وتووێژی خوار بریتییه له دیمانه‌یه‌كی تێروته‌سه‌ل له‌گه‌ڵ حوسێن تاڵه‌بانی و كرستینا كویڤۆننه، لێكۆڵێنهران و نووسه‌رانی كتێبی "تراژیدیای كاكه‌ییه‌كان له ناوچه جێناكۆكه‌كان، هۆشیاركردنه‌وه له پرۆسه‌یه‌كی كۆمه‌ڵكوژی" كه له هاوینی 2022 چاپ و بڵاو بووه‌وه. من هه‌موو كاتێك به‌رانبه‌ر به هه‌واڵ و رووداوه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به كورده كاكه‌ییه‌كان، هه‌ستیار بوومه بۆیه هه‌ر به بیستنی هه‌واڵی بڵاوبوونی ئه‌م كتێبه، له‌گه‌ڵ نووسه‌رانی پێوه‌ندیم گرت و بڕیاری وتووێژێكی تێروته‌سه‌لمان ڕێكخست كه ده‌قی خوار ئه‌و دیمانه به ته‌واوه‌تی له خۆ ده‌گرێت.
*ئایدیای نووسینی ئه‌م كتێبه له كوێیه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت و چۆن بوو كه له‌م بواره‌دا ده‌ستتان به لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی چڕ كرد كه دواتر ببێته كتێب؟
حوسێن تاڵبانی: هه‌ر به‌و جۆره‌ی كه له كتێبه‌كه‌یش ئاماژه‌مان به‌م بابه‌ته كردووه، بیرۆكه‌ی نووسینی ئه‌م كتێبه له ساڵی 2014وه ده‌ستی پێ كرد، كاتێك من وه‌ك كه‌سێكی كه‌ركووكی تێبێنیم كرد كه په‌لاماره‌كانی داعش بۆ پارێزگای كه‌ركووك و هه‌روه‌ها ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه پێی ده‌ڵێن ناوچه جێ ناكۆكه‌كان، زۆرتر كورده‌كان به ئامانج ده‌گرن، له ناو كورده‌كانیشدا ئه‌و ئاوایی و ناوچانه كه زۆرتر كوردی كاكه‌یی تێدا ده‌ژین، ئامانجی په‌لاماره تیرۆریستییه‌كان ده‌بن.
یانی له خانقین تا ده‌شتی مووسڵ په‌لاماره‌كان به‌شێوه‌ی ئامانجدار و مانادار كورده كاكه‌ییه‌كانی ده‌گرێته به‌ر. هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕووداوانه‌دا قازی شه‌رعی داعش له حه‌ویجه فه‌توای كافربوونی كاكه‌ییه‌كانی ده‌ركرد، ئه‌م فه‌توایه خۆی په‌یامێكی ڕاستوخۆ ئاراسته‌ی كوردانی كاكه‌یی ده‌كرد كه ده‌بێ ناوچه‌كه به جێ بهێڵن. راستییه‌كه‌ی ئه‌و كه‌سانه كه له پشتی ئه‌و بیرۆكه‌دا بوون، ته‌نیا ئامانجیان ئه‌وه بوو كه ناوچه‌كه له كوردی كاكه‌یی چۆڵ بكه‌ن.
*له ماوه‌ی چه‌ند ساڵ ئه‌م بیرۆكه‌یه چووه بواری كرده‌وه و به كرده‌نی ده‌ستتان پێ كرد؟
حوسێن تاڵبانی: ساڵی 2017، له‌گه‌ڵ كریستیانا (كرستینا كویڤۆنن) قسه‌م كرد و ئایدیاكه‌م له‌گه‌ڵدا باس كرد، هه‌ر له‌و ساڵه‌دا وه‌رگێڕانی كتێبی "كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی كۆمهڵكوژكراو"م به عه‌ره‌بی له قاهیره چاپ كرد، دواتریش به كوردی وه‌رگێڕانی بۆ كرا له‌لایه‌ن مامۆستا له‌نجه ئه‌حمه‌ده‌وه و له باشووری نیشتمان بڵاو بووه‌وه. كریستیانا شاره‌زاییه‌كی قووڵی له‌باره‌ی مێژووی جینۆسایدی كورد به‌ده‌ست داگیركه‌ران، بتایبه‌ت له باكوری كوردستان هه‌یه و به‌تایبه‌تیش به تێروته‌سه‌لی باسی ئه‌نفال و جینۆسایدی كورد له باشووری كوردستان ده‌كات.
كاتێك من بیرۆكه‌ی خۆم له‌گه‌ڵ كریستیانا باس كرد وام پێ گوت كه ئه‌وه‌ی من ده‌یبینم و ڕووی داوه دژ به كورده كاكه‌ییه‌كان، به پێی پێناسه‌كه‌ی قازی لینكمن كه بۆ ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوو و له كتێبی ساڵانه‌ی 48-1949 بڵاو بووه‌ته‌وه، یه‌ك ده‌گرێته‌وه و ده‌ڕواته خانووی جینۆسایده‌وه، په‌لامارێكی ڕێكخراو بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵێكی دیاریكراو به نیازی له ناوبردنی به‌شێك یان هه‌موو ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه ده‌چێته چوارچێوه‌ی پێناسه‌ی جینۆساید. بۆیه له سه‌ره‌تا ئێمه وامان باش زانی كه ناوی كتێبه‌كه "هه‌وڵی جینۆسایدی كاكه‌ییه‌كان" بێت، به‌ڵام دواتر كریستینا پێی وای به چاك زانی كه ئه‌و ناونیشانه زۆر قورسه با سووكتری بكه‌ین، بۆیه پێكهاتین كه كتێبه‌كه ببێته "تراجیدیای كاكه‌ییه‌كان له ناوچه جێناكۆكه‌كان، هۆشیاركردنه‌وه له پرۆسه‌یه‌كی كۆمه‌ڵكوژی ".
*واته له ساڵی 2017 به كرده‌وه ئه‌و لێكۆڵینه‌وه ده‌ستی پێ كرد؟
حوسێن تاڵبانی: نا به هۆی سه‌رقاڵی كریستیانا به كتێبێكی تر، ئێمه نه‌مانتوانی ئه‌و ئایدیا بهێنینه ناو دنیای واقیع، بۆیه له مانگی پێنجی 2020وه به كرده‌وه ده‌ستمان پێ كرد، ئه‌ڵبه‌ت پێشتر زۆر ئاماده‌كاریمان بۆ كرد. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته من چه‌ندان جار گه‌شتی هاوارم كرد، هاوار یه‌كێكه له شوێنه پیرۆزه‌كانی كاكه‌ییه‌كان و چاوپێكه‌وتنێكی زۆرم له‌گه‌ل ئه‌وانه هه‌بوو كه شاهیدحاڵی جینایه‌ته‌كانی داعش دژ به كاكه‌ییه‌كان بوون، یان له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی كه دانیشتووی گونده كوردییه‌كانی داقووق بوون، كه به هۆی هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش زێدی خۆیان به جێهێشت و ئێسته ئه‌و ناوچه له كوردی كاكه‌یی تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر چۆڵ كراون. له واقیعدا تا كاتێك ئاسایش و ئاسایشی ئه‌و ناوچه به ده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه بوو، دۆخی كورده كاكه‌ییه‌كان زۆرباش بوو. دوای ئه‌وه‌ی كه داعش هێرشه‌كانی بۆ ناوچه كوردییه‌كان به‌ربڵاوتر كرد و دواتریش كه سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی كونترۆڵی ناوچه‌ی به‌ده‌سته‌وه گرت، دۆخی كورده كاكه‌ییه‌كان ڕۆژ له دوای ڕۆژ خراپتر ده‌بوو.
ئه‌مانه (سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی) ڕاسته‌وخۆ له ڕاونان و كوشتنی كورده كاكه‌ییه‌كان به‌شدار نه‌بوون، به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا له گیان و ماڵی كوردانی كاكه‌یی پارێزگاری‌یان نه‌ده‌كرد و به‌رپه‌رچی ئه‌و هێرشانه‌یان نه‌ده‌دا. ده‌بێ ئاماژه به‌و ڕاستییه بكه‌ن، چه‌ندان هێرش به‌سه‌ر گونده كاكه‌ییه‌كان تۆمار كراوه كه له نزیكی سوپای عێراق رووی داوه، به‌ڵام ئه‌وان پارێزگاری‌یان له كورده كاكه‌ییه‌كانیان نه‌كردووه. ئه‌مه بابه‌تێكی زۆر گرنگ و قووڵ و گوماناوییه كه پێشان ده‌دات، هه‌موو به‌شدار بوونه له ڕاونان و كوشتن و قه‌ڵاچۆكردنی كورده كاكه‌ییه‌كان.
له‌و ڕۆژانه كه داعش هێرشی كرده سه‌ر مووسڵ، ئه‌وان چوار شوێنی پیرۆزی كاكه‌ییه‌كانیان ته‌قانده‌وه كه به پێی پێناسه‌كان، ئه‌مه ده‌بێته قه‌ڵاچۆی فه‌رهه‌نگی. كاتێك كه شوێنی پیرۆزی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك له ناو ده‌به‌ی و ئه‌و خه‌ڵكه له به‌جێهێنانی ئاینه‌كه‌یان قه‌ده‌غه ده‌كه‌ی، ئه‌وه ده‌بێته جینۆسایدی فه‌رهه‌نگی. به‌شێك له‌م كتێبه تایبه‌ته به به‌ڵگه‌كانی سه‌ر ئه‌م تاوانه. بۆ نموونه ئێمه به‌ڵگه‌یه‌كمان ده‌ست كه‌وت كه به نووسراو، به كورده كاكه‌ییه‌كان هۆشداری ده‌دات كه ناوچه‌كه جێبێڵن، ئه‌م نووسراوه كاتی خۆی له نێوان كورده‌كانی كه‌ركووك بڵا كرایه‌وه.
كرستینا كویڤۆن: ده‌بێ له سه‌ره‌تاوه پێتان بڵێم كه بیرۆكه‌ی ئه‌نجامی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه هی كاك حوسێنه. ئێمه كاره‌كانمان له به‌هاری 2020 ده‌ست پێ كرد و نزیك به ساڵێك به چڕوپڕی كاتمان له‌سه‌ر ئه‌م لێكۆڵینه‌وه دانا. هه‌ردووكمان له‌باره‌ی مێژووی بابه‌ته‌كه به جوانی شاره‌زا بووین، چونكه من دوو كتێبی "كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی كۆمهڵكوژكراو" كه حوسێن ئه‌وه‌ی به عه‌ره‌بی وه‌ریگێڕاوه، هه‌روه‌ها "كه‌ركووك، شاری ئاگر". هه‌روه‌ها ده‌بێ ئاماژه بكه‌م كه زۆرینه‌ی وتووێژه‌كان كاك حوسێن جێبهجێیانی كردووه.
*به‌ڵام پرۆسه‌ی ڵێكۆڵینهوهكه چه‌ندی خایاند؟
حوسێن تاڵبانی: ئه‌م چوارچێوه ئاكادمیكه نزیك به ساڵێكی خایاند. له‌م پرۆسه‌یه‌دا ئێمه به دوای شاهیدحاڵه‌كان گه‌ڕاین ئه‌وانه‌ی كه به چاوی خۆیان كاره‌ساته‌كه و هه‌ڕه‌شه‌كانیان بینیبوو. زیاتر چاوپێكه‌وتنه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه بووه كه له ناوجه‌رگه‌ی كاره‌ساته‌كه بوونه، چونكه ئه‌وه وه‌ك به‌ڵگه‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گر ئه‌ژمار دێت. له به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه به دوای به‌ڵگه و شاهیدحاڵه‌كان بووینه و له به‌شی دووه‌میشدا لێكدانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانمان ئه‌نجام داوه، كه بازنه‌ی ئه‌و ڕووداوانه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1992 كه بۆ یه‌كه‌م جار "جوندوئیسلام" په‌لاماری گوندی هه‌واریان دا و خه‌ڵكی كاكه‌ییان كۆ كرده‌وه و گوتیان ئێوه كافرن.
*ئێوه له‌گه‌ڵ چی كێشه‌گه‌لێك رووبه‌ڕوو بوونه؟
حوسێن تاڵبانی: به‌ڕاستی ئه‌و كه‌سانه كه پێویستمان پێیان بوو نه ته‌نیا هاوكارمان بوون، به‌ڵكو له‌وه زۆرتریان بۆمان كرد. كێشه‌یه‌ك كه من هه‌مبوو ئه‌وه بوو كه نه‌مده‌توانی سه‌ردانی ناوچه‌كانی سه‌ر به خانقین بكه‌م، چونكه كێشه‌ی گیانی و ئاسایش هه‌بوو و كاتێك سه‌ردانی ئه‌و شوێنانه ده‌كه‌ی كه له ژێر ده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی و داعشدان، له‌و شوێنانه په‌لاماری خه‌ڵكی كاكه‌یی دراوه، له‌و شوێنانه خه‌ڵك ڕفێنراوه و ئه‌گه‌ر سه‌ردانی ئه‌و شوێنانه بكه‌ی، گیانت ده‌كه‌وێته مه‌ترسی.
كرستینا كویڤۆن: مخابن منیش نه‌متوانی به بۆنه‌ی دۆخی ناله‌باری ته‌ناهی سه‌ردانی داقووق كه زۆرینه‌ی كورده یارسانییه‌كان له‌وێن بكه‌م، ئه‌و شوێنه كه گونده كاكه‌ییه‌كانیان وێران كردووه.
*یانی هێزه ته‌ناهییه عێراقییه‌كان و حه‌شدی شه‌عبی به‌رپرس نین به‌رانبه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی سه‌ردانی ئه‌و شوێنانه ده‌كه‌ن؟
حوسێن تاڵبانی: پرسیاری ئێمه ئه‌وه بوو كه هێزی ته‌ناهی خۆیان به‌شێك بوونه له داپۆشینی ئه‌و راودوونانه و چۆڵكردنی ناوچه‌كه له كوردانی كاكه‌یی. لهمدواییهیش به چاوی خۆمان بینیمان كه بازگه‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبی له داقووق، رێ‌یان به هاووڵاتییه‌كی كوردی كاكه‌یی گرت و سمێڵیان تاشی، له كاتێكدا سمێڵیش له لای كاكه‌ییه‌كان پیرۆزه.
كرستینا كویڤۆن: ده‌بێ ئاماژه بكه‌م كه قهڵاچۆیهكی نه‌ته‌وه‌یی له ناوچه‌كانی كورده كاكه‌ییه‌كان له پارێزگاكانی كه‌ركووك و دیاله به‌رده‌وامه، ئه‌و قه‌ڵاچۆیه له‌لایه‌ن ئه‌و هێزانه جێبه‌جێ ده‌بێت كه سوپای قودسی ئێران پاڵپشتییان ده‌كات، چونكه ئێران ده‌یه‌وێت ڕێره‌وێكی زه‌وینی بۆ نزیكی سنووره‌كانی ئیسرائیل له عێراق، سووریا و لبنان دروست بكات. هه‌روه‌ها ئێران و شیعه‌كانی عێراق ده‌یانه‌وێ كورده كاكه‌ییه‌كان له زه‌وییه به پیته‌كانیان ده‌ربكه‌ن و شیعه‌كان له‌وێ نیشته‌جێ بكه‌ن.
*ئێوه له كتێبه‌كه باسی چی كاره‌ساتێك ده‌كه‌ن، ئایا كاره‌ساته‌كه ڕووی داوه یان هۆشداری ده‌ده‌ن كه روو ده‌دات؟
حوسێن تاڵبانی: هه‌ر به گوته‌ی شاهیدحاڵان، كاتێك زه‌وییه‌كه‌ت نه‌ما، تۆ له چ بۆشاییه‌ك ده‌ژی، زه‌وییه‌كه‌ت نه‌ما كه‌رامه‌تی ئاینه‌كه‌ت نه‌ما و توایته‌وه، یانی تۆیان كوشتووه. كاتێك ئه‌م خه‌ڵكه له لادێیه‌كانی خۆیان كه بۆ هه‌زاران ساڵ لێی نیشته‌جێ بوونه و به بیانووی جۆراوجۆر په‌لاماریان ده‌ده‌ن، ناچار ده‌بن شوێنی باب و باپیرانیان به جێ بێڵێن. كاكه‌ییه‌كان له كاتی په‌لاماری داعشدا زۆر وریا بوون و زوو شوێنه‌كه‌یان به‌جێهێشت، ئه‌گه‌ر ئه‌وان ئه‌م كاره‌یان نه‌كردایه، بێگومان كاكه‌ییه‌كان به چاره‌نووسی ئێزیدییه‌كان ده‌گه‌یشتن. له واقیعدا ئه‌مه به‌رنامه داڕێژراو بوو، به‌ڵام كورده كاكه‌ییه‌كان زوو به خۆیان هاتن.
ته‌نانه‌ت له په‌لاماره‌كه‌ی ساڵی 2015 بۆ سه‌ر كه‌ركووك، تیرۆریسته‌كان ڕاست چوونه سه‌ر ماڵ و ژیانی كورده كاكه‌ییه‌كان و له یه‌ك ڕۆژدا هه‌شت كوردی كاكه‌ییان كوشت. له‌و هێرشه نزیك به 200 تیرۆریستی داعش چوونه ناو شاری كه‌ركووك، به‌ڵام هێزی پێشمه‌رگه له شه‌ڕێكی قارمانانه و حه‌ماسی توانی هه‌موو ئه‌و تیرۆریستانه بكۆژێت و پارێزگاری له گیان و ماڵی خه‌ڵك بكات. ئاكامی لێكۆڵینه‌وه‌كه ئه‌وه‌یه كه هێرش به‌سه‌ر كورده كاكه‌ییه‌كان پلانداڕێژ و ئامانجدار بووه هه‌ر له‌سه‌رده‌می "جوندوئیسلام"ه‌وه بهمانیان گوتووه ئێوه كافرن، دوای ئه‌وه هێزه تیرۆریستییه‌كانی قاعیده په‌لاماریان داوه، ئینجا له سه‌رده‌می داعش بێجگه له‌وه‌ی كه هێرشیان ده‌كرده سه‌ر ماڵ و گیانی كورده كاكه‌ییه‌كان، فه‌توای كافربوونیان ده‌ركرد.
له واقیعدا ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه كه له پشتی ڕێكخراوه ئیسلامییه‌كان بوون، هه‌وڵی ڕێكخستنی ئه‌و هێرشانه‌یان داوه، به پلانێكی تۆكمه ئه‌و هێرشانه‌یان به‌ڕێوه بردووه، بۆیه كاتێك به پلانێكی تایبه‌ت په‌لاماری خه‌ڵكانێكی دیاریكراو ده‌درێت، ئه‌مه به‌پێی پێناسه‌ی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ده‌بێته هه‌وڵی جینۆساید. هه‌روه‌ها به پێی پێناسه‌كه‌ی لیمكن، ئه‌م هێرشگهله له چوارچێوه‌ی جینۆساید دیاری ده‌كرێت و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر یه‌ك كه‌سیش نهكۆژرێت. به‌ڵام ده‌بێ لێره ئاماژه بكه‌م كه ئه‌م كاره‌ی ئێمه ته‌نیا ئیشی یه‌ك یان دوو كه‌س و ته‌نانه‌ت یه‌ك یان دوو كتێب نییه، به‌ڵكو كاری گرووپه و پێویستی به ده‌یان لێكۆڵینه‌وه‌ی تر هه‌یه.
ئایا ئه‌م كتێبه هۆشداری ده‌داته كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه كوردانی یارسانیش له داهاتوویه‌كی نادیار، تووشی به‌ڵایه‌كی ڕه‌ش وه‌ك *ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر كورده ئێزیدییه‌كان هات ببن؟
حوسێن تاڵبانی: ده‌بێ ئاماژه‌یه‌ك به خاڵێكی هه‌ره گرنگ بكه‌م، ڕه‌نگه ڕێكخراوه توندڕه‌وه ئیسلامییه‌كان وه‌ك هێز زۆر لاواز بووبن، به‌ڵام وه‌ك بیر و ئایدیا و فكرێك به‌رده‌وامن. وه‌ك گوتم ئه‌وان له ساڵی 1991وه یه‌كه‌مین هێرشیان كرده سه‌ر ماڵ و گیانی كاكه‌ییه‌كان. ئه‌و كرده‌وه تیرۆریستییه له‌و ساڵه تا ئه‌مڕۆ به پلان و نیازێكی دیاریكراو كه له پێناسه ئینگلیزییه‌كه‌ی ده‌بێته Intent) درێژه‌ی هه‌یه، له واقیعدا نیازه‌كه هه‌بووه و به‌رده‌وامه، كه‌وایه له وه‌ڵامی پرسیاری جه‌نابت ئه‌م كتێبه بۆ هه‌موو كه‌س ڕوون ده‌كاته‌وه كه مه‌ترسییه‌كه بووه و هه‌یه و ده‌مێنێت و ئه‌گه‌ر نه‌توانین به‌رپه‌رچێكی باشی بۆ بدۆزینه‌وه، ئه‌گه‌ری هه‌ر شتێك هه‌یه.
كرستینا كویڤۆن: زۆرینه‌ی كورده كاكه‌ییه‌كان دوای هێرشه به‌رده‌وامه‌كانی تیرۆریسته‌كان، زێدی خۆیان به‌جێهێشتووه و له شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان نیشته‌جێ بوونه، به‌ڵام قهڵاچۆیهك كه له ناوچه‌كانی كورده كاكه‌ییه‌كان هه‌یه، به شێوازێكی تر ڕووی داوه و درێژه‌ی هه‌یه. ئه‌وان ناچار كراون ماڵ و زێدی خۆیان بهجێبهێڵن. من له‌و باوه‌ڕه‌دام كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌بێ گوشارێكی زۆر بخاته سه‌ر عێراق تا ماده‌ی 140ی ده‌ستووری ئه‌و وڵاته جێبه‌جێ بكات. من ده‌ڵێم ئه‌مه ته‌نیا ڕێی چاره‌سه‌ری زۆر له كێشه و گرفته‌كانه.
*به‌ڵام به‌رپرسیاریه‌تیی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌رانبه‌ر به‌م پرسه چی له ئێسته و چی له داهاتوودا چییه؟
حوسێن تاڵبانی: ئێمه كێشه‌یه‌كی یاساییمان هه‌یه و ئه‌و پرسیاره به‌و ساكارییه‌وه وه‌ڵام نادرێته‌وه. له ده‌ستوور و یاسای بنه‌ڕه‌تی عێراق، كاكه‌یی وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئاینی پێناسه نه‌كراوه، كاكه‌یی له شوناسنامه‌ی عێراقیدا به مسوڵمان له قه‌ڵه‌م دراوه، به‌ڵام به خۆشییه‌وه له باشووری كوردستان یاسای ژماره پێنج، كاكه‌یی له كوردستان وه‌ك ئاینێكی جیا پێناسه كراوه. كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هیچ حیسابێك بۆ كۆمه‌ڵه‌یه‌ك ناكات ئه‌گه‌ر پێناسه‌یه‌كی تایبه‌تی جیاوازی نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێناسه‌كه‌یان كۆمه‌ڵه‌یه‌كی تایبه‌ت بوایه و به یاسا ددانیان پێ بنرایه، ئه‌وساكه كۆمه‌ڵگه‌ی نێده‌وڵه‌تی له‌سه‌ریان ده‌هاته ده‌نگ.
*به‌ڵام له ئێران كه‌مینه‌ی ئاینی "به‌هایی" هه‌یه كه له ناو یاسای بنه‌ڕه‌تی ئێران هه‌ژمار نه‌كراوه، به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به باشی پاڵپشتییان ده‌كات، ئه‌ی ئه‌م پارادۆكسه چۆنه؟
حوسێن تاڵبانی: به‌هاییه‌كان زۆر له مێژه چوونه‌ته هه‌نده‌ران و له وڵاتانی ڕۆژئاوایی ده‌ژین و خۆیان به دنیا ناساندووه. ئه‌وان له كه‌نه‌دا، ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا په‌رستگه‌ی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه، خه‌ڵكێكی خوێنده‌وار و زیره‌ك و كاربه‌ده‌ستێكی زۆریان له ده‌ره‌وه هه‌یه، ئه‌مه زۆر جیاوازه له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی كه هێشتا باوه‌ڕی به "سڕی مه‌گوو" هه‌یه، سڕی مه‌گوو بۆ شوێنكه‌وتووانی ئاینی یارسان به‌و واتایه‌یه كه "باسی ئاینه‌كه‌ت بۆ كه‌س مه‌كه". ته‌نانه‌ت له ئێران ئه‌م بابه‌ته زۆر قووڵتر و جێی نیگه‌رانییه، له حاڵێكدا زیاتر له سێ ملیۆن كوردی كاكه‌یی له‌وێ ده‌ژین. له یاسای بنه‌ڕه‌تی ئێران كاكه‌یی به ئاین هه‌ژمار ناكرێت، به‌ڵام له كاتی هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵیان وه‌ك دژبه‌رانی ئاین هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵیان ده‌كرێت. له ئێران هیچ به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی حكوومی و ئیداری به كوردی كاكه‌یی ناده‌ن، ناتوانن وه‌ك كاكه‌یی بڕۆنه زانكۆ، به‌ڵكوو ده‌بێ به پێناسه‌ی مسوڵمان خۆیان بناسێنن تا ڕێیان بده‌ن، كاری حكوومه‌تیش به یارسان نادرێت.
*به‌و واتایه ده‌بێ بڵێین كه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌و بیانووه‌ی كه كورده كاكه‌ییه‌كان به فه‌رمی نه‌ناسراون، خۆی به‌رانبه‌ر به جینۆسایدی ئه‌وان گێل كردووه؟
حوسێن تاڵبانی: نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یاسای وڵاتان ده‌كات و به‌داخه‌وه كوردی یارسان نه‌ناسراون و بوونیان نییه له یاسا.
*گرنگیی كتێبه‌كه‌تان و ئه‌و لێكوڵینه‌وه دوور و درێژه كه له‌باره‌ی جینۆسایدی كوردانی یارسان كردووتانه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی چییه؟
حوسێن تاڵبانی: وه‌ك ئه‌وه‌ی كه له‌سه‌ر به‌رگی كتێبه‌كه نووسیومانه، ئه‌مه جۆرێك "هوشیار"كردنه‌وه‌یه. ئاها خه‌ڵكینه، ئه‌ها حكوومه‌ت، ئاها نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ئاها ڕێكخراوه‌كان، هه‌وڵێكی كۆمهڵكۆژیی هه‌یه بۆ كۆمه‌ڵه‌یه‌كی ئاینی زۆر جوان و ڕه‌سه‌نی كوردهواری. له واقیعدا هوشیاركردنه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تییه كه ئه‌و كاره‌ساته به‌سه‌ر كوردانی یارسان هاتووه، بایه‌خ و گرنگی ئه‌م كتێبه بۆ ئه‌و دنیایه‌یه كه تێداین.
ده‌بێ هه‌موومان بزانین كه پاراستنی كاكه‌یی، پاراستنی فه‌رهه‌نگێكی قووڵی كورده‌وارییه كه به بۆچوونی من ئه‌مه ئه‌ركی هه‌ر ڕۆشنبیرێكی به‌رپرسه و ده‌بێ ئه‌م بابه‌ته بورووژێنێت. هه‌ر به‌و جۆره‌ی ده‌زانن كۆنترین كتێب كه به زمانی كوردی نووسراوه، كتێبی "سه‌رئه‌نجام"ی كاكه‌ییه‌كانه كه مایه‌ی فه‌خری نه‌ته‌وه‌كه‌مانه، كتێبێك هه‌زار ساڵه كه بنه‌مایی ئاینێكه به زمانی كوردی نووسراوه و له‌و ڕێیه‌ش زمان و كولتوورمانیان پاراستووه
وتووێژ: شه‌هرام میرزایی
سەرچاە: wishe