ڕێکخستنی کۆڕێک لەبارەی هونەری داهێنەرانە لە ئەنجومەنی ئەدەبیی مەریوان

ڕۆژی دووشەممە 25ی ڕێبەندان، کومیتەی کتێبناسیی ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوان، بەپێی نەریتی دوو حەووتوو جارێک، دانیشتنێکی بۆ شاعیر و ڕەخنەگر حەمەی کەریمی، لەژێر ناونیشانی "باسێک سەبارەت بە هونەری داهێنەرانە و لێکدانەوەی دووانەی پۆئسیس و پراکسیس" لە ڕوانگەی "جۆرجۆ ئاگامبێن"ـەوە ساز کرد.
لەو کۆڕەدا دوای کردنەوەی باسەکان لە لایەن فەرزاد موحەمەدی بەرپرسی کومیتەی کتێبناسی، شاعیر و ڕەخنەگر حەمەی کەریمی، لە تایمێکی یەک کاتژمێریدا باسەکەی خۆی لە دوو تەوەردا پێشکەش بە بەشداربووانی کۆڕەکە کرد
.

تەوەری یەکەم: "هونەری داهێنەرانە و تایبەتمەندییەکانی"
کەریمی لە باسەکەیدا چەند پرسیاری دەربارەی "هقیقەت و هونەر" و "پێوەندیی ستاتیکا و هەقیقەت" و "جیاوازیی هونەر و کاری هونەری" و هاوکات پێناسەی چییەتیی هونەر لە ڕوانگەی "بێکت و ئادۆڕنۆ" خستە روو، دواتر تایبەتمەندی و پارامێترەکانی هونەری داهێنەرانە و ناکۆکیی دیالکتیکیی نێوان بە "شتبوون"ی بەرهەمی هونەری، هەروای حاشاکردن لە بە "شتبوون"ی لە هونەر و ناکۆکیی نێوان هونەر و واقیعی ژیان و بۆچوون و تێڕوانینی شوپێنهاور لە هەمبەر هونەر و کاری هونەریی خستە بەرباس
.

لەدرێژەی باسەکەیدا حەمەی کەریمی ئاوڕی لە چەمکی "ستاتیکا" و "بەرهەمی هونەری" و پێوەندیی نێوان ستاتیکا و بەرهەمی هونەری " لە ڕوانگەی "ئیمانۆیل کانت"ـەوە دایەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ئاماژەی بە سێ چەمکی جوانیناسیی کانتی کرد. بێ مەبەستبوون لە ئەزموونی جوانیناسی و ئەوەی کە جوانی ناکرێ بەپێی کانسێپت و چەمک پێناسە بکرێ و هەڵسەنگێندرێت.

تەوەری دووەمی باسەکە، لێکدانەوەی دوانەی "پۆئسیس و پراکسیس" بوو لە ڕوانگەی بیرمەند و ڕەخنەگری هاوچەرخ "جۆرجۆ ئاگامبێن"ـەوە، نووسەر لە درێژەی تەوەری دووەمی کۆڕەکەدا بە مەبەستی ناساندنی کتێبی "
ئینسانی بێ موحتەوا"ی جۆرجو ئاگامبێن کە بەشێک لە باسەکەی خۆی بۆ لێکدانەوەی دۆخی پۆئتیکی (شاعرانە مرۆڤ لە سەر ڕووی زەمیندا) لە ڕوانگەی ئاگامبێنەوە تەرخان کردبوو، باسی لە ڕەخنەی جۆرجۆ ئاگامبێنی کرد سەبارەت بە فەوتانی جیاوازیی نێوان "پۆئسیس و پراکسیس" (داهێنان و پراکتیک) و هاوکات لێکدانەوەی هونەر وەک پۆئسیس (داهێنان) لە دێر زەمانەوە تاکوو ئێستا کە ماهیەتی خۆی گۆڕاوە بۆ حاڵەتێک لە پراکسیس (پراکتیک)، هاوکات باسی ئەوەشی کرد مەبەستی سەرەکیی ئاگامبێن لەم کتێبەدا گەڕاندنەوەی شکۆ و پێگەی پێشووتری هونەرە وەک پێکهێنەرێکی راستەقینەی کردار و باوەڕ. هەروەها ئەوەی کە ڕەخنەی ئەساسی ئاگامبێن لە هونەر لەسەردەمی ئێمەدا قەیرانی شیعرە، واتە قەیرانی دووانەی "پۆئسیس و پراکسیس" ـە کە لای یوونانییەکان جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان ئەم دوو چەمکەدا هەیە، بەڵام لە هونەری هاوچەرخدا ئەم جیاوازییەی نێوان "پۆئسیس و پراکسیس" تووشی غیابێکی گشتگیر بووە و نابینرێ، بەمەوە ئاگامبێن لە پێناسەکردن و لێکدانەوەی ئەم دوو چەمکە لای ئەفلاتوون و ئەرەستوو، بەلای ئەرەستوودا دەشکێتەوە و پێگەی پۆئسیس بە سەرتر لە پراکسیس دەزانێ و هاوتەریب لەگەڵ هایدگر هەوڵ دەدەن ئەم جۆرە "پۆئسیس" ـە لە ئەندێشەی ئەرەستوودا (کە بە مانای کردنەوەی جیهانە بۆ دۆخی نێشتەجێبوونی تەواوی ئینسانەکان) بگەڕێننەوە.

پاشان بۆ ماوەی نیو کاتژمێر، لە لایەن بەشداربووانی کوڕەکەوە هەندێ پرسیار و بابەتی جیاواز سەبارەت بە تەوەری باسەکان هاتنە ئاراوە.

 

سەرچاوە: ناوەندی نووسەرانی کورد