کابرایەکی کوردی خەڵکی قەڵاچوالان هەبوو...

کابرایەکی کوردی خەڵکی «قەڵاچوالان» هەبوو زۆر بەدبەخت بوو، ئەو هەژارە هەر لە ماڵ بهاتایەتە دەرەوە ئیتر دوچاری دەردیسەری و چورتمێک ئەبوو. ڕۆژێک خزمێکی هات وتی: مردووت مرێ! تۆ ئەمە چییە؟ هەر لە ماڵەوە دانیشتووی، نە ئەچیتە ماڵە خزمێک، نە سەرێکی بازاڕ ئەدەی، نە دەرودەشتێک ئەکەی وەکوو پشیلەی گوێی ئاگردان کەوتووی.! وتی: برا چ بکەم ئەوەندە بەدبەختم هەر لە ماڵ چوومە دەرەوە ئیتر تووشی زەرەر و زیانێک ئەبم، ئینجا کە وابوو هەر لە ماڵەوە دانیشم باشە.

خزمەکەی وتی: ئەمەی تۆ ئەیڵێی هەمووی فیکر و خەیاڵی شێتییە، ئەمڕۆ وەرە لەگەڵ من سەعاتێ ئەگەڕێین ئەگەر تووشی بەڵایەک بوویت ڕاستە، ئەگەر نەبووی ئەوا واهیمەیە گرتووتی، هیچی تر نییە. کابرا وتی: بڵێم چی باشە لەگەڵت دێم. هاتن، هاتن تا گەیشتنە بەردەم سەرای حوکمەتییەوە، تەماشایان کرد ئەوا ئەسپێک بەڕەڵڵا بووە. بە تاو ئەهات بۆ ناو بازاڕ. کابرایەکی خزمەتکار بانگی کرد: خەڵکینە ئەسپی دارۆغەیە مەیەڵن بچێتە بازاڕەوە. کابرای بەدبەخت بەردێکی بچکۆلەی هەڵگرت و هاویشتی بۆ ئەسپەکە بەڵکی بگەڕێتەوە بۆ سەرا و نەچێتە بازاڕەوە و خەڵکەکە بکا بە ژێرەوە، کەچی بەردەکە کەوت لە چاوێکی ئەسپەکە و چاوێکی کوێر بوو! خەڵکی کۆبوونەوە و ئەسپەکەیان گرتەوە. کابرای مەیتەری دارۆغە پەلاماری کابرای بەدبەختی دا و وتی: سەگباب تۆ ئەسپی دارۆغەت بۆ چی بەم دەردە برد؟ یاڵڵا با بڕۆین بۆ لای قازی، شەرت بێ هەر ئێستا ئەسپەکەت پێ ببژێرم!

نەختێ هاتن بەملاوە کابرایەکی شارباژێڕیی کەرێکی بە بارە دارەوە لە ناو قوڕا کەوتبوو، بانگی ئەکرد: خەڵکینە خێرتان بنووسێ وەرن ئەم کەرەم لەگەڵ ڕاست بکەنەوە. هیچ کەس گوێی نەئەدایە. کابرا وتی: بەخوا من ئەم خێرە ئەکەم. چوو کلکی کەری گرت و وتی: یاڵڵا. کلکی کەر لە بندا پچڕا! خاوەن کەرە وتی: خوا بتگرێ تۆ ئەم کەرەی منت بۆ چی بەم دەردە برد؟ وەڵڵا کەرەکەت پێ ئەبژێرم! ئەوا شکاتکەر بوون بە دوو!

کابرا وتی: واچاکە هەڵێم ئەگینا ئەمانە بە پەندم ئەبەن. تەماشای کرد ماڵێکی خۆش تاکێکی قاپییەکەی پێوە دراوە و تاکێکی کراوەتەوە. تەکانی دا خۆی لە دەست مەیتەر ڕاپسکان و فڕکەی کرد بۆ ماڵەکە. مەگەر ژنی خاوەن ماڵەکە زکی پڕ بوو لە پشت ئەو تاکە قاپییەوە - کە پێوە درابوو - سەیری کۆڵانی ئەکرد، کابرا وەها بە توند قاپیی کردەوە، درا لە زکی ژنەکە و دەستبەجێ کەوت و منداڵەکەی لەبار چوو! کابرای خاوەن ماڵ وتی: دەرنەچێ ئەو سەگبابە! کابرا بە پەیژەدا سەرکەوتە سەربان، پێنج شەش کەس بە دوایەوە. تەماشای کرد خانوویەکی زۆر بەرزە، ئەوا لە حەوشەکەیدا جێگایەک داخراوە وتی: واچاکە باز بدەمە سەر ئەم نوێنانە ئەگەر ملم شکا ئەوا ڕزگارم ئەبێ، خۆ ئەگەر هیچیشم لێ نەهات دیسان دەرباز ئەبم، چونکە ئەمانەی بە شوێنمەوەن ناوێرن باز بدەنە خوارەوە.

ناوی خوای هێنا... تف لە شەیتان، دوور لە ڕەحمان. بازی دایە سەر جێگاکە. مەگەر کابرایەک نەخۆشە لە ناو نوێنەکانا نوستبوو! کابرا بازی دا، کەوت بە سەر ورگیا ئەویش دەستبەجێ گیانی دەرچوو! خێزانی ئەو ماڵەش کەوتنە دوای، ها لێرە ها لەوێ ئاخری گرتیان باڵیان بەست و هێنایان بۆ سەرا! قازی لە هۆدەی خۆی نەبوو، هۆدەیەکی بچکۆلە هەبوو بۆ حەسانەوە تەرخان کرابوو، لەوێ بوو، ئەمانە کە هاتن یەکێ برا کوژراو، یەکێ ژن منداڵ لە بار براو، یەکێ ئەسپ کوێر کراو، یەکێ کلکی کەر پچڕاو! کردیان بە هەرا.

قاپیوانەکە وتی: کوڕە هەرا و قڕەقڕ مەکەن جەنابی قازی لە ژوورەوە دەوری دەلائل ئەکاتەوە. کابرای بەدبەخت پەنجەرەیەکی بچکۆلە لە دیوارەکەدا بوو، لە پەنجەرەکەوە تەماشای کرد ئەوا قازی هەتیوێکی لووسی گرتۆتە بەرکار و خەریکە لەگەڵی! کابرا بە دەنگێکی قایم وتی: من هیچ ناترسم قازی ئەوا لەسەر بەرماڵ دانیشتووە بە شەرع ئیش ئەکا، چاویشم لێیە «دلائل الخیرات» ئەخوێنێ، کەوا بوو هەرچی داد و عەدڵ بێ، ئەو ئەوە ئەکا. قازی ئاوڕێکی بۆ کونەکە دایەوە کابرای ناسی.

زۆری پێ نەچوو هاتە دەرەوە، چوو لەسەر کورسی حوکم کردن دانیشت، خەڵکەکە چوونە ژوورەوە، کابرا، کە برا کوژراو بوو قازی لێی پرسی: شکاتت چییە لەم کابرایە؟؟ وتی: قوربان! برایەکم نەخۆش بوو لە ماڵەوە لە حەوشە لەژێر لێفەیەکدا کەوتبوو ئەم کابرایە بازی داوەتە سەر زکی، براکەم مردووە، داوای خوێنی برام ئەکەم. ڕووی کردە کابرای بەدبەخت و وتی: تۆ ئەڵێی چی؟ ئەویش وتی: جەنابی قازییە فەنی من قسە و مودافەعەم هەر ئەمەیە بۆ خاتری ئەو دەلائلولخەیراتە کە تیلاوەتت ئەفەرموو و من چاوم لێ بوو، بە عەداڵەت لەگەڵم ببزورەوە. قازی هەندێ فیکری کردەوە و وتی: بە برا کوژراو: پێویستە ئەم کابرایە بنێرین لەو جێگایە کە براکەت لێی کەوتبوو، ڕاکشێ، تۆش لەسەر بانەوە باز بدەرە سەر زکی، بەم جۆرە بیکوژە. کابرا وتی: قوربان تۆ چی ئەفەرمووی؟ ئەگەر من لەو بانەوە خۆم بەردەمە خوارەوە ملم ئەبێ بە ئەسپۆن، نازانم ئەم سەگبابە چۆن ئەستۆی نەشکاوە؟ قازی فەرمووی: ڕۆڵە لە مەجەللهدا وا ئەفەرموێ و ئێستاش تۆ حەقت هەر ئەمەیە. کابرا وتی: بەخوا من ئەم حەقەم ناوێ و لێیدا ڕۆیشت.

کابرا، کە ژنی منداڵی لە بار چووبوو هاتە پێشەوە وتی: جەنابی قازییە فەنی ژنەکەم زکی پڕ بوو، لە داڵاندا لە پشت قاپییەوە ڕاوەستاوە و تەماشای کردووە. ئەم کابرایە لە پڕ هاتووە قاپییەکەی بە جۆرێک داوە بە سنگ و زکیا، دەستبەجێ کوڕێکی لە بار چووە، ئێستا داوای خوێنی ئەو کوڕە ئەکەم.

کابرا دیسان وتی: قوربان جەنابی قازی، بە قوربانی ئەو «دلائل الخیرات»ە بم کە چاوم لێ بوو موتاڵات ئەفەرموو، هەر بە حەق... قازی تۆزێ بیری کردەوە و ڕووی کردە کابرای مێردی ژنە، وتی: باوکم بە قانوون ئەبێ ژنەکە بدەین بەم کابرایە، بچێ لە گەڵی خەریک بێ هەتا زکی پڕ ئەکاتەوە، ئەو وەختە بتداتەوە. کابرا وتی: قازییە فەنی من ئەمە ناکەم. قازی فەرمووی: کوڕم حەقت هەر ئەوەیە بە شەرع و بە قانوون. ئەم کابرایەش بۆی دەرچوو.

ئەمجا خزمەتکاری دارۆغە هات، وتی: قازییە فەنی ئەسپی دارۆغە بەر ببوو و ڕووی کردە بازاڕ، منیش بانگم کرد مەیەڵن، ئەم کابرایە بەردێکی هاویشت چاوێکی ئەسپەکەی کوێر کرد، ئەسپەکە نرخی سەد لیرە بوو ئێستاکە دە لیرە ناکا، شکاتی بژاردنی ئەم پارەیە ئەکەم. قازی وتی: کابرا تۆ ئەڵێی چی؟ کابرا دیسان هەر وتی: قازییە فەنی بیکە بە خاتری ئەو «دلائل الخیرات»ە کە ئەگەر بە عەداڵەت لەگەڵم نەکەی! قازی لە دڵی خۆیا هەندێکی تر فیکری کردەوە و ڕووی کردە خزمەتکاری دارۆغە و وتی: پێویستە ئەسپەکە بکەین بە دوو لەتەوە، لەتە ساغەکەی بنێرین بۆ بازاڕ چەندی کرد هەقی ئەو لەتە کە چاوەکەی کوێر بووە، لێی ئەسێنین!

خزمەتکارەکە وتی: قوربان خۆ ئەسپەکە ئێستاش دە لیرە ئەکا، ئەگەر بیکەین بە دوو کەرتەوە هیچ ناکا، ئەمە چلۆن ئەبێ؟ قازی فەرمووی: ڕۆڵە حەقی تۆ هەر ئەمەیە لە مەجەللهدا وا ئەفەرموێ. کابرای خزمەتکار ملێکی بادا و شانی حیز کرد و ڕۆیشت.

کابرای کلکی کەر پچڕاو، کە ئەمەی دی ڕانەوەستا، لێیدا ڕۆیشت. قازی بانگی کرد: وەرە کوڕە تۆش شکاتت هەبوو؟ وتی: نەخێر قوربان هیچ شکاتێکم نییە. وتی: ئەی ئەو کلکی کەرەت بۆچ بەدەستەوەیە؟ وتی: قوربان ئەچم بۆ لای قەرەج بێژنگ دروست ئەکەم! و لێیدا ڕۆیشت. کابرای بەدبەختیش بە دوعای خێر کردن بۆ قازی هاتە دەرەوە.