ئامانجی پشت ڕیفراندۆم چی بوو؟

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا

 

کەسانێکی زۆر سەبارەت بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ئەنجامەکانی قسە وباسێکی زۆریان کردووە وهەریەکە لەبۆچوونی خۆیەوە شەنوکەویان کردووە. بێگومان هەر کەسێک ئازادە چۆن لەو مەسەلەیە تێدەگات! کاتێک ڕۆژی ٢٥-٩-٢٠١٧ ڕیفراندۆم لە باشووری کوردستان ئەنجامدرا، کورد و کوردستان لەبارودۆخێکی زۆر باشدا نەبوو، بەڵام ئەگەر بەراوردی بکەیت بە دوای ڕیفراندۆم لە چەند ڕوویەکەوە باشتر بوو! هەرچەندە ئەوەشمان لە بیر نەچێت نزیکەی ٢٠٠٠ شەهید و ١٠٠٠٠ برینداری شەڕی سێ ساڵەی داعش هەبوو، واتە نزیکەی ١٢٠٠٠ خێزانی کوردستان کارەساتبار بوون، کە هەندێکیان  بۆ جاری دووەم بوو کۆستیان بکەوێت!

کورد هیچ کات بە بێ شاری کەرکوک سەربەخۆیی نەویستووە، یان هەرنەبێت تا کەرکوکیشی لەگەڵ نەبێت باسی نەکردووە،  بڕواش ناکەم دیسانەوە لە داهاتووشدا بە بێ کەرکوک ئەوهەنگاوە بنێت. پاش ڕزگارکردنی ناوچەکانی کەرکوک لە دەستی داعش و ڕاکردنی سوپای ئێراق، ئیتر تا ئاستێک باشووری کوردستان لە سنوورەوە تا چیای حەمرین ئازاد بوو و لە ژێر دەسەڵاتی کورددا بوو، بۆیە کاتەکە گونجاو بوو بۆ وەرگرتنی ڕاو بۆچوونی خەڵکی کوردستان لەلایەک و بۆ تاقیکردنەوەی دونیاش لەلایەکی ترەوە! بەدڵنیاییەوە ئامانجی یەکەم و کۆتای ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی و دروستکردنی وڵات بوو و هەر ئەوکاتەش ئەوەم نووسیوە (١، ٢، ٣). بێگومان کەسێکی وەک کاک مەسعوود بارزانی، کە خاوەنی پڕۆژەی ئەنجامدانی گشتپرسی بوو، تە ئەم ساتەش بە ڕوونی ئەوە ناڵێت و ناشیڵێت، بەڵام وەک خۆر دیارە و هەردەبێت ئامانجەکەش ئەوەبێت، کە ئەوە مافی خەڵکی کوردستانە بۆ دەوڵەت هەنگاو بنێت... مەگەر ئێمەو ئێوە و هەموو تێکۆشەران و شۆڕشەکانمان و پێشمەرگەکان و شەهیدەکان و بریندارەکان گشتییان بۆ ئەو ئامانجە هەوڵ نادەن؟ئەی خۆ بۆ مووچەو پۆست خەباتمان نەکردووە؟

کێشەکە لەچی دابوو.. کاک مەسعوود هەندێک لەلایەنەکانی کوردستانی تەواو قەناعەت پێ نەکرابوو، کە دوای ڕیفراندۆم کار بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان بکەن، بۆیە لە بەڵێنەکانییان پەشیمان بوونەوە و هەرزوو ڕوویان وەرچەرخاند! هەرچی بەرەیەکی تر هەبوو بە پاڵپشتی ئەمریکا بەتوندی دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوون و خەڵکیان تا سەر ئێسقان سارد دەکردەوە و پێیان وابوو کاتەکەی گونجاو نییە! خاڵێکی تری گرنگ و کاریگەر چارەسەرنەکردنی گەندەڵی و دوورکەوتنەوەی بەرپرسەکان لە خەڵک، واتە بۆشاییەکی گەورە دروست بوو بوو، کە ئێستاش ئەمە چارەسەر نەکراوە، لە نێوان سەرکردەکان و خەڵکدا! سەرکردە بە ئێستاشەوە لە خەڵک دابڕاون و لە زۆربەی کات و شوێندا ئاگاداری خەڵک نیین! ئەمەش وادەکات، کە متمانە لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا نەمێنیت و کەسانی تر خەڵک بقۆزنەوە و هانیان بدەن دژی دەسەڵات!

ئەم دوو سێ کەرتبوونەی کوردستان پەیامێکی ڕوونی نارد بۆ دەسەڵاتدارانی بەغدا، کە دەکرێت هەنگاوی لەباربردنی خەونی دەوڵەتی کوردستان بنێن و ناشییان. هەڵبەت هاوسێکانی کوردستان ڕۆڵی کاریگەریان هەبوو لە داگیرکردنەوەی نیوەی خاکی ڕزگارکراوی باشووری کوردستان! چەندین بۆچوون هەبوو ، کە گوایە دەبوو کوردستان ژێرخانێکی بەهێزی هەبووایە و خاوەن پارە و هێز بووایە تا ئەوهەنگاوە بنێت و وڵاتان لەخۆی  نەکات بە دوژمن! جا ئەمە لوتکەی خۆبەکەمزانینە، کە پێش چەندین ساڵ ئاماژەم پێداوە ( ٤ ). نەتەوەیەک بۆ وڵات دروست دەکات؟ مەگەر لەبەر ئەوە نییە، کە لەلایەن نەتەوەی سەردەستەوە دەچەوسێتەوە و مافەکانی پێشێل دەکرێت و خاکەکەی داگیردەکرێت و نەوەکانی شەهیدەدەکرێن؟ نەتەوەتان دیوە لە خۆشیدا ببێت بە دەوڵەت ؟ بەداخەوە ئەوە بیانوو بوو و تائێستاش بەردەوامن لەوەی، کە باشووری کوردستان بگەڕێتەوە بۆ باوەشی گەرمی ئێراق! ئەی واناڵێن ئەگەر ئێمە لەگەڵ بەغدا ڕێبکەوین ( تەسلیم ببین)، ئەوا هیچ خەمی مووچەو بودجەو سەروەریمان نامێنێت! باشە ئەگەر واش بوو، کە هەرگیز واش نابێت، ئەی بیری بە دەوڵەتبوون چی لێدەکەن؟ کەستان ئەوپرسیارەتان کردووە، کە چۆن دەوڵەت لە سایەی ئێراقێکی شیعیدا دروست دەکەن؟ لەوانەیە بڵێن بە هێزی نەرم و گفتوگۆ و تێگەیشتن، ئەوەخەوی حوشترییە!

بەداخەوە خەڵکانی غەیرە کوردی خاوەن دەسەڵات لە بەغدا یەک خاڵ تێناگەن، کە ئەویش ئەوەیە تا باشووری کوردستان ئازاد و سەربەخۆ نەبێت، ئێراق هەرگیز ئارام نابێت.

 

پەراوێزەکان:

١-ئامانجى گشتپرسی تەنیا سەربەخوَییە، ماڵپەڕى PUKmedia ، 28-9-2017، بڕوانە:

http://www.pukmedia.com/KS_Direje.aspx?Jimare=103745

هەروەها كوردستانى نوێ، ژمارە 7377، 1-10-2017، ل14.بنواڕە لینكى:

http://www.knwe.org/Direje.aspx?Jimare=55381&Cor=2&Besh=Witar

٢- دوای سەربەخۆیی (2)، ماڵپەڕی خەندان، 13-9-2017، بڕوانە:

http://www.xendan.org/detailwtar.aspx?jimare=1060&nuser=1380

٣-دواى سەربەخۆیى، كوردستانى نوێ، ژمارە:  7359   ، 10 -9 -2017، ل13. بڕوانە:

http://www.knwe.org/Direje.aspx?Jimare=55210&Cor=2&Besh=Witar

٤-تاكەى خوَبەكەم زانین؟ ، ماڵپەڕى سبەى:   www.sbeiy.com ،   7 / 3 /2008.

 

سەرچاوە : ڕیفراندۆم