کۆڕی شانۆی با..
شانۆیی "بێتاوانی و سزا" دەبێتە نوێترین بەرهەمی کۆڕی شانۆی با کە لەمساڵدا پێشكەش دەكرێت و دەقەکەی لە نوسینی نوسەری ناوداری کورد بەختیار عەلییە.
ئاوێنە: رێژەن جەمال، دەرهێنەری شانۆییەکە لەلێدوانێكی نوسراودا رایگەیاند، "بۆ دۆزەخ ئەی بێ گوناهان" یەکەم دەقی شانۆیی بەختیار عەلیە و بۆ یەکەمجار لەلایەن کۆڕی شانۆی با-وە دەخرێتەسەر شانۆ بە ناونیشانی "بێتاوانی و سزا".
دەرهێنەری شانۆییەکە، ئاماژەی بەوەشکرد “بێتاوانی و سزا لە قۆناغی ئامادەکاریدایە بۆ نمایش و بڕیارە لە مانگی نۆی ئەمساڵ لە شاری سلێمانی دەست بە نمایشکردن بکات، ئەوەش دوەم بەرهەمی شانۆیی گروپی کۆڕی شانۆی (با)یە کە لەمساڵدا نمایش بکرێت."
لەبارەی چیرۆکی شانۆییەکە، ڕێژەن جەمال ئەوەی خستەڕو "مستەفا، فەرمانبەرێکی ئاساییە، لە کاتێکدا لە دەوامی ڕۆژانەی خۆی دێتەدەرێ، لەلایەن دەزگایەکەوە دەگیرێت و دەبرێتە زیندان. کاتێكیش مستەفا پرسیار دەکات ئاخۆ لەسەر ئەوە گیراوە کە تاوانبارە؟ بەرپرسانی دەزگاکە بۆی روندەکەنەوە ئەو لەسەر بێتاوانی گیراوە. هیچ هاوڵاتییەك نابێت هەست بە بێتاوانیی بکات، بۆیە مستەفا ناچار دەکرێت تاوانێك بۆخۆی بدۆزێتەوە، هەر خۆیشی شایەت بۆ تاوانەکەی پەیدا بکات، لەکۆتاییشدا هەر خۆی جۆری سزاکەی دیاری بکات."
بەرهەمەكە بە هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی و بە هاوکاری پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی نمایش دەکرێت.