مامۆستا نەجمەدین مەلا

مامۆستا نەجمەدین مەلا (1898-1962) ڕۆژنامەنووس و مامۆستای خوێندنگا و نووسەری کوردبوە کە لە ساڵی ١٨٩٨ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، و لە خێزانیکی ئاینی و ڕۆشنبیر و زانستپەروەر گەورەبووە و لەڵایەن باوکی فێری خوێندنەوە و نووسین بووە کەدواتر لەسەردەستی زانایی ناودار شێخ مستەفای قازی بروانامە لە بواری زانستە ئاینییەکانی بەدەستھیناوە، لە ٢١ نیسانی ساڵی ١٩٦٢ لە شاری سلێمانی کۆچی دواییکردووە.

مامۆستا عەلائەدین سەجادی لە لاپەڕە 87ی کتێبی "گەشتێک لە کوردستانا" لەو سەردانەیدا بۆ شاری سلێمانی لە مانگی ئەیلولی ساڵی 1955دا، سەبارەت بە مامۆستا نەجمەدین مەلا دەنووسێ: «ڕۆژی 14 کە ڕۆژی 23ی کاروانەکەم بوو،… لەم وەختەدا نەجمەدین مەلا هات بۆ لام کە بە مامۆستا نەجمەدین مەلا بەناوبانگە، هەروا چەند شتێکم لێ پرسی، وەڵامەکانی لەسەر پرسیارەکانم بوو وتی: کوڕی مەلا غەفوری کوڕی مەلا عەلیە، لە 1317ی هیجری هاتۆتە دنیاوە، سەرەتا لە فەقێیەتی و سێ ساڵ لە رشدیەی عسکەری خوێندویەتی، پاشان وەک خۆی ئەیڵێ چەند ساڵێک بە هەرزەیی ڕایبواردووە! هەر ئەموت هەرزەیی یانی چی؟ ئەیوت: ئێ هەرزەیی، بەڵێ هەرزەیی!. پاشان قوتابخانەیەکی داناوە دەرسی بە مناڵ و گەورە وتووە، ئەمە سی ساڵە خەریکی ئەوەیە، تەنها سێ ساڵ نەبێ لە ئینحیسار مستەخدم بووە، ساڵێکی لە بەغدا و دوو ساڵی لە ڕانیە پاشان دەرچووە، لەو دوو ساڵەی ڕانیەیدا ژنێکی لەوێ هێناوە و هەر شەڕە دەنووکی لەگەڵابووە، دواجار تەڵاقی داوە و کچێکی لێ بوو، کچەکەش بوو بە ساقەی تۆ!. ئیتر زۆرتر ژیانی بە نووسینەوەی دیوانی شاعیرە کوردەکانەوە خەریک کردووە، تەبیعەتی لەگەڵ دیمەنی تبیعیدا هەیە، زۆرتر مەیلی بەلای سادەوە بووە، بەڵام نەک بۆ هیچ هەر بۆ دیمەن پەرستی! جار جار بۆ ئەوە شتی چاکی بۆ بنووسرێتەوە ئاشنای بادەیەکە، ئێستە لەسەر جادەکەی سابونکەران هەم مەکتەبە و قوتابخانەیەتی، هەم شوێنی نووستن و چێشتخانەیەتی».
دواتر مامۆستا سەجادی لە لاپەڕ 115ی هەمان کتێبدا دەنووسێت: «ڕۆژی 25ی مانگ کە ڕۆژی 34ی کاروانەکەم بوو، سەر لە بەیان کە دەرچووم لەگەڵ ئەحمەد زرنگ چووین سەرێکمان لە شوێنەکەی نەجمەدین مەلا دا، شوێنێکی سەیر بوو
، هەم قوتابخانە و شوێنی نووستن بوو، هەم چێشتخانە و کتێبخانەی بوو، چەند کورسییەکی تێدا دانابوو بۆ مناڵەکان، دۆڵابێکی هەبوو پڕ بوو لە کتێبی دەستنووسی خۆی کە دیوانی زۆرتر لە شاعیرە کوردەکان بوو، چاوم بە دیوانەکان هەموو کەوت، دەفتەرێکی پیشاندام هەر لاپەڕەیەکی تەرخان کردبوو بۆ یەکێ لەو قوتابییانە کە لە لایان خوێندووە یان ئەخوێنن، وێنە و تەمەنیان و ئیشیانی تیا بوو، هەروەها زۆرتر لە ڕۆژنامە کوردییەکانی لابوو کە تا ئێستە دەرچوو بوون، دیسان ئەلبومێکی پیشاندام وێنەی گەلێ لە شاعیرە کوردەکانی تیا بوو. بە کورتی کەینوبەینی ژوورەکەشی ئەتوت ماڵی باجی زەمزەمە! دوو پشیلەی کەللـە زلیشی هەبوو، ئەوە نۆبەتچی قاپی بوون!».

*بابەتێک لەسەر مامۆستا نەجمەدین مەلا:

https://www.youtube.com/watch?v=0bAah0PAXg0