لەتیف فاتیح
ئەگەر هەر کەسێک، گروپو دەستەیەک، وڵاتێک باوەڕ بە ئاشتی دەسەڵاتدارانی تورک بکات، دوو نەتەوە ناکرێت هەرگیز باوەڕ بەئاشتی ئەوان بکەن، کوردو ئەرمان، لێرەدا من بابەتی ئەرمەنەکە دەخەمە لاوەو هەڵوەستە لەسەر ئاشتی کوردو تورکیا دەکەم ئەگەر ئاوڕ لەمێژوو بدەینەوە چ سەدان ساڵەی دەسەڵاتی عوسمانی و چ ئەم سەت ساڵەی کۆماری هەرگیز دەسەڵاتی تورکیا لەئاشتی لەگەڵ گەلی کورد ڕاستی نەکردوە، جا ئەو دەسەڵاتە سکیۆلار بووبێ یان ئاینی، مێژوو لیپە لەفریوەکانی تورکیا لەگەڵ کوردان، هەندێک جاریش کوشت و بڕو لەناودان لەپەنا ئاشتیەوە بووە، بۆیە دەبێت هەمیشە بەترس و نیگەرانی و گومانەوە لەپرۆسەی ئاشتی تورکیا بڕوانین.
ئێستا کە چەپو ڕاستی دەسەڵاتدارانی تورک قسە لەئاشتی دەکەن و دوای ئەوەی نزیک بەچوار ساڵ هەموو دیدارێکی ئاپۆیان قەدەغە کردبوو، لەپڕو هەرە توند ڕەویان بانگەشەی هێنانی ئاپۆ بۆ پارلەمان و ووتاری ئەو دەکات، کورددەبێ بەدوای پیلانەکانی پشت ئەم داوایەدا بگەڕێت، هاتنی ئاپۆ بۆ پارەمان، یان چونی عومەری برازای بۆلای بایەخی خۆی هەیە، لێ پرسیاری هەرەگرنگ ئەوەیە ئەوە خێرە دوای چل و سێ مانگ دیدەبەندی باخچەلی ناوی ئاپۆ دێنێت و دەڵێت بابێت لەپارلەمان و لەبەردەم دەمپارتی وتار بدا، جا خۆ کورد هەر ئەو کوردەن کە باخچەلی نکوڵی لێدەکردن، ئاپۆش هەر هەمان ئاپۆیە کەباخچەلی بەتیرۆریستی ناودەبات و زیاتر لە بیست و پێنج ساڵە لەژێر زەبرو زەنگی تورکانە لە ئیمرالی، دەی گریمان دنیا وەرچەرخاوەو دەسەڵاتدارانی تورکیش گۆڕاون، باشە ئەی زەمینە سازیەکانی ئاشتی، ئەی دەستبەردان لەشەڕی گەریلا و وێرانکردنی ڕۆژ ئاواو هەتادوماهی؟.
ئاشتی دەرفەتێکی باشە، بێدەنگبوونی فڕۆکەو تانک زۆر گرنگە، هاتنە دەرەوەی ئاپۆ لەزیندانی ستەم کارێکی درووستە، دەکرێت هەموو ئەمانە ڕووبدەن، بەڵام ئەمانە لەبەر خودی ئاشتی و پێکەوە ژیانی گەلان ڕووبدەن، یان لەبەر خاتری چاوی باخچەلی و ئەردۆغان، ئەمە پرسیارە گرنگەکەیە، دەبینن چەند شەرمە بۆ ئەردۆغان کار بگاتە ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل پێی بڵێ دیکتاتۆری سەر کوردان، ئەوە چ ئابڕووچونێکە، ئەگەر ئاکەپەو دەسەڵاتدارانی تورک کەمۆکەیەک ئاکاریان هەبوایە، ئاکاری ئاشتی ، کورد پێویستی بەوا نەبوو ئیسرائیل لەسەری بێنە دەنگ، کەلەڕاستیدا ئەو لەسەر هاتنە دەنگەش ، هەرگیز بێ هۆو بێ مەڵامەت نیە.
هەمیشە ڕێگاکانی شەڕ لەڕێگاکانی ئاشتی دژوارترن، ئاشتیش ئاسانتر دەستە بەر دەبێت ئەگەرلانی کەم ڕاستگۆی هەبێت بەرانبەری، کورد ئەو ڕاستگۆییەی گەرەک دەکێ هەفتەی ئایندە ئاپۆ لەپارلەمان قسە لەزۆر بابەت بکات، بەتایبەت ئاشتی نێوان کوردوتورک، ئەمە تا ئەو شوێنەی ئەگەر ئاپۆ بەکوردی قسەی کرد ئاخر زەمان لەتورکیانەقەومێ، گەڕان بەدوای ڕاستگۆیی لەئاشتیدا هەر ئەوەیە تۆ کوردت وەک کورد قەبوڵ بێت، ئێ خۆ زمانی ئەردۆغان ناسوتا ئەگەر هەر لەڕووسیا لەبری هەڕەشە لەکوردو لەڕۆژ ئاوا گوتبای ئێمە کەباسی ئاشتی دەکەین بەڕاستمانە، ئەگەر ئەردۆغان ویستی ئاشتی هەبێت و کەمێک شەرەفی ئاشتی بەخۆی ڕەوا ببینێت بەر لەوەی کیژو لاوی کورد کارگەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان بکەنە ئامانج دەبێت خۆی دەرگای کارگەکە کڵۆم کات.
سەرچاوە ؛سپی میدیا