ژیانەوە ڕۆژنامەیەكی ڕاستگۆ لەگەڵ ناوهێنانی ژنان نەك ناوزڕان

شۆخان مەحمود

هەڵبەت من لەستافە دێرین و سەرەتاكانی ڕۆژنامەی ژیانەوە نیم، بەڵام بەوپێیەی كە لەهەمان ڕاگەیاندن و ستافی تەلەفزیۆنی ڕێكخراوی یەكێتی ژنانی كوردستان بووم، لەهەموو ساڵیادو بۆنەكانیدا ئێمە بەرنامەیەكی تایبەتمان بۆ ئامادە دەكرد، بەوهۆكارەوە زانیاری زۆرم وەرگرت لەسەر سەرەتاكانی دامەزراندن و دەرچوونی ژمارەكانی ئەوەڵی ژیانەوە تا ئەمڕۆی كە دەكاتە ساڵی ۲٥ ی یۆبیلی زیوینی ڕۆژنامەكە.

لەلاپەڕە یەكی ژیانەوە تا لاپەڕەی كۆتایی ڕاستییەك لەناو چوارچێوەی كاركردنی ڕۆژنامەكەدا هەیە كە نەپێش كاركردنی من و نە دوای دابڕانیشم لێی دەرنەچووە ئەویش ئەوەیە، ڕۆژنامەی ژیانەوە بەڕاستی بەوپەڕی ڕاستگۆیی و متمانەو ئامانەتەوە هەموو هەواڵ و ڕووداوەكانی تایبەت بەپرسەكانی ژنانی وەك خۆی بڵاودەكردەوە بێ ناوهێنانی كەس و مەترسی خستنەسەر ژیانی كەس بەتایبەت ژن و كچەكان، لەوماوەیەی من بەرپرسی لاپەڕەی ڕیپۆرتاژو بەدواداچوون بووم، هەرگیز نەمبینی هەواڵێكمان بۆ بێت و ئێمە دەقاودەق وەك خۆی دایبەزێنین تا بەتەواوی دڵنیا نەبووینایەتەوە لەوەی كە ئایا بەهۆی دابەزینی ئەو هەواڵە یان ڕیپۆرتاژو بەدواداچوونە هیچ كام لەو ژن و كچانەی كە كارەكتەری بابەتەكەن ژیانیان ناكەوێتە مەترسییەوە، ڕووبەڕووی تووندووتیژی نابنەوە دواتر، چەندجارێ دەمان پرسی كە ئاخۆ ئاساییە ناوی بڵاوبكەینەوە یان ڕەسمی دابەزێنین هەتا دڵنیا نەبووینایە لەهەموو ئەگەرێك كارەكە نەدەچووە بەردەمی سەرنووسەر، كە بۆ من ئەمە ئەوپەڕی بەهاو متمانەی ئەخلاقی ئیعلامییە كە ژیانەوە نەیویستووە پێشبڕكێی یەكەمی بێ ڕكابەرو سەبقی سەحەفی بكات، بەڵكو هەمیشە ئەوەمان بیربوو دەبێ ڕۆژنامەی ژیانەوە لەگەڵ كارە ئیعلامییەكەیدا لایەنە مرۆییەكە پێشبخات، چونكە ئەگەر ژیانەوە وەك هەموو ڕۆژنامەو گۆڤارو ڕاگەیاندنەكانی تری مەیدانەكە كاری ڕاگەیاندن و بەدواداچوونی ئیعلامییە بۆ ئەو كێشەوگرفت و پرسانەی ژنان و كچان كە لەناوچەكەو جیهاندا ڕوویان دەدا، نابێ ئەخلاقی ڕۆژنامەوانی خۆی لەدەستبدات تەنها بۆئەوەی خوێنەرێك زیاتر یان هەواڵێ زووتر لێوەی دابەزێت، بۆیە ئەتوانم بەوپەڕی شانازییەوە بڵێم ڕۆژنامەی ژیانەوەو ڕاگەیاندنی یەكێتی ژنانی كوردستان بەڕاستی پارێزەی ناو ناوبانگی ژنەكان بوون، نەك ناوزڕان و ناوهێنانیان .

ستافی ژیانەوە كێ‌ بوون

ڕاستییەكەی هەموو كەسێك بەرلەوەی بچێتە شوێنێك كاربكات، یەكێك لەو بیركردنەوانەی بیری لێ دەكاتەوە ئەوەیە كە ئاخۆ كێن ئەو كەسانەی كاریان لەگەڵ دەكەم، دەبێ ڕۆژەكەم چۆن لێ بڕوات، دەبێ تووشی چی بم و چۆن بن.

بەڵام من كە چوومە ژیانەوە، پێشتر دەمزانی ستافەكەی بەوێنای خێزانێكی گەورەی پڕ خۆشەویستی كاردەكەن، دەمزانی كە لەگەڵ ئەوەی ئەو ڕێكخراوە كار بۆ ژنان و مافەكانی ژنان دەكات، بەڵام پیاوەكانی هاوڕێمان لە ڕاگەیاندن و ژیانەوە هێندەی ژنەكان و بگرە زیاتریش خەمخۆرو مشوور خۆری بابەت و پرس و ڕووداوەكان بوون.

كاركردن لەڕۆژنامەی ژیانە بەرلەهەمووشتی فێری خۆشەویستی و ڕێزی دەكردی دواتر ڕاسگۆیی، ئێمە لەو ڕاگەیاندنەدا كۆمەڵێك ژن و پیاو پێكەوە وەك خوشك و براو هاوڕێ زۆر دڵسۆزانەو بەئەمەكانە كارمان دەكرد، بۆیە ئەو دڵسۆزی و ڕاستگۆییە لەتەواوی كارو ئیشەكاندا ڕەنگی دابۆوەو ئەوەی بەسەردان بهاتایەتە ڕاگەیاندن و ژیانەوە نەیدەشاردەوەو ڕاستەوخۆ دەیووت كە چەنە خۆشحاڵە بەوشێوازی خێزانی كاركردنەی ستافی ژیانەوە.

ئەگەرچی دابڕانی من دوركەوتنەوەم لەڕۆژنامەی ژیانەوە بەهۆی دوركەوتنەوەم بوو لەوڵات، بەڵام دوای شەش ساڵ دوری و كارنەكردن لێی، ئێستاش هەمان هەست و سۆزم هەیە بۆ ڕۆژنامەكەو ستافەكەشی لەگەڵ ئەوەی جەستەیی و ڕۆحیش زۆرمان لێك دورین‌و ئاگامان لەیەكدی نەماوە، بەڵام بۆمن بۆن و بەرامەی ئەو ڕاستگۆی و ڕێزۆ خۆشەویستی و متمانەبەخۆبوونەی كە لەویدا فێربووم هەردێ و هەردێ‌.

لەكۆتایدا دەڵێم پیرۆزە یادی ۲٥ ساڵەی دەرچوونی یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی ژیانەوەی بەكردار ژیانەوە لەیەكێتی ژنانی كوردستان و هەموو ئەو ئازیزو خۆشەویستانەی كە لەوێ پێكەوە هاوڕێ و خوشك و برا كارمان دەكرد. پیرۆزە لەستافی ئێستای ژیانەوە، بەهیوای هەمیشە لەپێشكەوتن و برەودان بەرزی كوالیتی كارو بابەتە ڕۆژنامەوانییەكان.

سەرچاوە : تۆڕی میدیای تەوار