەین پەیوەندی نێوان رۆح و جەستەیە.. وتیشی: بەهۆی کێشەکانی ئەم سەردەمە، پەیوەندی نێوان رۆح و زەین بچڕاوە، بۆیە بۆ رزگار بون لە کێشە و نەهامەتیەکانی ژیان پێویستە مرۆڤ خۆی بکاتە هاوڕێی زەینی خۆی، چونکە ئەگەر زەین بکەیتە هاوڕێ دەتکاتە بلیمەت، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەشتوانێ کەسێکی وەکو هیتلەریش دروست بکات..
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ناوبراو باسی لە زانستێکی نوێ کرد کە ئێستا لە جیهاندا بەکاردەهێنرێت ئەویش چارەسەرکردنی نەخۆشیە جەستەییە قورسەکانە لە رێگەی زەینەوە، بۆ نمونە تاقیکراوەتەوە کەسێک کە هەردوو قاچی کار ناکات، بەڵام بەردەوام ئەرێنی بیربکاتەوە کە قاچەکانی کار دەکات، ئەوا کاریگەری لەسەر جەستەی کەسەکە دروست دەکات بە ئاراستەی چاک بونەوە. وتیشی: کۆمپانیاکانی دەرمان لە جیهاندا دژایەتی زۆری ئەم زانستە تازەیە دەکەن..
 دوای تەواوبونی قسەکانی ئازاد ئەیامی، ئامادەبوانی سیمینارەکە سەرنج و رەخنەکانیان خستەڕوو، بەشی زۆریان پێیانوابوو کە کە چەمکەکانی رۆح، بیر، زەین، ئاگایی و نائاگایی لە بابەتەکەدا روننەکراونەتەوە، پێشیانوابوو فەلسەفە و زانستە کۆمەڵایەتی و دەرونیەکان و خودی زانستیش پێچەوانەی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیەن کە ناوبراو باسی لێوەکردوە، بۆ نمونە بابەتی رۆح چەمکێکی ئاینیە و لە زانستدا دانی پێدا نەنراوە، بەڵکو مرۆڤ مادەیە،  بیرکردنەوەی مرۆڤیش بەدەر نیە لە مادە، تەنانەت فکر و ئایدۆلۆژیا بیرکردنەوەش رەنگدانەوەی مادەیە..

 

سەرچاوە : چاودێر