کیمیابارانی هەڵبجە

کیمیابارانی هەڵبجە یان کیمیایی بارانی هەڵەبجە (بە ئینگلیزی:  Halabja massacre، بە عەرەبی:  الهجوم الكيمائي على حلبجة)، هێرشێکی کیمیایی دژی خەڵکی شاری هەڵەبجە بوو  لە ڕێکەوتی 1988/3/16. هێرشەکە لە گازی خەردەل  و کۆمەڵێک گازی­تری تێکدەری مێشک و دەمار پێکهاتبوو کە بوونە هۆی برینداربوونی دەیان هەزار کەس و کاریگەری پاشماوەی چەکەکانیش بۆ دەیان ساڵ لەسەر شارەکە بەردەوام بوو.

هێرشەکە بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە 5000 کەس و برینداربوونی 10000 کەسی تر و ئاوارەبوونی تەواوی خەڵکی شارەکە بۆ دەرەوەی ناوچەی نیشتەجێبوونیان. بەرپرسی هێرشەکە "عەلی حەسەن مەجید"، سەرداری یەکمی سوپای عێراق و حیزبی بەعس بوو کە لەو ساتەدا بەرپرسی هێرشەکانی شاڵاوی ئەنفال بوو، دواتر بەهۆی کارەکانییەوە لە ساڵی 2010 لەسێدارە درا.

شەوی 15 لەسەر 16ـی ئازاری 1988 بۆردمانی تۆپ و کاتیۆشای دوورهاوێژ بۆ ناو شار دەستی پێکردخەڵکێکی زۆر لە ڕۆژانی پێشوودا شاریان جێهێشتبوو، چووبوونە دەرەوەی شار، سەر لە بەیانی ڕۆژی 16ی 3ی 1988 زیاتر لە حەوت فڕۆکەی جەنگی هاتنە سەر شارەکە، بە موشەک و ناپاڵم شارەکەیان بۆردومان کرد، کە ژمارەیەک خەڵک کوژران و خانووبەرەیەکی زۆریش وێرانکرا. دوای ئەو هێرشانە هەندێک لە خەڵکی شاریان جێهێشت، بەڵام بەشێکی زۆری مایەوە و لە ژێرزەمینەکاندا خۆیان شاردەوە. کاتژمێر یازدەی پێش نیوەڕۆی 16ـی مانگ بە چەکی کیمیایی و ناپاڵم هێرش کرایە سەر شار و زۆرینەی ئەوانەی لە ژێرزەمینەکاندا بوون بەهۆی نیشتنی گازەکەوە خنکان، زۆرێکیش لەو خەڵکەی کە هەڵاتبوون بەهۆی ئەوەی هەستیان بە خنکان و بڵق و ئاوساوی و سووتانەوە دەکرد لە جەستەیان پەنایان بۆ ئاو و چەمەکان برد بەڵام بەهۆی ژەهراوی بوونی ئاو و سەرچاوەکان دووبارە ئەوەش بووە مۆڵگەیەکی مەرگ بۆ شەهیدانی کیمیابارانەکە.

چڕترین بۆردمانی کیمیایی لە کاتژمێر (5:20)ـی ئێوارەی 16ی ئازار دەستی پێکرد، تاوەکوو سەر لەبەیانی ڕۆژی 17ـی ئادار، 14 جار فڕۆکەکان بە بەردەوامی بۆردمانی شارەکەیان کرد. تەواوی بۆردمانەکە بووە هۆی شەهیدکردنی زیاتر لە 5000 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 10000 کەس و ئاوارەبوونی خەڵکی ناوچەکە بەرەو وڵاتی ئێران و شاری سلێمانی و دەوروبەری. شارەکەش لەگەڵ زەوی تەخت کرا و خاپوور بوو. جیا لەوەش زۆرێک لە مەروماڵات و پەلەوەری ناوچەکە بەهۆی ژەهراویبوون و نەبوونی خواردنەوە قڕ بوون.

کۆمەڵێک لە شەهیدەکان بەخێرایی گیانیان لەدەستداوە، بەشێکیشیان ماوەیەکیان پێچووە و تووشی کۆکە بوون و چاویان ئاوی کردووە و گیانیان سپاردووە. جیا لە خنکاندن، گازەکان بوونەتە هۆی دروستبوونی بڵق، سووتان، تەنگەنەفەسی، کۆکە، کوێری و ڕشانەوەی ڕەنگ سەوز.

"کارەساتی هەڵەبجە گەورەترین کارەساتی کیمیایی جیهانە لەدوای جەنگی جیهانیی یەکمروە".

وڵاتانی دەرەوە و جیهان لەو ڕووداوە بێدەنگ بوون، حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا  و دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕایانگەیاند کە هێرشی سەر کوردەکان ئەنقەست نەبوو!.

دوای ئازادبوونی عێراق و هەرێمی کوردستان چەندین بڕیار بۆ چاکسازی و نۆژەنکردنوەی شارەکە دەرچوو، بەڵام زۆرینەیان ئەنجام نەدران

دوای کیمیابارانکردنی شارەکە، ڕێژەی لەبارچوون  14 ئەوەندە زیادی کردووە، شێرپەنجەی قۆڵۆن 10 ئەوەندە و نەخۆشییەکانی دڵ 4 ئەوەندە زیادیان کردووە. شێرپەنجەکانی­تر و نەخۆشییەکانی هەناسەدان  و کێشەی پێست و چاو و نەزۆکی و نەخۆشییەکانی زاوزێ بەشێوەیەکی بەرچاو لە هەڵەبجە و ناوچەکانی­تر کە بەر کیمیابارانکردن کەوتوون زیاتر بوون.

لە پێش جینۆسایدی هەڵەبجە، ژمارەی دانیشتوانی ناوەندی قەزای هەڵەبجە و گوندەکانی یەکەی کارگێڕییەکەی بەپێی سەرژمێری ساڵی (1987)، کە لەلایەن ڕژێمی عێراقەوە کرابوو، گەیشتبووە سەدو پانزە هەزار و پێنج سەد و چل کەس. کە لە شارەکە و (216) گونددا نیشتەجێ بووبوون. لە دوای جینۆسایدەکە تەنها (18) گوند مانەوە و (198) گوندەکەی تر وێرانکران و خەڵکەکەی ئاوارەکران و بوونە پەنابەر. سامانی ئاژەڵ و کشتوکاڵ و سروشت بەڕێژەی (100%) لەناوبران، چونکە سەرجەم ناوچەکەیان کرد بە قەدەغەکراو.

سەبارەت بە ژمارەی قوربانیانی جینۆسایدی هەڵەبجە، تا ئێستا ئامارێکی ورد لەبەردەست نییە، بەڵام ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئامارێکی هەڵەبجەیان کردووە و (3200) ناویان لایە. وە بڕواشیان وایە کە چوار هەزار تا حەوت هەزار، لە هەڵەبجە خنکێنرابێت. ئامارێکی تر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ژمارەی کوژراوەکان دەگاتە (5461) کەس و ژمارەی بریندارەکانیش لە ناو (14) کامپی ئێراندا و بەپێی ئاماری ئێرانییەکان دەگاتە (12800)کەس، لەگەڵ ونبوونی دەیان منداڵ و نەگەڕانەوەیان.

170  کەس لە کەمپەکانی ئێراندا شەهید بوون و گۆڕەکانیان لە گۆڕستانی زەهرای شاری تاران لە بەشی "موقیعیت شهدای حلبجە" دانراوە. هەر لە ئێران و خۆرهەڵاتی کوردستان نزیکەی (730) گۆڕی­تری شەهیدانی جینۆسایدی هەڵەبجە هەیە.

کەیسی هەڵەبجە یەکێک بوو لە کەیسەکانی جینۆسایدی کورد لە دادگای باڵای تاوانکاريی عێراقدا. یەکەم دانیشتنی دادگا لەسەر کەیسی هەڵەبجە لە (2008/12/21) ئەنجامدرا. لە (2010/1/17) دادگا کەیسەکەی بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناساند. لەبری ئەوەی کەیسەکە بە جینۆساید بناسێنێت. لەو چوارچێوەیەشدا سزای لەسێدارەدان بەسەر تاوانبار "عەلی حەسەن مەجید" جێبەجێکرا لە (2010/1/25). پاش تێهەڵچوونەوە لە بڕیارەکە و لە (2010/2/28) دا، پاش (34) دانیشتن، دادگا بڕیاری بە جینۆسایدناساندنی کەیسی هەڵەبجەیدا، و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە وەک تاوانی جینۆساید لەلایەن دادگاوە ناسێندرا و یەکلاییکرایەوە. هەریەک لە تاوانکاران "سوڵتان هاشم- فەرحان موتڵەگ- سابر عەبدول عەزیز" بە پانزە ساڵ زیندانیکردن سزادران.

پەڕلەمانی عێراقیش لە (2011/3/17)، لە کۆبونەوەی ئاسایی ژمارە (44)، بە بریاری ژمارە (12) کەیسی هەڵەبجەی بە جینۆساید ناساند. بەڵام هیچ قەرەبوویەکی ماددی هەڵەبجە نەکراوەتەوە.

 کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەسەر ئاستی عێراق لە دادگای باڵای تاوانکاری عێراق و لە پەڕلەمانی عێراقدا بە جینۆساید ناسێندراوە و دانیپێدانراوە، بەڵام تا ئێستا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە یاسا بە جینۆساید دانیپێدانەنراوە. تەنها پەرلەمانی کەنەدا وەک تاکە دەوڵەتێک لە (2010/3/16) وەک تاوانی -دژ بە مرۆڤایەتی- ناساندوویەتی نەک تاوانی جینۆساید.

دادگای تایبەتی عێراق لەسەر بنەمای ڕووداوەکانی هەڵەبجە، سەدام حوسەینی بەتاوانی دژ بەمرۆڤایەتی تۆمەتبار نەکرد. سەرەڕای ئەوەی داواکاری گشتی عێراق 500 بەڵگەی هەبوو لەسەر ئەو تاوانانەی کە لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حوسێندا ئەنجام دراون و ئەنجامی داون، بەڵام تەنیا بەهۆی کۆمەڵکوژیی دوجەیل لە ساڵی 1982 لەسێدارە درا. لەو بەڵگە زۆرەی کە لە کاتی دادگاییکردنی سەدام حوسێندا ئاشکرا کراون، یەکێک لە یاداشتەکانی ساڵی 1987 باس لەوە دەکات هەواڵگری سەربازیی عێراق  داوای مۆڵەتی کردووە بۆ بەکارهێنانی گازی سارین و خەردەل و گازەکانی­تر دژی کوردەکان. دۆکیومێنتی دووەم لە وەڵامی سەدام بۆ ئەوان تێیدا هاتووە کە سەدام فەرمانی بە هەواڵگری سەربازی کردووە کە بزانن ئایا دەکرێت هێرشێکی لەناکاو بەو چەکانە بکرێتە سەر کورد. یاداشتێکی ناوخۆیی کە لەلایەن هەواڵگری سەربازیەوە نووسراوە دووپاتی کردەوە کە ڕەزامەندی نووسینگەی سەرۆکی بەدەست گەیشتووە بۆ لێدان بە بەکارهێنانی "چەک و تەقەمەنی تایبەت". پشتڕاستیش کراوەتەوە کە هیچ هێرشێک بەبێ ئەوەی یەکەم جار سەرۆک ئاگادار بکرێتەوە نەکراوە.

ڕزگاربووانی کورد گومانی ئەوەیان نەبوو کە سەدام حوسێن خۆی بەرپرسی ئەو هێرشە بووە و بڕیاری دادگاش هەمووانی نائومێد کرد کە تەنیا بۆ کۆمەڵکوژیی دوجەیل لە 30ی کانوونی یەکەمی 2006 لە سێدارە درا.

دادگایەکی عێراقی سزای لەسێدارەدانی عەلی حەسەن مەجیدی ئامۆزای سەدامی دەرکرد (کە لەو ماوەیەدا سەرکردایەتی هێزە عێراقییەکانی باکووری عێراق کرد) و لە مانگی کانوونی دووەمی 2010دا لەسێدارە درا، دوای ئەوەی دانی بە تاوانەکاندا نا. عەلی حەسەن مەجید بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2007 بەهۆی ڕۆڵەکەی لە هەڵمەتی سەربازی ساڵانی هەشتاکان  و بەتایبەت 1988دا لە دژی نەتەوەی کورد بە ناوی ئەنفال ناونرا سزا درا. هەروەها لە ساڵی 2008دا بۆ دووەم جار سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا بەهۆی تاوانەکانییەوە لە دژی شیعەکانی عێراق لە ساڵی 1991 و 1999. بەڵام تاوەکوو مردنی پەشیمان نەبوویەوە و وتی کە بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق ئەو کارانەی کردووە

یەکێکی­تر لەو بەڵگانەی دەست دادگاکانی عێراق کەوتوون تۆمارێکی دەنگیی عەلی حەسەن مەجیدە کە تێیدا دەڵێت: "هەموویان بە چەکی کیمیایی دەکوژم. کێ ئیدانەی دەکات؟ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی؟ نەفرەت لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەرکەسیش کە گوێیان لێ دەگرێت."

کۆمەڵێک سەرچاوەی جیهانی هەن کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشدارن لە شەهیدکردنی هاووڵاتیانی کورد و پەرەدان بە چەکەکان، چونکە ڕژێمی سەدام حوسێن زانین و کەرەستەی پێویست بۆ گەشەپێدانی چەکی کیمیاییی لە سەرچاوە بیانییەکان بەدەست هێناوە.

لە 23ی کانوونی یەکەمی 2005 دادگایەکی هۆڵەندی سزای 15 ساڵ زیندانی بۆ (فرانس ڤان ئانراتی) ئەو بازرگانەی لە بازاڕی جیهانی کیمیایی دەکڕی و بە ڕژێمی سەدامی فرۆشتبوو دەرکرد