دیسان گفتوگۆی دڵ و عەقڵ

مـــن دەڵێم شــادە دڵـم بــەو ڕۆژی دەنگدانە، کەچی

عـــەقڵ ئــەڵێ نـــاپەسەندە کــات بــەفیڕۆدانە، نەچی

مــن دەڵێــم بـەرهەمەکـەی خـــوێنی شەهیدانە، دەچم

ئــــەو دەڵێ ئێستــا هەمـــوی عاشقی گیرفانە، نەچی

مــن دەڵێــم دەردم هـــەیە دەنگەکە دەرمــــانە، دەچم

ئـــــەو دەڵـێ کەی تێدەگەی لەو دزو جەردانە، نەچی

مــن دەڵێم ئەو ڕۆژە وەک ئەرکە لەسەر شانە، دەچم

ئـــەو دەڵــێ هــەر کــڵاو وشەپقە لـەسەر نانە، نەچی

مـن دەڵێم ئـەو ڕۆژە وەک ئاهـەنگی کوردانە، دەچم

ئـــەو دەڵـــێ تــۆ مەڕی بەو کەڵبەیی گورگانە نەچی

مـــن دەڵێــم نــوێنەرەکــەم ئێستــا لـــەبارزانە، دەچم

ئـــەو دەڵــێ وانیــە، ئــــەو نۆکەری تورکانە، نەچی

مـــــن دەڵێــــــم وابـــێ کـــەواتە لـــەدەباشانە، دەچم

ئەو دەڵێ هەیهوووو ئەویش داردەستی ئێرانە، نەچی

مــن دەڵێــم هەرچــی نەچێ دوژمنی ئیمـــانە، دەچم

ئـــەو دەڵـــێ ئەو قسەیە هـــەروەکو گــۆچانە، نەچی

مـــن دەڵێــم شۆڕشە وەک فیشەکی جــــارانە، دەچم

ئــەو دەڵـــێ ئەنجامەکــەی دەمێکە لایانـــــــە، نەچی

لـــەم هەموو چــــون و نەچونە سەری سوڕما پشکۆ

مــن دەڵێم جــوانە بچم، ئــــــەو دەڵێ واجوانە نەچی

 

(پشکۆ ڕەحیم)