نەورۆزی ڕزگاری

بە بەرگی سەوزە ڕازاوە قەد و لاپاڵ و شیو و دۆڵ

چــرۆی دەرکردووە دار و ملی دا یەکتری گیاوگۆڵ

بەســەر بەفری کەویدا کرد شەماڵی خاکەلێوە خۆڵ

ڕەفیقان ڕۆژی کوردانە بەهارە جێژنی نەورۆزە

بەدڵ لێتان دەکەم لەو ڕۆژەدا من جێژنە پیرۆزە

چلەی زستانی ناخۆش بوو تەزووی سەرمایە پیاوی سڕ

دەکـــرد و کووچــە و کۆڵان لە بەفر و لیتە بووبوون پڕ

بەهار هات و دەخــەمڵێ کێو و دەشت و بەندەن و لاخڕ

ڕەفیقان ڕۆژی کوردانە بەهارە جێژنی نەورۆزە

بەدڵ لێتان دەکەم لەو ڕۆژەدا من جێژنە پیرۆزە

بــــــەسۆزەی بای بەیان لێوی کراوە خونچەیی خەندان

لەســــــەر چڵ بلبلی شەیدا لە خۆشی گوڵ دەڵێ بەندان

بەجێ هات ئارەزووی لاوان و گەرمە کۆڕی گۆوەندان

ڕەفیقان ڕۆژی کوردانە بەهارە جێژنی نەورۆزە

بەدڵ لێتان دەکەم لەو ڕۆژەدا من جێژنە پیرۆزە

لـــــە خۆی داوە بەرەڵبێنە کچی کابانی گەردن کێل

بەناز و غەمزە دەڕوانێ، دەکا شینکەی نەرم پێشێل

لەگــەڵ بۆنی وەنەوشە تێکەڵاون بۆنی عەتر و هێل

ڕەفیقان ڕۆژی کوردانە بەهارە جێژنی نەورۆزە

بەدڵ لێتان دەکەم لەو ڕۆژەدا من جێژنە پیرۆزە

سەری کوێستانی بەرزی کوردەواری تێی نەکەوتووە خاڵ

لـــە دەشت و بــــــەرپەساران هەڵدراون چادر و ڕەشماڵ

نــــــەمان بێگانـــە تاکوو جێژنەمان لـــــێ تاڵ بکا ئەوساڵ

ڕەفیقان ڕۆژی کوردانە بەهارە جێژنی نەورۆزە

بەدڵ لێتان دەکەم لەو ڕۆژەدا من جێژنە پیرۆزە

حەساوە پیاوی ڕووتوقووت و بێ ئەنوا و بێ ئیروو

ژیـــاوە گیانلەبەر دیسان، لە کون هاتە دەرێ مێروو

لەسەر گوێسوانە دەخوێنن بەپۆل پاساری و سێروو

ڕەفیقان ڕۆژی کوردانە بەهارە جێژنی نەورۆزە

بەدڵ لێتان دەکەم لەو ڕۆژەدا من جێژنە پیرۆزە

لــــــە دنیادا کەمە هاوتای بەهاری جوانی کوردستان

ئەویش ئەوساڵ کە لایێکی نەجاتی بوو لەژێر دەستان

لە خــۆشی ئەو وڵاتە شاعیریش بۆتە هەزار دەستان

(هێمن)