هەڵگرتنی شوێن پێی وشە (1)

تا ئێستا کە سەرەتای ساڵی(2022)یە پڕۆژەی «فەرهەنگی زارەکیی موکریان» 18 بەرگی لێ چاپ و بڵاو بووەتەوه و 7 بەرگی ماوە چاپ بێت. لەم 18 بەرگه، 12 بەرگ هی فەرهەنگه ئەلفوبێیەکەی «فەرهەنگی زارەکی»یه که لە پیتی «ئا»وە تا پیتی «ک» یە. بەرگی یەکەمی ساڵی 2002 چاپ بوو. فەرهەنگەکە لەسەریەک 25 بەرگە و کاری کۆکردنەوە و داڕشتنەوە و نووسینی تەواو بووە، تەنیا چاپ کردن و بڵاوکردنەوەی ماوە، بەڵام سەلاح پاپانیانی لە کۆڕی رێزلێنانی «ماڵی یۆگای هەناسە»دا گوتی: (لە بەرگی یەکەمییەوە تا بەرگی شەشەمی جارێکیتر چاپ دەکرێنەوە، لەبەرئەوەی ئەو کات کەرەستە و بابەتی خاوم کەمتر لەبەر دەست بوو، بەڵام بەرەبەرە بابەت و کەرەستەی خاوی زۆرترم لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو چەند پیتەی سەرەتاوە دەست کەوت، بۆیە پێیاندا چوومەتەوە و زۆر لەوە دەوڵەمەنتر کراون و جارێکیتر چاپ دەکرێنەوە.) هاوکات لە پەڕاوێزی ئەم بیست و پێنج بەرگە گشتییەدا، چەند بەرگێکی تری فەرهەنگیی زارەکیی موکریان نووسراون، کە ئەوانە بوار و پسپۆڕییەکی دیاریکراو لە خۆ دەگرن، یەکەم: «ئەدەبیاتی زارەکیی موکریان- بەشی منداڵان» کە دوو بەرگە، دووەم: «ئەدەبیاتی زارەکیی موکریان – بەشی ژنان» کە یەک بەرگە، سێیەم: «فەرهەنگی زارەکیی موکریان – جل و بەرگ و خشڵ و خاڵی ژنان» کە یەک بەرگە، چوارەم: «فەرهەنگی زارەکیی موکریان – خورد و خۆراک» کە یەک بەرگە، پێنجەم: فەرهەنگی زارەکیی موکریان – ئاژەڵداریی، شەشەم: فەرهەنگی زارەکیی موکریان – کشت و کاڵ.

شوێن پێی وشە هەڵگرتن 
«
فەرهەنگی زارەکیی موکریان» وەکو لە ناوەکەیەوە دیارە، فەرهەنگی وشەی سەر زاری خەڵکە. یانی فەرهەنگی کارکردی وشەیە سەر زاری خەڵکەوە لەهەموو روویەکەوە، یانی ئەو وشانەی کە شارستانییەتییەکیان بەخڕی لە خۆیاندا هەڵگرتووە و زار بە زار و سینگ بە سینگ گوازراونەتەوە. واتە ئەم فەرهەنگە بە دوای وشەدا دەڕوا، شوێن پێی وشە هەڵدەگرێ، تەنانەت ئەگەر وشەیەک لە رستەیەکدا و لەمەبەستێکدا شوێنەونکەی کردبێ یان پێی کرابێ، سەلاح پایانیانی  زۆر بە وردی، وەک راوچییەکی بەئەزموون، شوێن پێی وشەکانی لە شوێنەونکەکاندا دەرکردووە، بۆ نمونە لەو شیعرەی مامۆستا هێمن دا کە دەڵێ: (هێشتا دوور نەبووم لە هەڵگورد / کیژم دەهاتن لە شەوگورد)، یانی ئەم وشەیە لەناو خەڵکدا و لەسەر زاری خەڵک لەچەند بواردا و بەچەند شێواز و بەچ مانا و مەبەستێک و کەی و لەکوێ بەکار دەهێنرێ، هەمووی لە خۆ گرتووە. دیارە سەلاحی پایانیانی لە کۆڕی رێزلێنانی «ماڵی یۆگای هەناسە»دا گوتی: (بێ گومان ئەم فەرهەنگەش وەک هەموو فەرهەنگەکانی تر لەوانەیە هەموو وشەکان و هەموو بوارەکان و گشت بابەتەکانی لەخۆ نەگرتبێ، هەر بۆیەش بێ کەموکووڕی نابێ). سەلاحی پایانیانی لەبەر ئەوەی رەنگە کارەکەی لەکۆتاییدا سەداسەد بی کەم و کوڕی دەرنەچێ، لەسەرەتاوە دۆش دانەماوە و ملی کز نەکردووە و دەستی لەسەر دەست دانەناوە. هەر ئەوەش وای کردووە بە دڵنییاییەوە کارەکەی زۆ بێ کەم و کوڕی بێ. ئەحمەدی شاملو لە زمانی «دای دون»ی چینییەوە دەڵێ: (ئەگەر بڕیار بوایە ئەوەندە راوەستم هەتا کارەکەم کەموکوڕی نەمێنێ و عەیبی لە روو هەڵگیرێ، ئەو کتێبە قەت قەت خلاسی نەدەهات). یەکێک لە کەموکوڕییەکانی فەرهەنگێک رەنگە ئەوەبێ کە ئەو فەرهەنگە هەموو وشەکانی تێدا نەبێ، بەڵام پێدەچێ «فەرهەنگی زارەکیی موکریان» تەنیا یان زیاتر ئەو بەشانەی لە فەرهەنگی زارەکیی موکریان لەخۆ نەگرتبێ کە لەناوچوون. یانی ئەو بەشانەی کە لەگەڵ هەڵگرەکانیان لە «دڵ»ەوە بۆ «گڵ» کۆچی یەکجارەکییان کردووە، چونکە بەشێکی زۆری کەرەستە خاوەکان لەگەڵ مردنی کەسەکان لە دڵەوە دراون بە گڵ و ئیتر لەناوچوون، هەربۆیەش لەوەبەدوا کەس نایانبینێ و کەس نایانبیسێت

موکریان بمرێ زیندوو دەکرێتەوە
بۆ کردنی کارێکی لەم چەشنە، وەک پسپۆڕانی بواری زمانناسی دەڵێن سێ مەرجی سەرەکیی پێویستە کە سەلاحی پایانیانی هەر سێ مەرجەکەی هەم تێدایە و هەم کردوویەتی، دیارە هەر ئەوەش وا دەکا کارەکەی هەم تێر و تەسەل تر، هەم کەم هەڵە و پەڵە تر بێ. سێ مەرج و بنەماکان بریتین لە یەکەم: کەسەکە دەبێ کوردییەکی پاراوی باش بزانێ، کە سەلاح پایانیانی هەم کوردییەکی پەتی باش دەزانێ، هەم لەناو مەیدانی سەرەکیی کارەکەیدا لەدایک بووە و ژیاوە، یانی قاڵبووی ناو فەرهەنگی رەسەنی زارەکیی کوردییە، دووەم: کتێب و گۆڤار و بڵاوکراوەکان و بەگشتی سەرچاوەی نووسراوی کوردیی مەڵبەندی موکریانی، هەرچەند کەمیش بن باش پشکنیوە و لەم پەیوەندییەدا درێغی نەکردووە، سێیەم: لە ناوچەکەدا زۆر باش گەڕاوە، پیر و لاو، نێر و مێی و داروبەردی دواندووە و جوڵاندوونی و گوێی لێهەڵخستوون، بەوەش نەوەستاوە، ئەگەر بینیبێتی یەکێ دژوارە و ناز و مەکری هەزارە، بەهەر نرخێک بووبێ، تەختی سینگی هەڵکۆڵیوە و جوقەواری ئەو گەنجانەی لە دڵیاندا حەشاریانداوە بڕیوە کە لە سەدان ساڵ و بگرە لە هەزاران ساڵ لەوە پێشەوە بۆیان ماوەتەوە و لە توێ توێی دڵی هەلاهەلایاندا هەڵیان گرتووە. هەر بۆیەش ئەگەر سەردەمانێک رەشەبای هێرشی کەلتوریی داگیرکەران و گێژاوی بەخۆنامۆبوونی ناوخۆیی کە رەشەباکە دەمێکە هەڵی کردووە و بەخۆنامۆبوونەکەش قەدەرێکە گێژ دەخوا، وای کرد خەڵک و شارستانییەتی موکریان گۆڕانی بنەڕەتی بەسەردا بێ و لە رۆحی رەسەنی خۆی دوور بکەوێتەوە و لەناو بچێ، لەسەر بنەمای «فەرهەنگی زارەکیی موکریان» دەتوانین بەئاسانی دروستی بکەینەوە. هەر لەو پەیوەندییەدا دکتۆر «ئەحمەد محەمەدپوور» مامۆستای مرۆڤناسی و کۆمەڵناسی - زانکۆی ماساچۆسێت، ئەمهێرست دەڵێ: (سەلاح پایانیانی بناغەیەکی وەها گەورە، بەهێز و بێ وێنەی بۆ زمانی کوردی، بۆ مرۆڤناسیی زمان و زمانناسیی کۆمەڵایەتی و کەلتوریی لە کوردستان داناوە کە ئەم زمان و کەلتورە لە هەرچەشنە ئەگەرێکی لەبیر کردن، یان نکۆڵی دەپارێزێ.)
شێوازی داڕشتن
شێوەی رێکخستنی فەرهەنگی زارەکیی موکریان بەم شێوەیەیە، یەکەم: باوەڕ. دووەم: پەند. سێیەم: پێکهاتەکانی لە چاوگ وەرگیراو، چوارەم: تووک، پێنجەم: جنێو، شەشەم: داب، حەوتەم: داوودەرمان، هەشتەم: دوعا، نۆیەم: زمان خەڵەتێنە، دەیەم: سەرچاوەی بابەت یا نەقڵ و نوکتەیەکی کە بە دوادا دێ، یازدەیەم: سوێند، دوازدەیەم: فڕ، سێزدەیەم: کایە، چواردەیەم: گۆرانی، پانزدەیەم: لێکدانەوەی خەون، شانزدەیەم: لێکدراوەکان، حەڤدەیەم: لێکدراوەکانی رستەیی و ئاماڵ رستەیی، هەژدەیەم: مەتەڵ، نۆزدەیەم: مەسەل، بیستەم: نێوونرتکە، بیست و یەکەم: هەقایەت.

تاکێکی بەئیرادەتر لە دامەزراوەکان
هەرچەند ئەو کارەی سەلاح پایانیانی وەک دەڵێن کارێکی هەرەوەزیی و دامەزراوەییە، بەڵام سەلاح پایانیانی سەلماندی تاکە کەسێک دەتوانێ بە تەنیا ئیرادەی سەدان کەسی هەبێ و سەلماندی تاکیش لە هەندێ بواردا دەتوانێ کاری دەوڵەت و دامەزراوەیەک بکا. ئەوەی لێرەدا زۆر گرنگە ئەمەیە سەلاحی پایانیانی لەساتەوەختێکی زۆر گرنگدا دەستی داوەتە ئەو کارە، یەکەم: ئەم نەوەیەی هەڵگری ئەم شارستانییەتە زارەکییە بوون، یان بەشێکی زۆریان کۆچی دواییان کردبوو یان نزیک ببوونەوە لە ماڵاوایی یەکجارەکی و ئەگەر ئەو فریا نەکەوتبا ئەوەی ئەمڕۆ وەک فەرهەنگی زارەکیی موکریان لەبەردەستی ئێمەیە، بەشێکی زۆری لەناو چووبوو. دووەم: پێش هاتن و گشتگیربوونی ئەنتەرنێت و موبایلی زیرەک و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کە ناڕاستەوخۆ رۆڵی بکوژیی رەسەنایەتی هەمەچەشن دەگیڕن، دەستی پێکرد. سێیەم: پێش هاتنی کۆرۆنا دەستی پێکرد و کارەکەی تەواو کرد، لەڕاستیدا کۆرۆنا بەساڵداچوویەکی زۆری برد، هەر بەسەڵداچوویەکی کوردەواریی گەنجێکی سەربە مۆرە و لەگەڵ لەدەستچوونی خۆیدا ئەو «گەنجەش» لەدەست دەردەچێت و لە دڵییەوە دەیدا بەو گڵەی تێدا ئەسپەردە دەکرێت.

 
دەوڵەمەندیی زمانی زارەکیی
پڕۆفیسۆر ئەمیری حەسەنپوور لە پێشەکی بەرگی یەکەمی فەرهەنگی زارەکیی موکریاندا دەڵێ: (کوردەواریی شێوەژیانێکی زۆرتر زارەکیی بووە و نووسین نەیتوانیوە جێ بە گوتن لێژ بکا، فەرهەنگنووسان بایەخێکی تەواویان بە لێدوان و ڕاگەیاندنی زارەکیی نەداوە. تەنانەت لە بواری کەلەپووری نووسینیشدا هێشتا فەرهەنگێکی تێروتەسەلی زمانی نووسراو دانەندراوە. فەرهەنگی زارەکیی موکریان تێکۆشانێکی بەنرخە بۆ گرتنی کەلێن و کولێنەکانی زانستمان سەبارەت بە کەلەپووری زارەکیی موکریان. کاک سەلاحی پایانیانی لەو فەرهەنگەدا ژیانی وشەی کوردیی لە سوننەتی زارەکییدا تۆمار کردووە. ئەو فەرهەنگە، دەوڵەمەندیی  زمانی زارەکیی لە دەربڕینی مەبەستدا رادەگەیەنێ و لە هەمان کاتدا کەم و کووڕیی فەرهەنگەکە کوردییەکان وەبەرچاو دەخا.)

مەحمود شێرزاد
 2022-04-11

 

 

سەرچاوە: knwe