د. عهتیه حهمهسهعید ساڵحی
خوای گەورە فهرموویهتی: [شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِي أُنزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ هُدًى لِلنَّاسِ وَبَيِّنَاتٍ مِنَ الْهُدَى وَالْفُرْقَانِ فَمَنْ شَهِدَ مِنْكُمُ الشَّهْرَ فَلْيَصُمْهُ وَمَنْ كَانَ مَرِيضًا أَوْ عَلَى سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِنْ أَيَّامٍ أُخَرَ [سورة البقرة:185. قورئانی پیرۆز كە بۆ مرۆڤایهتی نێردراوه دەستووری ژیانە بۆ هەموو ئادەمیزاد، هیچ شتێك نییە كە پێغەمبەری موسڵمانان (د.خ) بۆ كۆمەڵ روونی نەكردبێتەوە، لێرەدا باسی ئەو ئایەتە پیرۆزەی سەرەوە دەكەین.
ژیانی تەندروستی ئافرەت جیاوازی هەیە لەگەڵ پیاوان، پیاوان ژیانیان ئارامترە لە ئێمە، هەر لە سەرەتای هەرزەكاریەوە كچان توشی سوڕی مانگانە دەبن، كە زۆر زەحمەتە بۆیان، جگە لەوەی ژانەسک و سەر و پشت دەگرن لەشیان تێكدەچێ، دەبێ ئەو كچە لە مانگێكدا حەوت رۆژ هەر خەریكی خۆپاكردنەوە بێت، چونكە ئەو خوێنە بەردەوام دێتە خوارەوە، بێگومان ئەگەر بە وردی لە كێشەكە تێنەگات، تووشی گرفت دەبێ، ئینجا لەناو خێزانێك ئەگەر ژمارەیان زۆر بێت و دەرامەتیان باش نەبێ، بێگومان كارەكە بۆ كچەكە زەحمەتتر دەبێت.
بەپێی ئەم ئایەتەی سەرەوە سوڕی مانگانە بە نەخۆشی دانراوە، ئافرەت نابێ بە رۆژوو بێت، پیاوان هەستی پێناكەن، چونكە ئێشەكە لەوان نییە.
كاتی دووگیانی:
لە مانگی 1 – 3 بە رێژەیەكی زۆر ئافرەتان رشانەوەیان هەیە، ئینجا واتای ئەوەیە رۆژیەكەی بەتاڵە، پێویستە هەر كاتێك رشایەوە كۆتایی پێبهێنێت.
ئەگەر تەندروستی گشتی باش بوو، دەتوانێ لەمانگەكانی 4 – 7 لە وەرزی بەهار و پایز و زستان بە ئاسانی رۆژوەكە تەواو بكات، بەڵام لە هاوین زۆر بە زەرەر دەگەڕێتەوە، چونكە بنیادەم زیاتر ئاوی لەشی بە عارەقەكردن دەڕوا، زیاتر تینوو دەبێ و كۆرپەكەش زەرەر مەندە دەبێ، ئەگەر هەستی بەتینوەتی كرد، كاردەكاتە سەر خەستی خوێنی كە بۆ وێڵاشی منداڵەكە زیانبەخشە و بۆی هەیە خوێنی كەمتر بۆ كۆرپەكە بڕوات، لەمانگی 6-7-8 زۆر بەخێرایی گەشە دەكا، ئەگەر رێژەی شەكر و ئاو لەناو خوێن كەم بوو، ئافرەت و كۆرپەكە بێ تاقەت دەبن.
لەمانگی 9 رۆژوگرتن بۆ ئافرەتی ئیشكەر و ماندوو زۆر زەحمەتە، چونكە ئێستا ژینگەش وەك جاران پاك نییە و رێژەی ئوكسجین لەناو لەش كەمترە، ماددهی ژەهراوی لەهەوا زۆرە، ئەویش كاردەكاتە سەر سییەكانمان، كە توانای پاكردنەوەی ئەو هەموو ژەهرانەی نییە. هەر ئەوەشە هۆی پشتئێشان و لاق و دەست ئێشان و سەرئێشان، ئینجا ئەگەر بێتو حەبی ژانیشی بخۆی خراپتر دەبێ، چارەسەری ئەو كێشەیە ئاو خواردنەوەی زۆرە، تاكو خوێن پاك بێتەوه و گورچیلەكانمان بشۆرێن، هەروەها هەناو و ریخۆڵەكانمان بەرێكی كار بكەن.
كاتی دووگیانی بەرگری لەش بۆ میكڕۆب و ڤایرۆس كەم دەبێ، ئنیجا گەر رێژەی هیمۆگڵۆبین و خانە بەرگرییەكان كەم بن، میكڕۆبەكە زیاتر كاردەكهن، گورچیلەكان و جگەریش ماندوو دەبن، ئەمەش كاردەكاتە سەر وێڵاشی منداڵەكە، كۆرپەكەش گەشەناكات.
زۆر ئافرەت هەیە لەكاتی دووگیانیدا ئەوەندە خوێنی توند دەبێ، بە تایبەت ئەگەر بەرۆژو بێ، یان بەهۆی میكڕۆبێكەوە نەخۆش بێ، خوێنەكەی خەست دەبێ و وێڵاشەكەی وشك دەبێ، ئەو منداڵە خۆی بەرامبەر گرژی روحم راناگرێ، بە تایبەت بۆ منداڵبوونی سروشتی، ئینجا نەشتەرگەری دەكرێ! ئەمەش دەبێتە هۆی مردنی زۆر كۆرپە و تێكچوونی كۆئەندامی زاوزێ و نەزۆركی.
جاران گەر ئافرەتی دووگیان بێ تاقەت بووایە، دەچوو لای مامۆستای ئایینی، ئەویش فەتوای بۆ دەدا كە دەتوانێ رۆژوەكانی بۆ كاتێكی تر دوابخات، یاخود فدیە بدات. بزانە بە روونی تەماشای رێنماییەكانی ئەو دینە پیرۆزە بكە، چۆن رێگای بۆ ئاسان كردووین، تاوەكو ئەزیەتمان نەبێ. خوا دەفەرمووێ “يريد الله بكم اليسر ولا يريد بكم العسر” (البقرە 185). واتە خواوەندی پیرۆز نایەوێت ئادەمیزاد ئەزیەت بدات.
ئافرەتان لەكاتی رەمەزان لەناو ماڵی خۆیان ژینگەیەكی زۆر خۆش بۆ كاتی بەربانگ دەڕازێننەوە، ئەوەی خەریكی خواردن دروستكردنە هەست بە رۆژو ناكات، جاروبار پێڕاناگا نوێژەكەی لەكاتی خۆی بكات، هەست بەوەختەكە ناكات، بۆ ئەو جۆرە ئافرەتانە رۆژو زۆر بەسوودە، لەش و كۆئەندامی هەرس دەحەسێتەوە.
پێویستە لەسەر هەموو پیاوان یارمەتی ئافرەتەكان بدەن، بەتایبەت ئەوەی دووگیانە، چونكە ئەگەر ئافرەت لەماڵەوە بێت دەتوانێ رۆژوەكەی بگرێ، بەڵام ئەگەر بچێتە كار و ئیشی دەرەوە و لەبەر گەرما و سەختی رێگا، زیاتر ئەزیەت دەبینێ، كاتی هاتەوە ناو ماڵ، لەبەر ماندووبوونەكەی خواردنی بۆ ئاماددهناكرێ و پاكوخاوێنی بۆ ناكرێ، ئینجا نەخۆش دەبێ.
لەمانگی رەمەزان پێویستە خواردنەكان سوك و ئاسان ببن، تاكو هەرسیان ئاسان بێـت، ئافرەتەكان واز لە سوركردنەوەی بهێنن، چونكە رۆن گەدە قورستر دەكا، خۆشبەختانە ئەمساڵ رەمەزان هاوینە و خورما هەیە و شیر و ماستی خۆماڵی و میوە و سەوزە زۆرە، با ئەمساڵ خواردنەكانمان لەشلمەنی پێك بێت.
گۆشت بەتایبەت مریشكی سوركراوە كەم بكەینەوە، تاكو رۆژوەكە ئاسان بێت و تینومان نەبێ، هەرچەند خواردنەكە سووك بێت تینوەتی كەم دەبێ، ئافرەتی دووگیانیش ئەگەر هەر بڕیاری رۆژوی دا، ئەوە خۆی لەئاكامی بەرپرسە، بەڵام ئامۆژگاریەكەم ئەوەیە، میوەی زۆر بخوات لەگەڵ ماست و شیر، نەچێتە بازاڕ و شوێنی گەرم، رۆژانە خۆی بشوات، تاكو هەناسە و سییەكانی لەو هەموو تۆز و ژەنگ و ماددە ژەهراویانەی ناو هەوای شار پاك بێتەوە. بەم هاوینە ژەهری موبەڕیدە و سپلیت، مۆلیدەی كارەباكان، هیچ ئۆكسجێنی بۆ نەهێشتوینەتەوە.
رۆژو بۆ كێ نابێ؟؟
- بۆ ئەو كەسەی لە مێژووی دووگیانیدا سەركەتوو نەبووە، وەك چەند جارێك توشی خوێنڕێژی بووە و منداڵەكەی فڕێداوە.
- ئەو كەسانەی نەخۆشی شەكرەیان هەیە، بە هیچ پێوەرێك نابێ بەرۆژو بن.
- ئەو كەسانەی فشاری خوێنیان هەیە.
- ئەو كەسانەی توشی ئیلتهابی جگەری ڤایرۆسی بوونە.
- ئەو ئافرەتانەی هیمۆگڵۆبینی خوێنیان لە 70% كەمترە.
- ئەو ئافرەتانەی لەرابردوو توشی خوێن مەیین بوونە و دەرمانی خوێن شلیان هەیە.
سەرچاوە: سایتی دەنگەکان