شیعر پێناسه ناكرێ
شیعر نایاب بێ ماڵی نابێ، وه‌ك مێشه خاكی و هه‌نگی كه‌ژێ، شهپهتووكهكهی باشترین هه‌نگوینه چونكه شله و شیله گوڵانی سروشت ده‌مژێ، شیرینهیهكهی شیفا و تامی تایبه‌ت و جیاوازه، ڕه‌سه‌ن و ده‌گمه‌ن و ده‌وای ده‌ردانه به‌و ئه‌ندازه، هه‌نگی كه‌ژ له‌ناو قلیشی شاخ و كونه دار و به‌رد نه‌بێ كووره و شانه ناكا، ڕه‌نگی خۆڵه‌مێشیه هه‌نگوینه‌كه‌ی سپی و پاك و چاكه له ماكا، شاعیر ده‌بێ هه‌نگی كه‌ژ بێ، ده‌نگی گه‌ل و ڕه‌نگی گه‌ش بێ، شیعر به‌هره و هونه‌ره، وشه‌ی گه‌وهه‌ر و ئاگری ته‌ڕه، شیعر شێوه و ناوهڕۆك و كێش و ریتم و ئه‌فسانه و ئه‌ندێشه‌یه، پێناسه‌ی خۆی نهدیتیتهوه له بۆته‌ی ئه‌و كێشه‌یه، شیعری شیعر كۆت و به‌ند ناكرێ و نامرێ، له چوار چێوه‌یه‌كی دیاریكراو و داخراو داناندرێ، شیعر جه‌وهه‌ر و گه‌وهه‌ری زمانه، ڕه‌سه‌نترین منداڵه و نموونه‌ی داهێنانه، شیعر سه‌نگه‌ری به‌رگری كردنه له زمانی نه‌ته‌وه‌یی و مرۆیی، به وته‌ی (كانزانزاكی) شیعر ئه‌و خوێیه ناهێڵێ جیهان بۆگه‌ن بكا بچێ به فیڕۆیی، گوشراوترین و چڕترین شێوه‌ی هونه‌ر و وێژه‌ییه، به كه‌مترین وشه ده‌رده‌بڕێت و كورتبێژییه، فره مه‌ودا و پڕ له بۆچوون، پێویسته به جیهانبینین و تێگه‌یشتنی قوول هه‌یه بۆ بوون و گه‌ردوون، شیعر ناسنامه‌ی كولتووری نه‌ته‌وه‌ییه، پاراستنی زمانی دایك و ئه‌و كاریته پتهوهییه.
دۆسیه‌ی شاعیر
سامی عه‌وداڵ سیما و سیمبوڵی كاسبی و برسییه‌تی و هه‌ژاری بوو، ڕێبواری تیشكی هه‌تاوی ڕزگاری و ڕامیاری بوو، ناوی (مه‌لا حسێنی بابه ره‌سووڵ)ه له ساڵی 1910 هاتۆته ناو ژیان و كه‌وتۆته جووله، له شارهكهكهی كۆیه له گه‌ڕه‌كی بایز ئاغا، له ته‌كیه‌ی عه‌وداڵان له‌و پشت و وهجاغا، خۆی له هۆزی له‌كه، گه‌رچی كوردیه‌كه، ئه‌و به دهستومهچهك، خۆی داوه له محه‌ك:
منیش كوردێكم عه‌شیره‌تی له‌ك
نهیۆنانیم و نه‌ڕۆم و تركهشم
شاعیرێكی كورد لهقهبم سامی
میراتگرێكی خاڵ و سینه‌شم
له نۆسه‌ت و ده‌ی بووم له داكی خۆم
له‌ناو شاری كۆیه بۆیه خه‌ڵكی كۆم
ته‌كیه‌ی مام خه‌لیفه جاران ناوی ته‌كیه‌ی عه‌وداڵان بووه، سامی پاڵه‌وانی ئه‌فسانه‌ی كورد و كوڕی نه‌ریمان بووه، بۆیه كردی به نازناو، هه‌ر به‌و ناوه ناسراو، بۆ به‌دبه‌ختی به‌ته‌مه‌نی (7) ساڵی باوكی مردووه، (گوڵێ)ی دایكی به ته‌شی ڕێسی و كووره‌ی حه‌مام سوتاندن و ساوه‌ر هاڕین به‌خێوی كردووه، هه‌رچه‌ند دایكی مێرد ده‌كاته‌وه به مامی (خه‌لیفه نه‌جمه‌دین) وه‌ك پێویست نه‌بووه له‌گه‌ڵیان نه‌كه‌وتوونه‌ته گوشادی و گوڵ‌چنین.
وێڵی كار
به نۆ ساڵی ده‌بێته شاگرد كه‌وش دروو، به‌شه‌و ده‌خوێنێ به ڕۆژ خۆی ده‌ژێنێ كه‌ساس و ماندوو،
باوكی شاعیر و عه‌وداڵی ئاین بووین بنه‌ماڵه‌كه‌یان، كه‌چی ئه‌و عه‌وداڵی نانی حه‌ڵاڵ و نا هه‌موار ماڵ و حاڵهكهیان، له‌گه‌ڵ (وردی) چونه‌ته سیكهنه و سه‌رخان، عه‌وداڵ و ورد بووین بۆ كاسبی و بژێوی ژیان:
به بیرت نایێ ساڵی كهتیران
له شاخی نێوان عیراق و ئێران
له‌ناو كۆچه‌ری مه‌نگوڕ و ئاكۆ
هه‌ندێ جار له ناومامش و پیران
****
گه‌ڕاوه بۆ كار چۆته ههلگۆشی، پێی‌خۆش بووه به‌س زگی ههڵنهگووشی:
چه‌ند خۆشه له ههڵگۆشی
دانیشی به دڵخۆشی
ته‌ماشای شاخ و كانی
كابانی مه‌ڕ ده‌دۆشی
****
هه‌ر له پێناوی نان به‌ده‌ست بهێنێ، بۆ ئیش چۆته بیتوێنێ، تازه و نه‌جه‌وان، خه‌ون ئه‌رخه‌وان:
خۆم و به‌خت و ناوچه‌وان
ساڵێ بووم به توتنه‌وان
بار‌مان كرد بۆ بیتوێنێ
یاخوا كافر نه‌یبینێ
هه‌ڵماندا خێوه‌تی گووش
چوینه ژێری وه‌كو قووش
****
ساڵی 1942، ده‌گه‌ڕا و ماندوو، نه‌یده‌زانی بۆ كوێ بچی، چ بكا چی، ناچار له (ته‌ق ته‌ق) بۆته چایه‌چی، له‌وێ سێ ساڵی ره‌به‌ق، له كونجێكی ڕۆح گۆڕستان ده‌ژی بێ زه‌وق و ڕه‌ونه‌ق.
لانێكم نه‌بوو ئه‌من وا كه‌وتوومه له ته‌ق ته‌ق
ئینسانی من بوو به چی؟ ئه‌م بێ قیمه‌تی له‌ق له‌ق
****
له بێزاری و نه‌بوونی ژیانی پڕ ژان و ئاڵۆز، كاری جۆرا و جۆر ده‌كا ده‌بێته پینه‌دۆز، له ساڵی هه‌زار و نۆسه‌ت و په‌نجا، له كۆیه ده‌ڕوا و له‌وێ بۆی نه‌گونجا، خۆی گووته‌نی رووت و قووتم چۆن نه‌گریم ڕوو سیاه و ڕه‌نجه‌ڕۆم:
فه‌قیر و دڵ حه‌زینم بۆ هه‌ژاریم خه‌م ده‌خۆم
ڕووت و برسی و ده‌رده‌دارم ساڵی جارێ خۆم ده‌شۆم
سابوونم گڵه حه‌مامم ده‌چمه ناو مزگه‌وته‌وه
هه‌ر به نینۆك پاره پاره و شهقشهقم كرد قه‌لبی خۆم
خۆم بسوتێنم به سووتان با بسووتێم چاتره
له‌و ژیانه‌ی وا به ته‌نگی حه‌سره‌تی یه‌ك نانه جۆم
****
له داخی مامه‌كانی، به سوێ بووه زامه‌كانی، كۆیه‌ی به‌جێ هێشتووه، داخی دڵی هه‌ڵڕشتووه، به‌و مه‌رامه، ئه‌و وه‌رامه:
ئۆباڵم به ملت یاڕه‌بی مامه
ئه‌وا بۆپۆشیت جوبه و عه‌مامه
ئه‌من ده‌تناسم خه‌ڵقی نازانێ
له خه‌ڵقی وا بی مرشیدی شامه
****
سامی عه‌وداڵ، باخه‌ڵ خاڵی و زگ به‌تاڵ، عه‌وداڵی نانی حه‌ڵاڵ، گه‌ڕان به دوای زادی پاك و سپی، ده‌ست و پێ سپی نه‌بوو بۆ كار و كاسبی، وه‌كو باڵنده‌ی كۆچه‌ری، گه‌ڕاوه له‌و سه‌ر بۆ ئه‌و سه‌ری، ده‌یویست به مه‌ردی نان په‌یدا بكا گه‌ر له بن به‌ردان بێ:
رسقهكی له‌بن ده‌ستی عه‌بدان بێ
یاره‌بی خوایه هه‌ر به سندان بێ
****
كایه‌ی رامیاری:
به هۆی هه‌ژاری و هۆشیاری، هاتۆته ناو كایه‌ی ڕامیاری، له‌گه‌ڵ چه‌پ و چه‌وساوه‌كان و ماف خوراوه‌كان بووه، په‌یوه‌ندی به جوڵانه‌وه‌ی سیاسی و ئاگاداری گۆڕانكاری و رووداوه‌كان بووه، نزیك له گرووپی به‌لشه‌فیك و كۆمه‌ڵه‌ی منه‌وه‌ران و داركهران و حزبی هیوا و دوایی په‌یوه‌ندی كردووه به حزبی شیوعی عیراق، به‌ڵكو له به‌هاری ته‌مه‌ن گهشببێتهوه وه‌كو گوڵه مێلاق، سه‌ره‌نجام وازی لێی هێناون و پچڕاوه نه‌یویستووه ببێ به مه‌قاش:
چه‌رخی زه‌مانه له من بوو به قاش
هاڕیمی وه‌كو تێچینی باراش
منی دابڕاند له خۆشی و ژیان
له هاوڕێیانی هاوبیر و وه‌لاش
****
به‌و په‌ڕی باوه‌ڕه‌وه ده‌بێ شێرمهردان و گیانفیداكارانی نیشتمان لێی تێ بگه‌ن:
قه‌لبی من گه‌ر چه‌شنی لاله بێت و نه‌وتی تێبكه‌ن
ئاگری دوژمن بێته گیانم وه‌ك چرا من پێ بكه‌ن
شهقشهقی كه‌ن گۆشت و ئێسقان یه‌ك به یه‌ك خوێی تێبكه‌ن
بێ ترسی من دێمه مه‌یدان حوكمه ئازادیم ده‌وێ
گه‌ر نه‌سوتێم و نه‌خنكێم چۆن هه‌ژارم سه‌ركه‌وێ
****
ببمه خاك و خۆڵه‌مێش با تا هه‌ژارم پێبگا
با بسووتێم به‌ڵكو گه‌نج و لاوه‌كانم تێ‌بگا
بێته مه‌یدان خوێن بڕێژێ تا حه‌قی پێبگا
****
گه‌وهه‌ری شیعری (قه‌لبی من)
شیعری( قه‌لبی من ) بۆته سومبوڵ و پێناسه‌ی سامی عه‌وداڵی، گوایه گه‌وهه‌ری ڕۆحی ئه‌و شیعره هی خۆیه‌تی بیرۆكه و خه‌یاڵی، به‌ڵام گومان و بۆچوون هه‌یه كه هی شاعیری ناوداری تورك (نازم حیكمه‌ت) بووبێ، بابه‌تێكی باسخوازه و شاعیر و وه‌رگێڕێك به‌جۆرێك كه بۆی چووبێ، كه ده‌قی ئه‌و شیعره‌ی نازم حیكمه‌تی كه وه‌رگێڕاوه، له ناوهڕۆك پێك ده‌چن ده‌ڵێی له یه‌كتر وه‌رگیراوه، ئه‌ویش (شێخ ئه‌نوه‌ری سه‌ید ئه‌حمه‌دی حوسێنییه، به نازناوی شێخ ئه‌نوه‌ری به‌رزنجی و ده‌روێش)، كه وه‌ك ڕسته و وشه لێك نزیكن كردوویه‌تی به كوردی زۆر جوان و سه‌رنج ڕاكێش:
لێم گه‌ڕێن من با بسووتێم ببمه خاك و خۆڵه‌مێش
من نه‌سووتێم، تۆ نه‌سووتێی كێ قوتار كا قه‌وم و خۆیش
ڕێگه‌مان تاریكه با هه‌ڵكه‌ین چراێیهكی له پێش
چاوی میلله‌ت گڕ بسێنێ تا بچێژین تامی ئێش
تا به گڵپه‌ی ئێمه هه‌ركه‌س ڕێ ببینێ و بچته پێش
رەهبەر سەید برایم
سەرچاوە: knwe