کاتێک بەرپرسیارێتی دەمرێت... نیشتمانیش دەمرێ!

 

 

 

 

مامۆستا ئاڵا

 

لە دڵی هەموو سیستەمێکی دادپەروەردا، لە ناوەڕۆکی هەموو دەوڵەتێکی بەهێز و لە ناخی سەرۆک وتاکەکانی هەموو کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوودا، بەرپرسیارێتی بە شانازییەوە سەربڵند وەستاوە، وەک داری ئاڵا کە ئاڵای میللەت بەرز دەکاتەوە لە ئاسمانی شکۆی میللەتدا. بەڵام، بەداخەوە، کاتێک بەرپرسیارێتی کاڵ دەبێتەوەو ووندەبێت  هەموو شتێکی تربەدوای خۆیدا کاڵدەبێتەوە دەسڕدرێتەوە  دادپەروەری، یاسا، متمانە و تادەگاتە سەربەخۆیی.

بەرپرسیارێتی تەنیا ئەرکێکی کار نییە؛ ئەمانەتێکی پیرۆزترین هەوێنی شکۆمەندییە ، کاتێک دەردەکەوێت کە هەر تاکێک بە دڵسۆزی ولای خۆیەوە ڕۆڵی خۆی دەگرێتە ئەستۆ- لە باوکەوە لە خێزانەکەیدا، تا مامۆستا لە پۆل وقوتابخانەکەیدا، تا کارمەند لە فەرمانگەوئۆفیسەکەیدا،دکتۆرێک لە نۆرینگەکەیدا  تا وەزیر لە وەزارەتەکەیدا، تا سەرۆکی دەوڵەت لە کۆشکەکەیدا.

بەڵام... چی ڕوودەدات کاتێک ئەم متمانەیە تیرۆر دەکرێت؟

کاتێک باوکێک هەستی بەرپرسیارێتی لەدەست دەدات، خێزانەکەی دەڕووخێت و بەهاکان هەڵدەوەشێنەوە.

کاتێک مامۆستایەک خۆی لە ڕۆڵی خۆی وبەرپرسیارێتیەکەی دەدزێتوە، نەوەیەکی سەرگەردان ونبوو لەدایک دەبێت کە نە مانای یاساو خۆڕێکخستن و نە بەهای نیشتمان  نازانێت.

کاتێک فەرمانبەرێک واز لە ویژدانی خۆی دەهێنێت، گەندەڵی بە تەواوی وردەکارییەکانیەوە بەجومگەکانی دەوڵەتدا بڵاودەبنەوە.
کاتێک سیاسەتمەدار و پەرلەمانتار و وەزیر و سەرۆکی دەوڵەتان هەست بە بەرپرسیارێتی خۆیان ناکەن، هاوسەنگی هێز تێکدەچێت و یاسا هەرەسدێنێت  وپاشاگەردانی باڵدەکێشێت بەسەر میللەتدا،ئیتر دادپەروەری  ناوکۆمەڵگە دەبێتە کاڵایەکی بێنرخ.

گرێژەنەی هەموو شتێک لە ناو میللەتدا تێکدەچێت ویاسا سەرلێشێواو و لاواز دەبێت و وەک  کاڵایەکی ماوەبەسەرچوو ،و چیرۆکێکی  ڕابردووی بێنرخ تەماشا دەکرێت...

 

وتنەوەی دروشمی نیشتمانپەروەری بەس نییە. پێویستە ئەم خۆشەویستییە لە خاکی بەرپرسیارێتیدا بچێنین و بە ڕاستگۆیی ئاوی بدەین و بە یەکپارچەیی پەروەردەی بکەین. .
نیشتمانپەروەری بە مانای هەڵکردنی ئاڵا لە بۆنە تایبەتەکاندا نییە؛ لە دڵسۆزی لە جێبەجێکردنی ئەرکی مرۆڤ، لە ڕێزگرتن لە یاسا، لە قسەکردن لەسەر ڕاستییەکان و لە پەروەردەکردنی نەوەی نوێدا بەرجەستە دەبێت کە بەرپرسیارێتی بژاردە نییە، بەڵکو ئەرکێکی شەرەفمەندانەی پیرۆزە کە نابێت بەفیڕۆ بدرێت.

بەرپرسی بەڕێز، هەر هەڵوێستێکت هەبێت: تۆ پارێزەری بەهاکانی میللەتی، بۆیە خیانەت لە متمانەت مەکە.
هاوڵاتی ئازیز: میللەتێک بە ووتە  وتار هەڵناگرێت، بەڵکو بە کردەوەی دڵسۆزانە هەڵدەستێت.

ئەمڕۆ ئەمە دەنووسین بۆ ئەوانەی سبەی دەیخوێننەوە. بۆ نەوەیەکی ئایندە، کە دەبێت فێری ئەوە بێت کە گەلان بە وشە بنیات نانرێن ، بەڵکو بە بەرپرسیارێتی هەر تاکێک بەرامبەر بە نیشتمان و کۆمەڵگاکەیان بنیات نراون.

ئەگەر ئێمە سیستەمێکی دادپەروەر و دەوڵەتێکی بەهێز و داهاتوویەکی گەشمان دەوێت کە نەوەکانی داهاتوو شانازی پێوە بکەن، با سەرەتا بە زیندووکردنەوەی بەرپرسیارێتی لە دڵەکاندا پێش یاساکان دەستپێبکەین.