د.توانا
تەرازووی نیشتمانەکەم خراپ تێکچووە..
حۆقە و کیلۆ وتەنانەت گرامەکانیش فێڵیان تێکەوتووە..
پارتەکان خەریکن بەشەو وڕۆژ ..
بۆسەرۆک وکوڕی سەرۆک ، لەوەی پارەدەکات لەداروبەردو لەگازو نەوت ..
تەپ وتۆزو دوکەڵ ..تاریکی وگرانی وشکەساڵیش بۆ میللەت..
تەرازووەکە..خراپ تێکچووە هەرچی دەکەین تایم نادرێتەوە
ئەمڕۆ نیشتمانم ئاشی نەزانە ، زوڵم و زووخاو دەبارێ
بێ سوودە هاوار و داخ و دوعای میللەت بەیانی تا ئێوارێ
ژیانی ترس ومەمرە ومەژی هێندە تاڵە..... لەم دەڤەرە گیرفانی میللەت هەر وەک مێشکی سەرۆک بەتاڵە
لاوەکان لەباوەشی نیشتمانا بێنازوسیسن.. وەک لانەوازان
هەناسە ئەدەن بەڵام نیشتمان.. بەزیندوویی بۆیان بووە بەگۆڕستان
ئێمەش.. زیتەی چاومان دێ و بەکۆمەڵ دەخۆینەوە تا بتەقێنەوە
بە مەستی گۆرانی بڵێین و سەمابکەین
تا شکۆی شاخ و تێکۆشان شەرمەزاربکەین
تا بتوێینەوە...لە ناو کێشەکانی ئێستا و داهاتوومان بەدمەست ببین زۆرتر لە توانامان
تا ڕاگەیاندنەکانی حیزب و حکوومەت تەپڵی بێ ناموسی و خیانەنمان بۆلێدەن..!
ئێمە میللەتێکین وەک ڕانەمەڕی ملکەچ دوایان کەوتوین بۆ مشتێ گیا..
ئاخۆ لێرە مرداردەبینەوە، یان دەخنکێین لەکەنارەکانی دەریای ئیجا؟
ئاخۆ .. .ئێمەی ڕانەمەڕیگوێ ڕایەڵی بێ توانا
دەگەینە قەسابخانە تا لەوێ بێدەنگ چەقۆ کولەیەک بێنن بەملمانا..
ئێستا.. کە لەنیشتمان بەیاساکەی سەرۆک .. کوڕو نەوەو پارت باڵا دەستە..
میللەت بێخاوەن،تاوانبار،بەشخوراو بۆهەمیشە ژێردەستە
دەسا لێمگەڕێ ئەی نیشتمان تا منیش دزی و تاڵانی، بێ ناموسی و کوشتن و بڕین بەڕاست و چەبدا بکەم
تا سنوورێک نەمێنێ بۆ شەرم وحەیاو شیرەکەی دایکم
ئیتر دەبم بە زوڕنا و بەرپرسی کۆیلە لە پارتا، دەست دەگرین ڕۆژ و شەو تەک هاوەڵانی دۆلارا.. ڕەشبەڵەک
ئەوسا پۆستێکم ئەدەنێ لە حکوومەتی کۆمپانیای ماڵ باجێنە، ئیتر دەبم بەرپرس و قارەمان و خاوەن رەچەڵەک
توخوا لێمگەڕێ نیشتمان..
تا منیش تەڕ و وشک پێکەوە بسووتێنم بەیاسای نەگریسی دارستان
هەژاری و نەزانین بخەمەوە، دەست بنێمە قوڕقوڕاگەی قەڵەمەکان
تا بەتەرازووی لەگرێژنە دەرچووی پارت.. دەنگی ئازاد خەفەکەین
لە زیندانا توندیان کەین، گرنگ ئەوەیە کوڕەکەی جەنابی سەرۆك ڕازیکەین ...