ئێمەی ڕۆژهەڵاتیی هەمیشە بە پەرۆشی باشوورین، دیارە ناهەقیشمان نییه، خۆمان دەزانین پەرۆشیەکەمان لە چییە. لەوانەیە لێرە و لەوێش لەسەر ئەمە لۆمەمان بکەن. ئەو پەرۆشییە چەندین هۆکاری نەتەوەیی و سیاسیی و فەرهەنگیی هەیە. نامەوێ جارێ ئەم هۆکارانە باس بکەم. بەڵام هەمیشە کرژیەکان و ئاڵۆزیەکانی ئەوێ ئێمە تووشی خەمۆکیی و دڵەتەپێ دەکەن. دادەگرسێین و تووڕە دەبین. ئاخر دەستی خۆمان نییە، لە دڵی هەرکامان چەندین چیرۆکی هێشتا نەنووسراو و نەگێڕدراو هەیە. ئەگەر ئەمە شێتییە ئەوا زۆرکەس لێرە هەن و بێن بیانبەن بۆ شێتخانە!
بە پێی ئەزموون ڕاهاتووین پێویستە هەمیشە هەق بەکەسانی ناڕازی بدرێت، پێم وایە ئەمە یاسایە و دەستەبەری دیمۆکراسیی دەکات، بۆیە نابێ کەسیش پێشێلی بکات. پێش لە هەموو ئەگەرێک ئەرکە بەدواداچوون بکرێت بۆ داواکاری خۆپێشاندەران و بۆ کەموکوڕیەکان پلان دابڕێژرێت و چارەسەر بکرێن. دەسەڵات، لە هەر کوێ هەبێت دەبێ وڵامدەری ویست و داخوازیەکانی خەڵک بێت. هەرچەندە ئێمەی کورد بە هەموو کێشەکانمانەوە، لە ناوچەیەکی ئاڵۆز و یەکسەرە پێچیاگ داین و لە زێهنی زۆربەمان تێئوریی پیلان ئەگەرێکی بەهێزە، بەڵام وابزانم لە یەکەم وارگەدا تاوانبارکردنی خۆپێشاندەران و بستنەوەیان بەم و بەوەوە، سیاسەتێکی ئاشنا و شکست خواردووە. ئەمە هەڵەیە و نابێ هەمتر بکرێتەوە. بۆیە پێویستە بەرلە هەموو ئەگەرێک لەسەر داواکاریەکان و کەموکوڕیەکان لێکۆڵینەوە بکرێت. نابێ هیچ پاشگر و پێشگر و هیچ مەرجێک بۆ ئەم زەروورەتە دابنرێت. چون دەستی ئەم و ئەو هەبێ یا نەبێ، چییەتی و ڕاستیەتی مافەکان و کەموکوڕیەکان ناگۆڕدرێ. خۆدزینەوە لە ڕاستییەکانی کۆمەڵگا و لە گێرە و کێشەکان لە ئاکامدا چوارچێوەی جڤاتێک بەرەو هەڵدێر دەبات. وەکوو ئەوە وایە سەربانی ماڵەکەت تکە بکات و تۆ خۆتی لێ گێل بکەیت تاکوو دواجار میچی ماڵەکەت بەسەرتا بڕۆخێت و کار لە کاران بترازێت. دەسەڵاتداران دەبێ بزانن سەربانی حکوومەتڕانیان دەمێکە تکە دەکا، خۆ گێلکردن چارەیەکی نەکردووە و ناشکات.
لەبەر تکەی بانی حکوومەت و کەموکورتیەکان و گەندەڵیەکانی دەسەڵاتداران و لەبەر ناوچەچییەتی و باڵباڵێن و لەسەر شەڕی بنەماڵە و لەسەر بەرژەوەندی مادیی و دزی لایەنەکان و مافیاگەری و سیاسەتی جاران فەشەلی لایەنەکانی هەرێم، ئەگەر هەندێ لە ڕێی ئەم بیانووگەلەوە و بە پشتبەستن بە کردارە سیاسیەکانی ڕۆژانە بەتەما بن خەون و ئاواتە نەتەوەییەکانی گەلی کورد بڕۆخێنن و ئەم وێژمانە ڕووبەڕووی پرس و کێشە بکەنەوە، دیارە ئەگەر ئەم ئامانجە بە ئەنفال و کیمیابارانی سەدام سەری نەگرتبێت، دڵنیابن بە خۆزگە و بریای ئەمانەش هەرگیز سەرناگرێت. ئەو جۆرە کەسانە کە لە دەرفەتێک دەگەڕێن هەتا لە باشوور یەکێ پێی بخلسکێ و دەستوبرد سەرپاکی وێژمان و ئایدیاکانی نەتەوەیی ئەم گەلە بدەنە بەر شەق و دژایەتی و ئەسپی ویستی سیاسی خۆیان غار بدەن، ئەگەر ڕاستیتان گەرەکە ئەو تەرزە هەڵسوکەوتانە هیچشتێک ناگۆڕن، تەنیا شتێ لە ڕووی شیکاریی وێژمانەوە ڕوون دەبێتەوە، ئایدیا و ڕوانین و بەرژەوەندی و دژایەتی ئەم جۆرە کاسانەیە لەگەڵ وێژمانی کوردی. ئەمەش شتێکی خراب نییە، خۆ هەر لەم ڕێیەوە ئایدیای ئەم کەسەکانمان بۆ دەردەکەوێت. هەروەها نابێ ویستی ئەم و ئەو، ببێتە هۆی ئەوە پاساو بۆ کەموکوڕیەکانی دەسەڵات بێنینەوە و ڕەخنە لە دەسەڵاتداران و گەندەڵکاران نەگرین. نابێ ئامانجی ناحەزان چاومان کوێر بکات و کەموکوڕیەکان و سیاسەتی هەڵە و نانەتەوەیی نەبینین. ئەوان بێژن و نەبێژن، دەسەڵاتی باشوور ساڵگارێکە بە دەستی دەیان و سەدان گرفتی بنەمایی (ساختاریی) و سیاسیەوە گیرۆدەیە. لەوێ حزب، سیستم و ئایدۆلۆژی و کۆمەڵگای مەدەنی و سەرپاکی شتەکانی داگیر کردووە. ئەمە بۆ دۆست و دژمن دیارە. هەرکەسێک ئەمە بێژێ دروستە. ئەوەی کە بۆ دەسەڵات گرنگە دۆزینەوەی کەموکوڕیەکان و چارەسەرکردنیانە. هەر دەساڵاتێک لە کات و ساتی خۆیدا پلان و پرۆگرامیی بۆ گرفتەکان نەبێ، ئەو گرفتانە لە کاتێکی نەگونجاودا ناقی دەگرن و دەبنە گەورەترین دوژمەن و پاشنەئاشیلی.
با لایەکیش لە خەڵک و لە خوێندکاران و لە ئوپوزسیۆن و لە کۆمەڵگای مەدەنیش (ئەگەر هەبێ) بکەینەوە. ساڵانێکە لە باشوور بەجاران ناڕەزایەتیمان بینیوە، شیکاری ئەو ناڕەزایەتیانەش لێکۆڵینەوەیەکی چڕوپڕی پێویستە، بەڵام بە زمانێکی سادە و ساکار خۆپێشاندەران نەیانتوانیوە هێماکان و وێژمان و بەگشتی ئایدۆلۆژی بە دەستی حزب و دەسەڵاتەوە بستێنن. ئەوان هەڵەیەکی گەورە دەکەن ئەگەر وێژمانی نەتەوەیی و حزب و دەسەڵات بە یەک واتا و بە یەک شت دەگرن و بە ئاسانی بێڕێزی بە هێما نیشتمانییەکان دەکەن و ئاواتەخوازی داگیرکەر بکەن. لەوانەیه دەسەڵات هەر بەو بیانوەوە بە ئاسانی سەرکوت بکات. کەچی دەبێ لە ڕێی ئەو گوتارەوە خۆپێشاندەران ئینتیمایان بۆی هەیە دەسەڵات ڕووبەڕووی لێ پرسینەوە بکەن، دەبێ هەموو هێماکان لە دەسەڵات بستێننەوە، هیچ پاساوێک بۆ دەسەڵات نەهێڵنەوە. لەجیاتی ئەوەی پێرۆزیەکانی نەتەوەیی نابەرپرسیارانە بخەنە ژێر پێ، دەبێ خۆیان بەو پیرۆزیانە داپۆشن. ئەگەر توندوتیژیان لەگەڵ کرا با ئەوە دەسەڵات بێ بە پیرۆزیەکان بێڕێزی بکات نە خۆپێشاندەران. خوزگەخواستن بۆ دەسەڵاتی داگیرکەر - جگە نەخوێندنەوەی مێژوو و گرفتی فکری- دڵنیابن پاساوێکە بۆ دەسەڵات هەتا لەسەرکوتکردن سوورتر بێت. بۆیە لە دۆخی ئێستای کورد و کوردستاندا هەموو داخوازیەکان تەنانەت داخوازییە پێشییەکانیش بۆ ئەوەی بە ئامانجی ڕاستەقینەی خۆیان بگەن و تەنیا قاروقینی حزبی و تەمێکردنی ئەم یان ئەو لایەن نەبێ، دەبێ بە نیشانە و گوزارە نەتەوەییەکانەوە خۆیان تەیار بکەن. ئێستا ئەو گوزارە و هێما و نیشانە و دروشمانەیش لە بارمتەی حزب و دەسەڵاتن، بەبێ وتن دیارە لایەنە سەرەکییەکانیش لە ڕێی ئەو شتانەوە شەرعیەت و ڕەواییان وەرگرتووە. لەسەر ئەو باوەڕەم هەر ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانێک سەرەتا دەبێ ئەو وێژمان و فەلسەفە، ئەوەی ڕەوایی بە لایەنەکان داوە، لە چنگی حزب و دەسەڵات و بنەماڵە ڕزگار بکات، پاش ڕزگارکردنی هەموو هێما و ئایدیاکان، پێویستە بزافی خوێندکاری و بەگشتی هەموو کۆمەڵگای مەدەنی لە ڕێی ئەو وێژمان و هێماگەلەوە بچێتە شەڕی دەسەڵات و گەندەڵکاری و شێلگیر داوای هەموو مافەکان و هەموو خزمەتگوزاریەکان بکات. ئەمە هەم ڕای زۆرتری جەماوەری کوردستان بەرەو لای خۆی ڕادەکێشێ، هەمیش دەسەڵات ناچار دەکا ددان بە کەموکورتیەکان بنێت. چون ئەگەر وانەکا دەبێ لەبەرامبەر ئەو شتانەوە ڕاوەستێت کە خۆی ڕەوایی لێ وەرگرتوون، گەر ئەوەش بکات ئەوە خۆکوژی سیاسییە. دڵنیام هیچ دەسەڵاتێک دواجار ئەوە هەڵنابژێرێت. بۆیە ئوپوزوسیۆن لە بەردەم دوو ڕێیانێکە: یا دەبێ هێمانەتەوەییەکان و وێژمانی کوردی هەڵبژێرێ و ئیدی ئێزن نەدات ئەوانە ببنە موڵکی هیچ کەس و لایەنێک و خویشی بە خاوەنیان بزانێت یان دەبێ بڕیار بدات و یەکلا ببێتەوە و ئەو ئایدیا و فەلسەفەیە بۆ کەسانی تر جێبهلێت و خۆی بە ئایدیایەکی ترەوە بوێرانە بخاتە بەردەم ڕای جەماوەرەوە و بێڵێت با خەڵک قەزاوەت بکەن.
بەپێچەوانەی ئەوشتەی لە دوورەوە دەردەکەوێ خەڵکی باشوور بەگشتی خەڵکێکی پاسیڤ دەردەکەون تا خەڵکێکی داواکەر. ئێمە کەمترین ناڕەزایەتی دەبینین. ئایا ئەو هەرێمە جگە کێشەی موچە کێشەیەکی تری نییە؟ خۆ دەزانین هەرێم سێخناخە لە کێشەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، بۆ لەم ساڵانە تەنیا کێشەی موچە زەق بوەتەوە؟ ئەی بۆ ئەم خەڵکە و خوێندکاران لەپێناو مافە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان کە هەزاران قوربانی بۆ دراوە داواکاریەکانیان لەسەر شەقام ئەوەندە کز و لاوازە؟ بۆچی جەماوەریانە و شیلگێر داوا لە دوو لایەنەکە ناکەن دوو ئیدارەیی و ئەو هەموو "دوو دووە" کۆتایی پێ بهێنن؟ لەبەر ئەوەی ئوپوزسیۆن و خۆپێشاندانەکان لانیکەم جەماوریانە و لەسەر شەقام داوای چاکسازیی بنەمایی و سیستمی ناکەن، تەنیا داواکاری پێشەیی و موچە زیاتر زەقە، ئیدی هەر حزب و لایەنێک بە هەندێ موچە و پاداشت خەڵکی ناڕازی بە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە و بە دروشمی بریقەدار، لە ڕێی هێما و نیشانەکانەوە پێشتر باسمانکردن بۆ ماوەیەک ڕەوایی خۆی ئاپدەیت دەکاتەوە. بۆیە دەبێ هێماکانی حکوومەتداری لە چنگی گەندەڵکاران دەربێن. چون دەسەڵاتێک نەتوانێ پارێزگاری لە وێژمان و هێماکان و لە ژیان و کەرامەتی گەل بکات شایستە نییە و ناتوانێ خۆی بەخادمی نەتەوە و گەل دابنێت. بەڵام ئێمە کەمتر بەم نەفەسەوە خۆپێشاندان دەبینین، ناڕەزایەتیەکان زیاتر دژکردەوەن، بۆیە زوو دادەمرکێنەوە، داواکاریە بنەڕەتییەکان کە بتوانن هاوئاسۆ بن لەگەڵ خۆزگە مێژووییەکانی خەڵکی کوردستان بەداخەوە فەرامۆش کراون. کاتێ کێشەیەک، باسێک، تەنگەژەیەک لە هەرێم دێتە ئاراوە، مێژووی دەیان ساڵەی خەڵکی کورد، ئاواتەکانی ئەم نیشتمانە بە لای کەسەوە کولێرەیەک ناکات. بۆیە لە ڕووی وێژمانی نەتەوەییەوە لەم دۆخانە لە کۆمەڵگا پەرێشانی و دڵەڕاوکێ دەگاتە تەشقی خۆی. ڕەنگە هەندێ بڵێن جا خۆ بە سکی برسیەوە کوردایەتی ناکرێ! منیش بەرلەوەی هیچ بڵێم ئەو وتەیە بە سەفسەتە دەزانم، ئەوە بەدیهیاتە و کەس ناڵێ با خەڵک برسی بێت، دەڵێم تۆ ناتوانی باس لە ژیان و قوتی خەڵک بکەیت ئەگەر هەروا داهات و هێز لەچنگی حزبدا بمێنێتەوە، تۆ ناتوانی ڕەخنە لە دەسەڵات بگریت ئەگەر حزب هەم حزب بێت هەمیش دەسەڵات و حکوومەت، هەمیش لەگەڵ وێژمانی دێرینی ئەم گەلە بە یەک شت دابنرێت. بۆیە بەرلەوەی داوای موچە بکەیت دەبێ داوای پێکهاتەیەکی ئابووریی و داوای سیستمێکی توکمەی نیشتمانی بکرێت. دەبێ حزب و دەسەڵات، لە خەونەکانی ئەم خەڵکە جیا بکرێتەوە. دەبێ داوای پاڕلمانێکی بەدەسەڵات بکرێت. ئەگەر سبەی چوار دینارێکیان بۆ موچە زیاد کرد ئایا کێشەکان چارەسەر دەبن؟ بە دڵنیایی نا، بۆیە ناڕەزایەتییەکان لە هەرێم دەبێ لەسەر گرفتە بنەماییەکان زووم بکەن. بۆ ئەوەی نیشتمان و نەتەوە لە واتا بۆش نەبنەوە دەبێ بۆ هەمیشە دەسەڵات و نیشتمان لەیەکتر جیابکرێنەوە. بۆ ئەوەی دەسەڵاتیش گەندەڵ نەبێت پێویسته دەستا و دەست بکرێت.
کەیهان عەزیزی
November 26, 2021
*ئەم وتارە بۆچوونی نووسەرە.