پێتەختی کتێب

لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا شاری سنە لەسەر ئاستی ئێراندا وەکوو پێتەختی کتێب ناسێندرا.

ڕۆژی دووشەممە، 6ی بەفرانبار، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا بە بەشداریی وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئێران، جێگری کاروباری فەرهەنگیی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشاد، نووسینگەی توێژینەوە و بەرنامەداڕشتنی کولتووری، بنکەی هاوئاهەنگیی شار و گوندەکانی هۆگری کتێب و دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی تری هاوکار، ڕێورەسمی هەڵبژاردن و ناساندنی حەوتەمین پێتەختی کتێب لەسەر ئاستی ئێراندا بەڕێوە چوو و لەنێو شارە دەرچووەکانی قۆناغی کۆتاییی کێبڕکێی وەرگرتنی نازناوی حەوتەمین پێتەختی کتێبی ئێران، شاری سنە وەک شاری براوە هەلبژێردرا و دەستنیشان کرا.

جێگەی ئاماژەیە کە لەسەر ئاستی وڵاتی ئێراندا شاری سنە حەوتەمین شارە وەکوو پێتەختی کتێب ناسێندراوە و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا یەکەمین شارە وەکوو پێتەختی کتێب ناسێندراوە. 

شایانی باسە کە شاری سنە هەر لە سەرەتای سەدەی نوزدەی زایینییەوە، واتە لە ساڵی 1810ی زایینی و لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەمانوڵڵا خانی گەورە، والیی پارێزگای سنە لە سەردەمی ئیمارەتی میرنشینی ئەردەڵانەکاندا تاکوو سەردەمی دەسەڵاتی ڕەزاخانی میرپەنج بۆ ماوەی زیاتر لە سەد و پەنجا ساڵ نازناوی "دارالعیلم" واتە شاری زانستی پێ بڕاوە کە تاکوو ئێستەش هەر بەو نازناوەوە ناوبانگی هەیە و لەم سەردەمەشدا جارێکی تر ئەو نازناوەی نوێ کردەوە و بووەتە پێتەختی کتێب لەسەر ئاستی ئێراندا.

 

سەرچاوە: ناوەندی نووسەرانی کورد