ئامادەکاری بۆ سازدانی پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی فێمینیزمی رۆشنگەری و حەوتەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی پلاتفۆڕمی دابڕان لە سلێمانی دەکرێت. ناز یەکێک لە پانێڵەکان بەڕێوەدەبات لەژێر ناونیشانی ژینا ئەمینی، شەهیدی ئازادیی ژنان.
ناز جەلال، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆنفرانسەکە بە رووداوی گوت، "کارنامەیەکمان هەیە کە فێمینیزمی رۆشنگەری دەیەوێت ساڵی ئایندە چی بکات و چۆن بتوانین هاوکاریی ژنان بکەین. مەبەستی سەرەکیی ئێمە ئەوەیە ژنان بتوانن لەسەر پێی خۆیان بوەستن و زۆر باوەڕمان بەوەیە کە دەبێت ژن و پیاو بەیەکەوە کاربکەن، چونکە ئێمە لە کۆمەڵگەیەکداین کە ژن و پیاو پێکەوە بەشدارن لەکۆی کایەکانی کۆمەڵگە."
رۆژی یەکەم دوو پانێڵ لەژێر ناونیشانەکانی کوردەواری و رۆشنگەری، ئەزموونی ئایینی و رەخنەى سەردەم دەکرێت، هەروەها گفتوگۆیەکی کراوە لەسەر کتێبی دینی عەقڵ و فیقهی واقع دەکرێت کە دیبەیتی نێوان عەبدولحسێن شەعبان و سەید ئەحمەد حوسنی بەغدادییە.
ماجد خەلیل، گوتەبێژی کۆنفرانسەکە باسی لەوە کرد، "بە تێڕامانێکی قووڵی رۆشنگەرانە و بابەتگەلێکی هەنووکەییەوە کۆنفرانسەکە دەکرێت، ئەو تەوەرانەی باسدەکرێن راستەوخۆ وابەستن بە رووداوە رۆشنگەرییەکانی سەردەمەوە، بە رەخنەى سەردەمەوە بە عەقڵی ئازادیی سەردەمەوە، بەو بابەتگەلانەی کە پەیوەستن بە ئەندێشەی مرۆڤی ئەمڕۆوە."
کۆنفرانسەکە لە ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر لە ماوەی دوو رۆژدا دەکرێت و 23 توێژەر کە لە وڵاتانی عەرەبی و عێراق و ئێرانەوە بەشدار دەبن، توێژینەوەکانیان لە پێنج تەوەردا دەخەنەڕوو.
لە رۆژی دووەمدا شوناسی ژن لە میدیا و مێژوودا، هەروەها ژن و ئازادی، جێندەر و جیاوازییە ئایدۆلۆژییەکان لە چوارچێوەی سێ پانێڵدا باسوخواسی لەسەر دەکرێت.
ساڤۆ سەردار، توێژەر ئاماژە بەوە دەکات، "لە توێژینەوەکەمدا کارم لەسەر دوو میتۆد کردووە، میتۆدێکی سایکۆلۆجی و میتۆدێکی سۆسیۆلۆجی، ئەو تێرمانەش کە لە ناویدایە پرسی خۆبەقوربانیکردن و پرسی خۆتەقاندنەوەیە، هەروەها پرسی خۆتەقاندنەوەیە لە روانگەی دۆرکایمەوە، دواتر پرسی خۆبەقوربانیکردن و خۆتەقاندنەوەیە لە روانگەیەکی زۆر دەروونشیکارانە، ژیژەکم وەک نموونە هێناوەتەوە، کۆتی فرۆیدم بەنموونە هێناوەتەوە، و میتۆدی توێژینەوەکەش دەقشیکارییە."
سپۆنسەری سەرەکیی میدیایی کۆنفرانسەکە، تۆڕی میدیایی رووداوە کە بەردەوام پاڵپشتبووە بۆ هەر چالاکییەکی هونەری، ئەدەبی، فکری و کۆمەڵایەتی و لە ماوەکانی رابردوودا سپۆنسەری دەیان چالاکیی دیکەی کردووە.
سەرچاوە: rudaw- نەزار جەزا