د.ئەمیر حسێن
ئاگنۆتۆلۆژی پسپۆڕییەکی زانستی دەگمەنە، بەکاردەهێنرێت بۆ پیشەسازی لە بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی نەزانین بە شێوازێکی زانستی و ورد. واتە لە ڕێگەی بەگەڕخستنی تیۆری زانین لە پێناو بەدەستهێنانی زانستی نەزانین ،هەر بۆیە ئەم زانستە بە “زانستی نەزانین" یان “ پیشەسازی نەفامی “ ناسراوە، کە لە دوووشەی یۆنانی “ agnosis “ نەزانین و “ anthology “ (زانستی بوون) پێکهاتووە.
«ئاگنۆتۆلۆژی» (Agnotology)، زانستێکی چالاکە بۆ بڵاوکردنەوەی نەزانین بە شێوەیەکی سیستماتیک وکرداری لە نێو ئاگامەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابورییدا. ئەم زانستە ئەگەرچی سەرەتا لە هەناوی زانستی کۆمەڵناسیدا سەریهەڵدا، بەڵام ئەم چەمکە نوێیە ئێستا ئاماژەیە بۆتوێژینەوە لە هەموو ئەو هەڵوێست و چالاکیانەی بە مەبەست ئەنجام دەدرێن لەپێناو بڵاوکردنەوەی جۆرێک لە ئاڵۆزی و ناڕونی کە دواجارگەوجاندنی بە کۆمەڵی لێدەکەوێتەوە، لە ڕێگەی گومان و هەڵخەڵەتاندن، بۆ گەیشتن بە قازانجی دارایی لە ساغ کردنەوەی کاڵاو بەرهەمە بازرگانیەکان یان دروستکردنی گومان و مشتومڕ لە دەرئەنجامی توێژینەوە زانستیەکان، بۆبە هەدەردانی تواناو وزەی مرۆڤ و بەلاڕێدابردنی ، لە پێناو ڕەواجی زیاتربۆ بەرهەمەکانیان .
زانستی نەزانین (ئاگنۆتۆلۆژی) بریتییە لە لێکۆڵینەوە لە نەزانین ، واتە بەرهەمهێنانی تێگەیشتنێکی زانستی لەپێناو برەودان بە نەزانین بە میتۆدی زانستی ، پەنابردن بۆگومان وەک هەنگاوێکی توێژینەوەی زانستی لە پێناو دروستکردنی نەزانینی ئامانجدارو بە ئەنقەست . ئەمە بوارێکی نوێی لێکۆڵینەوەی فەلسەفییە باسی ئەوە دەکات چۆن نەزانین لە ناو خەڵکدا بەرهەم دەهێنرێت، بەتایبەتی لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی زانیارییە زانستییە نادروستەکان یان گومان خستنە سەر دەرئەنجامە زانستیە بەدەستهاتوەکان ، بەڵگە زانستییەکان بە ڕەهایی ڕەت ناکاتەوە، بەڵکو تەنیا دەیانخاتە ژێر پرسیاری «ئەگەری» دروستی یان شیمانەی نا دروستی . ئەمەش لە ڕێگای سەرمایەگوزاری لە بەرهەمهێنانی توێژینەوەی هەڵخەڵەتێنەری ئامانجدارلە پێناو بڵاوکردنەوەی دڕدۆنگی وە شێواندنی ڕاستی یان داماڵینی متمانەی بەدەستهاتوو بە دەرئەنجامە زانستیەکان .
بەواتای ئەگنۆتۆلۆژیا بوارێکی توێژینەوەیە ، نەزانی وەک ئامادەنەبونی یان غیابی زانین لە فۆڕمێکی سادەی ئەکادمیدا وێنا ناکاتەوە، بەڵکو وەکو بەرهەمێکی پیشەسازی کلتوری وکۆمەڵایەتی و سیاسی بە مەبەست دروستکراودەبینێت، کاردەکات بۆخستنەڕوی نەزانی وەک ئامانجێکی ستراتیژی وە ڕەنێو هێنانی لە پێناو مەبەستە تایبەتیەکان ، بۆ نمونە یاریکردن بە ڕای گشتی وە هەڵخەڵەتاندنی بە کۆمەڵ لە پرس و بڕیارە تەندروستی و ژینگەییەکاندا .
ساڵی (٢٠٠٨) هەردوک بیرمەند ( ڕۆبێرت پڕۆکتۆر و لیندا شیبینگەر) لە زانکۆی ستانفۆرد لە ئەمریکا ، بە شێوازێکی میتۆدی ئەم تێزەیان لە فۆڕمێکی زانستیدا تیۆریزەکرد بە ناوی ( ئاگنۆتۆلۆژیا: پیشەسازی نەفامی وهەڵوەشاندنەوەی Agnotology: The Making and Unmaking of Ignorance ) لەپێناو گەیاندن و ڕونکردنەوەی بیرۆکەکان پەنا بۆ لێکۆڵینەوە لە هەندێک نموونەی زیندو دەبەن لەوانە :
1-پیشەسازی جگەرە : ساڵی (١٩٢٢)کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی جگەرە لە ڕاپۆرتێکی نهێنیدا باس لەوە دەکات ، دروستکردنی گومان باشترین هۆکارە بۆ ڕوبەڕوبونەوەو دواتر ڕەواندنەوەی مەترسیە ڕاستەقینەکانی زیانەکانی جگەرە کە تا ڕادەیەکی زۆر وەختە بیرکردنەوەی خەڵک بەیەکجاری دابپۆشێت ، تا لەساڵی ( ١٩٥٣) زانست پشت ڕاستی کردەوە، جگەرە هۆکاری سەرەکی نەخۆشی سەرەتانی سیەکانە ،بۆیە هەر زو بەڕێوەبەرانی حەوت کۆمپانیای زەبەلاحی جگەرە کۆبونەوە لە پێناو داڕشتنی پلان بۆ ڕوبەڕو بونەوەی ئەم ڕاستیە زانستیە ، گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە باشترین ڕێگا بۆ بەرپەرچ دانەوە پەنابردنە بۆئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی بە مەبەستی گومان دروستکردن لەلای بەکارهێنەران لە بەڵگە زانستیەکان .تەنانەت لیژنەیەکی پسپۆڕیان پێکهێناو بوجەیەکی گەورەیان بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی پێچەوانە تەرخانکرد ، ئامانج شێواندنی ئەو ڕاستیە زانستیەبو( جگەرە هۆکاری توشبونی ڕاستەوخۆی سەرەتانی سیەکانە ) توێژینەوەکان هێندە زۆرو هەمەجۆربوون کۆمپانیاکان نزیکەی نیو سەدە سودیان لە گومان و دڵەڕاوکێی بەکاربەران وەرگرت تا دواجارئەوڕاستیە بە یەکجاری چەسپا. تەنانەت ساڵی ( ١٩٧٩) یەکێک لەو کۆمپانیانە لەڕاپۆرتێکی نهێنیدا دواترزانکۆی سان فرانسیسکۆ لەگەڵ (٩٣) ملیۆن لاپەڕە ئاشکرایکرد،لەژێر ناوی( پێشنیاربۆجگەرەکێشانی تەندروست) دەڵێت: باشترین ڕێگا بۆ بە بازاڕکردنی جگەرە خوڵقاندنی گومانگەراییە لە ناو بەکارهێنەراندا واتە گومان لەوەی ئایە جگەرە بەڕاست مەترسیدارە بۆ تەندروستی یان نا ؟
2-گۆڕانی کەش و هەوا: دوای ئەوەی توێژینەوە زانستیەکان کەوتنە ڕونکردنەوەی هۆکارەکانی تێکچونی کەش و هەوا بەتایبەت پاشماوەی گازە ژەهراویەکان و کاریگەریان لەسەر چینی ئۆزۆن و تێکچونی دیاردە سروشتیەکان ، کۆمپانیاکانی پیشەسازی ووزەو گازە کیمیاییەکان کەوتنە خۆ بۆبەگەڕخستنی چەندان لیژنەی پسپۆڕی زانستی و خستنەوەی هەزاران توێژینەوە لە پێناو دورخستنەوەی یان گومانکردن لە کاریگەری ئەم هەڵچونی گازە ژەهراویانە لەسەر ژینگە . بۆ نمونە : دوای بەدواداچونی چاودێران بۆ چالاکیەکانی لاپەڕەیەکی تویتر(X) کە لە ناوچەیەکی شیکاغۆ وە سپۆنسەری دەکرا ، دەرکەوت لەلایەن کۆمەڵێک پسپۆڕەوە سەرپەرشتی و ئاراستەدەکرێ کە زۆر ئەکتیڤن لە چالاکیەکانی تایبەت بە کەش وهەوا بەڵام سەرجەم پۆست و چالاکیەکانیان پێچەوانەی دەرئەنجامە زانستیەکانەو بەردەوام کار بۆ گومان و ڕەتکردنەوەی بۆچونە زانستیەکان دەکەن ، لە پێناو دواخستنی ڕێوشوێنە یاساییە نێو دەوڵەتیەکان بۆ پاراستنی کەش و هەواو ئاستەنگ لەبەردەم دامودەزگا جیهانیە ژینگەییەکان .
3-نەزانی بەرامبەرکەمینە ئیتنیەکان : هەوڵدان لەپێناو شاردنەوە یان سڕینەوەی مێژوی پڕلە ئەزمونی ململانێی شۆڕش و ڕاپەڕینی کەمینەکان، دواتر کارکردن لە فۆڕمێکی میتۆدیدا بۆکپکردن و شاردنەوەی مێژوو کلتوری ڕۆشنبیری ئەم بزوتنەوانە، ئەمەش دەرفەتی نا هاوتایی فراوانتر کردوە بەتایبەت لە ڕوی کۆمەڵایەتی وسیاسیەوە.
4-نەزانی لەبواری پزیشکیدا : لە توێژینەوەی ئەم کەیسە زیاترقازانج و بەرژەوەندی کۆمپانیاکان لەبەرچاوگیراوە بەرامبەر بەرژەوەندی گشتی ، زۆرجار دەستکەوتە زانستیەکان پشتگوێ خراون لەبەرامبەر قازانجی کۆمپانیاکانی دەرمان و تاقیگاکان ، بەتایبەت لە کاتی سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا بەئاشکرا توێژینەوە زانستیە زۆرو زەبەندەکان شڵەژانێکی زۆریان دروستکرد لە پێناو بەرپاکردنی گومان و بێ متمانەیی لەناو خەڵکدا ، یان زۆرجار کلتورو ئاین لە هەندێک ناوچە ڕۆڵی گرنگ دەبینێ لە دەستنیشانکردنی هەندێک نەخۆشی ڕەگەزی ژنان .
بێگومان لەسەردەمی پێشکەوتنە خێراکانی زانست و تەکنۆلۆژیادا ، بەتایبەت تۆڕەکانی پەیوەندی و پلاتفۆڕمەکانی سۆسیال میدیا گۆڕەپانێکی تری فراوان بۆ تیۆریزەکردنی نەفامی و نەزانین ڕەخساوە، بۆ ئەوەی کۆمپانیا زەبەلاحەکان بە شێوەیەکی فراوان وەبەرهێنانی تێدابکەن و تا بۆیان بکرێت پانتایی نەزانینی بە کۆمەڵ زیاتر بکەن .
لەکۆتایدا نەزانین لە دوو جۆری سەرەکیدا بە چڕی بەرجەستە دەبێت ( سادە و ئاوێتە) ، سادە : ئەوەیە کەسی نەزان دەرک بە نەفامی خۆی دەکات و لەڕێگەی فێربوون و خۆ پێگەیاندنەوە هەوڵدەدات دۆخەکە تێپەڕێنێ وەخۆی پێبگەیەنێ وەک سوقرات کاتێک بەراوردی خۆی دەکات لەگەڵ دانیشتوانی ئەپیناو دەڵێت : من دەزانم کە نازانم بەڵام ئەوان نازانن کە نازانن، ئاوێتە : ئەوکەسەیە نازانێت کە نازانێ ، بەڵکو پێیوایە زانایەو لە هەموو بوارێکدا خۆی وەکو پسپۆڕ دەبینێ و بەبێ هیچ پرەنسیبێکی زانستی و ئەخلاقی ڕەخنە دەگرێ و تەنانەت ڕێ بە خۆی دەدات پێدراوە زانستیەکان ڕەتبکاتەوە، وەکو دانیشتوانەکەی ئەپینا .
سەرچاوە : خەندان