پەندەکانی مەلا غەفوور دەباغی

لە گوڵیان پرسی هۆی چییە جوانە؟

وتی جوانیی من لە باخەوانە

بە تەنیا گوڵێ وەک بەهار نایە

فیز و دەماریش لە هەژار نایە

شاڕەگی ملی بەحاڵ لە کاردا

کوا دەتووڕێنێ بە گیای بەهاردا؟

بەڵا لە کۆت و شاڵواری شڕت

تازە کوڕی کەس نابێ بە کوڕت

ئەگەر پارە هۆی فیز و دەمارە

بەگی بێپارە بۆ بە دەم هارە؟

وتیان بە بەڵکە کێت قەوم و خزمە؟

وتی وەتی هەم خۆمم و ئەم سکمە

بزن بێتوو بن کلکی بگەزن

پێکەوە سەگ و شوانیش ئەبەزن

ئەو تاجرانەی لە مازوو تێشکان

پڕ نابێتەوە بۆیان بە سێچکان

خرم کردەوە بە مەڵاق بۆ خۆم

بە ئەسکوێ بڵاو بوو ڕەنجەڕۆ خۆم

تاکو منداڵ بوو لە ئێمە بار بوو

کاتێ گەورە بوو لە ئێمە هار بوو

کە چوویتە سەربان بە مەنقەڵیەوە

باوەشێن بێنە لە سەر هاتیەوە

 

پەندی پێشینیان، مەلاغەفوور دەبباغی

ــــــــــــــــــــــــــــــــــ

۱. تووڕاندن: فیڕاندن، پیسایی کردنی گیاندار بە شلی و تەوژم. فیڕاندن fîrandın. ئەم کردارە بۆ دۆخێک بەکار دێ کە کاری قورس لەسەر ئاودەست بە شێوەیەکی زۆر خێرا و یەکدابەدوو جێ بە جێ دەبێ. لێرەشدا دیارە مەبەست هەمان فڕێ دان و دەرهاویشتنە، چونکوو لەم دۆخەدا پیساییەکە بە شێوەیەکی وەک فڕێ دان و دەرهاویشتن دەدرێتە دەرەوە. وشەیەکی دیکە بە مانای فیڕاندن لە زمانی کوردیدا هەیە کە دەبێتە تووڕاندن tûrandın. هەر وەک چۆن "فیڕاندن" پێوەندی بە "فڕێ دان"ەوە هەیە، "تووڕاندن"یش پێوەندی بە توور دان یان توور هەڵدانەوە پەیدا دەکا. [فەرهەنگی ڕامان]

۲. سیچکە: جۆرێکە لە بەری دارمازوو بەقەد (گزگل) دەبێ و چڵ چڵە بەڵام چڵەکانی کۆڵن.

۳. مەڵاق: گەروو، قوڕگ، ئەوک. بە پێی مانای شیعرەکە دەبێ "کەوچکی چووکە" بێ، یان مەلاق؛ کە یەکێ لە ماناکانی ڕووپامایی و ڕووبینییە.

٤. ئەسکوێ: کەوچکێکی گەورەی دەم زلی کلک درێژە چێشتی شلەی لە مەنجەڵ پێ تێدەکرێ.