ئالوودەبوون چییە؟

رۆزا دڵشاد مەریوانی

ئالوودەبوون واتا خۆبەدەستەوەدانی جەستەیی و دەروونیی مرۆڤ بۆ بابەتێک جا دەرمان و مادە هۆشبەرەکان و هەر شتێکی دیکە بێت کە دەخورێت یان دەچێتە جەستەوە یاخود ئالوودەبوون بێت بە کەرەستە یان چالاکییەکی دیاریکراو وەکو ئالوودەبوون بە قومار و مۆبایل و یارییە ڤیدیۆییەکان و فیلمە سێکسییەکان ..هتد، هەر کامێکیان بێت تێیدا مرۆڤ بە تەواوەتی لە رووی جەستەیی و هزرییەوە خۆی دەداتە دەست ئەو بابەتە و لەبەرامبەریدا ئیرادەی دەبێتە سفر و ناتوانێت بە تەنیا وازیلێبێنێت یان دەستبەرداری ببێت.
کاریگەرییەکانی
کاریگەرییەکانی ئالوودەبوون بریتین لە کاریگەریی جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتی، چونکە ئەگەر ئالوودەبوونەکە بە دەرمان یان تەنانەت شەکر و زۆر خواردن بێت سەرەتا کار لە جەستە و تەندروستی دەکات وەکو نەخۆشییەکانی دڵ و کۆئەندامی هەناسە و نەزۆکی..هتد هاوکات کاریگەری دەبێت لەسەر دەروون وەکو خەمۆکی و بیرکردنەوە لە خۆکوشتن و مێشک و دەروونی ئەو کەسە هەمیشە نائارام دەبێت و خەیاڵی لای ئەو بابەتە دەبێت کە پێیەوە ئالوودە بووە، جگە لە کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی بەوەی ئەو کەسەی ئالوودەیە ناتوانێت ژیانێکی کۆمەڵایەتی ئاسایی بژی و لە کۆمەڵ دادەبڕێت تەنیا لە پێناوی خەریکبوون بەو بابەتەی پێیەوە ئالوودە بووە.
چارەسەر
یەکەم هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی ئالوودەبوون ئەوەیە کەسەکە دان بەوەدا بنێت ئالوودەیە و پێویستی بە چارەسەرە، چونکە تاوەکو ئەو کەسە قەناعەت نەکات ئالوودەیە چواردەورەکەی ناتوانن بەزۆر چارەسەری بکەن، دوای ئەوە ئینجا پڕۆسەی چارەسەرکردنەکەی دەستپێدەکات بە گەڕان بەدوای ئەو سەرچاوە و کەسانەی دەکرێت لە گەشتی چارەسەرەکەیدا یارمەتی بدەن جگە لە پاڵپشتی خێزانیی کە زۆر گرنگە بۆ کەسی ئالوودە هەبێت.
گرنگیشە بزانرێت ئالوودەبوون بە سۆشیال میدیا و مۆبایل و ئامێرە زیرەکەکان و فیلمە سێکسییەکان و شەکر و خواردن لە رووی مەترسییەوە لە چاو مادە هۆشبەرەکان و ئەلکهول هیچی لەوان کەمتر نییە و نابێت بە کەم تەماشا بکرێت و لەم سەردەمەدا مرۆڤەکان بە زۆر بابەتی نوێوە ئالوودە دەبن و دەبێت بە هەمانشێوەی کەسێکی ئالوودە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکەیاندا بکرێت و چارەسەری گونجاویان لە رووی جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەستەبەر بکرێت.
ئەگەر مرۆڤ لەسەر دەرمان و مادە هۆشبەرەکان ئالوودەبوو ئەوا دەبێت سەرەتا لەلایەن پزیشکەوە چارەسەر بکرێت جگە لە چارەسەری دەروونی و کۆمەڵایەتی و پاڵپشتی خێزانی تاوەکو لەو ئەزموونی چاکبوونەوەیەیدا سەرکەوتوو بێت و دووبارە بۆی نەگەڕێتەوە. 
هەندێ ئامۆژگاری گرنگ بۆ کەسێک لە ئالوودەبوون رزگاری بووە بریتییە لە:
*خەوتنی باش 
*دوورکەوتنەوە لە هۆکارەکانی خەم و سترێس و دڵەڕاوکێ.
*خواردنی تەندروست و پڕ لە بەهای خۆراکیی پێویست.
* دوورکەوتنەوە لەو کەسانەی بوونەتە هۆی ئالوودەبوونەکەی.
*بیرکردنەوە لە کاریگەرییە خراپە تەندروستی و دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی.
خۆپاراستن
هیچ کەسێک دوور نییە لەوەی ئالوودە بێت، بەڵام هەمیشە ئامادەیی جەستەیی و دەروونی هەروەها پەرتەوازەیی خێزانیی و نەبوونی هۆشیاری پێویست کاریگەری دەبێت لەوەی کەسێک زیاتر ئەگەری ئەوەی هەبێت ئالوودەببێت وەک لە یەکێکی دیکە، بۆیە هەمیشە هۆشیارکردنەوەی منداڵ و هەرزەکار لەبارەی مەترسییەکانی ئالوودەبوون بە مادە هۆشبەرەکان و کهولییەکان..هتد گرنگە و بەرپرسیارێتی خێزانیشە چارەسەری منداڵەکەیان بکەن ئەگەر هەستیان بە بوونی نیشانەکانی ئالوودەبوون کرد تێیدا.

 

 

سەرچاوە: knwe