ئەی وتەن

مەزرەعەی قەلبی مە ویشکە ئەی وتەن کوا ئاوی تۆ؟
بێ زەوادن ڕۆڵەکانت، کوانێ شەکری خاوی تۆ؟

زەردە ڕەنگی خونچەکانت سێبەری زوڵم و جەفا

لادە بەو هاوینە کوانێ تیشک و تینی تاوی تۆ؟

بێ سرودی جاودانیی بولبولت بێ نەشئە بوون

دەستە دەستە لاوەکانت وەک گوڵی تێراوی تۆ

لێم دەپرسێ دڵ بەدایم بۆچی سەرگەردانی تۆ؟

ژەهری تاڵیی چی دەچێژی هەر کە سەرشێواوی تۆ؟

دەردی دڵ ناکەم دەزانم دەردی بێ دەرمانی من

حەستەمە کەس بێ دەوای کا غەیری بەرزی ناوی تۆ

ئەی وەتەن کەنگێ ڕەوایە مەستی خەو بێ پاسەوان

گورگی دوژمن کەوتە کۆزی مێگەلی پاراوی تۆ

شەرتە هەر خاری دڵم بێ هەرچی عەیش و شادییە

تا لەدەس دەگرم وەنەوشە و سوێسن و لاولاوی تۆ

دڵ ئەگەر بۆ تۆ بناڵێ چۆن ئەبێ ژیر بێتەوە

تا لەژێر پێمدا دەبینێ دوژمنی خنکاوی تۆ

ئەی وەتەن گریانی تۆمە و بۆت دەڕێژم ئەشکی سوور

ئیشی تۆیە زامی جەرگ و شیوەنی شێواوی تۆ

(هێدی)