کوڵە چوارشەمە

لە کوردەواریدا ئاخر چوارشەمەی مانگی سەفەر پێی ئەڵێن: «کوڵە چوارشەمە» یا «چوارشەمە کوڵە» یا «چوارشەمە سوورێ». لە بیروباوڕی کوردەکانا مانگی سەفەر مانگێکی شوومە، تەنانەت تا بۆیان بکرێ کاروان و سەفەریشی تیا ناکەن.
کە کەوتە ڕۆژی ئەو چوارشەمەیە هەر لە بەیانی ئەو ڕۆژەوە زۆر بە پارێزەوە دەست ئەبەن بۆ هەموو شت و بە پارێزەوە ئەچن بە شوێن ئیش و کاردا، تا بۆیان بکرێ خۆیان لە قسە کردن ئاپارێزن. ئەمانە هەموو لەبەر ئەوە نەوەک تووشی قۆرت و چورتم ببن. لەبەر ئەمە وەکوو بڵێیت هەرکەس هەتا  بۆی بکرێ ئەو ڕۆژە بە گۆشەگیری و تەنهایی ڕایئەبوێرێ. ئەو ڕۆژە مەلای مزگەوت هەر لە مزگەوتدایە، لە ڕۆژی پێشووترەوە لە هەر ماڵێکەوە کاسەی فەغفووری ئەبارێ بە سەریا بۆ ئەوە دوعای
«حەوسوون»ی تیا بنووسێ. مەلا بە قەڵەمی قامیش و مەرەکەبی ڕەش دوعای «حەوسوون» بە ناو کاسەکەوە ئەنووسێ و، ئەمجا خاوەنەکەی دێت ئەیباتەوە. ئاو ئەکەنە ناو کاسەکە و مەرەکەبەکەی ئەشۆرنەوەو، ئەو ئاوەی مەرەکەباوییە ئەکەنە ناو ئاوێکی زۆرتروو خێزانی ماڵەکە و دەراوسێ لەو ئاوە ئەخۆنەوە. بەم ئاوە دەڵێن: «ئاوی حەوسوون».
ئەمجا مەلاش لە مزگەوتا کاسە فەغفوورییەکی  وا ئەنووسێ لەناو ئاوێکی زۆر گەورەدا ئەو نووسراوە ئەشواتەوە، خەڵکی گەڕەک و ئاوایی- ئەوانەی بۆیان ڕێ ناکەوێ خۆیان کاسەی تایبەتی بێنن- دێن بە جام و بایە لێی ئەبەن و ئەیخۆنەوەو دەڵێن:
«ئاوی حەوسوونە لە دەردوبەڵا بە دوور ئەبین». لە هەموو ئەمانەدا سەرقەڵەمانەش ئەبەن بۆ مەلا.

لە فۆلکلۆری کوردی‌دا هەیە دەڵێ:
ئەو ڕۆژە من بووم ڕۆژی خەتەر بوو/ کوڵە چوارشەمەی مانگی سەفەر بوو     

 

سەچاوە: کتێبی "کوردەواری" عەلائەدین سەجادی