ناری

ناوی کاکە حەمەیە و کوڕی مەلا ئەحمەدی کوڕی مەلا محەمەدی کوڕی مەلا عەربدولڕەحمانە. لەساڵی 1874 دا لە گوندی کیکن لە ناوچەی مەریواندا ھاتۆتە دنیاوە. لە تەمەنی شەش ساڵیدا لای باوکی دەستی بەخوێندن کردووە، قورئان  و پەڕتووکە وردەڵەکانی تەواوکردووە، ئینجا بەفەقێتی بەدوای خوێندن لە مەریوان، سنە، پێنجوێن، سلێمانی، بانە، سابڵاغ، وان، باشقەڵا، هەولێر و ڕەواندز گەڕاوە.
لە ڕەواندز لای مامۆستا ئەسعەدە فەندی خەیلانی ئیجازەی مەلایەتی لە ساڵی 1879  وەرگرتووە و گەڕاوەتەوە بۆ کیکن. پاشان بە داوای حسێن بەگ مالکی بێلوو چووە گوندی بێلووی  نزیک بە مەریوان و بە دەرس وتنەوەوە خەریک بوە تا ساڵی 1944  کۆچی دوایی کردووە و ھەر لە بێلوو بەخاک سپێردراوە.

ناری لە ئەو کەسانەیە لەگەڵ ئەوەدا کە ھۆنراوەی ئایینی و غەرامیی ھەیە، گەلێک ھۆنراوەی نیشتمانیشی ھەیە. لە دۆستانی بە ناوبانگی ناری ئەتوانین ئاماژە بکەینە سەر تاهیر بەگی جاف و شێخ مەحموودی حەفید کە گەلێک ھۆنراوە و پەخشانی زۆر جوانی بۆ داناون.

ناوەڕۆکی ھۆنراوەکانی
لەڕووی ناوەڕۆکەوە ئەم مەبەست و بابەتانە بەئاشکرا لە ھۆنراوەکانیدا دەدرەوشێتەوە:

دڵداریی و خۆشەویستیی

ستایشی ئایینی

نیشتمانپەروەریی و نەتەوایەتی

نموونەی شیعرێکی دڵداری لای ناری:

چاوەکەم من بۆیە دایم کارو پیشەم زارییە

حاکمی چاوت لەگەڵ من مایلی غەدارییە

شۆڕش و ناڵینی کەس بێ وەجھو بێ عیللەت نییە

ئاھی من فەریادی بولبول ئیشی بێ غەم خوارییە

من ھەر ئەو رۆژە دەسم شۆری لەڕۆحی خۆم کەدیم

حەزرەتی خوون خواری ئەبرۆت مەشرەبی خوونخوارییە

گەر دەپرسی بۆچی بێ نەشئەو مەلوول و عاجزی

روومەتی زەردم عەزیزم شاھیدی بێ بارییە

کەم بە خەندە بێ بەلامۆ حەیفە تەعنەم لێ دەدەی

لێم گەڕێ توبێ و خودا ئەم جارە دەردم کارییە

دڵ لەشامی پەرچەمی رووتا بەدایم بێ خەوە

چونکە کێشکچی لەشەودا عادەتی بێدارییە

حیکمەتی پڕ مەسئەلەی کوڵمت لەبۆ کێ حەل دەبێ؟

ھەر سەحیفە سەد ئیشارەو رەمزی تێدا جارییە

خاڵی رووخسارت ھیدایەت بەخشە، شەرحی زوڵفەکەت

قازی ئاسا حاشیەی ئەگریجەگەکانت لارییە

رووت وەکوو ئاتەش موژەت وەک شیشە ئەبرۆت قیمەکێش

میڕوەحەت زولف و کەبابت جەرگی پارەی نارییە

نموونەی شێعری ئایینی ناری:

سووڕەتی یاسین کە وەسفی حەزرەتی لەولا ئەکا

ئەھلی دڵ مایل بە جیلوەی سووڕەتی تاھا ئەکا

خاکی بەردەرگاھی قەسری، گەر بە سەردا کا گەدا

ھەر نەفەس نەفرەت لە تاجی قەیسەر و دارا ئەکا

ئاسمان وەک مشتەری، ھەردەم بە میزانی وەفا

کەسبی ھەر شامێ بە یادی دەوڵەتی ئەسرا ئەکا

گەر تەسەوور کا مەسیحی تەختی عەرشی ئەعزەمی

تا ئەبەد تەرکی بەیانی ڕەفعەتی عیسا ئەکا

نووری عیشقی تۆ لە سەر تووری دڵی مووسا مەگەر

دای لە سەر سینەی بە شەوقی دڵ یەدی بەیزا ئەکا

بۆ خەلیلان گەر نەسیمی گوڵشەنی لوتفت ببێ

ناری نەمردوودی بە سەحنەی جەننەتولمەئوا ئەکا

تاقی کـیسرا بۆ بە بەرقی نووری حوسنی شەق نەبێ!

سەیلی حوکمی ناری فارس زایل و ڕیسوا ئەکا

ئەی حەبیبی خالیقی عالەم! لە ئادەم تا بە تۆ

ئەنبیا یەک‌یەک بەیانی حەزرەتی والا ئەکا