17 دیسامبێر ڕۆژی ئاڵای كوردستانە، لەم ڕۆژا لە هەموو شوێنێكی كوردستان ئاڵای كوردستان هەڵدەكرێت و كوردان بە پۆشاكی كوردییەوە پێشوازی لەم ڕۆژە دەكەن.
ئاڵای كوردستان هێمای شۆڕشە ڕزگاریخوازە یەك بەدوای یەكەكانی كورد بووە، تاكو لە ڕۆژی 1946/1/22 و لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی كۆماری كوردستان لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مەهاباد (سابڵاغ) بۆ یەكەمجار بەفەرمی هەڵدراوە و بوو بە رەمزی كۆماری كوردستان. لەساڵی 2009دا پەرلەمانی كوردستان بڕیاریدا ڕۆژی 17ی كانوونی یەكەمی هەموو ساڵێك وەكو ڕۆژی ئاڵا دیاری بكرێت.
مانای چوار ڕەنگەكەی ئاڵای كوردستان؛
سوور: هێمای شۆڕشگێڕی و خوێنی شەهیدانی میللەتی كوردە لە پێناو مافەكانیاندا.
سپی: هێمای ئاشتیی و ئاساییشە كە میللەتی كورد بەردەوام ئاشتیخوازبووە.
سەوز: لە سروشتی كوردستانەوە هاتووە و هێمای ژیانەوەیە.
زەرد: مەبەست لەڕۆژە بیست و یەك تیشكییەكەیە كە هێمای دواڕۆژی میللەتی كوردە.