نووسین و بەرهەمهێنانی کتێب یەکێکە لەو کارە قورس و گرنگانەی کە بایەخێکی زۆری بۆ دەوڵەمەندکردنی ژێرخانی فیکری تاک و کۆمەڵ هەیە و پێویستە نووسەر و بەرهەمهێنەرەکەی ئاوڕی لێ بدرێتەوە و بایەخ و نرخی خۆی پێ بدرێت بۆ ئەوەی هان بدرێت بۆ نووسین و داهێنانی بەرهەمی تر. کتێب لە هەر بوارێکدا بنووسرێت چ ئەدەبی بێت یان کۆمەڵایەتی یان زانستی یاخود مێژوویی، هەڵگری پۆلێک زانیارییە کە بەرهەم و ئەنجامی دەیان مانگ شەونخوونی یان چەندین ساڵ موتاڵا و خوێندنەوە و توێژینەوە و نووسین و بیرکردنەوەیە. لەم نووسراوەیەدا ئاوڕ لە کتێبێک دەدەینەوە کە دەریایەک لە موتاڵا و خوێندنەوەی نووسەرەکەی تیایدا پەنگی خواردوەتەوە و پاراگرفەکانی لێوڕێژن لە شرۆڤە و لاپەڕەکانی پڕن لە هەستی خۆشەویستی زێد و نیشتمان. نووسەرێک کە دەکرێ بڵێین نوێنەری هەموو ئەو گەنجانەی ئارمانج خوازی دەیەکانی چل و پەنجای هەتاوین کە درێژەدەری ڕێبازی جیلەکانی بەر لە خۆیان بوون. ئەو جیل و چینانەی کە سامانێکی بەنرخی ئەم سەرزەمینە بوون و گیان و سەر و ماڵی خۆیان لە پێناو ئەندێشەی ئازادیخوازانە و بزووتنەوەی یەکسانی خوازیدا فیدا کرد، بەڵام ئاواتەکانیان نەهاتنە دی و تووشی دەیان گیروگرفت و دنیایەک ئازار هاتن. ئەم دەقە تەنیا بۆ ناساندنی کتێبی (مریوان از فراسوی زمان) لە نووسینی بەڕێز "کاک ئەحمەد مودەڕیسی"یە، بۆیە ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی دادەنێم بۆ دەرفەتێکی تر چوونکە بێگومان باسە مێژووییەکان و تەوەرەکانی تری کتێبەکە قسەوباسی زۆر هەڵدەگرێت و لێرەدا ڕێگەی باسکردنیان نییە و بەپەلە وچانێکی کورت لەسەر باسە بەربڵاو و قووڵەکانی دەدەم، بەو هیوایە لە داهاتوودا دەرفەت بڕەخسێ بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ڕەخنەگرانە ئەم بەرهەمەی تێدا هەڵبسەنگێندرێت و لایەنەکانی بە وردی شی بکرێتەوە.
کاک ئەحمەدی مودەڕیسی نووسەری ئەم کتێبە یەکێکە لە گەنجەکانی ئەو سەردەمە کە بۆ تێگەیشتن و گەیشتن بە ئارمانشاری خەونەکانیان، ڕووبارێک کتێب و دەریایەک لە تیۆرییە جۆراوجۆر و جیاوازەکانیان دەخوێندەوە و مۆتاڵا دەکرد تاکوو درەختی ئەندێشەیانی پێ پاراو بکەن و کەف و کوڵی دەروونیانی پێ دامرکێننەوە و لە باس و وتوێژ و شەڕە قسەی کۆڕ و دانیشتنەکاندا قسەیان پێ بێت بۆ کردن. بەرینی و قووڵی ڕێژەی مۆتاڵا و خوێندنەوەی ئەم نووسەرە لە لاپەڕەکانی کتێبەکەیدا شەپۆل دەدات کە بە شێوەیەکی وردبینانە و لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەوە وردەوردە باسەکان دێنێتە گۆڕێ و بە ئاماژە بە زانیاری ئەو سەرچاوانەی کە خوێندوونیەتەوە و جاروباریش بەکەڵکوەرگرتن لە ئەزموونی ژیانی شەخسی خۆی لێکیان دەداتەوە و لێکیان گرێ دەدات و خوێنەر لە شەپۆلێکی زەینیەوە دەداتە دەستی شەپۆلێکی تر و تاکوو دوا لاپەڕەکانی کتێبەکەی دەستی لێ هەڵناگرێت.
بێگومان کتێبی "مریوان از فراسوی زمان" بەری ڕەنجی چەندین ساڵەی نووسەرە و شەونخوونی و خۆ ماندوو کردنێکی زۆری پێوە دیارە. سەبک و شێوازی نووسینی ئەم کتێبە لە دەرەوەی شێوازی مێژوو نووسیندایە و ڕووداوەکان تێیدا بە پێی کات و ساتی ڕوودانیان و یەک لەدوای یەک نەنووسراون و شەپۆلی زەینی نووسەر (جریان سیال ذهن) دەوری هەیە لە تۆمار کردنی ڕووداوە مێژووییەکاندا. ناکرێ ئەم بەرهەمە وەک کتێبێکی مێژوویی تەماشا بکرێ چوونکە لە دووتۆی باسەکانیدا لەپاڵ باسە مێژووییەکاندا کۆمەڵێک زانیاری ئابووری، فەلسەفی، کۆمەڵناسی و تەنانەت وەرزێڕیش دەبینرێن کە لە دەرەوەی مێژوودان. هەرچەن ناوی کتێبەکە (مریوان از فراسوی زمان)ە بەڵام باسە مێژووییەکانی تەنیا بۆ مەریوان نییە بەڵکوو کوردستان و ئێران و جیهانیش دەگرێتەوە.
سەبک و شێوازی نووسینی کتێبەکە لە بەشێک لە بابەتەکاندا دەبێت بە زمانێکی ئەدەبی و زۆرتر پەخشان و نەسرێکی موسەجەعە، تەنانەت جاروبار نووسەر بۆ دەربڕینی مەبەستی خۆی لە هونەری هۆنینەوەی هۆنراوەش کەڵک وەردەگرێت وەک: "ئەفسانەی دەروێش و زرێبار"، " باسی قەڵای مەریوان" و هەروەها تاکە شیعری خۆی یان هین شاعیرانی کورد و فارس لە نێوان قسەکانیدا دێنێت. ئەم شێوازە لە نووسین وەبیر هێنەرەوەی سەبکی ئەو کتێبە مێژووییە کلاسیکانەن کە لەسەردەمی ڕابردوودا دەنووسران و جۆرێک ئیلهام وەرگرتنە لە شەرەفنامەی شەرەفخان، مێژووی ئەردەڵانی مەستوورە خانم و تاریخی سەلاتینی هەورامانی قازی شەیدای مەردۆخی و ... هتد. پێویستە لێرەدا ئەوەش بگوترێ کە کەڵکوەرگرتن لە شیعری شاعیرانی فارس و کورد لە دووتۆیی زۆربەی باسەکاندا ئەوەمان پیشان دەدات کە نووسەر ئاشنایەتی و شارەزایی لە ئەدەبیاتی کوردی و فارسیدا هەیە.
نووسەر لە زۆر جێگای کتێبەکەیدا باسی گوندی "بالک"ی مەریوان دەکات کە شوێنی لەدایک بوونیەتی و بە بڕوای من نۆستالژی زێدەکەی وەهای لێ کردووە کە بالک لای ئەو ببێتە سەرچاوە و سەرەتا و کۆتایی جیهان، بە جۆرێک کاتێک کە باسی ژیانی سەردەمی ئەرباب و ڕەعیەتی، یان هەژاری جوتیارەکان، یان دواکەوتووی و یاخود تەنانەت پێشکەوتنی لادێکانی مەریوان دەکات بالک بە نموونە دێنێتەوە. هەروەها زۆر جار لە باس و بوارە جیاجیاکاندا نموونە ئامارییەکانی بالک وەک بەڵگە دێنێتەوە و دەیکات بە بەر گوندەکانی تری مەریوان و کوردستان و ئێراندا، ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە بالک لای نووسەر زۆر گرنگە و هۆکارەکەشی خۆشەویستی فراوانی ئەو گوندەیە لای ئەو کە تێیدا لەدایک بووە؛ ئەوەش تا ئەو ڕادەیەی کە نازناوی شیعریی "بالکی" بۆ خۆی هەڵبژاردووە.
نووسەری کتێبی (مریوان از فراسوی زمان) لە کاتی هێنانەگۆڕی ناوی کەسایەتییەک یان ڕووداوە سیاسییەکانی مەریوان و کوردستان و ئێران و جیهان وەک شرۆڤەکارێک باسەکان شی دەکاتەوە و بە پێی زانستی خۆی تەحلیل و ڕوانگە و بۆچوونەکانی لەو بارەوە پیشانی خوێنەر دەدات و بە پێی تەوەری باسەکان زانیارییەکی بەربڵاو دێنێتە گۆڕێ و تێچێنی لاپەڕەکانی کتێبەکەی دەکات. پێویستە لێرەدا ئاماژە بەوە بکەم کە شرۆڤە و شیکردنەوەکانی بەشێک لەم کتێبە ڕەنگدانەوەی هزر و ئەندێشەی بەشێکی زۆر لە لاو و گەنجە پڕ وزەکانی دەیەکانی سی و چل و پەنجای هەتاوییە کە وەک بەشێک لە ئەندامانی کۆمەڵ کەڵکەڵەی دەروونیان نەهێشتنی نایەکسانی کۆمەڵایەتی، دواکەوتوویی، ڕزگاری کوردستان و مرۆڤایەتی بووە و تاکە ڕێگایشیان بە پیادە کردنی ئەندێشەی چەپ و تیۆرییەکانی مارکس و ئینگڵس زانیوە لە کۆمەڵی سونەتی و نەریتیی ئێران و کوردستاندا. بەڵام پاش گۆڕانکارییە یەک لەدوای یەکەکانی جیهان و نەمانی سۆڤیەت و وڵاتەکانی بلۆکی شەرق و دوای ڕووخانی دیوارە تەنراوەکانی دەوریان و پاش دەرکەوتنی هەژاری و دواکەوتوویی و ڕاستییە تاڵەکانی ئەو وڵاتانە، ئەوجار بە چاوێکی ڕخنەگرانەوە ئاوڕ لە ڕابردووی خۆیان دەدەنەوە و هەست دەکەن خولیا و ئامانجەکانیان تاراوە و تەمەنیان بە فیڕۆ چووە، بۆیە تووشی دڵساردی و ناهۆمێدی بوون و ڕەنگە هەرکامە و بەجۆرێک کاردانەوەیان بووبێت. بۆیە بە باوەڕی من ئەم کتێبە جۆرێک بە چالش کێشان و خستنە ژێر پرسیاری ئەندێشەی چەپە لە کوردستان و ئێران و تەنانەت لە جیهاندا لە لایەن چین و جیلێکەوە کە ئارمانەکانی لەو ڕێبازەدا دەدی بەڵام تووشی ناکامی هات و کاک ئەحمەد مودەڕیسی نوێنەری ئەو جیلەیە، بەتایبەت لەم ڕستەیەی کتێبەکەیدا بە شێوەیەکی ئاشکرا ئەو بۆچوونەی خۆی دەردەبڕێ کە دەڵێت: «لە کۆمەڵگای کوردەواریدا فیئۆداڵ، پرۆلتاریا و بۆرژوازی بوونیان نەبووە، بۆیە لەدایک بوونی سووسیالیزم نە پێویست بوو و نەیش مومکین بوو».
لە کۆتاییدا وێڕای گوتنی پیرۆزبایی بە کاک ئەحمەدی مۆدەڕیسی بە بۆنەی نووسین و چاپی کتێبەکەی، جارێکی تر دەسخۆشانەی پێ دەڵێم و ئاواتەخوازم لە بەرهەمەکانی داهاتوویدا بەری زانست و ئەندێشە و خوێندنەوەکانی ببینین.
ئەنوەر ڕەوشەن
*ئەم ووتارە لە حەوتوونامەی دەنگی کوردستان ( ژمارە ١٣٥ - سێشەممە ١٤٠٠/٧/٢٠ ) چاپ کراوە.