قانع

محەممەد کابولی‌ یان قانع (1898–1965) شاعیرێکی بەناوبانگی کورد بووە. بەھۆی شیعرەکانییەوە بە «شاعیری چەوساوەکانی کوردستان» ناوبانگی دەرچووە. شیعرەکانی قانع ھەوێنی بیرێکی پێشکەوتووخوازانەن.
قانع (ناوی تەواو: محەممەد کوڕی شێخ عەبدولقادر کوڕی شێخ سەعیدی دۆڵاشی) باوکی لە شێخانی کۆنەپۆشیی شاری مەریوان و دایکی کە ناوی ئامینە بووە لە شێخانی کەوڵۆس بوو. ساڵی 1898 لە گوندی ڕیشێنی لە شارەزوور لە دایک بووە. دوای ئەوەی دەرەبەگەکانی ناوچەی مەریوان باوکی ئەم شاعیرە ئاوارە دەکەن، بەدەم لێقەوماوییەوە قانع وەکو مناڵی دەربەدەرێک لە ڕۆژی 15ی ئەیلولی ساڵی 1898ی زایینی لە گوندی ڕیشێن لە بناری شارەزووری مەریوان  لە دایک بووە بەو حاڵەشەوە کڵۆڵی دەستی لە یەخەی نەکردەوە، لە تەمەنی ٤٠ ڕۆژیدا باوکی کۆچی دوایی دەکات و تازە پێ دەگرێت کاتێک دایکیشی کۆچی دوایی دەکات، مامەکانی نازی دەکێشن.

قانع سەبارەت بە زێدی خۆی وا دەڵێت: "موحەممەد (کابولی)م ئەمما تەخەللوس (قانع)م ناوە/ لە ئەسڵا خەڵکی دۆڵاشم، مەریوان جێگەی ئەژدادم". کە «دۆڵاش» گوندێک بووە لە نزیکی شاری مەریواندا.

تۆماری ژیانی ئەم مناڵە مەینەت دۆستە لە زەمینەیەکی دەربەدەری و پڕ لە کوێرەوەرییەوە دەستی پێ کرد، شەرم نییە ئەگەر بڵێین ڕۆژان لە نێو مناڵاندا و شەوان لەسەر تەنوور ژیانی بەسەر دەبرد.

تا ماوەیەک ئینجا بە ھۆی خزمێکی دووریانەوە کە ناوی (ئاغا سەید حسێن) و خەڵکی دێی چۆڕ دەبێت لە ناوچەی مەریوان پێ دەنێتە زەمینەی ژیانێکی ترەوە، ئاغا سەید دەیباتە لای خۆی و لە حوجرە دەینێرێتە بەر خوێندن. بەر لەوەی بە تەواوی فێری نووسین و خوێندن ببێت جار و بار شیعری سەرزەنشتیی دادەنا و ھەر ئەمەش بووە بنچینەی شاعیرێتی دوا ڕۆژی.

قانع لە کاتی بێ ئیشیدا خۆی بە خوێندنەوە و بابەتی وێژەییەوە  دەبردە سەر، شیعر لەو کاتەدا شەوچەرەی  کۆڕی شەوانە و کەرەستەی ڕۆشنبیرەکانی جەماوەر دەبێت، بۆیە ئەمیش یەکێک دەبێت لە سەوداسەرەکانی بازاڕی شیعر.

کە ئاگری شەڕی جیهانیی یەکم  گەیشتە ناوچەی مەریوان، لەبەر ئەوەی کە لایەنی ئایینی  لە شەڕەکەدا بەھێز بوو، زۆربەی ڕۆشنبیرە ئایینییەکانی ئەو سەردەمەی ناوچەکە ڕاستەوخۆ تێکەڵاوی شەڕەکە بوون و خەڵکێکی زۆریان ڕاپێچی ناو شەڕەکە کرد.. بێ ئەوەی لە ستراتیژییەتی شەڕەکە و لایەنە سیاسییەکان و نیازی ئیمڕیالیزم و مەبەستەکانی بگەن. ئەمیش یەکێک دەبێت لەو کۆمەڵە ڕۆشنبیرە ئایینیانەی ئەو سەردەمەی ناوچەکەیان و وەکو یەکێک لەوان بەشداری شەڕەکە دەکات.. لایەنی بە ئایین بۆیاخکراوی شەڕەکە گەلێک کار دەکاتە سەر ڕێبازی بیرکردنەوەی بۆیە ئەو سەرەتا شیعرییەی کە لەسەر شیعری سەرزەنشتکاری دامەزرابوو بەجێ دەھێڵێت و ڕوو دەکاتە شیعری ئایینی و خواپەرستی.

کە شۆڕشی ئۆکتۆبەری سۆشیالیستی بە پێچەوانەی تای کێشی سیاسی ئەنجامی شەڕەکەی بە بارودۆخێکی سەر بە قازانجی زۆربەی گەلانی ناوچەکە کێشایەوە، سەرەتای بیرکردنەوەیەکی نوێ لە ژیانی ڕۆشنبیری شاعیردا سەری ھەڵدا.. دوا ئەوە جارێکی تر دەست دەکاتەوە بەخوێندن، ئینجا ھەوای گەڕان بە شارەکانی کوردستاندا دەبێتە خولیای، ھەر بۆیە بۆ خوێندن سنە، مەهاباد، شنۆ، هەولێر، کۆیە، کەرکووک، سلێمانی و بیارە  گەڕاوە. دوا قۆناغی خوێندنی دێنێتەوە بۆ مەریوان  و ئینجا بە یەکجاری دەستی لێ ھەڵدەگرێ.

لە سەرەتای لاوێتیدا دووچاری نەخۆشی یەنگەنەفەسی  دەبێت و تا دێت لێی زیاد دەکات لە ئەنجامدا ھەر بەو ئازارەش سەری نایەوە.

ئەو ناکۆکییە خێڵەکییانەی نێوان بنەماڵەی شاعیر و  دەرەبەگەکانی  ناوچەی مەریوان  ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەناو جموجۆڵی فیکری شاعیردا زیادی دەکرد. ئەمە لە لایەک، لە سەرەتای بیستەکانیش بە دواوە کە ناو بە ناو ھەواڵی پەیوەندی سیاسییانەی توندوتۆڵی ھاریکاری نێوان کۆڕ و کۆمەڵ و تاقمە سیاسییکانی ئەو سەدەمەی باکووری کوردستان  و کەمالییەکان دەگەیشت بێ ئارامی خۆی شیعری دادەگرت.. دیسانەوە لە لایەکی تریشەوە سەرکەوتنی شۆڕشە مەزنەکەی ئۆکتۆبەر و سەرەتای بڵاوبوونەوەی بیر و باوەڕی پێشکەوتووخوازانەی دژ بە فاشیزم لە نێو توێژ و کۆمەڵە خوێندەوارەکاندا، ئەمانە ھەموو زەمینەیەکی نیشتمان پەروەرانە و نەتەوایەتییانەیان خولقاندبوو، وە پاشگەزبوونەوەی کەمالییەکان بەرانبەر مەسەلەی کورد و بەرپابوونی شۆڕشە ناوبەناو پچڕاو و یەک لەدوای یەکەکانی باکووری کوردستان (ئاگری داخ) بیر و باوەڕی زۆربەی لاوە خوێندەوارەکانی خستە بەر مەودایەکی نەتەوایەتی و نیشتمانیانەی کاریگەر.

لەو کاتەدا کە سەرەتای شاعیرێتی شاعیر بوو زۆر بە گورجی باری سەرنج و شێوەی ناوەڕۆکی شیعرەکانی لە دڵداری و ئایینییەوە گۆڕدران بۆ نیشتمانپەروەرێتی. وەک خۆی چەند جارێک لە پێشەکی دیوانە شیعرەکانی سەردەمی خۆیدا باسی کردووە و لە چەند لایەکی تریشەوە لێی دواوە؛ کتێبێکی دەستنووسی فارسی بە ناوی (وقایق الاردەلان)ی دەست دەکەوێت کە باسی ڕاپەڕینەکانی تیرەی ئەردەڵانییەکان  دەکات بەرانبەر داگیرکەران، ئەمیش ئەوەندەی تر کار دەکاتە سەر دیوی ناوەوەی شاعیر و بەرھەمە شیعرییەکانی کە لێرەدا بە تەواوی قۆناغی شیعری دڵداری جێ دەھێڵێت و شاعیر دوای ئەو قۆناغە دەبێتە شاعیرێکی نەتەوایەتی و نیشتیمانپەروەر.

بیروباوەڕی سۆشیالیستی و دژە دەرەبەگایەتی
بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی سۆشیالیستی  لە لایەن کاربەدەستانی حکومەتی ئەو سەردەمە بەربەست کرابوو، لەو کاتەدا باس و بەسەرھاتی شۆڕشی ئۆکتۆبەری سۆشیالیستی و ئامانج و لایەنە سیاسی و ئابووری و نەتەوایەتییەکان بەزۆری بەسەر زارەکی باس دەکران. شاعیریش لەو سەردەمەدا ھەست بە سەرەتای ڕژێمی سۆشیالیستی دەکات و دەڵێت:

با سێ قات نەبێت خانوو سەراکەت

پارەی قاتێکیان بدە بە براکەت

دەوڵەمەدن مەڵێ ھەوڵی بۆ خۆیە

نەبوونی ھەژار، نەبوونی تۆیە

بەھۆی شەڕی جیهانیی دووهەەمەوە  بیروباوەڕی پێشکەوتووانە لە وڵاتدا پەرەی سەند و ئەم پەرەسەندنەش بووە ھۆی زیاتر ھاندانی شاعیر لە دژی ڕژێمی دەرەبەگایەتی  و کۆڵۆنیالیزم. ئەو ناکۆکییە خێڵەکییانەی نێوان شاعیر و چەند دەرەبەگێک گۆڕایە سەر شێوەی کێشەیەکی سیاسی دژ بە تێکڕای ڕژێمەکە. ھەرچەندە مەودای بیرکردنەوەی لە کێشەی نێوان خاوەن موڵک و ڕەعیەتەکان قوڵتر بوایەتەوە ئەوەندە ھەڵوێستی بەرانبەر تێکڕای دەرەبەگایەتی توندتر دەبوو، لەم قۆناغەدا شاعیر تێکەڵ بە ئەدەبی شۆڕشی نھێنی بوو.
لەبەر ئەوەی کۆمەڵگای کوردەواری ئەو سەردەمە کۆمەڵگایەکی ئایینی و دەرەبەگایەتی بووە، سروشتی کۆمەڵگاکەمان لە وڵاتێکی پیشەسازی نەچووەکە دەسەڵاتی سەرمایەداران خەڵکایان چەوساندبێتەوە بۆیە شیعرەکانی بە زۆری لەگەڵ جوتیاراندا دەدوێ و بەرھەڵستی دەرەبەگەکان دەکات. شاعیر باوەڕی بە یەکگرتنی جەماوەر و سەرکەوتنی ڕژێمی سۆشیالیستی ھەبووە، بۆیە ڕوو دەکاتە دەرەبەگ و ھەوڵی شۆڕشی نھێنی دەدات بە گوێیدا و دەڵێت:

گوێگرە قانوونی سۆشیالیستی دەنگی دایەوە

ڕۆژی مەرگت زۆر نزیکە ئەو دەنگە یاسینتە

نۆکەر و پێش خزمەت و کارەکەر و دایانەکەت

کەوتە ڕۆژی خۆی بزانە دوژمنی خوێنینتە

باخێ ھێندە قایم و مەحکەم نەبووی من ناتگەمێ

دەستی ئیستیعمارە ھێز و کۆمەک و پەرژینتە

شاعیر لەو باوەڕەدا بووە کە لە وڵاتێکی فرە نەتەوەدا مومکن نابێت کە ھەموو نەتەوەکانی ناو چوارچەوەی ئەو وڵاتە وەک یەک بژین و لە ڕووی یاسای کۆمەڵایەتییەوە یەکسان بن و ئابووری وڵات بە ئابووری ھەموو نەتەوەکان وەک یەک بدرێنە قەڵەم و وەکو یەک سەربەستی سیاسییان بدرێتێ، بۆیە ھەمیشە لە ھەڵوێستی سیاسییانەی نەتەوە سەرەکەییەکانی ئەو جۆرە وڵاتانە سڵەمیوەتەوە و لە شیعرەکانیدا ئەمەی بە لادێنشینەکان گەیاندووە.
قانع لە ساڵی 7ی ئایاری 1965 بەھۆی نەخۆشی لە گوندی لەنگەدێ چەمی شلێری پێنجوێن کۆچی دوایی کردووە، و لە گوڕستانی گوندی لەنگەدێ بە خاک سپێراوە.

نەبوو ڕۆژێ لە کوردستان سەرۆکێ یاخۆ خەمخوارێ

ھەمیشە بۆ نەبێ کوردان بەڵا و ناسۆری لێ بارێ

ئەگەر مردم لەسەر قەبرم بنووسن تۆخوا یاران

شەھیدی عیشقی میللەت بووی کەچی نەتدی پەلامارێ

ھۆنراوەکان
قانع لە زۆر بواردا شیعری نووسیوە لەوانە: دڵداری، نیشتمانی، کۆمەڵایەتی، نەتەوایەتی، شۆڕشگێرانە و ئایینی. ئەمانە ھەندێک نموونەی شیعریی «قانع»ن:

شیعری ئایینی

یا موحەممەد لێو بە بار و دڵ بە بوریانم مەکە

ئەی ڕەئیسی ھەردوو دنیا، دیدە گریانم مەکە

دەستە ئەژنۆ و چاوەڕێگەی دەستی یارانم مەکە

من کە ئالی تۆم، زەلیلی باری عوسیانم مەکە

غەیری قاپی ڕەئفەتت، بۆ کەس سەناخوانم مەکە!

شیعری دڵداری

مەسیح گەر بێتە سەر قەبرم بخوێنێ پێی دەڵێم: لاچۆ

دڵم پێکراوی تیری غەمزەو و پەیکانی موژگانە

ئەگەر تۆ نۆبەرەی ماچێکی لێوی خۆت بە من بەخشی

مەعبەد چۆڵ ئەکەم بیللا، ئەچم بۆ کونجی مەیخانە

شیعری نیشتمانپەروەری

ئەی وەتەن! خۆ من بە ناحەق سەرکز و ئاوارە نیم

ڕۆڵەکەی خۆتم بە پاکی دوژمن و خوێنخوارەو نیم

چونکە ڕۆڵەی کوردستانم، وەحشی و پەتیارە نیم

وا مەزانە! کەوتە ڕۆژی خۆی، وەھا بێکارە نیم

سەیری مەغزی دوژمن کە، تێکەڵی خوێناومە

یان

قوربانی ئەم خاکەیە، ئەم ڕۆحە لەبەرما

سۆزی دڵی پڕ دەردە، کە خولیایە لەسەرما

ئامادەیی مەیدانم و ئەم بەرگە کە پۆشیم

کفنە ، نەوەکو چاکەت و پانتۆڵە لەبەرما

بەرھەمەکان
گوڵاڵەی مەریوان

باغچەی کوردستان

چوارباخی پێنجوێن

شاخی ھەورامان

دەشتی گەرمیان

زایەڵەی زرێبار، بەرھەمە بڵاونەکراوەکانی