ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە یادکردنەوەی مامۆستا جەلال مەلەکشا، لە هەولێر بەڕێوە چوو

یەکێتیی نووسەرانی کورد (باشوور) ــ لقی هەولێر، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە یادکردنەوەی مامۆستا جەلال مەلەکشا، لە شاری هەوڵێر بەڕێوە برد.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 8ی سەرماوەزی 2721ی هەتاوی، کاتژمێر 3:30 خولەک، یەکێتیی نووسەرانی کورد (باشوور) ــ لقی هەولێر، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە مامۆستا جەلال مەلەکشا، شاعیر و نووسەری ناوسراوی کوردی و خەڵکی گوندی مەڵووشانی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە بەشداریی بنەماڵەی مامۆستا جەلال مەلەکشا، کۆمەڵێک لە شاعێر، نووسەر، ئەدیب و کەسایەتییەکانی کورد، لە شاری هەولێر بەڕێوە برد.

لە بەشێک لەو ڕێوڕەسمەدا وتاری یەکێتیی نووسەرانی کورد – لقی هەولێر، وتاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان خوێندرانەوە و پێگەی کەسایەتی و ئەدەبیی مامۆستا جەلال مەلەکشایان بەرز نرخاند و دواتر فیلمێکی دیکیۆمێنتاری لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی مامۆستا جەلال مەلەکشا نیشان درا.

لە بڕگەیەکی دیکەدا پانێلێکی ئەدەبی بە بەشداریی بەڕێزان لە عەدنان بەرزنجی، نووسەر و توێژەر، هەروەها ڕەحیم لوقمانی، شاعیر و نووسەر لەسەر شیعر و بەرهەم و پێگەی مامۆستا جەلال مەلەکشا، نێوەندی ئەدەبی کوردی، بەڕێوە چوو و دواتر وتاری بنەماڵەی مامۆستا جەلال مەلەکشا، لەلایەن برای شاعیر، کاک "بێهرووز مەلەکشا" پێشکەش کرا.

لە بڕگەی کۆتایی ڕێوڕەسمەکە، سێ کتێبی مامۆستا جەلال مەلەکشا بە ناوەکانی "زڕەی زنجیری وشە دیلەکان" (کۆ شیعر)، "جەلال مەلەکشا لە ئەدەبی کوردیدا" (کۆمەڵە وتار)، "گوێزەل" (وەرگێڕانی چیرکێکی مەحموود دەوڵەتئابادی)، بەسەر ئامادەبواندا دابەش کرا.